كوردستانی نوێ یه‌كه‌م خوێندنگه‌ی من بوو
كوردستانی نوێ یه‌كه‌م خوێندنگه‌ی من بوو ‌ 12/1/2017
سه‌نگه‌ر كاكۆ- كه‌ركوك 
دوای راپه‌ڕین و له‌ ساڵی 1992 كاتێك رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ له‌ دایك بوو، به‌رده‌وام یه‌كێك بووم له‌ خوێنه‌ره‌كانی ئه‌و رۆژنامه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وسا ته‌مه‌نم 14 ساڵان بوو، به‌ڵام زۆر ئاره‌زووی خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانی نێو رۆژنامه‌كه‌م ده‌كرد، به‌تایبه‌تی لاپه‌ڕه‌ی وه‌رزش‌و هه‌مه‌ڕه‌نگ‌و پاشكۆی په‌ریستان.
باشم له‌ بیره‌ ئه‌و كات، نیشته‌جێی ئۆردوگای بنه‌سڵاوه‌ی سه‌ر به‌ هه‌ولێر بووین، رۆژانه‌ كه‌ ده‌چووم رۆژنامه‌ی «كوردستانی نوێ»ـم له‌و دوكانه‌ی كه‌ هاوبه‌شی مانگانه‌مان له‌گه‌ڵیدا هه‌بوو ده‌هێنا، كاتێ ده‌گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ماڵ، دوكانێك هه‌بوو، زۆربه‌ی گه‌نجان‌و وه‌رزشكارانی لێ كۆده‌بوونه‌وه‌، هه‌ر زوو رۆژنامه‌كه‌یان له‌ ده‌ستم وه‌رده‌گرت‌و تا نیوه‌ڕۆ ده‌یانخوێنده‌وه‌ دواتر رۆژنامه‌كه‌م ده‌برده‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌.
رۆژگارو شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆ وایكرد له‌ ساڵی 1996 روو بكه‌ینه‌ سلێمانی، ماوه‌یه‌ك به‌ هۆكاری ئاواره‌یی‌و كاری رۆژانه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی كوردستانی نوێ دوور كه‌وتمه‌وه‌، به‌ڵام دواتر، رێك له‌ ساڵی 1999 بۆ یه‌كه‌مجار، وه‌ك به‌رپرسی راگه‌یاندنی یانه‌ی وه‌رزشی كه‌ركوك له‌ سلێمانی، یه‌كه‌م هه‌واڵی وه‌رزشیم له‌ كوردستانی نوێ-دا بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ چالاكییه‌كی وه‌رزشی یانه‌كه‌مان، دواتر ده‌رگای ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ به‌ روومدا كرایه‌وه‌و وه‌ك هاوكارێكی به‌رده‌وامی لاپه‌ڕه‌ی وه‌رزش تا پڕۆسه‌ی ئازادی كارم له‌گه‌ڵدا كردن‌و دوای گه‌ڕانه‌وه‌شمان بۆ كه‌ركوك، له‌ رۆژنامه‌ی هه‌واڵ ده‌ستم به‌ كاركردن كرد.
پێمخۆشه‌ لێره‌داو له‌ ساڵیادی له‌ دایكبوونی كوردستانی نوێ-دا، سوپاسی یه‌كه‌ به‌ یه‌كه‌ی كارمه‌ندانی رۆژنامه‌كه‌ بكه‌م، چ ئه‌وانه‌ی كه‌ تائێستا به‌رده‌وامن له‌ كاركردن‌و چ ئه‌وانه‌شی به‌ هۆكاری جیاواز له‌ رۆژنامه‌ی (كوردستانی نوێ) نه‌ماون، له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌، «شێخ ئیسماعیل مه‌حمودو سه‌نگه‌ر شێخه‌شلی»، كه‌ له‌و ماوه‌یه‌ی كارم له‌گه‌ڵدا كردن، زۆر هاوكارییان كردم بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كاره‌كه‌م پێشبكه‌وم، بیریشم نایه‌ هیچ كات‌و رۆژێك بابه‌تێكم ناردبێت سانسۆر خرابێته‌ سه‌ری‌و بڵاو نه‌كرابێته‌وه‌.
به‌و پێیه‌ش رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، یه‌كه‌م خوێندنگه‌ بوو بۆ پێشخستنی من، ئه‌وه‌ی تائێستا له‌كاری رۆژنامه‌وانی ده‌یزانم به‌شێكی گرنگی بۆ رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ ده‌یگه‌ڕێنمه‌وه‌و به‌شه‌كه‌ی تریشی بۆ هاوڕێ‌و هاوكارانم له‌ رۆژنامه‌ی هه‌واڵ، دووباره‌ ساڵیادی له‌ دایكبوونی كوردستانی نوێ پیرۆزبێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7173
20/1/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان 19/1/2017
‌ گراند سلامی ئوستورالیا 19/1/2017
زانست
‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ خوێنه‌رانی‌ كتێب ساڵی‌ 1960 زیاتر بووه‌ له‌ ئێستا 19/1/2017
‌ زیانه‌كانی زۆر به‌كارهێنانی خوێ 19/1/2017
‌ تێچووی جگه‌ره‌كێشان له‌سه‌ر ئابوری جیهان گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ یه‌ك تریلیۆن دۆلار 19/1/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP