دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی‌و پایه‌ فه‌رامۆشكراوه‌كانی
روانگە دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی‌و پایه‌ فه‌رامۆشكراوه‌كانی ‌ سۆران علی‌ 12/1/2017
ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ماوه‌ی زیاتر له‌ ساڵێكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ چاكسازی‌و دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی ده‌نرێن، ئه‌گه‌رچی زۆر دره‌نگ كه‌وتوون‌و نه‌خراونه‌ته‌ چوارچێوه‌و فۆڕمی راسته‌قینه‌ی خۆیان‌و له‌ئاست ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ به‌رفراوانه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌ ره‌گداكوتاوه‌ چه‌ندین ساڵه‌یه‌دا نین كه‌ زۆربه‌ی جومگه‌ هه‌ستیارو ژیارییه‌كانی گرتۆته‌وه‌، به‌ڵام ده‌هێنن ده‌ستخۆشی‌و پشتیوانیان لێ بكرێت، له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ هه‌ر هه‌نگاوێك بۆ درێژه‌دان به‌ جه‌نگی دژ به‌م په‌تا كوشنده‌یه‌، به‌پێی ئاست‌و قه‌باره‌ی خۆی كاریگه‌ری دروست ده‌كات. 
ده‌بێت ئه‌و راستییه‌ لای هه‌مووان به‌ تایبه‌تی بڕیار به‌ده‌ستان، روون بێت كه‌ گه‌نده‌ڵی دیارده‌یه‌كی جیهانی زۆر به‌ربڵاوه‌و ره‌گ‌و ریشه‌ی قوڵی هه‌یه‌، مه‌ودای فراوان وه‌رده‌گرێت‌و فاكته‌ری جیاجیاش كاریگه‌ری له‌سه‌ر داده‌نێن، راده‌ی به‌ربڵاوییه‌كه‌شی له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ یه‌كێكی تر ده‌گۆڕێت، به‌ڵام كاریگه‌ری‌و ده‌رئه‌نجامه‌ ماڵوێرانكه‌ره‌كانی به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌موو پایه‌كانی ژیانی گه‌لان ده‌گرنه‌وه‌و پاره‌و ده‌رامه‌ت‌و كات‌و تواناكانی به‌فیڕۆ ده‌ده‌ن‌و رێش له‌ راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كان‌و خزمه‌تكردن ده‌گرن، سه‌ره‌نجامیش دواكه‌وتنی زیاتر له‌ پرۆسه‌ی بنیاتنان‌و پێشكه‌وتنی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی دارایی‌و كارگێڕی، بگره‌ بواری گه‌شه‌پێدانی هه‌مه‌لایه‌نی سیاسی‌و ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كه‌لتوریش ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی رۆده‌چێته‌ نێو داموده‌زگاو فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ ژیانی رۆژانه‌و راسته‌وخۆی خه‌ڵكی ساده‌شه‌وه‌.
به‌م پێیه‌ش دژایه‌تیكردنی ئه‌و ده‌رده‌، وا ده‌خوازێت، به‌كه‌م سه‌یر نه‌كرێت‌و قورسایی‌و قه‌باره‌ی پڕبه‌پێستی خۆی پێبدرێت‌و شه‌ڕ له‌دژی ببرێته‌ ئاستێكی زۆر باڵاترو گشتگیرتر له‌وه‌ی له‌ ئارادایه‌، پێگه‌و ناوه‌نده‌ دیاره‌كانی بناسرێن‌و په‌نجه‌ش بخرێته‌ سه‌ر فاكته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدان‌و ته‌شه‌نه‌كردنی‌و پاشان نه‌خشه‌و پلانی تۆكمه‌ بۆ له‌ناوبردنی دابڕێژرێت. 
به‌داخه‌وه‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی له‌ هه‌رێم ده‌درێن، دوو پایه‌ی گرنگیان تێدا فه‌رامۆش كراوه‌ كه‌ به‌بێ ئه‌وان جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كه‌ زیاتر له‌ مه‌حاڵ ده‌چێت، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ ژینگه‌ له‌بارو ره‌خساوو بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی سه‌رهه‌ڵدان‌و گه‌شه‌كردنی گه‌نده‌ڵیان پشتگوێخستووه‌، كه‌ نه‌بوونی شه‌فافیه‌ته‌. چونكه‌ به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ شه‌فافیه‌ت په‌یوه‌ندییه‌كی پێچه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵی كۆی ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ چه‌نده‌ هۆكاره‌كانی فه‌راهه‌مبوونی شه‌فافیه‌ت ده‌سته‌به‌ر ببن‌و رۆڵی خۆیان له‌بواره‌ جیاجیاكاندا بگێڕن، ئه‌وه‌نده‌ ئه‌گه‌ری دژایه‌تیكردن‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی‌و له‌ناوبردنی زیاتر ده‌بێت، له‌بنچینه‌شدا گه‌نده‌ڵی به‌هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌ هێزو توانای خۆی له‌و ناڕوونی‌و شاراوه‌ییه‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ بواره‌ گرنگه‌كان به‌تایبه‌تیش كه‌رتی دارایی گشتی له‌ هه‌رێم گرتووه‌ته‌وه‌.
پایه‌ی دووه‌میش كه‌ كاریگه‌ری گه‌وره‌و راسته‌وخۆ له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ نیشتمانی‌و هه‌مه‌لایه‌نه‌ داده‌نێت، پشتیوانی‌و هاوكاری‌و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌، به‌و پێیه‌ی پرسه‌كه‌ تایبه‌ت نییه‌ به‌ ته‌نیا بوار، یان ناوه‌ند یاخود لایه‌نێكه‌وه‌، له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه‌ له‌ هه‌لومه‌رجی ئێستای كوردستاندا كه‌ خۆی له‌خۆیدا پڕیه‌تی له‌ كه‌لێن‌و دووركه‌وتنه‌وه‌و دابڕان‌و ناكۆكی له‌ نێوان لایه‌نه‌كان‌و ئاسۆی نزیكبوونه‌وه‌و گه‌یشتنیان به‌ رێككه‌وتن نادیاره‌، زۆر زه‌حمه‌ته‌ ئه‌و پایه‌ بایه‌خداره‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی‌و به‌دیهێنانی چاكسازییه‌كی هاوسه‌نگ به‌ده‌ستبهێنرێت، به‌بێ ئه‌ویش هه‌ر هه‌وڵێك به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا بنرێت، نه‌ك سه‌ركه‌وتوو نابێت، به‌ڵكو ناته‌واوو لاسه‌نگیش ده‌رده‌چێت. 
تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌م دوو پایه‌ گرنگه‌ش مسۆگه‌ر ده‌كرێن، قورسه‌ باس له‌ بنبڕكردن‌و نه‌هێشتنی نه‌خۆشییه‌ك بكرێت كه‌ ده‌یان ساڵه‌ به‌هێزترین ده‌وڵه‌تانی جیهان توانای سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ریدا نییه‌و بكه‌رانیشی ئه‌وه‌نده‌ به‌هێزو خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات‌و پشت‌و په‌نان، داهێنان له‌ دۆزینه‌وه‌ی نوێترین شێوازو رێگاكانی خۆده‌ربازكردن له‌ لێپرسینه‌وه‌و سزادا ده‌كه‌ن.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7173
20/1/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان 19/1/2017
‌ گراند سلامی ئوستورالیا 19/1/2017
زانست
‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ خوێنه‌رانی‌ كتێب ساڵی‌ 1960 زیاتر بووه‌ له‌ ئێستا 19/1/2017
‌ زیانه‌كانی زۆر به‌كارهێنانی خوێ 19/1/2017
‌ تێچووی جگه‌ره‌كێشان له‌سه‌ر ئابوری جیهان گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ یه‌ك تریلیۆن دۆلار 19/1/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP