با عەدنان حسێن تێبگات!
روانگە با عەدنان حسێن تێبگات! ‌ سۆران علی‌ 16/2/2017
نزیكەی هەفتەیەك دەبێت نووسەر و رۆژنامەنووس عەدنان حسێن هێرشێكی ناڕەوای كردۆتە سەر شاری سلێمانی و فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكەی، تەنانەت گەیاندوویەتیە ئەوەی هانی خەڵك بدات سەردانی شارەكە نەكەن، بەڵام تائێستا لایەنە پەیوەندیدارەكان بێدەنگیان هەڵبژاردووە و هیچ روونكردنەوە یاخود وەڵامێكی رەسمیان نەداوەتەوە.
عەدنان حسێن سەرنووسەری جێبەجێكاری رۆژنامەی (المدی) كە یەكێكە لە ژمارە گەورەكانی بواری رۆژنامەگەری لە وتارێكدا كە رۆژی 11/2/2017 لە گۆشەكەی خۆی (شەناشیل) بە ناونیشانی «وما ادراك ما مطار السلیمانیة!» بڵاویكردووەتەوە، رەخنەی توندی لەو رێوشوێنە ئەمنییانە گرتووە كە لە فڕۆكەخانەی سلێمانی پەیڕەو دەكرێن و دەڵێت: «بەردەوامبوونی دەزگای ئاسایش لە سلێمانی لەسەر ئەو رێچكەیە زیانێكی گەورە بە بەرژەوەندی خاوەن بەرژەوەندییەكانی پارێزگاكە دەگەیەنێت و سەردانكەرانی سلێمانیش بەرامبەر ئیدارەی هەرێم بێزار دەكات»، بەوەش كۆتایی بە وتارەكەی هێناوە كە هانی خەڵك دەدات سەردانی شارەكە نەكەن تا ئەو رێوشوێنە توندانە چارەسەر دەكرێن كە بەرامبەر سەردانكەران دەگیرێنەبەر.
لێرەدا ئەوەندەی مەبەستمە لە بێدەنگی لایەنە پەیوەندیدارەكان بەرامبەر ئەو هێرشە ناڕەوایە بدوێم، هێندە لام گرنگ نییە ببمە دەمڕاستی ئەوان و وەك وەڵامدەرەوە قسە بكەم، ئەگەرچی تێبینی زۆرم لەسەر زۆربەی بۆچوونەكانی نووسەر هەیە كە بێویژدانی و نادادیەكی ئاشكرایان پێوە دیارە و گومانێكی زۆریشیان لەسەر نهێنی گۆڕانی بۆچوونی نووسەر كە بە «دۆست و نزیك لە كورد» وەسف دەكرێت، بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش پارێزگای سلێمانی تێدا دەردەكەوێت.
رەنگە هاووڵاتیانی هەرێم و تەنانەت ئەو بیانی و عەرەبە عیراقیانەش كە بەهەر هۆیەك بێت لە پارێزگاكانی هەرێم نیشتەجێن و بەردەوام هامشۆی دەكەن، تاڕادەیەكی زۆر لەوە تێبگەن و هەستی پێبكەن كە ئارامی و سەقامگیری رەوشی ئاسایش، بەشێكی زۆری بۆ گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانە دەگەڕێتەوە كە لە خاڵ و دەروازەكانی هاتنەناوەوە بۆ هەرێم جێبەجێ دەكرێن، هەرچەندە رەنگە بەشێكیان توند و بێزاركەر بن یان لێرەو لەوێ جیاوازی لە چۆنێتی سەپاندنیان هەبێت و لە شوێنێك توندبكرێنەوە و لە شوێنێكی دیكە نەرمتر بن، بەڵام دواجار زۆربەی هاووڵاتیان بەخودی نووسەریشەوە ئەو راستیە باش دەزانن كە بوونی رێوشوێنی ئەمنی خۆپارێزی ئەگەر هەندێك جار بێزاركەریش بن، باشترە لە ناسەقامگیری و تێكچوونی باری ئەمنی و ئارامی و زیان گەیشتن بە ژیان و سەروماڵیان وەك لە زۆر ناوچەی باشوور و ناوەڕاستی عیراقدا هەیە.
رۆژنامەنووس مافی خۆیەتی و كاری ئەوەیە بە لۆجیك و بنەمای زانستی راستییەكان وەك خۆیان بۆ خەڵك روون بكاتەوە و لە هەر چەوتی و زیادەڕەوییەك یاخود ماف پێشێلكردنێك دەنگ هەڵبڕێت، بەبێ تێكەڵاوكردن و رەگدانەوەی ویست و ئارەزووی خۆی لە بۆچوونەكانیدا، كاتێك هەرشتێكی نەكەوتە بەر دڵ و لەگەڵ بیركردنەوە و بۆچوونیدا یەكینەگرتەوە، ئیتر بكەوێتە تانەلێدان و بێ بەهاكردنی و بەپێچەوانەشەوە، لەم حاڵەتەشدا عەدنان حسێن زۆر بیرتەسكانە، تەنیا لەبەر چەند دەقیقەیەك درەنگ كەوتنی لە گەشتەكەی یان پشكنین و لێكۆڵینەوەی زیاتر لە زانیارییە كەسیەكانی، راست و چەپ كەوتوەتە لێدانی ئەو رێكارە ئەمنیانەی بۆ زامنكردنی گەشتێكی ئارام و بێ گرفت و پاراستن و سەلامەتی ژیانی ئەو و سەدان هەزار كەسی دیكە دانراون، ئەوەش لەگەڵ سەنگ و قورسایی و رابردووی ئەو رۆژنامەنووسە و نووسین و وتارەكانی پێشوویدا تەواو نا تەبا و دژبەیەكە.   
لەگەڵ ئەوەشدا سەیرە تا ئێستا لایەنی پەیوەندیدار چ لە فڕۆكەخانە یاخود ئاسایشی سلێمانی پەنای نەبردووە بۆ روونكردنەوە و خستنەڕووی هەڵوێستی خۆی بە رێگە و شێوازە جیاجیاكان تا راستیەكان و پاساوە رەواكانی گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنە ئەمنیانە، بۆ هەموو لایەك روون بن، هەروەها  بۆئەوەی عەدنان حسێن و هەموو میوانێكی سلێمانی دڵنیابێتەوە لەوەی پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیەكەی لەلای ئیدارەی شارەكە، لەپێش هەموو شتێكەوەیە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7347
22/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ جارێكی تر هالیپ شكستی هێنا بچێته‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندییەوە 22/8/2017
‌ ریاڵ مه‌درید گرێبه‌ستی كه‌ریم بنزیمه‌ نوێ ده‌كاته‌وه‌ 22/8/2017
زانست
‌ هەسارەیەك لە زەوی نزیك دەبێتەوە 21/8/2017
‌ نۆكیا 8 ركابەریی ئایفۆن و گالاكسی دەكات 21/8/2017
‌ پێنج هەڵەی باو لەكاتی راكردندا 21/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP