هه‌ڵوێستی ته‌كتیكاوی
یەکبێژ هه‌ڵوێستی ته‌كتیكاوی ‌ هیوا محه‌مه‌د ‌ 15/2/2017
 له‌ ئه‌خلاقی سیاسیی حزب‌و كه‌سایه‌تییه‌ باڵا ده‌سته‌كانی توركیادا، هه‌میشه‌ پلانی چاڵ هه‌ڵكه‌ندن‌و فرت‌و فێڵ‌و «هین فرسه‌تی» له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدایه‌، سیاسه‌ت بێ تاكتیك نابێت، به‌ڵام تاكتیكیش بنه‌مای ئه‌خلاقی سیاسی هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش به‌ڵێن‌و رێكه‌وتنی هاوبه‌ش‌و مۆركردنی په‌یماننامه‌و پابه‌ندبوونه‌ پێوه‌ی‌.
ئه‌گه‌ر زۆر جار سیاسییه‌كانی كورد له‌ رابردوودا له‌ ده‌رگای ساویلكه‌یی سیاسییان دابێت‌و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنرابێتن، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ پلانی سیاسییه‌كانی توركیش گه‌وجێتی پێوه‌دیاره‌و زۆر له‌ مێژه‌ له‌سه‌ر یه‌ك شێواز سیاسه‌ت ده‌كه‌ن.
بۆ ته‌نها جارێكیش له‌ مێژوودا نه‌بووه‌ كه‌ سیاسییه‌ توركه‌كان له‌به‌رامبه‌ر كورد دا پابه‌ندی به‌ڵێنێك، یان رێكه‌وتنێك بووبن، پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ش مێژوو پڕیه‌تی له‌ تاكتیكی ته‌ماویی ترسنۆكانه‌و ته‌حقیر ئامێز به‌ مرۆڤی كورد له‌ رێگه‌ی كڕینی ویژدانی هه‌ندێ سه‌رۆك عه‌شیره‌ت‌و كه‌سایه‌تی كوردو به‌هیوای چاندنی تۆوی ئاژاوه‌و دووبه‌ره‌كی، نوێترینیان بوونی چه‌ندین كه‌سانی باڵاده‌ستی كورده‌  له‌ناو حزبه‌كه‌ی ئه‌ردوگاندا كه‌ هه‌مان  ئه‌و سه‌رۆك جاشانه‌ی زه‌مانی به‌عسمان بیر ده‌خاته‌وه‌.
ئه‌ردوگان له‌م رێگه‌وه‌ سوودی زۆری به‌ پلانه‌كانی خۆی گه‌یاند، هاته‌ دیاربه‌كرو به‌ حزوری هه‌ندێك كه‌سایه‌تی سیاسی‌و هونه‌ریی كورد ئاهه‌نگی‌ رێكلام ئاسای گێڕاو توانی جێگه‌یه‌كی فراوان له‌ناو كوردانی باكووردا بۆخۆی داگیر بكات، ده‌رگای كردوه‌ بۆ په‌رله‌مانتارانی كوردو سه‌رانی هه‌ده‌په‌ كه‌ به‌ئاشكرا سه‌ردانی ئیمڕاڵی بكه‌ن‌و بێنه‌وه‌ لێدوان بده‌ن، له‌ دیاربه‌كر ئاهه‌نگی گه‌وره‌ رێگه‌ی پێدرا كه‌ به‌دروشمی ئیتر به‌سه‌، ئازادی بۆ ئۆجه‌لان به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ده‌په‌ ده‌نگی زۆرو كورسی زۆری به‌ده‌ستهێنا، دواتر له‌ خولی دوه‌می هه‌ڵبژاردندا بۆ نیوه‌ دابه‌زی‌.
سه‌رانی تورك بۆ قاییم كردنی پێگه‌ی خۆیان هاتن زۆر نه‌رمییان نواند، به‌ڕێژه‌یه‌ك كه‌ هه‌ندێ كه‌سایه‌تی سیاسیی هه‌رێمیش پێی وابوو كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌ردۆگان مافه‌كانی كوردی باكوور دێته‌ دی‌و، ئێمه‌ش به‌ ئابووری ئازادی خۆمان له‌ رێگه‌ی توركیاو سه‌ركرده‌كانی ئێستایه‌وه‌ له‌شه‌قه‌ی باڵی سه‌ربه‌خۆیی ده‌ده‌ین‌و با ده‌سه‌ڵاتی به‌غداش هه‌ر له‌ وورگی خۆی بدات. به‌ڵام ئه‌مه‌ زۆری بڕ نه‌كرد، ساویلكه‌یی‌و گه‌مژه‌یی ئاكه‌په‌ لێره‌دا ده‌ركه‌وت كه‌ كاتێك روبه‌ڕوی كوده‌تایه‌كی جه‌رگ بڕی گه‌وره‌ی مه‌ترسیدار بوه‌وه‌، كه‌چی له‌بری خۆكۆكردنه‌وه‌و زیاتر پته‌و كردنی سه‌نگه‌ری خۆی «ئه‌ویش به‌ زیاتر ملنان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد» به‌ربوه‌ته‌ گیانی مرۆڤه‌ ئاشتیی خوازه‌كانی كوردو، رۆژانه‌ له‌ هه‌موو توركیاداو له‌ هه‌موو چین‌و توێژه‌كان ئه‌ندامانی هه‌ده‌په‌ له‌ زیندان توند ده‌كات.
ئه‌وان به‌وه‌ تۆمه‌ت بار ده‌كرێن كه‌ گوایه‌ لێره‌و له‌وێ دانی خێریان به‌ په‌كه‌كه‌دا ناوه‌، توركه‌ ره‌گه‌زپه‌رسته‌كانی سه‌ر به‌ ئه‌ردۆگان له‌م رێگه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت ئاشتی بخنكێنن له‌ باكوور، چونكه‌ ده‌زانن به‌ پێشچوونی ئاشتی بیری كوردایه‌تی‌و یه‌كبوون گه‌شه‌ ده‌كات.
هه‌واڵه‌كان وتیان: كوده‌تاچییه‌كانی ته‌مووزی رابردوو پلانی ئه‌وه‌یان هه‌بووه‌ بده‌ن به‌سه‌ر زیندانه‌كه‌ی ئیمراڵیداو ئۆجه‌لان له‌ناو به‌رن، له‌م لاشه‌وه‌ هه‌ده‌په‌ ئیدانه‌ی روودانی كوده‌تاكه‌ی كردو به‌ دژی دیموكراسی پێناس كرد، كه‌چی هیچ كام له‌م دوو رووداوه‌ وای له‌ئه‌ردۆگان نه‌كرد كورد به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئاشتی‌و ئارامی خواز بناسێت‌و هه‌ر به‌زۆری زۆرداریی ده‌یه‌وێت بیانخاته‌ ریزی تیرۆره‌وه‌. 
ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بوونی كه‌سایه‌تی وه‌ك ده‌میرتاش‌و هاوڕێكانی باشترین هاوكار بوو بۆ ده‌وڵه‌تی توركیا كه‌ كێشه‌ی كورد به‌ ئاشتییانه‌ چاره‌سه‌ر بكات‌و رێگری بكات له‌ به‌كوشتدانی رۆڵه‌كانی ئه‌و وڵاته‌.
ده‌میرتاش وه‌ك هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌و هاوڕیكانی ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌ خۆكوژی‌و ته‌قاندنه‌وانه‌یان ده‌كرد كه‌ تیایدا خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ده‌كرایه‌ ئامانج، ئیدی چی ده‌مێنێت؟ ئه‌وان وه‌ك حزبێكی ئاشتی خواز له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا توانییان جێگه‌ی خۆیان له‌ هه‌موو توركیادا بكه‌نه‌وه‌.
سه‌رانی حزبی باڵاده‌ستی ئه‌و وڵاته‌ خۆیان خزاندوه‌ته‌ زه‌لكاوێكه‌وه‌ كه‌ خۆشیان له‌ ئێستادا هه‌ست به‌ مه‌ترسی‌و ده‌ره‌نجامه‌كانی ناكه‌ن، پێێان وایه‌ خه‌ڵكی رۆشنبیری سیاسی نازانێت كه‌ توركیا له‌ سوریادا چی ده‌كات‌و بۆچی واده‌كات‌و دواییش چۆن شكست ده‌خوات! ئه‌وان به‌خۆیان نازانن كه‌ هاتنیان بۆهه‌رێم‌و مانه‌وه‌ویان له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌ك دوایی تووشی چییان ده‌كات!
پێده‌چێت توركیاش وه‌ك ئێمه‌ له‌ روانگه‌ی خۆ ئاماده‌كردنه‌وه‌ بۆ پێشهاته‌ ده‌هۆڵ بۆ لێدراوه‌كانی داهاتوو بیه‌وێت شتێك بۆخۆی بپچڕێنێت بۆیه‌ جارێكی دیكه‌ به‌ته‌مایه‌ رێگه‌ بدات به‌ كۆمه‌ڵێك په‌رله‌مانتاری ئه‌وروپی كه‌ سه‌ردانی ئیمراڵی بكه‌ن‌و جارێكی تر پڕۆسه‌ی ئاشتیی زیندوو بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیاره‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌ردۆگان له‌لایه‌كه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ركوتكردنی ئاشتیخوازانی ناو هه‌ده‌په‌و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ خۆی واپیشان ده‌دات كه‌ زۆر دیموكراسیخوازه‌، گه‌لۆ ئه‌م تاكتیكه‌ی ئه‌ردۆگان خۆ ئاماده‌كردنه‌ بۆ ریفراندۆمه‌كه‌ی مانگی نیسان له‌ توركیا، گه‌مژه‌یی سیاسی ئه‌وان لێره‌شدا ئاشكرایه‌، جا ماوه‌ته‌وه‌ سه‌ر راده‌ی ساویلكه‌یی یان ژیری ئێمه‌و راده‌ی باوه‌ڕپێردنمان، تۆ بڵێی له‌مه‌ش حاڵی نه‌بین؟


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7253
29/4/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ به‌كورتی 27/4/2017
‌ نهێنی ئاهه‌نگێڕانه‌كه‌ی میسی ئاشكرابوو 27/4/2017
زانست
‌ جیهانێكی نهێنی به‌كتریا له‌ گه‌رماوه‌كاندا 27/4/2017
‌ چۆن بیابان له‌ ئه‌فریقا سه‌ریهه‌ڵداوه‌؟ 27/4/2017
‌ چین..ڕووبارێك له‌ ئاڵتوون دۆزرایه‌وه‌ 27/4/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP