حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب، ژنێكی‌ نوێخواز له‌ سه‌رده‌می‌ كۆنه‌په‌رستیدا
حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب، ژنێكی‌ نوێخواز له‌ سه‌رده‌می‌ كۆنه‌په‌رستیدا ‌ 14/2/2017
ئاماده‌كردنی‌ بۆ تەلەفزیۆنی خاك: زاهیر سدیق
حەپسەخانی نەقیب ئەو ژنە ناودارەیە كە لەمێژووی كوردستانی باشووردا وەك ژنێكی تێكۆشەر و چالاك و نوێخواز ناوی دەركردوە، ئەم ژنە لە دنیای كۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیریدا رۆڵی زۆر گرنگی هەبووە، بەتایبەت لە دنیای رۆشنبیریی و پێگەیاندنی ژنی خوێندەواردا لەكردنەوەی قوتابخانە بۆ ژنانی نەخوێندەواری ئەو زەمانە لە شاری سلێمانیدا، هەروەها رۆڵی گرنگی هەبووە لە هاندانی ژنانی ئەو كاتەی سلێمانی لە مەسەلە نیشتمانییەكاندا.
ئەم دووتوێیە هەشتەمین كاری هاوبەشی كەناڵی خاك و رۆژنامەی كوردستانی نوێیە، باسوخواسی ئەو ژنە تێكۆشەرەیە لەبوارەكانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیریدا. دووتوێیەكە لەبارەی رۆڵ و پێگەی ئەمو خانمە ناودار و چالاكەكەی كوردستانی باشوور (حەپسەخانی نەقیب). ئەم بەرنامەیە ساڵانێك بەر لە ئێستا هونەرمەند و میدیاكار زاهیر سدیق بۆ كەناڵی خاك ئامادەی كردوە و ئەمڕۆش لەدووتوێی هەشت لاپەڕەدا لەگەڵ رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ دا بڵاوبووەوە. 
ره‌ووف عوسمان: حه‌بسه‌خانی‌ نه‌قیب له‌ ساڵی‌ 1891 له‌شاره‌كه‌ی‌ شێخ مه‌حمود شاری‌ شۆڕش و به‌رخودان له‌دایك بووه‌، ئه‌م خانمه‌ لێهاتووه‌ی‌ كورد، كوڕه‌زازای‌ حاجی‌ كاك ئه‌حمه‌دی‌ شێخه‌، له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ ئامۆزا و براژنی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌و كاته‌ی‌ كورد شێخ مه‌حمودی‌ حه‌فیده‌، ئه‌توانم بڵێم حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب درێژه‌ پێده‌ری‌ خێزانێكی‌ لێهاتوو و ناوداری‌ میلله‌تی‌ كوردی‌ ناوچه‌ی‌ سلێمانییه‌، ئه‌م درێژه‌ پێدانه‌ ئه‌توانم بڵێم سه‌ره‌تاكه‌ی‌ ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شێخ مارفی‌ نۆدێ‌ كه‌ یه‌كێك بوو له‌ لوتكه‌ هه‌ره‌ زانستییه‌كانی‌ ئه‌ماره‌تی‌ بابان، هه‌ر دوای‌ ئه‌و كه‌سایه‌تی‌ دووه‌م ده‌ست پێده‌كات كه‌ حاجی‌ كاك ئه‌حمه‌دی‌ شێخه‌ كوڕی‌ شێخ مارفه‌، ئه‌گه‌ر شێخ مارف به‌زانست و كه‌سایه‌تییه‌كی‌ ئاینی‌ ناوبانگی‌ ده‌ركردبێ‌، دیاره‌ كاك ئه‌حمه‌دی‌ شێخ به‌كه‌سایه‌تییه‌كی‌ خواناس و ئاینی‌ توانیوێتی‌ سه‌رنجی‌ هه‌موو كوردستان راكێشێت، دوای‌ ئه‌ویش شێخ مه‌حمودی‌ حه‌فیده‌، كه‌ به‌ شۆڕش و كوردایه‌تی‌ و تێكۆشان ده‌ستی‌ پێكردووه‌ واته‌ له‌زانسته‌وه‌ بۆ خواناسی‌ و له‌ خواناسییه‌وه‌ بۆ كوردایه‌تی‌ و تێكۆشان. حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب درێژه‌ پێده‌ری‌ ئه‌و خێزانه‌یه‌، واته‌ توانیوێتی‌ له‌هه‌ر سێ‌ كانیاوه‌كه‌، كانیاوی‌ زانست په‌ره‌وه‌ری‌ و خواناسی‌ و كوردایه‌تی‌ ژیان هه‌ڵهینجێ‌ و كردی‌ به‌و كه‌سایه‌تییه‌ی‌ ئه‌مڕۆ پاش سه‌ده‌یه‌ك مێژوونووس و پسپۆره‌كان له‌بواری‌ نووسینه‌وه‌ی‌ كه‌سایه‌تییه‌كاندا باسی‌ ده‌كه‌ن، به‌شانازییه‌وه‌. 

ده‌سه‌ڵات له‌ماڵی‌ باوكه‌وه‌ بۆ ماڵی‌ مێرد 
د. شوكریه‌ ره‌سوڵ: حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب و هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ حه‌پسه‌خان له‌شاری‌ سلێمانیدا به‌پێی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌خۆیه‌وه‌ دروست نه‌بوو، به‌ڵكو ده‌توانم بڵێم زیره‌كی‌ و وریایی‌ حه‌پسه‌خان خۆی‌ به‌لایه‌كه‌وه‌ و بنه‌ماڵه‌كه‌شیان به‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ كه‌ باوكی‌ گرنگییه‌كی‌ تایبه‌تی‌ به‌حه‌پسه‌خان ئه‌دا، له‌رووی‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ له‌كۆی‌ پانزه‌ كوڕ و كچ ته‌نها دوو كچی‌ بۆ مابووه‌وه‌، ده‌توانم بڵێم به‌پێی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ زۆری‌ هه‌بوو شێخ مارفی‌ باوكی‌ كه‌ هه‌م به‌نه‌قیبیش ناسرابوو له‌و سه‌رده‌مه‌دا سوڵته‌ی‌ عوسمانی‌، وه‌كو ساداتێكی‌ گه‌وره‌ سه‌یریان كردووه‌ و نازناوی‌ نه‌قیبی‌ پێ سپارد بوون. ئه‌م كه‌سایه‌تی‌ شێخ مارف ده‌ورێكی‌ سه‌ره‌كی‌ هه‌بوو بۆ هاندانی‌ كچه‌كه‌ی‌، هه‌میشه‌ ده‌یبرده‌ دیوه‌خانه‌كه‌ی‌ خۆی‌. خاوه‌نی‌ سه‌روه‌ت و سامان و چه‌ند دێهاتێك بوو له‌ده‌وری‌ و به‌ری‌ سلێمانی‌، هه‌ڵبه‌ته‌ كچه‌كه‌ی‌ زۆر زۆر خۆشده‌ویست و هانی‌ زۆری‌ ئه‌دا، ته‌نانه‌ت له‌و سه‌رچاوانه‌ی‌ ئێمه‌ ده‌یخوێنین ئه‌وه‌یه‌ یه‌كه‌م بنه‌ماڵه‌ بوون چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سلێمانی‌ ره‌شماڵیان هه‌ڵداوه‌ و هه‌ر له‌به‌رخاتری‌ كیژه‌كه‌ی‌ چه‌ند رۆژێك له‌ناو ره‌شماڵدا ماوه‌ته‌وه‌ و ده‌سته‌خوشكانی‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا بردوه‌ته‌ ئه‌وێ‌، ئا لێره‌دا ئه‌مه‌ گرنگی‌ باوكه‌، ئه‌م چاوكراوه‌یییه‌ی‌ ئه‌م كچه‌ی‌ هه‌میشه‌ له‌ناو دیوه‌خانه‌كه‌دا بووه‌ و ده‌وری‌ خۆی‌ بینیوه‌ و بوه‌ته‌ جێنشینی‌ باوكی‌. ساڵی‌ 1923 كه‌ شووی‌ به‌ئامۆزای‌ خۆی‌ شێخ قادری‌ حه‌فید كرد، ده‌توانم بڵێم یه‌كه‌م ژن بووه‌ له‌ناو شاری‌ سلێمانی‌ كه‌ باوكی‌ پرسی‌ پێكردووه‌ له‌ به‌شوودانی‌، كه‌ ئه‌مه‌ خۆی‌ له‌خۆیدا كه‌م نه‌بووه‌، له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌م جۆره‌ نه‌ریته‌ نه‌بووه‌، كه‌واته‌ لێره‌دا ئه‌م هاندانه‌و بوونه‌ هاوسه‌ری‌ شێخ قادریش ده‌ورێكی‌ گرنگی‌ بینیوه‌، شێخ قادر زانیوێتی‌ ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ به‌توانا و رۆشنبیره‌ ده‌ورێكی‌ چاكی‌ ئه‌بێ‌ هه‌م وه‌ك هاندانی‌ مێرده‌كه‌ی‌ و مێرده‌كه‌شی‌ له‌هه‌مان كاتدا وه‌كو ده‌ڵێ‌ له‌دوای‌ هه‌ر ژنێكی‌ مه‌زنه‌وه‌ ده‌بێ‌ پیاوێكی‌ مه‌زن هه‌بێ‌، كه‌واته‌ ئه‌م ژنه‌ ده‌وری‌ خۆی‌ هه‌بووه‌، واته‌ كه‌سایه‌تی‌ زیره‌كی‌ و هۆشاری‌ و دڵپاكی‌ و هه‌روه‌ها چاودێری‌ هه‌موو كاروباری‌ رۆژانه‌ و روداوه‌كانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌سه‌رده‌می‌ شێخی‌ نه‌مردا هاندانی‌ كۆمه‌ڵێك ژن له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌مه‌ هه‌ڵكه‌وته‌یه‌ك بوو له‌كه‌سایه‌تی‌ ئه‌م ژنه‌دا، مێرده‌كه‌شی‌ ده‌یزانی‌ حه‌پسه‌خان ژنێكی‌ ساكار نییه‌، ئه‌وه‌ بوو زیاتر هانی‌ دا، ده‌توانم بڵێم گرنگییه‌كی‌ زۆری‌ پێدا له‌و سه‌رده‌مه‌دا یه‌كه‌م ژن بوو كاتێ شووی‌ كرد به‌ترومبێل بردیانه‌ ماڵی‌ خۆیان، واته‌ یه‌كه‌م ترومبێل بۆ ژنێك دانرابێ‌ كه‌ بگوێزرێته‌وه‌ بۆ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب بوو، ئه‌مه‌ گرنگییه‌كی‌ زۆری‌ هه‌یه‌، ده‌سه‌ڵات له‌ماڵی‌ باوكه‌وه‌ بۆ ماڵی‌ مێرد، گرنگی‌ دانی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌. ورده‌ ورده‌ كه‌سایه‌تی‌ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب وه‌كو هه‌ڵكه‌وته‌یه‌ك گرنگییه‌كی‌ تایبه‌تی‌ به‌ماڵه‌كه‌ی‌، وه‌كو ماڵێك پله‌یه‌كی‌ سیاسی‌ و پله‌یه‌كی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ هه‌بووه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا وه‌ك بنه‌ماڵه‌ی‌ شێخان، لێره‌دا حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب ورده‌ ورده‌ ده‌ركه‌وت.

ژنێكی‌ به‌هێز له‌پاڵ كه‌ڵه‌پیاوانی‌ ئه‌و رۆژگاره‌دا
ئاكۆشوانی‌: بێگومان كاتێك دێینه‌ سه‌رباسی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب بدوێین، ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ بزانین له‌مێژووی‌ كورد دا له‌وانه‌یه‌ ده‌یان كه‌سایه‌تی‌ له‌نێو ژنی‌ كورد دا هه‌ڵكه‌وتبێ‌، به‌ڵام كه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئاستی‌ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب ده‌بێ‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك بكه‌ین، به‌ڵام هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك تایبه‌ت، تایبه‌ت بۆ ژنێك كه‌ به‌دوو پشت له‌كاك ئه‌حمه‌دی‌ شێخه‌وه‌ دووره‌، حه‌پسه‌خان كچی‌ شێخ مارفی‌ نه‌قیبه‌، كچه‌زای‌ شێخ محه‌مه‌ده‌ بچكۆله‌یه‌ كه‌ كوڕی‌ كاك ئه‌حمه‌دی‌ شێخ بووه‌، ئه‌مه‌ كه‌ له‌م بنه‌ماڵه‌یه‌دا سه‌ری‌ هه‌ڵداوه‌ له‌شارێكی‌ بچكۆله‌ی‌ وه‌ك سلێمانی له‌ساڵانی‌ سه‌ره‌تای‌ نۆسه‌ددا، وه‌ختێ‌ بیری‌ لێ‌ ده‌كه‌یته‌وه‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ ئه‌م ژنه‌ یاخود رۆڵی‌ ئه‌م ژنه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنی‌ ده‌بێ‌ به‌و باگراوه‌نده‌وه‌ ته‌ماشای‌ بكه‌ینن من به‌ر له‌وه‌ی‌ بچمه‌ نێو ورده‌كارییه‌كانی‌ لایه‌نی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و لایه‌نی‌ سیاسیه‌وه‌، حه‌ز ده‌كه‌م ئاماژه‌ به‌یه‌ك مه‌سه‌له‌ بكه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ زۆرێك له‌ئێمه‌ ناوی‌ كه‌سایه‌تییه‌كی‌ وه‌كو عادیله‌ خانمی‌ هه‌ڵه‌بجه‌مان بیستووه‌ كه‌ خانمی‌ وه‌سمان پاشای‌ جافه‌، به‌ڵام كه‌ باس له‌و ده‌كه‌ین ئێمه‌ ده‌زانین ئه‌و له‌شوێنێكی‌ وه‌ك هه‌ڵه‌بجه‌دا كه‌ڵه‌ ژنێك بووه‌ به‌ته‌نیا هه‌ڵكه‌وتووه‌، به‌ڵام كه‌ باسی‌ حه‌پسه‌خان ده‌كه‌ین ده‌بێ‌ بڵێین حه‌پسه‌خان له‌پاڵ شێخ مه‌حمود دا كه‌ مه‌لیكی‌ كوردستان بووه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، له‌پاڵ شێخ قادری‌ حه‌فید كه‌ هاوسه‌ری‌ بووه‌ و سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری‌ حربییه‌ بووه‌ له‌و سه‌رده‌مانه‌، ئه‌سته‌م بووه‌ تۆ بتوانی‌ وه‌كو ژنێك له‌شاری‌ سلێمانی‌ له‌پاڵ ئه‌و كه‌ڵه‌ پیاوانه‌ و ئه‌و خه‌ڵكه‌ دیارانه‌ی‌ كه‌ ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ حكومه‌تیان به‌رێوه‌بردووه‌ و داروده‌سته‌یان هه‌بووه‌ و شاره‌كه‌ ئه‌وان به‌ێوه‌یان بردووه‌، تۆ وه‌كو ژنێك بتوانی‌ له‌شانی‌ ئه‌وانه‌وه‌ دیاربیت، كه‌ ئێمه‌ قسه‌ له‌حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب ده‌كه‌ین ده‌بێ‌ له‌و باگراونده‌وه‌ لێی‌ بڕوانین، ئه‌م ژنه‌ له‌ساڵی‌ 1923دا ژیانی‌ هاوسه‌ری‌ له‌گه‌ڵ شێخ قادری‌ حه‌فیدا پێكده‌هێنێ‌، شێخ قادری‌ حه‌فید ئه‌و كاته‌ له‌سه‌رده‌می‌ دووه‌مین حكومه‌تی‌ شێخ مه‌حمود ده‌بێ‌، واته‌ به‌ر له‌وه‌ی‌ ژیانی‌ هاوسه‌ری‌ پێك بهێنێ‌ شێخ قادر بۆخۆی‌ وه‌زیر بووه‌ له‌حكومه‌تی‌ یه‌كه‌می‌ شێخ مه‌حمود دا، لێره‌دا ئێمه‌ قسه‌ له‌وه‌ ده‌كه‌ین حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب چه‌ند لایه‌نێكی‌ گرنگی‌ ژیانی‌ هه‌بووه‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ر بكه‌ین، له‌وانه‌ لایه‌نی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ بێگومان یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی‌ سه‌ركه‌وتوویی‌ ئه‌م ژنه‌ كه‌ له‌خێزانه‌كه‌ی‌ خۆیدا باوكی‌ له‌كۆی‌ چوارده‌ بۆ پانزه‌ منداڵ ته‌نها ئه‌م و خوشكێكی‌ دیكه‌ی‌ و برایه‌كی‌ ماونه‌ته‌وه‌ براكه‌شی‌ له‌ته‌مه‌نێكی‌ گه‌نجیدا به‌ نه‌خۆشی‌ كۆچی‌ دوایی‌ كردووه‌، ئه‌مه‌ وای‌ لێ‌ كردوه‌ باوكی‌ گرنگییه‌كی‌ زۆری‌ پێبدات، دوای‌ مردنی‌ باوكی‌ سه‌ره‌تای‌ پشت به‌خۆ به‌ستنی‌ حه‌پسه‌خان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ دیوه‌خان و ماڵه‌كه‌ی‌ باوكی‌ به‌رێوه‌ ده‌بات، له‌پاڵ سه‌لمه‌خانی‌ دایكیدا، واته‌ ئه‌م زۆر زوو رۆڵی‌ به‌رێوه‌بردن و ئیداره‌دانی‌ دیوه‌خانی‌ كه‌وته‌ ئه‌ستۆ كه‌ ئه‌و كاته‌ بۆ كچێكی‌ سلێمانی‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا و كچه‌ شێخێكیش بێت ئه‌م مه‌سه‌لیه‌ ئاسایی نه‌بووه‌، پاش ئه‌وه‌ی‌ شوو به‌شێخ قادر ده‌كات، هه‌م ئامۆزایه‌تی‌ و هه‌م یه‌كێكه‌ له‌كار به‌ده‌سته‌ دیاره‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ شێخ مه‌حمود ئه‌مه‌ش بۆ خۆی‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ دیكه‌ن شوێن و پێگه‌ی‌ ئه‌و ژنه‌ زه‌ق ئه‌كاته‌وه‌ له‌شاری‌ سلێمانیدا، لێره‌دا ئێمه‌ سه‌یر ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر بێت له‌وه‌ بڕوانین كه‌ به‌ش به‌حاڵی‌ خۆمان ئێستاشی‌ له‌گه‌ڵدابێ‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌و ژنانه‌ی‌ بابڵێین له‌بنه‌ماڵه‌ ناوداره‌كانن یان شێخ ژنن و له‌بنه‌ماڵه‌ی‌ شێخزاده‌ن كه‌متر توخنی‌ هه‌ندێك مه‌سه‌له‌ ده‌كه‌ون، ئه‌سڵه‌ن خه‌ڵك نایانبینێ‌. بگره‌ به‌شی‌ زۆریان له‌حه‌ره‌م سه‌را، وه‌ك شێخ ژنێك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێ‌ و كه‌مجار تێكه‌ڵی‌ حه‌یاتی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ده‌بن، به‌ڵام حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب به‌پێچه‌وانه‌وه‌، حه‌ز ده‌كه‌م به‌ یه‌ك عیباره‌ت بڵێم ئه‌م ژنه‌ له‌ساڵی‌ 1920كانه‌وه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی‌ ئۆرستۆكرات، وه‌كو ژنێكی‌ ئۆرستۆكرات له‌ناو كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ داخراودا توانیوێتی‌ به‌ده‌ركه‌وێ‌، توانیوێتی‌ له‌و رۆژگاره‌دا ژنێك بێت به‌پێودانگی‌ ئه‌مڕۆ، هه‌موو كاره‌كانی‌ له‌یه‌كێ‌ له‌خانمه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كانی‌ ئه‌م وڵاتانه‌ی‌ ده‌وروبه‌رو دنیا چووه‌. 

توانی‌ په‌چه‌ به‌ژنان لابه‌رێ‌ به‌س نه‌یتوانی‌ عه‌بایان پێ‌ لابه‌رێ‌
كاوس قه‌فتان: حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب یه‌كێكه‌ له‌ژنه‌ هه‌ره‌ ناسراوه‌كانی‌ كوردستان، خۆی‌ شه‌خسیه‌تێكی‌ تایبه‌تی‌ بوو، وه‌كو بزانم هه‌ر له‌ گه‌نجێتییه‌وه‌ توانای‌ قسه‌كردن و ئیقناعكردنی‌ خه‌ڵك شتێكی‌ ئاشكرا بوو وه‌كو باسی‌ ده‌كه‌ن، من له‌منداڵییه‌وه‌ حه‌پسه‌خانم ناسیوه‌، ماڵی‌ ئێمه‌، ماڵی‌ قه‌فتان ئه‌و ئۆرزدی‌ باگه‌ی‌ ئێستاكه‌ ده‌یبینی‌، جاده‌كه‌ و كۆمه‌ڵه‌ دوكانه‌كانی‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ ماڵی‌ ئێمه‌ بوو، ته‌قریبه‌ن هه‌ژده‌ ژوری‌ تێدا بوو نه‌وه‌ی‌ سێ‌ برا تێیدا ئه‌ژیا، یه‌كێك له‌وانه‌ ساڵح قه‌فتانی‌ مێژوونووسه‌، ماممه‌. ئینجا حه‌پسه‌خان هه‌موو دوو مانگ سێ‌ مانگ جارێك ئه‌هات بۆ ماڵی‌ لایه‌كمان، جارێك بۆ ماڵی‌ مامه‌ تۆفیق و جارێك بۆ ماڵی‌ مامه‌ ساڵح و ئینجا باوكم كه‌ برا بچوك بوو، به‌ڵام ئێمه‌ی‌ زۆر زۆرتر ده‌ویست، لوتفی‌ خوشكم، خوشكی‌ گه‌وره‌م كه‌ له‌دایكی‌ خۆمه‌، ده‌نگی‌ زۆر خۆش بوو، زۆر كچێكی‌ رێكوپێك و عاقڵ بوو، خۆشی‌ ده‌ویست، هه‌تا له‌بیرمه‌ یه‌كه‌م ئوتووی‌ كاره‌با كه‌ هاته‌ سلێمانی‌ دیاری‌ بوو له‌به‌غداوه‌ بۆ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب ئه‌ویش كه‌ هات بۆ ماڵی‌ ئێمه‌ ئه‌و دیارییه‌ی‌ دا به‌لوتفی‌ خوشكم، ئینجا ئه‌و ئوتوه‌ تا ده‌ساڵیش له‌مه‌و پێش مابوو، حه‌زم نه‌ده‌كرد بفه‌وتێ‌، به‌ڵام ئاخیری‌ بڕۆ و وه‌ره‌ به‌داخه‌وه‌ فه‌وتا. حه‌پسه‌خان وه‌كو میرزاده‌یه‌ك ده‌هات، به‌عه‌ره‌بانه‌ش ده‌هات، سێ‌ چوار كه‌نیزه‌كی‌ له‌گه‌ڵدابوو، بۆ ئه‌وه‌ی‌ خزمه‌تی‌ بكه‌ن، ئێمه‌ كچه‌كانمان ئه‌یانتوانی‌ خزمه‌تی‌ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌و هه‌موو شتێكی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ هه‌بوو. ژنێكی‌ مامناوه‌ندی‌ سپیكه‌لانه‌، ئێستاش له‌بیرمه‌، به‌چیدا ده‌زانم، چونكه‌ خاڵۆزاكه‌ی‌ شێخ محێدینی‌ شێخ قادر، دوای‌ بوو به‌مێردی‌ خوشكم، خوشكه‌ گه‌وره‌كه‌م كه‌ له‌دایكی‌ خۆم نییه‌، چاوی‌ ئه‌و شێخ محێدینه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ چاوی‌ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب بوو، چاوێكی‌ پێوه‌ بوو گه‌وره‌ و گه‌ش و قوڵ، ئه‌توانی‌ هه‌موو جوانییه‌ك به‌ده‌ی‌ به‌ ده‌موچاوی‌ له‌ئه‌نجامی‌ ئه‌و چاوه‌ جوانانیه‌وه‌، قسه‌كردنه‌كانی‌ زۆر دانسقه‌بوو، هه‌تا له‌گه‌ڵ شێخ قادری‌ مێردی‌، من چه‌ند جارێك دیومه‌ به‌قوربان قوربان قسه‌یان ده‌كرد، به‌ڵێ‌ قوربان به‌ڵێ‌ قوربان، شێخ قادر هه‌موو رۆژێ‌ هه‌ستابێ‌ له‌خه‌و چوو بێ‌ بۆ لای‌ حه‌پسه‌خان به‌یانی‌ سڵاوی‌ لێ‌ كردووه‌ قوربان چۆنی‌ و هاتوه‌ته‌ خوارێ‌ بۆ دیوه‌خانه‌كه‌ی‌ خۆی‌. حه‌پسه‌خان به‌ره‌ به‌ره‌ ناوی‌ ده‌ركرد، چونكه‌ یارمه‌تی‌ خه‌ڵكی‌ زۆر ئه‌دا، ده‌ستبڵاو بوو، له‌مه‌سه‌له‌ی‌ كوردایه‌تیشدا كه‌وته‌ میدانی‌ سیاسه‌ته‌وه‌ و زیاتر گرنگی‌ به‌ مه‌سه‌له‌ی‌ ژن ده‌دا، ده‌یوست ژنی‌ كورد خوێنده‌وار بێ‌، پێشبكه‌وێت، رزگاری‌ بێت له‌عه‌با و په‌چه‌، به‌س ئه‌و نه‌یتوانی‌ عه‌باكه‌ لابه‌رێ‌، به‌ڵام توانی‌ په‌چه‌كه‌یان پێ‌ لابه‌رێ‌. 
یه‌كه‌م ژن بووه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌لبومێكی‌ بۆ وێنه‌كانی‌ خۆی‌ كردوه‌
دكتۆر شوكریه‌ ره‌سوڵ: ئه‌گه‌ر ته‌ماشای‌ بكه‌ین هه‌ر له‌ساڵانی‌ نۆزده‌وه‌ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب ده‌ورێكی‌ سه‌ره‌كی‌ هه‌بوو، به‌تایبه‌تی‌ له‌كاتێكدا شێخ مه‌حمودی‌ نه‌مر ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌بێ‌ له‌كویت، كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌م له‌رووی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ده‌ورێكی‌ چاكی‌ هه‌بووه‌، یه‌كه‌م به‌تایبه‌تی‌ توانی‌ له‌ساڵی‌ 1922 ژنانی‌ سلێمانی‌ هان بدات بێنه‌ سه‌رشه‌قام و پێشوازی‌ له‌ شێخ مه‌حمود بكه‌ن، خاڵێكی‌ تر ئه‌وه‌ بوو ئه‌م ژنه‌ ئه‌گه‌ر له‌ رووی‌ سیاسییه‌وه‌ بێت یان له‌ڕووی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ بێت جارێكی‌ تر هانی‌ ژنانی‌ دا بۆ ئه‌وه‌ی‌ پێشوازی‌ له‌كه‌سایه‌تی‌ وه‌كو سمكۆی‌ شكاك بكه‌ن، ئه‌مه‌ به‌نیسبه‌ت ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ شتێكی‌ زۆر ده‌گه‌مه‌ن بووه‌، له‌ڕووی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب، ده‌توانم بڵێم یه‌كه‌م ژنی‌ كورد بووه‌، كه‌ توانیوێتی‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌ك یاخود قوتابخانه‌یه‌كی‌ زانستی‌ بۆ ژنانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بكاته‌وه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ش به‌هاندانی‌ رۆشنبیرانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ كه‌ ئه‌بوایه‌ شانبه‌شانی‌ پیاوان ژنانیش بخوێننه‌وه‌، ئه‌وه‌ بوو بۆ ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ كۆمه‌ڵێك ژنی‌ له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیدا خڕكرده‌وه‌. بۆ هه‌موو لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی‌ زانستی‌ ئێمه‌ پشت به‌سێ‌ خاڵ ده‌به‌ستین، خاڵی‌ یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ دراسه‌ی‌ مه‌یدانی‌ بكه‌ین و بچین له‌سه‌ر زاری‌ خه‌ڵك گوێی‌ لێ‌ بگرین له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌م ژنه‌ چۆن ژیاوه‌؟ خاڵی‌ دووه‌م گه‌ڕان به‌ناو سه‌رچاوه‌ و گۆڤار و رۆژنامه‌كاندا كه‌ من به‌راستی‌ خۆشحاڵم له‌ رۆژنامه‌ی‌ ژیاندا ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ی‌ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب باس كراوه‌، له‌و سه‌رده‌مه‌دا نزیكه‌ی‌ دووسه‌د ژنی‌ له‌ماڵی‌ خۆی‌ كۆكردوه‌ته‌وه‌ و بیرۆكه‌ی‌ كردنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ زانستی‌ تایبه‌ت به‌ ژنان ڕاده‌گه‌یه‌نێ‌ و هانیان ئه‌دا وه‌كو كه‌سایه‌تییه‌كی‌ ناسراوی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش ده‌بوایه‌ نوتقێك، كه‌لیمه‌یه‌ك بخوێنرێته‌وه‌ له‌و دانیشتنه‌دا، بیرۆكه‌ی‌ ئه‌م دانیشتنه‌ش به‌خه‌ڵك ڕابگه‌یه‌نێ‌ كه‌ ده‌وری‌ خوێندن و خوێنده‌واری‌ چ كاریگه‌رییه‌كی‌ هه‌یه‌، دایكی‌ رۆشنبیر و باوكی‌ رۆشنبیر ئه‌بێ‌ نه‌وه‌یه‌كی‌ رۆشنبیر پێبگه‌یه‌نن، كه‌واته‌ له‌ مێشكی‌ ئه‌م ژنه‌دا ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ هه‌بووه‌ كه‌ مرۆڤ چه‌ند رۆشنبیربێت، مرۆڤ چه‌ند تێگه‌یشتوو بێ‌ و دیموكراسیانه‌ بێت، ئه‌م شێره‌ ژنه‌ له‌مه‌سه‌له‌ی‌ گرنگیدان به‌خوێنده‌واری پشكی‌ شێری‌ وه‌رگرتووه‌، ژنان هه‌موویان گوێیان بۆ شل كردبوو، ئه‌وانه‌ی‌ له‌ناو مه‌جلیسه‌كه‌ بوون یه‌كێكی‌ وه‌كو حه‌پسه‌خانی‌ عیرفانه‌ ئه‌فه‌ندی‌ كه‌ خێزانی‌ جه‌میل سائیب و دایكی‌ به‌هزاد و ئازادبوو، له‌و دانیشتنه‌دا حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب هانی‌ دا، ئه‌و كاته‌ له‌پۆلی‌ چواری‌ سه‌ره‌تایی‌ بوو له‌قوتابخانه‌ی‌ زه‌هرا ده‌یخوێند، وتی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ شه‌وانیش قوتابخانه‌یه‌ك بكه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌و ژنانه‌ی‌ كه‌ نه‌خوێنده‌وارن. ئا لێره‌دا حه‌پسه‌خان وته‌یه‌كی‌ پێشكه‌ش كردووه‌، ناهی‌ شێخ سه‌لام و به‌دریه‌خانی‌ شێخ قادر وته‌یان پێشكه‌ش كردوه‌. له‌م دانیشتنانه‌دا توانییان پیتاك، پاره‌ كۆبكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌و قوتابخانه‌یه‌، ئه‌وه‌ بوو هه‌شت سه‌د و حه‌ڤده‌ روپێیان كۆكرده‌وه‌، له‌كۆتاییدا حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیبیش هه‌ستا وتی‌ منیش مه‌كینه‌یه‌كی‌ سنگه‌ر كه‌ به‌ سێ سه‌د و نه‌وه‌دو پێنج ڕووپێ كڕیومه‌ ده‌یكه‌م به‌دیاری‌، كه‌ له‌ژیانه‌وه‌دا زۆر به‌دورودرێژی‌ ده‌قی‌ ئه‌م نامه‌یه‌ی‌ تێدایه‌ به‌ناوی‌ زانستی‌ ژنان. ئه‌م نامه‌یه‌ی‌ ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ ئه‌م داخوازیانه‌ی‌ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب كه‌ لێره‌دا باسكراوه‌، مه‌كینه‌یه‌كی‌ سنگه‌ری‌ پێشكه‌ش به‌و قوتابخانه‌یه‌ كردووه‌ كه‌ قوتابخانه‌ی‌ زانستی‌ ژنانی‌ ئێواران بوو، وتی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌كاتی‌ پشووداندا خۆیان فێری‌ ئیش و كاری‌ ده‌ست و دورمان بكه‌ن، ئه‌و نوتقانه‌ش كه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌شدا خوێندرانه‌وه‌، ده‌ورێكی‌ گرنگی‌ هه‌بووه‌، ئه‌و دایكانه‌ی‌ كه‌ كچه‌كانیان نه‌ده‌نارده‌ قوتابخانه‌ حه‌پسه‌خان خۆی‌ ده‌چوو سه‌ردانی‌ خێزانه‌كانیانی‌ ده‌كرد. ورده‌ ورده‌ ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ ده‌ركه‌وت. ده‌توانم بڵێم له‌و سه‌رده‌مه‌دا یه‌كه‌م ژن بوو كه‌ توانی‌ په‌چه‌ش فڕێدا، ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌ڵێ‌ نه‌سرین ده‌مێكه‌ داخت له‌دڵما، په‌چه‌ فڕێده‌ چ واده‌ی‌ شه‌رمه‌.. ئه‌م ژنه‌ یه‌كه‌م كه‌س بوو، رچه‌ شكێن بوو له‌ڕووی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌. په‌چه‌ی‌ فڕێدا ئه‌وه‌بوو له‌و سه‌رده‌مه‌دا، پیاوانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌به‌ر رێز و حورمه‌تی‌ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب و خۆشه‌ویستی‌ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب، له‌دڵ و ده‌رونی‌ پیاوانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا و پیاوانی‌ ئاینی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا هیچ قسه‌یان نه‌كرد و بووه‌ نه‌ریتێك و ژنان په‌چه‌یان فڕێدا. ئه‌وه‌ له‌یه‌كێك له‌به‌ڵگه‌نامه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ به‌ریتانیا كه‌ من له‌م كتێبدا ئه‌م ماوه‌یه‌ خوێندمه‌وه‌ باسكراوه‌، سوپاستان ده‌كه‌م كه‌ ئه‌و شه‌ره‌فه‌تان پێبه‌خشیم له‌سه‌ر حه‌پسه‌خان قسه‌ بكه‌م، ئه‌مه‌ وای‌ لێ‌ كردم بگه‌ڕێم به‌دوای‌ سه‌رچاوی‌ زیاتردا.  وه‌كو ئێستا ئاماژه‌م پێكرد گۆڤار و رۆژنامه‌كان، ئینجا ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی‌ له‌سه‌ر حه‌پسه‌خان، بگه‌ڕێن له‌م لا و ئه‌ولا كۆی‌ بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌میش یه‌كێكه‌ له‌و سه‌رچاوانه‌ی‌ له‌وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ به‌ریتانیا باسی‌ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب ده‌كات، هه‌روه‌ها باسی‌ هاندانی‌ ژنان و باسی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌ڵێت ژنی‌ كورد په‌چه‌ی‌ نه‌پۆشیوه‌ له‌سه‌رده‌می‌ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیبدا، ئه‌مه‌ شتێكی‌ زۆر زۆر چاكه‌. ئه‌م دیكۆمێنتانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی‌ بیسته‌كان، ئه‌و رۆژگاره‌ به‌راستی‌ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب رچه‌ شكێن بوو، ئه‌توانم بڵێم خاڵێكی‌ تر كه‌ زۆر سه‌رنجی‌ منی‌ راكێشا، وێنه‌ی‌ خۆی‌ گرتووه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا چ له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌ڕیدانه‌ی‌ كه‌ هاتونه‌ته‌ كوردستان یان ئه‌وانه‌ی‌ له‌ناو شاری‌ سلێمانیدا حه‌زیان كردوه‌ وێنه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا بگرن، هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وێنه‌ی‌ گرتووه‌ وه‌ك ژنێكی‌ دورینبین كه‌ ده‌بێت میلله‌تی‌ كورد دیكۆمێنتی‌ هه‌بێ‌، ده‌بێ‌ توراسێكی‌ نوسراوی‌ هه‌بێ‌، ئه‌وه‌ بوو له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیدا هه‌رچی‌ گۆڤاری‌ ژین و گه‌لاوێژی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بوو هه‌مووی‌ له‌ماڵه‌كه‌یدا هه‌بووه‌، ئه‌و كه‌ره‌سانه‌ی‌ له‌بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه‌ مابووه‌وه‌ هه‌مووی‌ خستبووه‌ دۆڵابێكه‌وه‌، ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ به‌ وێنه‌ی‌ سروشتی‌ كوردستان ڕازاندبووه‌وه‌. یه‌كه‌م ژنیش بووه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌لبومێكی‌ بۆ وێنه‌كانی‌ خۆی‌ كردوه‌، هه‌م وێنه‌ی‌ شه‌خسی‌ گرتووه‌ هه‌م له‌گه‌ڵ گه‌ڕیده‌كاندا وێنه‌ی‌ گرتووه‌، ده‌توانم بڵێم له‌و سه‌رچاوانه‌ی‌ خوێندومه‌ته‌وه‌ یه‌كه‌م ژن بووه‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌ ئه‌لبومێكی‌ دروستكرد بۆ پول، پولی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ چه‌ند دانه‌بوون، هینی‌ هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ كۆكرده‌وه‌ته‌وه‌ وكردویه‌تێ‌ ناو ئه‌لبوومێكه‌وه‌ و ئێستاش ئه‌و ئه‌لبوومه‌ ماوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن مامۆستای‌ خوشه‌ویستم دره‌خشانی‌ شێخ جه‌لال، كه‌ كتێبێكیشی‌ له‌سه‌ر ژیانی‌ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب نووسیوه‌.

حه‌پسه‌خان به‌ڵگه‌نامه‌كانی‌ پاراستووه‌ 
ئاكۆ شوانی‌:  خاڵێكی‌ تر كه‌به‌لای‌ منه‌وه‌ گرنگه‌ بۆ حه‌پسه‌خان باس بكرێ‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ژنه‌ هه‌ستێكی‌ رۆشنبیریی‌ سه‌یری‌ هه‌بووه‌، ئه‌و كاته‌ ئه‌و زانیوێتی‌ به‌ڵگه‌نامه‌ بپارێزێ‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ دوای‌ نه‌مانی‌ خۆی‌ زۆریان فه‌وتاون، به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك بۆ باوكی‌ یاخود بۆ باپیری‌ هاتبێت له‌پاشایه‌كی‌ مه‌مالیكه‌وه‌ یان له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عوسمانییه‌وه‌ و یان له‌پیاوانی‌ عێراقه‌وه‌، هه‌ندێكی‌ لای‌ ئه‌و ماوه‌، هه‌ندێكی‌ له‌ماڵه‌وه‌ هه‌ڵواسیوه‌، زۆرێك له‌تاپۆی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی‌ موڵك و ماڵه‌كانیان لای‌ ئه‌و پارێزراوه‌، كه‌سێك بووه‌ له‌ ژووره‌كه‌ی‌ خۆیدا كه‌ ئه‌و كاته‌ ژن له‌كورده‌واریدا تا ساڵی‌ حه‌فتاكان نه‌ك ژوری‌ نه‌بووه‌ بگره‌ به‌شێك بووه‌ له‌ئه‌ساسی‌ ماڵه‌كه‌، ئه‌و ژورێكی‌ تایبه‌ت به‌خۆی‌ هه‌بووه‌، له‌ژووره‌كه‌دا كتێبخانه‌ی‌ هه‌بووه‌، سه‌رجه‌م ژماره‌كانی‌ ژین و ژیانی‌ به‌ جوزوبه‌ندكراوی‌ هه‌بووه‌ دوای‌ وه‌فاتی‌ خۆی‌ شێخ قادر به‌خشیوێتی‌، سه‌یره‌ تۆ له‌و سه‌رده‌مه‌دا بتوانی‌ بخوێنیته‌وه‌، گۆڤاری‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات بۆ هاتووه‌، گۆڤاری‌ هیلالی‌ له‌میسره‌وه‌ بۆ هاتووه‌، گۆڤاری‌ له‌به‌یروته‌وه‌ بۆ هاتووه‌، ئه‌وانه‌ كۆمه‌ڵێك شت بووه‌ له‌و سه‌رده‌مانه‌دا شتی‌ ده‌گه‌مه‌ن بوون و مه‌سه‌له‌ی‌ دانسقه‌ و نادربوونه‌، كه‌ ژنه‌ كوردێك بتوانێ‌ نه‌ك هه‌ر به‌ بینین و به‌چاوپێكه‌وتن، بگره‌ به‌خوێندنه‌وه‌ش موتابه‌عه‌ی‌ قه‌زێی‌ میلله‌ته‌كه‌ی‌ و مه‌سه‌له‌ی‌ ژنانی‌ كردووه‌، ئه‌گه‌ر په‌رگیریی‌ نه‌بێ‌ له‌ قه‌زێكه‌دا، زۆرجار وه‌كو باسی‌ لێ‌ ده‌كه‌ن باسی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ ژنی‌ بۆ كردوون، باسی‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ كردوون له‌ وڵاتانی‌ پێشكه‌وتوودا ژنان به‌چی‌ گه‌یشتوون، كه‌ لێره‌دا حه‌قه‌ ئه‌وه‌ش بزانین حه‌پسه‌خانی‌ عیرفان ئه‌فه‌ندی‌ و زۆرێك له‌ ژنانی‌ دیكه‌ی‌ سلێمانی‌ هاوكاری‌ بوونه‌، واته‌ حه‌پسه‌خان هه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ به‌ ته‌نیا خۆی‌ به‌كارێك هه‌ڵبسێت، زۆرجار هه‌وڵیداوه‌ كۆمه‌ڵێك له‌ ژنه‌ رۆشنبیره‌كانی‌ سلێمانیش له‌پاڵ خۆیدا به‌شداری‌ پێبكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ قه‌زێكه‌ ته‌نها كارێك نه‌بێ‌ ره‌خنه‌ له‌ خۆی‌ بگرن، زۆرجار ژنانی‌ بردووه‌ بۆ سه‌یران، ئه‌و كاته‌ به‌لای‌ خه‌ڵكه‌وه‌ سه‌یر بووه‌ تۆ بچی‌ ژن كۆبكه‌یته‌وه‌ و بیان به‌ی‌ بۆ سه‌یران بۆ سه‌رچناریان بۆ قۆرییه‌شكاو یان بۆ كانی‌ با، یاخود له‌ده‌شتی‌ ته‌یاره‌خان ژنان ببه‌یت بۆ سه‌یران و وێنه‌یان بگری‌ و وێنه‌كانیان دوایی‌ بپارێزی‌ كه‌ زۆرێك له‌م وێنانه‌ له‌ئه‌رشیفی‌ ئه‌م بنه‌ماڵه‌ به‌رێزه‌دا هه‌بوون و  ئێستاش ماون. گرنگ بووه‌ تۆ له‌و سه‌رده‌مانه‌دا بتوانی‌ وه‌كو ژنێك به‌ ته‌نیا له‌گه‌ڵ چه‌ند ژنێكی‌ دیكه‌دا له‌ ده‌شتی‌ شێخ جافر و له‌ئه‌ترافی‌ سلێمانی‌ پیاسه‌ بكه‌یت، یان له‌توی‌ مه‌لیكدا پیاسه‌ بكه‌یت، به‌ بازاڕدا بسوڕێیته‌وه‌ و چه‌ند ژنێكیشت له‌گه‌ڵدابێ‌، بۆ هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌و كاته‌ گله‌یی هاتبێته‌ سه‌ر، به‌ڵام دواتر خه‌ڵك به‌رهه‌مه‌كه‌ی‌ چنیوه‌ته‌وه‌ یاخود له‌سلێمانی‌ دواتر باس كراوه‌ ئه‌گه‌ر بۆ حه‌پسه‌خان عه‌یب نه‌بێ‌ نه‌وه‌ی‌ كاك ئه‌حمه‌دی‌ شێخه‌، ئه‌ی‌ بۆ چینێكی‌ ئاسایی‌ بۆ عه‌یبه‌ بێ‌، ئه‌گه‌ر بۆ ژنی‌ شێخ قادر و براژنی‌ شێخ مه‌حمود عه‌یب نه‌بێ‌ ئه‌ی‌ بۆ ژنێكی‌ ئاسایی عه‌یب بێت، ئه‌مانه‌ ئیتر ورده‌ ورده‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بووه‌ له‌ژیانی‌ خه‌ڵكدا.

بۆ ئێمه‌ی‌ كورد جێگه‌ی‌ شانازییه‌ به‌ر له‌حه‌فتا ساڵ ژنێكی‌ وه‌ك حه‌پسه‌خانمان هه‌بووبێ‌
ره‌ئوف عوسمان: حه‌پسه‌خان هه‌ندێك ئه‌ته‌كێتی‌ مۆدێلی‌ له‌سلێمانیدا گۆڕیوه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ په‌چه‌ بووه‌، له‌سه‌رده‌می‌ ئه‌ودا ژنان په‌چه‌یان گرتووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌موچاویان نه‌بینرێ‌ له‌رووی‌ ئاینی‌ و له‌رووی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، حه‌پسه‌خان یه‌كه‌مین كه‌س بووه‌ كه‌ په‌چه‌ی‌ لابردووه‌، ئه‌و كاتانه‌ ژنانی‌ كوردستان و سلێمانی‌ له‌گه‌ڵ كه‌لوپه‌له‌ كوردییه‌كاندا كه‌وایان له‌به‌ركردوه‌، حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب یه‌كه‌مین ژن بووه‌ وتویه‌تی‌ ئه‌م كه‌وایه‌ زۆر گه‌رمه‌، ئه‌بێ‌ ئێمه‌ له‌هاویندا كه‌وا لابه‌رین، یه‌كه‌مین كه‌س بووه‌ كردویه‌تی‌ به‌مۆدێل كه‌ ژنان كه‌وایان لابردووه‌ و به‌كراس و سوخمه‌وه‌ سوڕاونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌ له‌شكاندنی‌ رچه‌ بووه‌، جگه‌ له‌وه‌ سه‌روبه‌ستی‌ ئه‌و كاته‌ تا راده‌یه‌ك لاسایی كردنه‌وه‌ی‌ سه‌روبه‌ستی‌ ناوچه‌كانی‌ موكریان بووه‌، زۆر گه‌وره‌ بووه‌ سه‌روبه‌سته‌ی‌ ژنان، سركه‌یی‌ و عه‌لی‌ خانی‌ و ئه‌وانه‌بووه‌، ئه‌و وتویه‌تی‌ هیچ پێویست ناكات ئێمه‌ به‌م جۆره‌ سه‌روبه‌سته‌ ببه‌ستینه‌وه‌، واته‌ له‌چكێكی‌ بچكۆله‌ كه‌ تائێستا ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌ ته‌كێتێكی‌ تر ئه‌وه‌نده‌ی‌ من بزانم ئه‌و كاتانه‌ كراسی‌ ژنان دووجۆر قوماش بووه‌ له‌سه‌ر قۆڵه‌كه‌وه‌ تا ئه‌خیر جۆرێك بووه‌ و ئه‌وی‌ تریشی‌ جۆرێك بووه‌، حه‌پسه‌خان یه‌كه‌مین ژن بووه‌ ئه‌و ئه‌ته‌كێته‌ی‌ لابردووه‌ و وتویه‌تی‌ با هه‌مووی‌ یه‌ك ڕه‌نگ بێت، ئینجا ئیتر ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی‌ له‌به‌ری‌ كردووه‌، هه‌ر جلێك كه‌ له‌به‌ره‌ی‌ كردووه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ لای‌ هه‌موو ژنان بووه‌ به‌مۆدێل و ئه‌ویش هه‌رچی‌ جلێك كه‌ هه‌یبووه‌ دووجار بۆ سێ‌ جار له‌به‌ری‌ كردووه‌ و دوایی‌ هه‌مووی‌ به‌خشیوه‌، جگه‌ له‌وانه‌ش هه‌تا ئێستا یه‌كێك لای‌ خۆمان ژنێكی‌ لێهاتوو بێ‌، ژنێك كه‌سایه‌تییه‌كی‌ زانستی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ هه‌بێ‌، ده‌ڵێن ئه‌م ژنه‌ وه‌كو حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب وایه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ ئه‌توانین بڵێین حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب یه‌كێكه‌ له‌ ره‌مزه‌ كاریزمییه‌كانی‌ ژنی‌ كورد بووه‌. ئه‌مه‌ نه‌ك هه‌ر له‌سلێمانی‌ به‌ڵكه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ هه‌موو كوردستان. بۆ ئێمه‌ی‌ كورد جێگه‌ی‌ شانازییه‌ كه‌ به‌ر له‌حه‌فتا ساڵ ژنێكی‌ وه‌ك حه‌پسه‌خانمان هه‌بووبێ‌، كه‌ موراسه‌له‌ی‌ كردبێ‌ له‌گه‌ڵ عوسبه‌تولئومه‌م و داوای‌ قه‌واره‌ی‌ كردبێ‌ بۆ میلله‌تی‌ كورد، رێزی‌ ئه‌سیر و به‌ندی‌ گرتبێ‌، شێخ مه‌حمود به‌دانپێدانانی‌ خۆی‌ شانازی‌ پێوه‌ كردووه‌ و زۆربه‌ی‌ رۆژنامه‌نووس و مێژوونووسان شانازیان پێوه‌ كردووه‌. 

شێخ مه‌حمود وتویه‌تی‌ ئه‌گه‌ر حه‌پسه‌خان پیاوبوایه‌ جێگای‌ به‌من لێژ ده‌كرد.
ره‌ئوف عوسمان: حه‌پسه‌خان له‌ سێبه‌ری‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ شێخ مه‌حمود دابووه‌، دیاره‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ حكومه‌تی‌ به‌رخودان و تێكۆشان و هه‌وڵ و ته‌قه‌لا و شۆڕش و ئاواره‌یی‌ و ده‌ربه‌ده‌ری‌ بووه‌، حه‌پسه‌خان له‌ هه‌موو هه‌ڵمه‌ته‌كاندا، له‌هه‌موو شكست و ئاواره‌ییه‌كاندا هاوبه‌شی‌ كردووه‌ و له‌ خۆشی‌ و له‌ ناخۆشیدا له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ شێخ مه‌حمودا بووه‌، له‌ ساڵی‌ 1930دا پێرسی‌ كۆكس كه‌ مه‌ندووبی‌ سامی‌ به‌ریتانی‌ بووه‌، هاتووه‌ بۆ سلێمانی‌ حه‌پسه‌خان ژنانی‌ ئه‌و كاته‌ی‌ سلێمانی‌ هانداوه‌ بڕژێنه‌ سه‌رجاده‌ و داوای‌ مافه‌كانی‌ میلله‌تی‌ كورد بكه‌ن، ئه‌مه‌ شتێكی‌ گه‌وره‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ش به‌یه‌كێك له‌ هه‌ڵسوڕێنه‌رانی‌ شه‌شی‌ ئه‌یلولی‌ 1930 ده‌ژمێردرێت، چونكه‌ دوای‌ ئه‌و شكسته‌ و ئه‌و خوێنرێژییه‌ی‌  به‌رانبه‌ر خه‌ڵكی‌ سلێمانی‌ كرا، حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب كۆمه‌ڵێك یاداشت و نووسینی‌ نارد بۆ عوسبه‌تولئومم به‌ ناوی‌ خۆی‌ و ده‌سته‌ خوشكه‌كانییه‌وه‌ داوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كرد میلله‌تی‌ كورد قه‌واره‌ی‌ خۆی‌ هه‌بێ‌ و به‌شێوه‌یه‌كی‌ مرۆڤانه‌ هه‌ڵسوكه‌وتی‌ له‌گه‌ڵدا بكرێت، ئه‌مانه‌ هه‌مووی‌ هه‌ڵسوكه‌وتی‌ سیاسین حه‌پسه‌خان له‌ناو جه‌رگه‌ی‌ واقیعی‌ سیاسییه‌وه‌ هاوكاری‌ كردووه‌، جگه‌ له‌وه‌ حه‌پسه‌خان هاوكاری‌ كۆماری‌ مهابادی‌ كردووه‌، هانی‌ گه‌نجه‌كانی‌ داوه‌ بڕۆن بۆ ئه‌وێ‌ بۆ هاوبه‌شی‌ كردن له‌و تاقیكردنه‌وه‌ پیرۆزه‌دا، ئه‌و كاته‌ی‌ شه‌هیدان محه‌مه‌د قودسی و مسته‌فا خۆشناو و شێخ عه‌زیزی‌ شه‌مزینی‌ و نوری‌ ئه‌حمه‌د ته‌ها، ئه‌مانه‌ ئه‌و كاته‌ پێش ئه‌وه‌ی‌ بڕۆن بۆ كۆماری‌ مهاباد بۆ هاوبه‌شی‌ كردن هاتوون بۆ لای‌ حه‌پسه‌خان وه‌كو مه‌رجه‌عییه‌تێكی‌ سیاسی‌، حه‌پسه‌خان ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا هێناون و هانی‌ داون و دوعای‌ خێری‌ بۆ كردوون و ته‌نانه‌ت دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ رۆیشتوون ئاوی‌ به‌سه‌ردا ڕشتوون، كه‌ لای‌ كورده‌واری‌ خۆمان ره‌مزی‌ روناكی‌ و ئه‌و شتانه‌یه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ی‌ ئه‌مری‌ له‌سێداره‌دانی‌ شه‌هید محه‌مه‌د قودسی‌ و خێروڵڵا عیزه‌ت و مسته‌فا خۆشناو و ئه‌وان درا حه‌پشه‌خان هانی‌ خه‌ڵكی‌ دا، بروسكه‌یان نارد، له‌ سلێمانیدا خۆپیشاندان كرا بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌سێداره‌ نه‌درێن، جگه‌ له‌وه‌ش كه‌ ته‌رمه‌كانیان هێنایه‌وه‌ حه‌پسه‌خان له‌ناو ئاپۆرای‌ جه‌ماوه‌ردا له‌ ریزی‌ پێشه‌وه‌ بوو، هه‌تا له‌مه‌راسیمی‌ ناشتنیاندا له‌سه‌یوان ئه‌و رۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بووه‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووی‌ به‌ڵگه‌ی‌ هاوبه‌شی‌ كردنی‌ كارای‌ سیاسیانه‌ی‌ حه‌پسه‌خان بوون. جگه‌ له‌وه‌ له‌ شه‌ڕی‌ ده‌ربه‌ندی‌ بازیان له‌ساڵی‌ 1919دا خۆی‌ و ئایشه‌خانی‌ خوشكی‌ هانی‌ جه‌ماوه‌ریان داوه‌، ته‌نانه‌ت نان و خواردنیان بۆ بردوون و كه‌لوپه‌لیان بۆ بردوون. جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌مانه‌ ئاواره‌ بوون و رۆیشتوون ئاواره‌ی‌ كوردستانی‌ رۆژهه‌ڵات بوون، دوای‌ ئه‌وه‌ چوون بۆ لای‌ سمكۆی‌ شكاك، سمكۆش له‌ ساڵی‌ 1920 دا تووشی‌ شكست بووه‌، له‌وێوه‌وه‌ حه‌پسه‌خان دیسانه‌وه‌ ئاواره‌بووه‌ته‌وه‌ و چووه‌ بۆ ناوچه‌ی‌ هه‌كاری‌ و سه‌رقه‌ڵا و ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌. ئه‌مانه‌ هه‌موو به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌وه‌ن كه‌ حه‌پسه‌خان رۆڵی‌ كارای‌ هه‌بووه‌ له‌ ژیانی‌ سیاسیدا. جگه‌ له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌ ساڵی‌ 1919 دا كۆمه‌ڵێك ئه‌فسه‌ری‌ ده‌ره‌جه‌داری‌ ئینگلیزه‌كان له‌ ده‌بۆكه‌ به‌ندبوون كه‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ شێخ مه‌حمود گرتبوویانن، حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب به‌گیانێكی‌ زۆر شارستانییانه‌وه‌ خواردنی‌ بۆ ئه‌بردن و یارمه‌تی‌ ئه‌دان، چونكه‌ ئه‌و كاته‌ش شێخ مه‌حمود به‌ندبوو لای‌ ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وانیش رێزی‌ شێخ مه‌حمود بگرن، جگه‌ له‌وه‌ش خۆی‌ گیانی‌ مرۆڤایه‌تی‌ زۆر به‌هێزبوو، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت میلله‌تی‌ كورد هه‌ر له‌كۆنه‌وه‌ ئینسان دۆست بووه‌. جگه‌ له‌ مانه‌ش ئه‌و كاته‌ی‌ مه‌لا مسته‌فای‌ بارزان و شێخ ئه‌حمه‌دی‌ برای‌ و شێخ حه‌مه‌ سدیق كاتێ‌ هاتن بۆ سلێمانی‌ حه‌پسه‌خان هه‌میشه‌ هاتوچۆی‌ ده‌كردن و هه‌میشه‌ گیانی‌ دۆستایه‌تی‌ و برایه‌تی‌ له‌گه‌ڵیاندا پته‌و به‌تین بوو، دره‌خشانی‌ حه‌فید بۆی‌ گێرامه‌وه‌ شه‌وانه‌ حه‌پسه‌خان و عوسمان محه‌مه‌د سڵێمان كه‌ ئێستاش ماوه‌ له‌گه‌ڵ بابه‌ تایه‌ر شه‌وانه‌ گوێنی‌ و بوخچه‌ی‌ بۆ پڕ كردوون له‌شت و به‌دزییه‌وه‌ ناردویه‌تی‌ بۆ ماڵی‌ شێخ سدیق بارزانی‌ و وتویه‌تی‌ نابێ‌ لای‌ كه‌سیش قسه‌ بكه‌ن. واته‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ حه‌پسه‌خان په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو كوردستانییه‌كاندا هه‌بووه‌، له‌گه‌ڵ كوردستانی‌ رۆژهه‌ڵات و له‌گه‌ڵ ناوچه‌ی‌ بارزان و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان. له‌ڕاپه‌رینی‌ 1948و 1952 كۆمه‌ڵێك عه‌ره‌ب گیرابوون، هاتبوون بۆ به‌ندینخانه‌ی‌ سلێمانی‌، جوابیان ناردبوو بۆ حه‌پسه‌خان بێت به‌ده‌میانه‌وه‌، حه‌پسه‌خان هه‌فتانه‌ چێشت و خواردن و كه‌لوپه‌ل و نانی‌ بۆ ناردبوون و داوای‌ كردبوو له‌ به‌رێوبه‌ری‌ به‌ندینخانه‌كه‌ رێزیان بگرێ‌ و خۆشی‌ سه‌ردانی‌ كردبوون و وتویه‌تی‌ ئه‌مانه‌ میوانی‌ ئێمه‌ن، ده‌بێ‌ رێزیان لێ‌ بگیرێ‌، چونكه‌ له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ نیشتمانی‌ هاتوون بۆ سلێمانی‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ هه‌موو بخه‌یته‌ لاوه‌، شێخ مه‌حمود چه‌ند جارێك باسی‌ كردووه‌ و وتویه‌تی‌ ئه‌گه‌ر حه‌پسه‌خان پیاوبوایه‌ جێگای‌ به‌من لێژ ده‌كرد.

بیزانیبایه‌ له‌هه‌ركوێ‌ كه‌سێك لێی‌ قه‌وماوه‌ یارمه‌تی‌ بدایه‌
د.كاوس قه‌فتان: حه‌پسه‌خان ژنێك بوو یه‌عنی‌ بێ وێنه‌، زۆر یارمه‌تی‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌دا، یه‌كێك بێ‌ ده‌رامه‌ت بوایه‌ یارمه‌تی‌ ئه‌دا به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ریخات، ئه‌وه‌ نه‌بوو یارمه‌تی‌ خه‌ڵك بدات و بڵێت یارمه‌تیم داوی‌. حه‌پسه‌خان خۆی‌ دیوەخانی‌ هه‌بوو، چۆن شێخ قادر دیوه‌خانی‌ هه‌بوو، له‌سلێمانیدا هه‌موو ماڵێك دیوه‌خانی‌ نه‌بوو، حه‌مه‌ی‌ ئه‌وره‌حمان ئاغا و تۆفیق ئه‌فه‌ندی‌ ئاغا فه‌تحوڵڵا دیوه‌خانیان هه‌بوو. حه‌پسه‌خان بۆ ژنان هه‌یبوو، له‌و رێیه‌وه‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر خه‌ڵك داده‌نا، ئه‌چوون بۆ لای‌ داده‌نیشتن و قسه‌ ئه‌كرا، ئه‌فكاری‌ هه‌بوو، من ئه‌و وه‌خته‌ منداڵ بووم، به‌ڵام گه‌وره‌ بووم ئه‌وه‌ نه‌ما له‌گه‌ڵیدا دانیشم و گوێم لێ‌ بێ‌ و بیبینم، به‌ڵام هه‌تا ئێستاش روخساری‌ دێته‌وه‌ به‌رچاوم، هه‌تا بڵێی‌ ناسك، هه‌تا بڵێی‌ رێكوپێك، عاقڵ. بیزانیبایه‌ له‌هه‌ركوێ‌ كه‌سێك لێی‌ قه‌وماوه‌، خه‌ڵكی‌ ئه‌نارد یارمه‌تی‌ بدایه‌. له‌هه‌ر بۆنه‌یه‌كدا قونسڵێك هاتبێ‌ باسی‌ كوردی‌ له‌گه‌ڵدا كردووه‌، هه‌ركه‌سێك چووه‌ بۆ لای‌ وتویه‌تی‌ ئه‌م ژنێكی‌ زۆر مه‌زنه‌.
ره‌ئوف عوسمان: دیاره‌ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب وه‌ك وتم له‌و بنه‌ماڵه‌ گه‌وره‌یه‌ بووه‌ و درێژه‌ پێده‌ر و ده‌رهاویشته‌ی‌ زانستی‌ ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ بووه‌، له‌ساڵی‌ 1926 ئه‌و كاته‌ی‌ قوتابخانه‌ی‌ زانستی‌ كراوه‌ته‌وه‌ له‌ سابوونكه‌ران له‌ ماڵی‌ عه‌لی‌ به‌گی‌ فه‌تحوڵڵا به‌گ، یه‌كه‌مین كه‌س به‌ده‌مێوه‌ چووه‌ و كۆبوونه‌وه‌ی‌ به‌ ژنان كردووه‌، حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب بووه‌، هانی‌ خه‌ڵكی‌ داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بچنه‌ ئه‌و قوتابخانه‌یه‌. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك ژنی‌ لێهاتووی‌ به‌توانایان هه‌بووه‌ به‌گوێره‌ی‌ پێوانه‌ی‌ ئه‌و رۆژه‌ حه‌زیان نه‌كردوه‌ بچێته‌ قوتابخانه‌، چونكه‌ ئه‌و رۆژگاره‌ وابوو، حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب ناردویه‌تی‌ به‌دوایاندا، یان خۆی‌ چووه‌ بۆ لایان تاوه‌كو قه‌ناعه‌تیان پێبكات كچه‌كانیان بخه‌نه‌ مه‌كته‌ب، هه‌میشه‌ وتویه‌تی‌ كه‌ ته‌نیا زانسته‌ ده‌توانی‌ میلله‌تی‌ كورد به‌ره‌و پێشه‌وه‌ به‌رێت، هه‌ر به‌دوای‌ دروستبوونی‌ ئه‌و قوتابخانه‌یه‌، له‌ ساڵی‌ 1938دا یه‌كه‌مین ناوه‌ندی‌ كچان له‌ ماڵی‌ شێخ مسته‌فای‌ نه‌قیب كه‌ حه‌پسه‌خان خانوه‌كه‌ی‌ پێشكه‌شی‌ ئه‌و ناوه‌ندییه‌كردوه‌. حه‌پسه‌خان هه‌میشه‌ هاموشۆی‌ ئه‌و خوێندنگایه‌ی‌ كردوه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و قوتابیانه‌ی‌ هه‌موو جارێك سه‌ركه‌وتوو بوون له‌ خوێندندا حه‌پسه‌خان ساڵانه‌ ئاهه‌نگی‌ تایبه‌تی‌ بۆ سازداون و پاداشتی‌ داونه‌تێ‌، له‌ ساڵی‌ 1951 ئینجا ئاماده‌یی‌ كچانی‌ سلێمانی‌ هه‌ر له‌ خانووه‌كه‌ی‌ كه‌ حه‌پسه‌خان پێشكه‌شی‌ كردبوون له‌وێ‌ جارێكی‌ تر ناوه‌ندی‌ كچان دروستبووه‌وه‌ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب هه‌مان رۆڵی‌ تایبه‌تی‌ هه‌بوو له‌ پێشخستنی‌ زانستدا له‌ هاندانی‌ خوێنكاره‌كاندا ته‌نانه‌ت ساڵانه‌، به‌هاران هه‌موو خوێندنگاكه‌ی‌ كۆ ده‌كرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركی‌ خۆی‌ ده‌یبردن بۆ سه‌یران و له‌وێ‌ له‌و سه‌یرانانه‌دا به‌رنامه‌ی‌ تایبه‌تیان بۆ داده‌ڕشتن، حه‌پسه‌خان له‌ریزی‌ پێشه‌وه‌ی‌ ئه‌و چالاكیانه‌دا بوو، زۆرجار شاعیرو ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندانیشیان بانگ ده‌كرد و له‌و كۆڕانه‌دا هاوبه‌شیان ده‌كرد، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئێچگار جێی‌ سه‌رنجه‌ هه‌ر له‌و خوێندنگایه‌، قوتابخانه‌ی‌ فێركردنی‌ ژنانیان بۆ شه‌وان دروست كرد، كه‌ ئێستا ئێمه‌ پێی‌ ده‌ڵێین مه‌حولئومییه‌. حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب خۆی‌ بوو به‌خوێنكارێك له‌وێدا و خۆی‌ فێری‌ خوێنده‌واری‌ كرد. ئه‌مه‌ به‌راستی‌ به‌ڵگه‌ی‌ گه‌وره‌ییه‌، براژنی‌ شێخ مه‌حموده‌ و بچێته‌ سه‌ركورسی‌ خوێندن و شه‌وانه‌ خۆی‌ فێری‌ خوێندن بكات، ئه‌مه‌ ئه‌و په‌ڕی‌ خۆشویستنی‌ زانسته‌. جگه‌ له‌وه‌ش هه‌میشه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌مامۆستاكانه‌وه‌ هه‌بووه‌ و مامۆستاكان له‌ هه‌موو بۆنه‌كاندا بانگ كردووه‌ و زۆرجار ئه‌وه‌ی‌ وتووه‌ و وتویه‌تی‌ من دایكی‌ ئه‌و خوێنكارانه‌م كه‌ دایكیان سه‌رتان لێنادات، دایكی‌ ئه‌و خوێنكارانه‌م كه‌ بێ‌ باوك و دایكن، پێویستییه‌كان و ئه‌ركه‌كانیان چییه‌ به‌من بڵێن من بۆیان جێبه‌جێ‌ ده‌كه‌م، ئیتر ئه‌و خوێنكارانه‌ی‌ كه‌ هه‌ژاربوون هه‌میشه‌ حه‌پسه‌خان ده‌ستی‌ پێیانه‌وه‌ بووه‌، یارمه‌تی‌ داون، حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌وه‌ش بڵێم ئه‌و كتێبخانه‌ گه‌وره‌یه‌ش كه‌ شێخ مارفی‌ نۆدێ‌ و میرنشینی‌ بابانه‌كان بووه‌ حه‌پسه‌خان پاراستویه‌تی‌، ئه‌و كتێبانه‌ی‌ شێخ مارف كه‌ مابوون و وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف چاپی‌ كردن هه‌مووی‌ له‌وانه‌ بوون كه‌ حه‌پسه‌خان هه‌ڵی‌ گرتبوون و زۆر به‌ گرنگ داینابوون، ئه‌یزانی‌ كتێبخانه‌ چ رۆڵێكی‌ ده‌بێ‌ له‌مێژووی‌ میلله‌تی‌ كوردا به‌تایبه‌تی‌ ده‌ستنووسه‌كانی‌ شێخ مارف، جگه‌ له‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ ژیانی‌ حه‌پسه‌خان بخوێنێته‌وه‌ ده‌زانێ‌ پێده‌كات حه‌پسه‌خان ساڵانه‌ په‌یوه‌ندی‌ كردوه‌ به‌ دائیره‌ی‌ مه‌عاریفی‌ به‌غداوه‌ و داوای‌ یارمه‌تی‌ لێ‌ كردوون تاوه‌كو یارمه‌تی‌ خوێنكاره‌ كورده‌كان بده‌ن و ساڵانه‌ چه‌ند كورسییه‌كیان پێ‌ بده‌ن تاوه‌كو له‌وێ‌ بخوێنن، چونكه‌ میلله‌تی‌ كورد زۆری‌ چه‌شتووه‌و چه‌وسێنراوه‌ته‌وه‌ و دووره‌ له‌ زانسته‌وه‌، دیاره‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی‌ ئه‌وه‌ ئه‌گه‌یه‌نن كه‌ حه‌پسه‌خان رۆڵێكی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بووه‌ له‌پێشخستنی‌ زانست و قوتابخانه‌ له‌شاری‌ سلێمانیدا و هه‌ر ئه‌و پێشخستنه‌ش بوو كه‌ له‌ دوای‌ ئه‌و قۆناغ به‌ قۆناغ گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌م ئاسته‌ی‌ ئێستا كه‌ له‌سلێمانی‌ هه‌نگاوی‌ گه‌وره‌ نراوه‌. ئێمه‌  هه‌میشه‌ باسی‌ ئێستا ده‌كه‌ین ده‌بێ‌ بیبه‌ستینه‌وه‌ به‌رابردووه‌وه‌. رابردووی‌ ئێمه‌، رابردووی‌ زانست له‌سلێمانی‌ و سه‌رده‌می‌ میرنشینی‌ بابان، كه‌ له‌شێخ مارفه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، دوای‌ شێخ مارف كۆمه‌ڵێك زانای‌ گه‌وره‌مان هه‌یه‌، دوای‌ ئه‌وانه‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌ وه‌ك خوێندنی‌ به‌ده‌ر له‌مزگه‌وت حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب دایناوه‌.

شاعیره‌كانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ستایشیان كردوه‌
د.شوكریه‌ ره‌سوڵ: تۆ سه‌یری‌ ئه‌م ژنه‌ به‌توانا و زیره‌ك و لێوه‌شاوه‌یه‌ بكه‌، ماڵه‌كه‌ی‌ ببووه‌ میوانخانه‌یه‌ك بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌ ناو شاری‌ سلێمانی‌ به‌ تایبه‌تی‌ هانی‌ ئه‌دیبان و نووسه‌رانی‌ ئه‌دا له‌و سه‌رده‌مه‌دا، زێوه‌ری‌ شاعیر له‌ گه‌نجینه‌ی‌ مه‌رداندا یادی‌ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیبی‌ كردوه‌ كه‌ ئه‌ڵێ‌ به‌راستی‌ ئه‌مه‌ پێویسته‌ بچێته‌ ناو مێژووه‌وه‌ ئه‌م ژنه‌ هه‌ڵكه‌وته‌ و چاك و رۆشنبیره‌، كورد په‌روه‌ر و ئاین په‌روه‌ر و به‌رێز و به‌حورمه‌ته‌، له‌ شیعرێكی‌ ئه‌لیف با هه‌وریدا یادی‌ ده‌كرێته‌وه‌، شێخ سه‌لامی‌ شاعیر خستویه‌تێ‌ ناو شیعره‌كانییه‌وه‌ بێخودی‌ شاعیر له‌شیعره‌كانیدا باسی‌ كردووه‌، پیره‌مێردی‌ شاعیر زۆرجار پێی‌ وتووه‌ ده‌بوایه‌ ئێمه‌ ناوت بنێین نه‌ك حه‌پسه‌خان، ناوت بنێین شێخ حه‌پسه‌خان، واته‌ ئه‌مه‌نده‌ شوهره‌تی‌ هه‌بووه‌، زیاتر له‌مێرده‌كه‌ی‌ بڵاوبووبووه‌وه‌ له‌ناوشاری‌ سلێمانیدا. 
ره‌ئوف عوسمان: ئه‌م خانمه‌ له‌رووی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌ چۆن له‌رووی‌ زانست و لایه‌نی‌ هاوبه‌شی‌ سیاسیانه‌ی‌ له‌ڕه‌وتی‌ ژیانی‌ شۆڕشگێڕی‌ كوردا له‌ ڕووی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌ رۆڵێكی‌ یه‌كجار گه‌وره‌ی‌ هه‌بووه‌. هه‌ر بۆ نموونه‌ حه‌پسه‌خان داده‌نرێ‌ به‌ڕابه‌ری‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ ژنانی‌ كوردستان له‌ساڵی‌ 1930دا یه‌كه‌مین لقی‌ ژنان له‌سلێمانی‌ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب داینا، هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كان له‌ ماڵی‌ خۆی‌ كراوه‌، باسی‌ كێشه‌ی‌ ژنیان كردووه‌، له‌ ساڵی‌ 1942 یه‌كه‌مین لیژنه‌ی‌ یارمه‌تی‌ هه‌ژارانی‌ دروستكردووه‌ بۆ یارمه‌تی‌ هه‌ژارانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ و بۆ ئه‌و ژنانه‌ی‌ كێشه‌یان هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ مێرده‌كانیان و كێشه‌ی‌ خێزانیان هه‌یه‌، حه‌پسه‌خان توانیوێتی‌ به‌ده‌میانه‌وه‌ بچێ‌ و هاوكاریان بكات، جگه‌ له‌وه‌ش وه‌ك وتم له‌ خێزانێكی‌ ئاینی‌ و نیشتمان په‌روه‌ربووه‌، په‌یوه‌ندییه‌كی‌ یه‌كجار به‌تینی‌ له‌گه‌ڵ فه‌له‌كانی‌ سلێمانیدا هه‌بووه‌ هه‌فتانه‌ زیاره‌تی‌ كردوون و به‌ تایبه‌تی‌ له‌گه‌ڵ خێزانی‌ كه‌ریمی‌ عه‌له‌كه‌. 
د. شوكریه‌ ره‌سوڵ: خاڵێكی‌ تر كه‌ من خوێندومه‌ته‌وه‌ یان گوێ بیستی‌ بووم، زۆرجار له‌ سلێمانیدا ده‌بینین كوڕه‌ موسڵمانێك حه‌زی‌ له‌ كچێكی‌ مه‌سیحی‌ كردووه‌ یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌، كه‌ چوونه‌ته‌ ماڵی‌ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب كێشه‌كه‌ی‌ ره‌وانوه‌ته‌وه‌ و به‌ یه‌كیشی‌ گه‌یاندوون كه‌واته‌ له‌گه‌یاندنی‌ دڵ و دڵخوازیشدا رۆڵێكی‌ باشی‌ هه‌بووه‌.
ره‌ئوف عوسمان: له‌ په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كانی‌ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب په‌یوه‌ندییه‌كی‌ زۆر به‌تینی‌ هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو شاعیر و ئه‌دیب و روناكبیر و مێژوونووسانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی‌ كورد، له‌گه‌ڵ زێوه‌ر كه‌ له‌ گه‌نجینه‌ی‌ مه‌ردان زۆر به‌ جوانی‌ باسی‌ ده‌وری‌ شه‌ره‌ف مه‌ندانه‌ی‌ حه‌پسه‌خان ده‌كات له‌و سه‌رده‌مه‌ی‌ شاری‌ سلێمانیدا، جگه‌ له‌وه‌ بێخود و پیره‌مێرد و بێكه‌س و شێخ سه‌لام و شێخ نوری‌ شێخ ساڵح و مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د و ئه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌موویاندا په‌یوه‌ندی‌ هه‌بووه‌.

هه‌موو بنه‌ماڵه‌ به‌ناوبانگه‌كانی‌ كورد به‌سه‌ركردوه‌ته‌وه‌ 
ئاكۆ شوانی‌: ئه‌گه‌ر باسی‌ له‌لایه‌نی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ئه‌م ژنه‌ بكه‌ین، ده‌بێ‌ باسی‌ ئه‌وه‌ بكه‌ین ئه‌م ژنه‌ له‌و سه‌رده‌مانه‌دا چه‌ند شتێك هه‌بووه‌ زۆر به‌لایه‌وه‌ گرنگ بووه‌ په‌ره‌ی‌ پێبدات یاخود به‌ به‌رده‌وامی‌ كاری‌ له‌سه‌ر بكات، له‌وانه‌ هه‌وڵی‌ داوه‌ تابۆی‌ ده‌كرێت ڕایڵی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ فراوان بێ‌، شه‌به‌كه‌یه‌كی‌ فراوانی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ هه‌بێ‌، له‌گه‌ڵ خزمه‌كانیدا هه‌وڵی‌ داوه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ بهێڵێته‌وه‌، دووه‌م له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی‌ له‌سلێمانیدا بوون و ژیاون، چ خه‌ڵكی‌ سیاسی‌ بێ‌، چ مامۆستایه‌ك بوو هاتبێته‌ سلێمانی‌ ئه‌گه‌ر ژن بێت، ئه‌گه‌ر پیاو، فه‌رمانبه‌رێك یان كاربه‌ده‌ستێكی‌ حكومی‌ له‌ سه‌رده‌می‌ ئینگلیز و سه‌رده‌می‌ حكومه‌تی‌ عیراقی‌ هاتبێـه‌ سلێمانی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی‌ له‌گه‌ڵ دروست كردووه‌، دكتۆرێك یان برینپێچێك هاتبێته‌ ئه‌م شاره‌وه‌ ئه‌م ژنه‌ وه‌كو لایه‌نی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌هێزی‌ له‌گه‌ڵیدا دروستكردووه‌ و زۆرێك له‌مانه‌ دواتر له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانیاندا باسیان كردوه‌، له‌دوای‌ مردنی‌ ئه‌م ژنه‌وه‌ هه‌وڵیانداوه‌ له‌ رۆژنامه‌ به‌ناوبانگه‌كاندا به‌سه‌ری‌ بكه‌نه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ی‌ كۆچی‌ دوایی‌ كردووه‌ له‌ئه‌ڵمانیاوه‌ رۆژنامه‌نووسێك سه‌ره‌خۆشی‌ بۆ شێخ قادری‌ حه‌فید ده‌نێرێ‌. ئه‌مه‌ شتێكه‌ ناتوانین باسی‌ نه‌كه‌ین ئه‌م ژنه‌ چۆن توانیوێتی‌ ئه‌م هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌ به‌هێزه‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌كانی‌ ده‌یلی‌ ته‌له‌گراف و له‌گه‌ڵ تایمزی‌ له‌نده‌نی‌ دروست بكات. حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب وێرای‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌هێزه‌ی‌ هه‌یبووه‌، وه‌ك باسی‌ ده‌كه‌ن وه‌كو ژنێكی‌ ئه‌رستۆقرات بیری‌ ده‌كرده‌وه‌، حه‌پسه‌خان له‌سییه‌كاندا پولی‌ كۆكردوه‌ته‌وه‌ و خولیای‌ پول كۆكردنه‌وه‌ی‌ هه‌بووه‌ و خولیای‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ پاره‌ی‌ وڵاتانی‌ هه‌بووه‌، خولیای‌ سه‌فه‌ری‌ هه‌بووه‌، كه‌م شاری‌ عێراق هه‌بوه‌ ئه‌و ژنه‌ بۆی‌ نه‌چووبێ‌، سه‌فه‌ری‌ كویتی‌ كردووه‌، له‌و سه‌رده‌مانه‌دا حه‌پسه‌خان په‌ساپۆرتی‌ ده‌ركردوه‌ له‌وانه‌یه‌ زۆرێك له‌ ئێمه‌ تا ئه‌م ساڵانه‌ی‌ دوایی په‌ساپۆرتمان نه‌بووبێ‌، ئه‌و زه‌مانه‌ بۆ ژنی‌ كورد ده‌رچوون له‌ماڵه‌وه‌ نه‌نگییه‌كی‌ گه‌وره‌ بووه‌، فه‌خر به‌وه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ فڵانه‌ ژن له‌ژیانیدا دووجار ده‌ره‌وه‌ی‌ بینیوه‌، جارێك كه‌ له‌ماڵی‌ باوكییه‌وه‌ بۆ ماڵی‌ مێرده‌كه‌ی‌ چووه‌ و جارێك له‌ماڵی‌ مێرده‌كه‌یه‌وه‌ بۆ سه‌رقه‌بران چووه‌، واته‌ بۆ مردن چووه‌، به‌ڵام ئه‌و كاته‌ حه‌پسه‌خان به‌شاردا گه‌ڕاوه‌ و سه‌ردانی‌ وڵاتی‌ كویتی‌ كردوه‌ ئه‌و كاته‌ش له‌خۆیه‌وه‌ نه‌چووه‌ و بگره‌ له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ به‌ناوبانگی‌ كویته‌وه‌ بانگێشت كراوه‌ و به‌پیرێوه‌ چوون، ئه‌ڵێ‌ یه‌كێك له‌و شتانه‌ی‌ باسی‌ كراوه‌، ئاواتی‌ ئه‌وه‌ بووه‌ سه‌ردانی‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا بكات سه‌ردانی‌ له‌نده‌ن بكات، ئه‌سته‌نبوڵ به‌ڵام بارودۆخ رێگه‌ی‌ پێنه‌داوه‌، یه‌كێكی‌ دیكه‌ له‌كاره‌كانی‌ ئه‌م ژنه‌ ئه‌وه‌ بوو چۆن بتوانێ‌ له‌ئه‌لبوومدا وێنه‌كانی‌ خۆی‌ بگرێ‌، وێنه‌ی‌ كه‌ڵه‌ پیاوان و شۆڕشگێڕانی‌ كورد، خه‌ڵكانی‌ به‌ ناوبانگی‌ عیراق و وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌ر، خۆمان ده‌زانین له‌ساڵانی‌ بیسته‌كانی‌ تا شه‌سته‌كانیش وێنه‌گرتن بۆ خۆی‌ به‌ نه‌نگی‌ و به‌شوره‌یی‌ زانراوه‌، به‌گوناهیان زانیوه‌، ئه‌و نه‌ك هه‌ر وێنه‌ی‌ گرتووه‌، بگره‌ ئه‌لبومیشی‌ بۆ وێنه‌كانی‌ خۆی‌ داناوه‌، به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌وانه‌ی‌ پاراستووه‌، كه‌ دوای‌ نه‌مانی‌ خۆی‌ فه‌وتێنراوه‌، مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ دیكه‌ بۆ سه‌رده‌می‌ خۆی‌ گرنگ بووه‌ یه‌كێك له‌شته‌كانی‌ ژیانی‌ ئه‌م ژنه‌، دیاری‌ بووه‌. دیاری‌ به‌خشین به‌خه‌ڵك و دیارهاتن له‌خه‌ڵكه‌وه‌ بۆ ئه‌م ژنه‌، به‌شێكی‌ زۆری‌ دیارییه‌كانی‌ ئه‌م ژنه‌ دیاری‌ سه‌رپێیشی‌ نه‌به‌خشیوه‌، هه‌وڵی‌ داوه‌ دیارییه‌كانی‌ دیاری‌ گرنبه‌هان بن، لای‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ بۆیان ده‌نێرێ‌ كاردانه‌وه‌یه‌كی‌ هه‌بێ‌، دواتر وابكات خه‌ڵكی‌ ئه‌م شتانه‌ی‌ له‌بیر نه‌چێ‌ له‌وانه‌ فه‌رش، مستیله‌ی‌ گرانبه‌ها، خشڵ، زۆریان بۆ شه‌خسیات و كه‌سایه‌تی‌ به‌ناوبانگی‌ ناردووه‌، بۆ خه‌ڵكی‌ دیار و كه‌سایه‌تی‌ ناسراو، حه‌پسه‌خان دیارییه‌كانی‌ وه‌ك ئامڕازێك به‌كار هێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێ‌ هه‌م ئه‌و خه‌ڵكانه‌ وابه‌سته‌ بكات به‌ كورد و مه‌سه‌له‌ی‌ كورده‌وه‌، هه‌م وابكات ئه‌مانه‌ سه‌ردانی‌ ئه‌م شاره‌ ده‌كه‌ن و سلێمانی‌ به‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه‌، حه‌پسه‌خان و بنه‌ماڵه‌ی‌ شێخیان له‌بیر نه‌چێ‌، یه‌كێ‌ له‌و شتانه‌ی‌ ئه‌م له‌رێگای‌ دیارییه‌وه‌ كردویه‌تی‌ ئه‌چێته‌وه‌ قاڵبی‌ سیاسی‌ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ بنه‌ماڵه‌ به‌ناوبانگه‌كانی‌ كورد له‌شاره‌كانی‌ قایره‌ و له‌نده‌ن و ئه‌سته‌نبوڵ و وڵاتانی‌ دیكه‌ی‌ ده‌وروبه‌ر له‌تاران بنه‌ماڵه‌ی‌ كوردی‌ ژیاون حه‌پسه‌خان هه‌وڵیدا له‌رێگه‌ی‌ دیاریه‌وه‌ ئه‌مانه‌ هه‌م رۆحه‌ كوردییه‌كه‌یان لازیندوو بكاته‌وه‌ و هه‌م وابه‌سته‌شیان بكات به‌گیانێكی‌ كوردانه‌وه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌و له‌ساڵانی‌ سییه‌كان و چله‌كاندا ده‌ستێ‌ جلی‌ كوردی‌ جوان بۆ دوڕیه‌ی‌ كچی‌ محه‌مه‌د عه‌لی‌ عه‌ونی‌ بۆ میسر ناردووه‌ و داوای‌ لێ‌ كردووه‌ وێنه‌ی‌ پێوه‌ بگرێ‌ و وێنه‌كه‌شی‌ بۆ بنێرێته‌وه‌، ئه‌ویش له‌وێدا باسی‌ ده‌كات و ده‌ڵێت به‌رێز حه‌پسه‌خان ئه‌وه‌ له‌سه‌ر داوای‌ خۆت وێنه‌كه‌م پێوه‌ گرتووه‌ و  بۆشم ناردی، هیوادارم وێنه‌كه‌ت به‌دڵی‌ بێ‌. جگه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌ستی‌ كردبێ‌ ئه‌وانه‌ی‌ ره‌گێكی‌ كورد بێ‌ ئه‌و به‌جل و پۆشاكی‌ كوردی‌ به‌سه‌ری‌ كردونه‌ته‌وه‌ به‌فه‌رشی‌ كوردی‌، به‌زۆر شتی‌ تری‌ كوردی‌ به‌سه‌ری‌ كردونه‌ته‌وه‌، له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌وڵیداوه‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ به‌دیوعولزه‌مانی‌ كورد، بنه‌ماڵه‌ی‌ دوڕییه‌ عه‌لی‌ عه‌ونی‌ و هه‌موو بنه‌ماڵه‌ به‌ناوبانگه‌كانی‌ كورد به‌سه‌ركردوه‌ته‌وه‌ و دیاری‌ بۆ ناردوون، كه‌ سه‌رجه‌م دیارییه‌كانی‌ بریتی‌ بوون له‌جۆرێك له‌ ئه‌ته‌كێت. حه‌زده‌كه‌م لێره‌دا ئه‌وه‌ بڵێم حه‌پسه‌خان یه‌كێك بووه‌ له‌و ژنانه‌ی‌  زۆر شاره‌زای‌ ئه‌ته‌كێت و هه‌ڵسوكه‌وت و دیبلۆماسیانه‌ی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بووه‌ ئێستاش به‌داخه‌وه‌ زۆر كه‌سمان هه‌یه‌ له‌ روانگه‌ی‌ دیوه‌خانێكه‌وه‌ له‌دیبلۆماسی ده‌ڕوانێ‌، به‌ڵام ئه‌وكاته‌ ئه‌و زانیوێتی‌ دیاری‌ به‌خشین و خه‌ڵك به‌سه‌ركردنه‌وه‌ و سه‌ردانی‌ خه‌ڵك و بروسكه‌ ناردن چه‌ند گرنگه‌، یه‌كێك له‌و شتانه‌ی‌  ئه‌و ژنه‌ به‌رده‌وام له‌ خه‌یاڵیدا بووه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ زۆر له‌خه‌ڵكانی‌ دیاری‌ كورد و غه‌یره‌ كورد و مه‌سیحی‌ و جوله‌كه‌ و توركمان و عه‌ره‌ب و خه‌ڵكی‌ دیكه‌ كه‌سێكی‌ لێ‌ مردبێ‌، یان بۆنه‌یه‌كی‌ خۆشی‌ هه‌بووبێ‌ ئه‌م به‌ بروسكه‌ی‌ پیرۆزبایی‌ یان ماته‌مینی‌ به‌سه‌ری‌ كردونه‌ته‌وه‌ دواتر بروسكه‌یان بۆ كردوه‌ته‌وه‌ له‌ ناخۆشی‌ و خۆشییه‌كانیدا سه‌ردانیان كردوه‌. یه‌كێكی‌ دیكه‌ له‌كاره‌كان  حه‌ز ده‌كه‌م باسی‌ بكه‌م و ئاماژه‌ی‌ پێ بده‌م، حه‌قه‌ ژنانی‌ سلێمانی‌ ئه‌وه‌ له‌به‌ر چاو بگرن كه‌ ئێستاش زۆرێك له‌ جلوبه‌رگیان، له‌ ئه‌ته‌كێتیان قه‌رزاری‌ ئه‌و ژنه‌ و هه‌ڵسوكه‌وتی‌ ئه‌و ژنه‌ن، قه‌رزاری‌ كاره‌كانی‌ ئه‌و ژنه‌ن كه‌ زۆر گرنگ بووه‌ له‌ساڵی‌ سییه‌كان و چله‌كاندا تۆ بتوانی‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌ كه‌ شارێكی‌ بچكۆله‌ی‌ كورده‌واری‌ بووه‌ بتوانی‌ زۆر هه‌نگاو بنێیت من پێموایه‌ ئه‌مڕۆ ده‌بێ‌ ژنانی‌ سلێمانی‌ سوپاسی‌ حه‌پسه‌خان بكه‌ن. یه‌كێك له‌و شتانه‌ی‌ ئه‌و ژنه‌ بۆ ژنانی‌ سلێمانی‌ كردووه‌ گۆڕینی‌ شێوازی‌ جلوبه‌رگیان بووه‌. خۆیان له‌یاداشته‌كانیاندا باسی‌ ده‌كه‌ن كه‌ حه‌پسه‌خان وای‌ كردوه‌ وتویه‌تی‌ واز له‌كه‌وای‌ زستانه‌ بهێنن و له‌هاویندا ئه‌وكاته‌ خه‌ڵك له‌ڕووی‌ نه‌هاتووه‌ ئه‌سڵه‌ن له‌هاوینیشدا كه‌واكه‌ی‌ له‌به‌ری‌ بكاته‌وه‌ یان كه‌وایه‌كی‌ ته‌نك تر بدورێ‌، ئه‌و یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ بڕیاری‌ داوه‌ واز له‌وه‌ بهێنێ‌، سه‌روپێچ ئه‌وكاته‌ كراوه‌ له‌كورده‌واریدا یه‌كێك بووه‌ له‌و شتانه‌ی‌ رێگرێك بووه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڵسوكه‌وت و چالاكی‌ ژندا، ئه‌و بڕیاری‌ داوه‌ ئه‌گه‌ر لاشی‌ نه‌بن له‌چاو حه‌جمه‌كه‌ی‌ خۆیه‌وه‌ زۆر بچوكتری‌ بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆ خۆی‌ كارێكی‌ زۆر سه‌یربووه‌، كۆكردنه‌وه‌ی‌ ژن له‌حه‌وشه‌ی‌ ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیدا، ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ وه‌كو دیوه‌خان لێ‌ كردوه‌ بۆیان. چه‌ند وه‌جبه‌یه‌ك خه‌ڵكی‌ بینیوه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا له‌و زه‌مانه‌دا هه‌موو ژیانی‌ ژن بریتی‌ بوو له‌ چوار دیواری‌ متبه‌خه‌كه‌ی‌ و بۆی‌ نه‌بووه‌ ده‌رگای‌ ئه‌و دیوی‌ كۆڵانیش ببینێ‌، حه‌پسه‌خان له‌ژیانی‌ خۆی‌ تا مردنی‌ یه‌ك چركه‌ ساتی‌ به‌فیرۆ نه‌داوه‌، بگره‌ له‌هه‌موو كاته‌كاندا خه‌ڵكی‌ بینیوه‌، خه‌ڵكی‌ به‌سه‌ركردوه‌ته‌وه‌ و سه‌ردانی‌ خه‌ڵكی‌ كردوه‌ و خه‌ڵك سه‌ردانی‌ ئه‌وی‌ كردوه‌. 

یه‌كه‌مین ژنی‌ كورد بووه‌ له‌ سلێمانی‌ چووه‌ته‌ سینه‌ما
ره‌ئوف عوسمان: ته‌نانه‌ت ئه‌ڵێن رۆژانی‌ جه‌ژن له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیدا مه‌جلیسی‌ ئه‌م به‌جیابووه‌ و مه‌جلیسی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ به‌جیا بووه‌، رۆژی‌ یه‌كه‌م خه‌ڵك سه‌ردانی‌ حه‌پسه‌خانی‌ كردوه‌، پیاوان چوون بۆ پیرۆزبایی‌ له‌ حه‌پسه‌خان، له‌ رۆژی‌ دووه‌م ژنان و كچان چوون بۆ پیرۆزبایی‌ جه‌ژن، ته‌نانه‌ت حه‌پسه‌خان په‌یوه‌ندییه‌كی‌ زۆر به‌تینی‌ هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ كچه‌ گه‌نجه‌كانی‌ سلێمانیدا، هه‌میشه‌ له‌بۆنه‌ و ئاهه‌نگه‌كاندا له‌گه‌ڵیاندا بووه‌، له‌ رۆژی‌ سێیه‌مدا ئینجا خۆی‌ له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ته‌كێته‌ی‌ دایناوه‌ هاموشۆ و ره‌وتی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كردوه‌ كه‌ خۆی‌ ویستویه‌تی‌ بچێت بۆ لایان. یه‌كه‌مین ژنی‌ كورد بووه‌ له‌ سلێمانی‌ چووه‌ته‌ سینه‌ماوه‌، خۆی‌ و ده‌سته‌ خوشكه‌كانی‌، ئه‌و كاتانه‌ی‌ چووه‌ بۆ سینه‌ما به‌ چه‌پڵه‌ پێشوازیان لێ‌ كردوه‌ كوڕه‌زاكه‌ی‌ حاجی‌ كاك ئه‌حمه‌دی‌ شێخ بچێته‌ سینه‌ما مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ وشیارییه‌كی‌ زۆر گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌شی‌ زانیوه‌ چوونه‌ سینه‌ما كار ناكاته‌ سه‌ر له‌ق كردنی‌ ئاینی‌ مرۆڤ. له‌به‌ر ئه‌وه‌ حاڵه‌ته‌كه‌ی‌ زۆر به‌لاوه‌ ئاسایی بووه‌، جگه‌ له‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ توندوتۆڵی‌ هه‌بووه‌ به‌ ژنانی‌ عه‌ره‌بی‌ عیراقه‌وه‌، ئه‌و ژنانه‌ی‌ له‌به‌غدا مامۆستابوون ته‌نانه‌ت جێگری‌ وه‌زیر بوون زۆرجار هاتوون بۆ لای‌ حه‌پسه‌خان و هه‌میشه‌ باسی‌ كێشه‌ی‌ كوردی‌ بۆ كردوون و بردوونی‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ سلێمانی‌ بۆ سه‌یرانگاكان و سروشتی‌ جوانی‌ كوردستانی‌ نیشان داون و وتویه‌تی‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌م سروشته‌ تێده‌كۆشین بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ خۆمان ببین به‌خاوه‌نی‌ و خه‌ڵكی‌ تر نه‌بێ‌ به‌خاوه‌نی‌. جگه‌ له‌وه‌ حه‌پسه‌خان زۆر به‌خشنده‌ بووه‌، به‌خشنده‌یی‌ یه‌كێكه‌ له‌ سیمای‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی‌ خۆرهه‌ڵات، واته‌ به‌خشنده‌ییه‌كه‌ی‌ له‌سنورێكدا بووه‌، ئاڵتونێكی‌ زۆری‌ هه‌بووه‌، له‌كاتی‌ وه‌فاتیدا ئاڵتونه‌كه‌ی‌ هیچی‌ نه‌ماوه‌ هه‌مووی‌ به‌خشیوه‌ به‌خه‌ڵك و به‌تایبه‌تی‌ به‌میوان و به‌ وه‌فده‌كان، بۆ روسوركردنی‌ شاری‌ سلێمانی‌ بۆ خاتری‌ ئه‌وه‌ی‌ مرۆڤی‌ كورد به‌خشنده‌یه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌ڵێ‌ مێژوونووسێكی‌ عێراقی‌ به‌ته‌سه‌وری‌ خۆم ره‌زاق حه‌سه‌نی‌ بێت، هاتوه‌ بۆلای‌ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب و وتویه‌تی‌ من ئه‌مه‌وێت كتێبێكی‌ مێژوویی‌ دانێم له‌سه‌ر عێراق و مومكینه‌ باسی‌ كوردستانیشی‌ تێدا بكه‌م، حه‌پسه‌خان له‌و كاته‌دا هیچی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌بووه‌، یه‌كێك له‌پیاوه‌كانی‌ بانگكردوه‌ پێنج لیره‌ییه‌كه‌ی‌ سه‌ری‌ قرتاندووه‌ و وتویه‌تی‌ بڕۆ ئه‌وه‌ی‌ بۆ بفرۆشه‌. یه‌ك كوڕی‌ هه‌بووه‌ ناوی‌ شامیل بووه‌، هه‌ندێك قوتابخانه‌ی‌ زانستی‌ ده‌رونی‌ ده‌ڵێن ئه‌و پیاو و ژنانه‌ی‌ كه‌ وه‌جاغ كوێرن، رشدن، به‌خشنده‌نین، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ حه‌پسه‌خان ئه‌و كوڕه‌شی‌ كه‌ ناوی‌ شامیل بووه‌ وه‌فاتی‌ كردووه‌، ئیتر حه‌پسه‌خان ئه‌وه‌ی‌ هه‌یبووه‌ و نه‌یبووه‌ داوێتی‌ به‌ خه‌ڵك، له‌مه‌جلیسه‌كانیدا، ته‌نانه‌ت ئه‌و جوتیارانه‌ی‌ له‌گونده‌كانی‌ ئه‌واندابوون به‌روبومی‌ نه‌بووبێ‌، یه‌كسه‌ر به‌خشیوێتی‌، وتویه‌تی‌ ئێمه‌ وه‌كو كوڕی‌ خۆمان سه‌یری‌ ئێوه‌ ده‌كه‌ین. جگه‌ له‌وانه‌ش هه‌میشه‌ خوێنكاری‌ كورد ئه‌وانه‌ی‌ زۆر هه‌ژاربوون ده‌ستی‌ گرتوون بۆ ئه‌وه‌ی‌ خوێندن ته‌واو بكه‌ن. 

زۆرژنی‌ پێگه‌یاندووه‌ 
د.شوكریه‌ ره‌سوڵ: ماڵه‌كه‌ی‌ له‌ڕووی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ قوتابخانیه‌ك بووه‌ چاوی‌ كۆمه‌ڵێك له‌ژنانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی‌ كرده‌وه‌، زۆر ژنی‌ پێگه‌یاندووه‌، هه‌مووشیان له‌ یاداشته‌كانی‌ خۆیاندا به‌شانازییه‌وه‌ باسی‌ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب ده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌وانه‌ مامۆستای‌ خۆشه‌ویستم كه‌ له‌قۆناغی‌ سه‌ره‌تاییدا وانه‌ی‌ پێوتومه‌ته‌وه‌، ست به‌هێ مه‌عروف بوو، هه‌روه‌ها مونیره‌ قه‌فتان، پاكیزه‌ ره‌فیق حیلمی‌ له‌یاداشته‌كانیدا به‌ ئیعجابه‌وه‌ باسی‌ ده‌كات، كۆمه‌ڵێك ژن كه‌ ده‌توانم بڵێم پتر له‌پێنج سه‌د ژن له‌وانه‌ی‌ له‌قوتابخانه‌ی‌ ئێواران ده‌رچووبوون، ئه‌وانه‌ی‌ له‌قوتابخانه‌ی‌ زه‌هرا بوون، هه‌مووی‌ له‌ماڵی‌ ئه‌ودا بوون سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ش حه‌پسه‌خان كه‌سایه‌تییه‌كی‌ ئه‌وه‌نده‌ ناسراو بوو كه‌ ده‌چووه‌ به‌غدا به‌بێ‌ دیاری‌ نه‌ده‌چوو، وه‌ك له‌نه‌خۆشییه‌كدا ده‌چێته‌ لای‌ دكتۆر كه‌مال سامه‌ڕایی‌ مستیله‌یه‌كی‌ ئاڵتون و فه‌رشێكی‌ جوانی‌ كاشان له‌گه‌ڵ خۆیدا ئه‌بات، چونكه‌ پاره‌ی‌ لێ‌ وه‌رنه‌گرتووه‌، ئینجا له‌موزه‌كه‌راتی‌ سامه‌ڕایی‌ له‌له‌نده‌ن ده‌خوێنێ‌ ده‌ڵێ‌ له‌كاتی‌ ناخۆشدا بووم و بێ‌ پول و پاره‌ بووم، ئه‌و مستیله‌یه‌ی‌ حه‌پسه‌خان بووه‌ سه‌ره‌وه‌تێك بۆ من، كه‌ چووم فرۆشتم وتی‌ ئه‌و پیاوه‌ له‌له‌نده‌ن پێی‌ وتم ئه‌مه‌ت له‌كوێ‌ ده‌ستكه‌وتووه‌؟ پاره‌یه‌كی‌ زۆرباشی‌ دامێ‌، ئه‌ڵێ‌ ئه‌مه‌ بووه‌ هۆكاری‌ ئه‌وه‌ی‌ خوێندنه‌كه‌م له‌چاوی‌ ئه‌و ژنه‌ بزانم. ئه‌و لێدوانانه‌ی‌ وه‌كو چیپمه‌ن و وه‌كو كۆمه‌ڵێك هۆرد و ئه‌مانه‌ی‌ له‌به‌ریتانیا ده‌هاتن ده‌بوایه‌ سه‌ردانی‌ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیبیان بكردایه‌، پێرسی‌ كۆكس چووه‌ته‌ ماڵی‌ و دانیشتووه‌. له‌به‌ردانی‌ شێخ مه‌حمودی‌ حه‌فید، حه‌پسه‌خان ده‌ستێكی‌ باڵای‌ هه‌بووه‌.
ره‌ئوف عوسمان: حه‌زده‌كه‌م لێره‌دا كۆمه‌ڵێك شت بڵێم، رۆژنامه‌ی‌ تایمزی‌ ئینگلیزی‌ له‌ یانزه‌ی‌ یه‌كی‌ 1949دا سه‌باره‌ت به‌ حه‌پسه‌خان وتویه‌تی‌: خه‌ڵكی‌ سلێمانی‌ له‌ناخی‌ دڵیانه‌وه‌ حه‌پسه‌خان خۆش ده‌وێت، كه‌ ئه‌ویش تاقه‌ ژنی‌ نموونه‌یی‌ و بنه‌ما خۆرهه‌ڵاتییه‌كانه‌ و خاوه‌نی‌ بیروئایدۆلۆژیه‌تی‌ رۆژئاواییه‌كانه‌. واته‌ له‌لایه‌ك ئه‌ڵێ‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ و له‌لایه‌ك له‌عه‌قڵ و هۆشمه‌ندی‌ و بیركردنه‌وه‌ وه‌ك رۆژئاواییه‌ك باسی‌ ده‌كات و وه‌سفی‌ ئه‌كات، ژنێكی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ غه‌یر ئیعتیادییه‌، زۆر سه‌ربه‌ست و رۆشنبیر و پێشكه‌وتووه‌، ته‌نانه‌ت دكتۆر هۆفی‌ ئه‌ڵمانی‌ ئه‌ڵێ‌ حه‌پسه‌خانی‌ نه‌قیب هیچی‌ كه‌متر نییه‌ له‌و شاژنانه‌ی‌ كه‌ ئه‌بن به‌سه‌رۆكی‌ وڵاتان و رۆڵ ده‌بینن له‌ژیانی‌ سیاسی‌ وڵاتان، ئه‌مه‌یه‌ ئه‌و خانمه‌ی‌ هه‌تا ئێستا شانازی‌ پێوه‌ ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایه‌كی‌ گرنگه‌ بۆ جوڵانه‌وه‌ی‌ ژنان له‌كوردستاندا و درێژه‌ پێده‌ری‌ ئه‌و رێبازه‌ هه‌ر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ئه‌ڕوات.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7392
17/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ رۆجێر فێدره‌ر بۆ جاری چواره‌م له‌م وه‌رزه‌دا له‌ نادالی برده‌وه‌ 17/10/2017
‌ دۆڤیزیسیۆ قۆناغی ژاپۆنی مۆتۆ جی پی برده‌وه‌ 17/10/2017
زانست
‌ ته‌كنیكی نوێ بۆ نووسینی نامه‌ بێ ده‌ستدان له‌ كیبۆرد 17/10/2017
‌ ئه‌ندۆنیزیا چاوه‌ڕوانی هه‌ڵپژانی گڕكانێكه‌ 17/10/2017
‌ زرێبار هه‌ورامی: ژیان جه‌نگه‌، له‌گه‌ڵ خۆت و له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌ت 16/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP