یادی تاوانه‌كان؟
سوژن* یادی تاوانه‌كان؟ ‌ ته‌ها سلێمان‌ 16/2/2017
ئه‌مساڵ جیاواز له‌ ساڵانی تر، وه‌زاره‌تی شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوان نه‌خشه‌ رێگایه‌كی بۆ یادكردنه‌وه‌ی تاوانه‌كانی جینۆسایدو ئه‌نفال داناوه‌. كرۆكی نه‌خشه‌ رێگاكه‌ش ئه‌وه‌یه‌، به‌هاوكاریی دام‌و ده‌زگا فه‌رمییه‌كان‌و زانكۆكانی كوردستان‌و رێكخراو و كۆمه‌ڵه‌و ده‌زگاو سه‌نته‌ره‌كانی تایبه‌ت به‌ جینۆسایدو ئه‌نفال، مه‌راسیمه‌ ته‌قلیدییه‌كان بگوێزێته‌وه‌ بۆ چالاكی ئه‌كادیمی‌و زانستی‌و ئه‌ده‌بی‌و هونه‌ری. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ وه‌ك هه‌نگاوی لێكحاڵی بوون‌و به‌رخوردكردنی بیرۆكه‌ی نه‌خشه‌ رێگاكه‌، دوو كۆبوونه‌وه‌ یه‌كه‌میان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌و دووه‌میان له‌ گه‌رمیان به‌ سه‌رپه‌رشتیی راسته‌وخۆی وه‌زیری شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوان ئه‌نجام دراوه‌.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ كۆمه‌ڵێك توخم‌و ره‌گه‌زی به‌رپرسیارێتی نوێی تێدایه‌، كه‌ كۆلكه‌ی ئه‌م به‌رپرسیارێتیه‌ هاوبه‌شن‌و ئه‌ركه‌كان له‌ نێوان هه‌ر یه‌كێكمانا دابه‌ش ده‌كات. كه‌وایه‌ لایه‌نی فه‌رمی كه‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدانه‌و په‌یوه‌ندیداره‌ به‌م یادانه‌، بیرۆكه‌یه‌كی بۆ هه‌موان پێشنیازكردو یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌كانی خۆی به‌جێهێنا. ئه‌ی ئه‌ركی ئێمه‌ چیه‌و چۆن بتوانین بچینه‌ ژێر باری ئه‌و پشكه‌ی وه‌ك ئه‌رك ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانمان؟
ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه‌ی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوان، به‌ته‌واوی بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌وا كه‌مێك له‌و به‌رپرسیارێتیه‌ نزیك ده‌بینه‌وه‌ كه‌ ئیشی ساڵانه‌ی ئێمه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌نیه‌ كه‌ له‌سه‌ر گۆڕستان‌و مۆنۆمێنتی تاوانه‌كانی جینۆسایدو ئه‌نفال، جا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ یان گه‌رمیان یان شۆڕش یاخود قه‌ڵادزێ یان بارزان یاخود لالش، كه‌سوكاری قوربانییه‌كان بۆ یه‌ك سه‌عات كۆبكه‌ینه‌وه‌و بیانگرێنین‌و شیوه‌نیان پێ بكه‌ین. 
به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، له‌ یه‌ككاتدا ده‌توانین وه‌ك رێزو وه‌فا، له‌ مێژووی دیاریكراویی تاوانه‌كاندا، هه‌ریه‌كه‌مان له‌ ئاستی خۆیه‌وه‌ چه‌پكه‌ گوڵ ببا بۆ شوێنی یاده‌وه‌ری‌و گۆڕستانی قوربانییه‌كان، داموده‌زگا فه‌رمییه‌كان، له‌هه‌مانكاتیشدا ناو زانكۆو په‌یمانگه‌كان، قوتابخانه‌و هۆڵ، شوێنه‌ گشتی‌و تایبه‌ته‌كان، بكه‌ینه‌ شوێنی چالاكی جۆراو جۆر، كه‌ گرنگترینیان به‌ بڕوای من ئه‌وه‌یه‌، چۆن وابكه‌ین له‌ ناو زانكۆو په‌یمانگه‌كان پانێڵ‌و سمینار له‌سه‌ر ره‌هه‌نده‌ «فه‌لسه‌فی، فیكری، سیاسی، ئابوری، كلتووری‌و فه‌رهه‌نگی، كۆمه‌ڵایه‌تی، یاسایی»یه‌كانی تاوانه‌كان ئه‌نجام بدرێن‌و گفتوگۆی بوێرانه‌یان له‌سه‌ر دروستبكرێن. 
به‌ دیوه‌كه‌ی تریشدا، راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م چالاكیانه‌ ته‌نیا له‌ خۆمانه‌وه‌ بۆ خۆمان نه‌بێ، به‌ڵكو بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ زۆرو زه‌وه‌نه‌ بیانیانه‌ش بێت كه‌ له‌ كوردستانن و له‌ رێگای ئه‌وانیشه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌كانیان. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ناكه‌ین، ئه‌وه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی وه‌زاره‌تیش له‌ شوێنی خۆیدا مردار ده‌بێته‌وه‌و دیسان ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ چوارگۆشه‌ی ته‌قلیدی یه‌كه‌م؟!


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7393
18/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌مه‌ودوا كێ له ‌خه‌می وه‌رزشكاراندا بێت؟ 18/10/2017
‌ فوتساڵی کچان 18/10/2017
زانست
‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ هۆكاری جیاوازی ره‌نگی پێست ده‌رده‌خات 18/10/2017
‌ دوای چوار ده‌یه‌ كونه‌ ئالۆزه‌كه‌ی ئه‌نتاركتیكا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌ 18/10/2017
‌ ئاژه‌ڵی ماڵیی بۆ چاره‌سه‌ری ده‌روونیی 18/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP