ئەمنیەت و فرە جەمسەری
تیرۆژ ئەمنیەت و فرە جەمسەری ‌ سه‌ربه‌ست جیهاد‌ 15/2/2017
یەكێك لە دەردە بێ‌ دەرمانەكانی خۆرهەڵات ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنیە ، بەهۆی جیاوازی قەومی و دینی و تایفی قووڵ ، هەر پێچ و دەور و هەر هەڵبەزو دابەزێك لە باڵانصی هێز ، هەر بەریەككەوتنێكی ئایدۆلۆجی نەژادی ئاینی مەزهەبی ، بۆی هەیە بە زوویی وەربگۆڕێ‌ بۆ هەڕەشەیەكی ئەمنی سیاسی ئەوتۆ گەف لە ئارامی و ئۆقرەیی ناوخۆیی و ئقلیمی و تەنانەت جیهانیش بكا . 
100 ساڵی رابردوو ، خۆرهەڵات شانۆی شەڕی خوێناوی ئقلیمی و جیهانی و ناوخۆیی بووە و ملێونان مرۆ كراونەتە دەستەچیلەی ئاگری شەڕ ،  تیرۆر و زەبروزەنگ ملێونانی تری كردۆتە قوربانی ، مەعلوم نیە لە داهاتووی دیتراودا چەند جەنگ و خوێنرێژی دیكە بەرۆكی رۆژهەڵات دەگرێ‌ و چەند داعش و قاعیدە و نوصرەی دیكە دەردەكەون و ئاوادەبن .
سەرباری ئەو هەموو گەف و مەترسیانە ، لە 100 ساڵی بووریدا ، رۆژهەڵات هەرگیز نەیتوانیوە نیزامێكی ئەمنی ئقلیمی تۆكمەی ئەوتۆ لە جۆری سیستمی ئەمنی قارەی ئەمریكا ، باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا ، ئەوروپا و باسیفیك ... فۆرمۆڵە بكا توانای داسەپاندنی سەقامگیری هەبێ‌ ، زلهێزێك چ ناوچەیی و چ جیهانی بەرپرسیارێتی پاراستنی ئەمنیەت و ئاشتی بە ئەستۆوە بێ‌ و لێ‌ نەگەڕێ‌ ململانەی نێوخۆیی و ئقلیمی بتەقێتەوە ، لەوە ناچێ‌ لە مەودای دیتراویشدا ئەو نیزامە لێرە تەشكیل ببێ‌ .
 ئێستا كە داعش یەكێك لە مەترسیدارترین هەڕەشەكان خەریكە بار و بنەی دەپێچێتەوە و ئەو بەڵا ناگەهانە لە كۆڵ ئێمە و لە كۆڵ هەموو جیهان دەبێتەوە و دەریچەی گۆڕانكاری ریشەیی دەكاتەوە ،  كەچی دەركەوتنەوەی مەترسی تیرۆر لە لایەك و بەریەككەوتن و لێكگەڕانەوەی بەرژەوەندیەكان و تەماع و خەونەكان لەلای دووەم ، هەموو خۆرهەڵاتیانی نیگەران كردووە. 
بەڵام داخوا دوای داعش تەفاهوماتی وا لە نێوان هێزە ئقلیمیەكان دروست دەبێ‌ ، توانای پاراستنی ئاشتی ناوچەكەی هەبێ‌ ؟
رۆژهەڵاتی ئەمڕۆ فرە سەر و فرە جەمسەرە ، لە نێوان ئەو هەموو سەر و جەمسەرانە ، لای كەم پێنجیان لەوانی دی گەورەتر و بە هێزترن و لە رووی تیوریەوە كاندیدن بۆ پێكهێنانی نیزامێكی ئەمنی فرە جەمسەری  ، بەڵام هەر یەكەیان بە سەبەبێك و پتر نە بە تەنیا و نە بە كۆمەڵ ، نەئیرادە و نە توانای داڕشتن و سەركردایەتیكردنی سیستمی لەو جۆرەیان نیە،
ئێران لە هەموان بە هێزترە ، بەڵام بە هۆی ناكۆكی مەزهەبی لەگەڵ ئەوانی دی چانصی قیادەكردنی لە هەموان لاوازترە .
سعودیە توانای ئابووری و داراییی گەورەی هەیە ، بەڵام توانای سەربازی لاوازە .
ئیسرائیل توانای سەربازی باشی هەیە ، بەڵام بەهۆی جیاوازی دینی قبوڵكراو نیە .
توركیا توانای ئابووری و سەربازی باشی هەیە ، بەڵام بەهۆی ئەوەی چاوی تەمەعی لە قەڵەمڕەوەی سەردەمی عوسمانیەكان بڕیوە ، دەوری سەركردایەتی و لێپرسراوێتی لێ‌ ناوەشێتەوە .
میصر ووڵاتێكی گەورەیە و توانای مرۆیی باشی هەیە ، بەڵام دەستكورت و هەژارە و بۆ ئەوە نابێ‌ لە نیزامی ئەمنیدا پشتی پێ‌ ببەسترێ‌ .
بۆیە زەحمەتە بەو زووانە خۆرهەڵاتی ئێمە ببێتە خاوەنی سیستمی ئەمنی ناوچەیی.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7226
28/3/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاڵاوتنی مۆندیال ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌ 28/3/2017
‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ راماڵینی ركابه‌ره‌كانی به‌رده‌وامه‌ 28/3/2017
زانست
‌ دۆزینه‌وه‌ی دوو په‌یكه‌ری پاشا‌ له‌ پایته‌ختی میسر 28/3/2017
‌ ته‌ندروستی جیهانی: پیسبوونی ژینگه‌ هۆكاری مردنی مناڵانه‌ 28/3/2017
‌ ته‌لەسكۆبی هابل دوو وێنه‌ی ناوازه‌ی گه‌ردوون ده‌گرێت 28/3/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP