سوود وەرگرتن لە ترەمپ
هــێــڵــی ســوور سوود وەرگرتن لە ترەمپ ‌ له‌شكر حه‌مه‌ ساڵح‌‌ 15/2/2017
مانگێك بەسەر دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە كۆشكی سپی تێنەپەڕیوە، بەڵام رووداوی جۆراوجۆر و پێشهاتی هەمەچەشن لەو وڵاتە روویانداوە. دوایین پێشهات، دەست لەكاركێشانەوەی مایكڵ فلینی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ترەمپە بەهۆی پەیوەندیكردن بە باڵیۆزی روسیاوە پێش ئەوەش لە پۆستەكەیدا دەستبەكار بێت.
رۆژی 20/1/2017 دۆناڵد ترەمپ لە كۆشكی سپی وەك سەرۆكی ژمارەی 45ی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستبەكار بوو. لەو كاتەوە تا ئێستا ئەمریكا و جیهان چاوەڕوان و گوێ قوڵاغن بۆ هەواڵی تازە، رووداوی تازە، بڕیاری تازەی ترەمپ.
بۆچوون و لێكدانەوەی جۆراوجۆر لەسەر ترەمپ خۆی و شێواز و باكگراوەند و پاڵنەر و هاندەرەكانی دەكرێت، هەروەك شیكاری دژ بە یەكیش لەسەر چارەنووسی ترەمپ و بڕیارەكانی دەكرێت، بە تایبەتی دوای پەككەوتنی بڕیارەكەی بە رێگرتن لە سەفەری هاووڵاتیانی حەوت وڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەمریكا.
دەزگا و دامەزراوە دەستووری و یاساییەكانی ئەمریكا هەوڵ و كۆششی لێبڕاوانە دەدەن بۆ ئەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا نەبێتە مایەی زیان گەیاندن بە بەرژەوەندی و سەروەریی و پێگەی ئەمریكا، ترەمپیش دەیەوێت هەر چۆنێك بێت، لانی كەم تا تێپەڕینی 100 رۆژی یەكەم، باڵانسێك لە نێوان واقیعی حوكمڕانی لە ئەمریكا و ئەو بەڵێنانەدا رابگرێت كە لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا دەریكردون.
بەڵام، هەردوو رووداوی راگرتنی بڕیارەكەی بە سەفەری هاووڵاتیانی حەوت وڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دەست لەكاركێشانەوەی مایكل فلین راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، رووداوی ئاسایی و بچوك نین، بەڵكو رەنگە كاریگەرییان بۆ سەر رەوتی حوكمڕانی ترەمپ هەبێت، ئێمەش لە كوردستان دەتوانین وەك ئەزموونی تەماشای بكەین، كاربەدەست و سیاسەتمەدارەكانمان پەندی لێوەربگرن.
دیارە راگرتنی باڵانسی نێوان واقیعی حوكمڕانی لە ئەمریكا و ئەو بەڵێنانەی ترەمپ لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا دەریكردوون،  ئەركێكی سیاسی خودی ترەمپ و تیمەكەیەتی، هیچ پەیوەندییەكی بە ئەمریكا وەك دەوڵەت و دەزگا و دامەزراوەكانەوە نییە.
بۆیە كاتێك حاكمەكان بڕیاری راگرتن یان هەڵوەشانەوە بۆ بڕیاری رێگرتن لە سەفەری هاووڵاتیانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن حساب بۆ ئەوە ناكەن ترەمپ چی دەكات و بۆچی وا دەكات، ئەوان بە لایانەوە گرنگە سەروەریی خۆیان بپارێزن و بەرژەوەندیی گشتی مسۆگەر بكەن. واتە ئەوان بە شێوەیەكی روون و ئاشكرا سیاسەت و یاسا و دەستووریان لە یەكتری جیا كردۆتەوە.
دەزگا و دامەزراوەكان بۆ ماوەی 100 رۆژی سەرەتا خاتری ترەمپ ناگرن تا لەگەڵ بەڵێنەكانی سەردەمی هەڵبژاردنی خۆیدا راستگۆ بێت، بەڵكو ئەوان ئەركی سەرشانی خۆیان، بەبێ زیاد و كەم جێبەجێ دەكەن.
ئێمە لە كوردستان گرفتی سەرەكیمان تێكەڵاوكردنی ئەركە یاساییەكانی دەزگا و دامەزراوەكانە لەگەڵ ئەركە سیاسییەكان، تەنانەت تێكەڵاویش بووە بەخواستی تایبەتی و شەخسی كەس و بەرپرسەكان. 
ئەو گرفتەش لە مەسەلەیەكی وەك پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان بە روونی و بە ئاشكرایی بۆ هەمووان دەركەوتووە.
ئەم مەسەلەیە بە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی چارەسەر نابێت، بەڵكو بە شێلگیریی و سووربوونی دەزگا و دامەزراوەكان لەسەر بڕیاری یاسایی و هەڵوێستی یاسایی دێتە دی. دیارە لە كوردستانیش، زۆربەی دەزگا و دامەزراوەكان، بە تایبەتی گرنگ و هەستیارەكان خۆشیان تێكەڵاوی سیاسەت بوون و پیشەیی بوون و یاسایی بوونی خۆیان لە دەست داوە. ناتوانن بە سووربوون و جەسوورییەوە جەخت لە هەڵوێستی خۆیان و یاسا بكەنەوە بۆیە ئەوەمان بەسەر هاتووە.
رووداوێكی تری گرنگ لە ئەمریكا كە ئەویش وەك وانەیەك وایە بۆ كوردستان مەسەلەی دەست لەكاركێشانەوەی مایكل فلینی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكایە.
مایكل فلین جەنەراڵێكی سێ ئەستێرەی خانەشین بوو و یەكێك بوو لە ئەندامانی تیمی دۆناڵد ترەمپ و لە ناو چەندین كاندید دا، دواجار بڕیار درا ببێتە راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا.
بەڵام بەر لەوەی لە پۆستە رەسمییەكەیدا دەستبەكار بێت، مایكل فلین لەگەڵ باڵیۆزی روسیا لە ئەمریكا گفتوگۆی كردووە و باسی ئەگەری سەپاندنی تاكلایەنەی سزای ئەمریكا كراوە بەسەر روسیادا.
هەر چەندە فلین، مایك بنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا و هەندێك بەرپرسی تری لەو پرسە ئاگادار كردۆتەوە، بەڵام مەسەلە یاسایی و دەستوورییەكان لە ئەمریكا جێگەی گاڵتە و لێخۆشبوون نییە، بۆیە مادامەكی پێشێلی یاسای كردووە ناچاری دەست لەكاركێشانەوە كردووە، چونكە بە پێی یاسا بەركارەكان، نابێت كەسانی ناڕەسمی و ئەوانەی لە پۆستی رەسمی و رێگەپێدراودا نین پەیوەندیی دیپلۆماتییان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا هەبێت.
ئەم مەسەلەیەش بۆ كوردستان زۆر گرنگە. ئەگەر ئەو یاسایەی لە ئەمریكا بەركارە و سنوور بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە دادەنێت لە كوردستان جێبەجێ بكرێت، ئەوا نەك دانە و دووان بەڵكو بە سەدان كەس و كەسایەتی و بەرپرسی جۆراوجۆر دەبێت تووشی لێپێچینەوە و سزادان و دوورخستنەوە ببنەوە.
بە كورتی، لە كوردستان تێكەڵاوییەكی زۆری یاسا و خواستی سیاسی حزب و كەسەكان هەیە كە رێگری دەكات لەوەی دەزگاكان ئەركی پیشەیی و پسپۆڕیی خۆیان جێبەجێ بكەن. جا ئەم مەسەلەیەش لە ئاستی خوارەوە نییە بەڵكو بەرز بۆتەوە بۆ لوتكەی دەسەڵات. ئەگەر كەسێك یان لایەنێك لەسەر شتی لەو جۆرە سزا بدرێت یان مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، پێدەچێت دونیا كۆتایی بێت.
جا ئەگەر رای منت دەوێت، ئەم شتانە هیچیان گرنگ نین، چونكە لە كوردستان داتەپینێكی هەمەلایەنە هاتۆتە كایەوە. گومانی راستەقینە هەیە لەسەر ئەوەی شتێك هەیە بە ناوی حكومەت یان نا. ئەو شتەی ناونراوە حكومەت، حكومەتە یان شتێكی ترە و دەبێت پێناسەیەكی تری بۆ بكەین.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7253
29/4/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ به‌كورتی 27/4/2017
‌ نهێنی ئاهه‌نگێڕانه‌كه‌ی میسی ئاشكرابوو 27/4/2017
زانست
‌ جیهانێكی نهێنی به‌كتریا له‌ گه‌رماوه‌كاندا 27/4/2017
‌ چۆن بیابان له‌ ئه‌فریقا سه‌ریهه‌ڵداوه‌؟ 27/4/2017
‌ چین..ڕووبارێك له‌ ئاڵتوون دۆزرایه‌وه‌ 27/4/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP