مه‌رگی رۆشنبیری نوێنه‌ر
بینین مه‌رگی رۆشنبیری نوێنه‌ر ‌ ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌ 16/2/2017
له‌و باوه‌ڕه‌دام كه‌ بابه‌تی قسه‌ له‌سه‌ركردنی پێگه‌ی رۆشنبیران ئه‌مڕۆ بابه‌تێكی دووباره‌و تا راده‌یه‌ك به‌لای زۆرێكمانه‌وه‌ باسێكی بڕاوه‌ بێت، باس‌و خواسێكی زۆر سه‌باره‌ت به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ئایا ئێمه‌ رۆشنبرمان هه‌یه‌ یان نا؟ ئه‌گه‌ر بڕیار وابێت وه‌ڵامه‌كه‌ به‌ «به‌ڵێ» بێت، پرسیاری دیكه‌ به‌ سۆراغی پێگه‌و كاریگه‌ریان ده‌كرێت. 
ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر به‌هۆی بارودۆخی سیاسی‌و ئابووری هه‌ل‌و مه‌رجێك پێشهاتووه‌ كه‌ هاووڵاتی ئێمه‌ هیچ ئومێدیكی به‌رامبه‌ر به‌ حزب‌و حوكمڕانی ئه‌م هه‌رێمه‌ نه‌ماوه‌، ئه‌وا له‌پاڵ ئه‌وه‌دا ده‌بێت ئاماژه‌ به‌ نه‌بوونی ئومێد به‌ ناوی شتێكه‌وه‌ بكه‌ین، كه‌ خۆی ناو ناوه‌ رۆشنبیرو نزیك به‌ سێ ده‌یه‌یه‌، ده‌یه‌وێت به‌ دوای وتاری شه‌خسیه‌ت دروستكردنی خۆیدا بگه‌ڕێت، كێشه‌ی شه‌خسیه‌ت دروستكردن به‌ زوویی وایكرد ئه‌وان وه‌ك ماشێنێكی په‌ككه‌وتوون له‌ رێگه‌یه‌كی جه‌نجاڵدا ببینین.
پێگه‌و كاریگه‌ری رۆشنبیران، مه‌به‌ستم له‌وانه‌یه‌ كه‌ تاڕاده‌یه‌ك ده‌یانه‌وێت به‌و باوه‌ڕه‌مان بگه‌یه‌نن كه‌ خاوه‌ن بیروباوه‌ڕێكی جێكه‌وتوون‌و كاریگه‌ریی خۆیان له‌ نێو فه‌زای سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگی ئێمه‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا نه‌یانگه‌یاندووین به‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ شوێن‌و كاریگه‌ریی هێزی بیركردنه‌وه‌یان له‌م بارودۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا هه‌ست پێ بكه‌ین.
له‌ راستیدا ئه‌مه‌ ده‌مانباته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه‌ میشێل فوكۆ سه‌باره‌ت به‌ رۆشنبیران‌و ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌تی، ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ كه‌ ئیتر رۆشنبیران رۆڵیان وه‌ك «نوێنه‌ریی» ته‌واو بووه‌، چونكه‌ له‌وه‌ ده‌چێت خه‌ڵكی ئاسایی ده‌ستی به‌و زانینه‌ گه‌یشتبێت كه‌ پێویست بكات رۆشنبیران به‌ ناونیشانی نوێنه‌ر بیانه‌وێت قسه‌ بۆ خه‌ڵك بكه‌ن، یان نوێنه‌رایه‌تیان بكه‌ن. له‌ گفتوگۆی نێوان میشێل فوكۆو ژیل دۆلۆز، سه‌باره‌ت به‌ پێگه‌ی رۆشنبیران، وه‌زیفه‌ی رۆشنبیر وه‌ك نوێنه‌ر به‌ شتێكی بێ به‌هاو ته‌واوبوو ده‌زانن، بۆیه‌ به‌ زوویی ده‌یانه‌وێت له‌ شوێنی ئه‌وه‌دا مه‌سه‌له‌ی «تیۆری و كردار» پێشبخه‌ن. بۆ «فوكۆ» مه‌سه‌له‌ی تیۆری هه‌مان ئه‌و دیسكۆرسه‌یه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن رۆشنبیره‌وه‌ به‌رهه‌م دێت، كه‌ هه‌رگیز نیشانده‌ر یان رێنمایی كردار نییه‌، به‌ڵكو تیۆری خۆی یه‌ك جۆر كرداره‌، به‌ڵام كردارێكه‌ كه‌ به‌ هه‌لومه‌رجی تایبه‌ت‌و گشتیی سنووردار نییه‌. له‌ راستیدا لای فوكۆ پێشخستنی ده‌سته‌واژه‌ی تیۆری له‌ شوێنی رۆشنبیر وه‌ك نوێنه‌ر، بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات، تا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ كێشه‌ی جیاوازی ده‌سه‌ڵات ئاشكرا بكات. 
وه‌ك له‌ سه‌ره‌تا ئاماژه‌مان پێی دا، ئه‌گه‌ر بڕیار وایه‌، قسه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ پێگه‌و كاریگه‌ری رۆشنبیرانمان هه‌یه‌، ئه‌وا پرسیاری دیكه‌ به‌ دوای خۆیدا ده‌هێنیت، كه‌ به‌ ناچاری وامان لێده‌كه‌ن، له‌ هه‌مان ئه‌و روانگه‌ی فوكۆ-وه‌ له‌باره‌یانه‌وه‌ قسه‌ بكه‌ین، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ساته‌وه‌ختی ئێستادا شتێك له‌ چالاكی رۆشنبیرانمان نابینین، ده‌بێت بڵێم ئه‌و نا راسته‌وخۆ ئه‌وان له‌وه‌ گه‌یشتوون، كه‌ ئیتر وه‌زیفه‌یان وه‌ك رۆشنبیری نوێنه‌ر كۆتایی هاتووه‌، بۆیه‌ هه‌ر وه‌ك چۆن له‌لایه‌نی تیۆریشه‌وه‌ هێشتا نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌وه‌مان پیشان بده‌ن، كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر كام رێچكه‌ خۆیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌. 
به‌هه‌ر حاڵ، ئه‌و ئاگاییه‌ی كه‌ له‌ نێو نه‌وه‌ی نوێ خه‌ریكه‌ خۆی به‌دیار ده‌خات، وه‌زیفه‌ی رۆشنبیرانێك كه‌ چه‌ند ده‌یه‌یه‌ خۆیان وه‌ك نوێنه‌ر پیشان ده‌ده‌ن له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵكو به‌وه‌ گه‌یشتوون كه‌ به‌ ئێستاشه‌وه‌ به‌رگری له‌ وه‌زیفه‌ی خۆیان وه‌ك نوێنه‌ر بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌وان وه‌ك چۆن ناتوانن وه‌ك نوێنه‌ر بمێننه‌وه‌، له‌گه‌ڵ پاشه‌كشه‌ی رۆژنامه‌ی كاغه‌زیش، كه‌ تا به‌ر له‌ پێشهاتنی ئه‌و بارودۆخه‌ سیاسی‌و ئابووریه‌ وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ی مادیی سوودیان لێ ده‌بینی، خه‌ریكه‌ ده‌م‌وچاویشان وه‌ك نوێنه‌رێكی به‌رگری كار دیار نامێنێت. 
به‌دیاریكراوی قسه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێگه‌ی رۆشنبیران ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ خۆیان له‌ پێشه‌وه‌ یان له‌ پاڵ خه‌ڵك بزانن‌و راستیێتی سه‌ركوتكه‌رانه‌ی ئه‌وان به‌ دیار بخه‌ن، پێگه‌ی كه‌سێتی رۆشنبیری ئێمه‌ شتێك له‌وه‌ زیاتر نه‌بوو، ئه‌وان له‌ دووره‌وه‌ بێ هیچ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌یه‌ك ته‌فسیری شتێكیان ده‌كرد كه‌ روویداوه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌ریكه‌ روو ده‌دات. 
له‌م رووه‌وه‌ وه‌ختێك باس له‌ مه‌رگی رۆشنبیری نوێنه‌ر ده‌كه‌ین، مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بارودۆخی سیاسی‌و ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگی له‌ گۆڕانكارییه‌كی خێرادایه‌، ئه‌وا له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكاریانه‌دا پێگه‌و وه‌زیفه‌ی رۆشنبیری نوێنه‌ریش چیتر وه‌ك پێشوو ناتوانێت رۆڵی نوێنه‌رێكی حیكایه‌ت خوان بگێڕێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7277
26/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ به‌كورتی 25/5/2017
‌ ته‌نیا هه‌نگاوی كۆتایی ماوه‌ 25/5/2017
زانست
‌ بیری یاقوب چاڵێكی ده‌م كراوه‌ له‌ ته‌كساس 25/5/2017
‌ هۆكاری سێیه‌كی مردنی مرۆڤ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا 25/5/2017
‌ دایكێكی ته‌مه‌ن ٣٧ ساڵ ٣٨ منداڵی هه‌یه‌ 25/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP