ئەدگاری وێنەكانی شاخ
ئەدگاری وێنەكانی شاخ ‌ مستەفا چاورەش *‌ 15/2/2017
زنجیرە نووسینێکی هەڤاڵ مستەفا چاوڕەشە، تایبەت بۆ کوردستانی نوێی دەنووسێت.
( 1 )
هەموو وێنەیەك لە وێنەكانی پێشمەرگایەتی چیرۆكی خۆی هەیە، حیكایەتەكانی ڕۆژانی سەختی خەبات ئەو ڕۆژانەی لە شەوە زەنگی تاریكیدا چرای هیواو ئاوات هەڵكرایەوە،  پێشمەرگە لەبارودۆخێكی ناهەمواردا ئومێدی خستەوە دڵی جەماوەر، لەم وێنەیەش كەئێستا لەبەر دەست دایە ژمارەیەك كادری پێشمەرگە دەردەكەون ، دەكرێت لە ڕێگای ئەم وێنانەوە تیشكێك بخەینە سەر بارو دۆخی ئەوسای خەباتی میللەتەكەمان‌وتێكۆشانی هەڤاڵە شەهیدەكانمان بۆ ئەوەی نەوەی نوێ‌ بەو كەسانە ئاشنا بكەین كە بە خوێنی خۆیان ئازادی‌و سەرفرازییان بۆ ئەوان‌و هەموومان هێناوەتە كایەوە.
ئەم وێنەیە لە ساڵی (1978) لەناوچەی شارباژێر گیراوە ، ئەوەی پێویستە یەكەم جار باسی بكەم كە لای راستی  ئەم وێنەیەدا دەركەوتوە تێكۆشەری خوا لێی خۆشبوو (خاڵە شێخ صدیق)ە كە لەم ماوەیەی پێشودا وەفاتی كرد كە تێكۆشەرێكی ماندوو نەناس بوو، هەمیشە لەگەڵ هەڤاڵ (مام جەلال)دا بوو هەموو خەڵكی ناوچەكە وەكو تێكۆشەرێك ئەیانناسی .

گوندەكەیان هەمیشە بارەگای پێشمەرگە بوو
خاڵە (شێخ صدیق) پیاوێكی خۆشەویست بوو، بەبنەماڵە كوردپەروەرو تێكۆشەر بوون ، زاوای (حەمە چاوشین) بوو كە ئەویش یەكێك بوو لەتێكۆشەرەكانی یەكێتی‌و لێپرسراوێكی ناو شاری سلێمانی بوو لە كۆمەڵە. خەڵكی گەڕەدێ‌ بوو لەدۆڵی جافایەتی ، بەداخەوە ئەویش وەفاتی كردو ئێستا شوێنەكەی دیارە، كەسی دووەم لەم وێنەیەدا شەهید (ئەحمەد فەتحوڵا)یە كە كوڕی (فەتحوڵا ئاغای دڕی) بوو ، باوكیشی یەكێكە لەتێكۆشەرەكانی شۆڕشی ئەیلول، گوندەكەیان هەمیشە بارەگای پێشمەرگە بوو، شەهید ئەحمەد مفەوەزی پۆلیس بوو دواتر بوو بە یاریدەدەری مەركەزی پۆلیس، پاشان پەیوەندی كرد بەپێشمەرگایەتیەوە،  هەموومان لەگوندەكانی شانەخسێ‌‌و مەروێ‌‌و ماشان بەم دیوو ئەو دیودا دەگەڕاین ، ئەوكاتە هێزی پێشمەرگە لە شێوەی مەفرەزەی سەرەتاییدا ڕێكخرابوو. كاك ئەحمەد جێگری لێپرسراوی هەرێمی شارباژێر بوو ، كاك (شێخ عەلی كەشكۆل) خوالێی خۆشبێت فەرماندەی هەرێم بوو لەگەڵ هەڤاڵەكانیدا لەهەكاری بەدیل گیرابوو، ئەوكاتە كارەكان دابەشكرا بوو، ئەگەر بەرپرسی یەكەم كۆمەڵە بوایە جێگرەكەی بزوتنەوە بوو، كاك ئەحمەد جێگری كاك شێخ عەلی بوو، لەمانگی (10/8/1978) لەدێی (دڕی) لەسەركانی (پێشۆك) لە لایەن هێزێكی دوژمنەوە گەمارۆ دران، بەداخەوە كاك ئەحمەد لەوێ‌ شەهید بوو، كاك ئەحمەد پیاوێكی خۆشەویست بوو ،  بەرپرسیشمان بوو، لەو قۆناغەدا ناو بەناو یەكمان ئەگرتەوە، رۆژێك پێی وتم ئەڕۆم بۆ (یاڵان قۆز) هەندێك كارم هەیە، نەیوت ئەچم بۆ دڕی، بەڵام بەیانی كە شەڕ دروست بوو من لەدێی ئیراوە بووم،  پێشمەرگەم ناردە سەر شاخەكە تا بزانن چی ڕویداوە؟ وتیان تەقەكان لەبەری گوندی(دڕی) یە، ئێمە نەمانزانی كاك ئەحمەد چووە بۆ ئەوێ‌ ، لەدوا نیوەڕۆدا هەواڵمان بۆ هات كە كاك ئەحمەد‌و هەڤاڵەكانی لە دڕی شەهید بوون، یەكێك لە و هەڤاڵانەش یەكێك بوو لەتێكۆشەرەكانی كوردستانی ئێران (خانای موعینی ) برای شەهید سلێمانی موعینی بوو كە تێكۆشەرێكی ناودارە.
خانەی موعینی كەسێكی خوێندەوار بوو كە لەزیندانەكانی شای ئێران ئازادببوو، جێگای ئەشكەنجە بەقاچەكانیەوە دیار بوو، من لەوكاتەشدا وەكو كادرێكی گەنج زۆر كەڵكم لێ‌ وەرگرت ، پیاوێكی ڕۆشنبیر بوو، بەداخەوە ئەویش لەگەڵ كاك ئەحمەد فەتحوڵا) شەهید بوو. فەرەیدونی حاجی برایم ناسراوە بە (حاجی برایمی چاوشوشە) ئەویش گەنجێك بوو لەسلێمانیەوە هاتبوو، لەگەڵ كاك ئەحمەدا شەهید بوو، هەروەها عوسمانی عریف مجید شوانی كە خەڵكی شوان بوو، ئامۆزای خوالێخوشبو فاتح شوانی بوو،كوڕێكیش بەناوی جەزا شەهید بوو جار جار كەسوكارەكەی دێن بۆ لام دوكەسیشمان بەدیل گیران كە موستەفای حەمە عەلی دەمەركان‌وكوڕەكەی عوسمان قامیشی بوو كە ناوەكەی نایەتەوە یادم. لەبەر ئەوەی تەمەنیان لەخوار (18) ساڵەوە بوو، حوكمی لەسێدارەدانیان بۆ دەركردن، بەڵام لەسێدارە نەدران، بە (20) حوكم دران.

تەتەرێكی زۆر گرنگ‌و خێرابوو
بە داخەوە لەو رووداوەدا پۆلێك پێشمەرگە شەهید بوون، لەوكاتەداژمارەمان كەمبوو، دواتر كە من لەگوندی (كوڕەداوێ‌) بووم حاجی سەلیم ئاغای مەروێ‌ لەوانە بوو كەڕزگاریان بوو، حاجی چاوشین ئەویش هەر شەهید بوو لە گەڵ سیروان تاڵەبانی‌و ئەواندا، تەتەرێكی زۆر گرنگ‌و خێرابو بەشەو‌و ڕۆژێك ئەگەیشتە ناوزەنگ ، من نامەیەكم نوسی بۆ بەڕێز مام (جەلال) كە كاك احمد‌و هاوڕێكانی شەهید بون ، لە وەڵامدا نامەیەكی پڕ لەورەی بۆ نوسیبووین كەئێمە بەردەوامبین لەخەبات‌و تێكۆشان منیشی بەجێگری هەرێم دانا، نوسیبووی تۆ فەرماندەی هەرێم دەبیت تا ئەو كاتەی كە شێخ عەلی دێتەوە.
كەسی سێیەم لە وێنەكەدا خۆمم، ئەوەی چوارەمیش مامۆستا عەزیزە كە یەكێك بوو لەسەركردەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ، یەكێك بو لەبەرپرس ‌و كادرەكانی كۆمەڵە، بۆ دەست پێكردنەوەی شۆڕش لەناوچەی هەكاری هەموو بەیەكەوە هاتینەوە لەگەڵ ڕەتڵەكەی كاك نوشیرواندا، مامۆستا عەزیزیشمان لەگەڵدا بوو، بەكۆڵ تفەنگمان هێنایەوە‌و (20) ڕۆژ بەپێ‌ بەرێگەوە بوین تاگەشتینە گەورەدێ‌‌و ماسیرۆ  لەتوركیا ، لەناوچەی شەمدینانەوە كە بە ڕێكەوتین مانگی (12) بوو،  بەفرێكی زۆر باریبوو، شەو‌و ڕۆژێك لەچەمی گادێرا شەوو رۆژێك ماینەوە لە بەر ئەوەی زۆر ساردو سەرمابو، ئاگریشمان بۆنەدەكرایەوە بەناوچەی كۆمە لاجان. میراوە. سەردەشت قوناغ بەقۆناغ لەگەڵ كاك نوشیروان وەكو بەرپرسی یەكەم، ملازم عومەر‌و زۆر لەوكادرانە بوین هاتینەوە ناوچەی سلێمانی، بەمشێوەیە لە سوریاوە تفەنگمان هێنا بۆ پێشمەرگە،  هەر سێ‌ كەس بەرپرسیاربووین  لە بارێك ، من‌و هاورێ‌ جبارو علی ئامە خان پێكەوە بوین،  نوكتەیەكی مامۆستا عەزیزم هەر لەیادە، مامۆستا عەزیز لەگەڵ یەك دوو كەسی چوخماخی ئێسترێكیان پێ‌ ئەبێ‌،  ئەوانەمان كە خەڵكی شار بوین كێشەمان ئەوەبوو بارەكە بكەوتایە نەمان دەزانی بیبەستینەوە،  ئێسترەكانیش زۆر ماندوبون چونكە هیچ نەبو بیخۆن،  ئێسترێك كەوتبو مامۆستا عەزیزیش یەك لەكوڕەكانی بانگ كردبوو تا بیبەستێوە، كوڕەكە كە خەڵكی دۆڵی جافایەتی بو وتی ئێوە نازانن بارببەستن بۆچی دێنە دەرەوە ؟ مامۆستا عەزیزیش وتی وەڵا نەمزانی ئەبم بەقەتارچی ، بەداخەوە مامۆستا عەزیز بەهۆی ئەوەی كەخیانەتكاران دایان بەدەستەوە گیراو لەموصل لەسێدارەدرا.كەسێكی تر، ئەوەی كە دەموچاوی دیارە ئاسۆی ناو بوو لەگەڵ ملازم عومەردا بوو. شەشەم كەسیش لە وێنەكەدا فاروقی ناوبوو گەنجێك بوو،  پۆلیس بوو،  هاتبوە دەرەوە‌و تاماوەیەك لەدەستەكەی ملازم عومەردا بوو،  لەگەڵ ئێمە ئەهاتەوە بۆ شارباژێڕ كە چوبوو بۆ دیوی ئێران لەوێ‌ گیرابوو،  بەهۆی برادەرێكیەوە
كە ناوی ( ئەحە میشە) بوو خیانەتی لێ‌ كرا ، تەسلیمی ئێرانی  كردبوو، ئێرانیش ڕادەستی عێراقی كردەوە ، بەداخەوە لە زیندانی ئەبو غریب لەسێدارە درا،  ئەو خەڵكی شاری سلێمانی بو ناوی ئازاد بوو بەڵام لە دەرەوە ناوی خۆی گۆڕی بوو، سڵاو لەگیانی پاكی خاڵە شێخ صدیق‌و هەڤاڵەكانی ‌وسەرجەم شەهیدانی گەلەكەمان ئێمەش دەبێ‌ درێژە پێدەری ڕێبازەكەیان بین‌و لای چەپكە گولەكەی هەڤال مام جەلال كۆبینەوە‌و یەكێتی بەزیندویی بهێڵینەوە.
*لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێكخستنی پێشمەرگە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7277
26/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ به‌كورتی 25/5/2017
‌ ته‌نیا هه‌نگاوی كۆتایی ماوه‌ 25/5/2017
زانست
‌ بیری یاقوب چاڵێكی ده‌م كراوه‌ له‌ ته‌كساس 25/5/2017
‌ هۆكاری سێیه‌كی مردنی مرۆڤ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا 25/5/2017
‌ دایكێكی ته‌مه‌ن ٣٧ ساڵ ٣٨ منداڵی هه‌یه‌ 25/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP