عه‌ره‌ب و كورد له‌ كۆنگره‌ی‌ ״سه‌نته‌ری‌ عه‌ره‌بی‌״ مه‌ترسی‌ كاردانه‌وه‌كانی‌ جیابوونه‌وه‌
عه‌ره‌ب و كورد له‌ كۆنگره‌ی‌ ״سه‌نته‌ری‌ عه‌ره‌بی‌״ مه‌ترسی‌ كاردانه‌وه‌كانی‌ جیابوونه‌وه‌ ‌ 15/5/2017
له‌ دیالۆگ و مشتومڕه‌كانی‌ كۆنگره‌ی‌ «عه‌ره‌ب و كورد: به‌رژه‌وه‌ندی‌ و مه‌ترسییه‌ هاوبه‌شه‌كان» كه‌ له‌لایه‌ن سه‌نته‌ری‌ عه‌ره‌بی‌ بۆ توێژینه‌وه‌ی‌ سیاسه‌ته‌كان رێكخرا،  توێژه‌ره‌ عه‌ره‌ب و كورده‌كان له‌باره‌ی‌ مێژووی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ عه‌ره‌بی‌- كوردی‌ و ئاینده‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان، راوبۆچونی‌ خۆیان خسته‌ڕوو. 
كۆنگره‌كه‌  كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ سێ‌ رۆژ له‌ ده‌وحه‌ی‌ پایته‌ختی‌ قه‌ته‌ر به‌رده‌وام بوو، به‌شداربوان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتن كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان عه‌ره‌ب و كورد به‌ر له‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ نیشتمیانی‌ هاوچه‌رخ له‌ عیراق و سوریا په‌یوه‌ندییه‌كی‌ دژایه‌تی‌ نه‌بووه‌، به‌ڵام دیدیان بۆ بارودۆخه‌كه‌ له‌پاش دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ نیشتیمانی‌، جیاواز و پێچه‌وانه‌ بوو. 
هۆگر تاهیر تۆفیق مامۆستای‌ یاریده‌ده‌ر له‌ زانكۆی‌ «زاخۆ» له‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ عیراق پێیوایه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ كورد- عه‌ره‌ب «له‌سه‌ده‌ی‌ بیستدا گرژ و ئاڵۆز بووه‌» و ئه‌و كوردانه‌یشی‌ به‌شدارییان له‌ بنیاتنانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ عه‌ره‌بیدا كردووه‌ «وه‌ك  عه‌ره‌ب به‌شدارییان كردووه‌ نه‌ك كورد»، به‌و پێیه‌ی‌ ته‌عریب كراوبوون، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كوردبن و له‌به‌ر كوردبونیان به‌شیدارییان كردووه‌. هۆگر تاهیر تۆفیق توێژینه‌وه‌یه‌كی‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ ناونیشانی‌ «په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ كورد و عه‌ره‌ب (1891-1918): توێژینه‌وه‌یه‌كی‌ مێژوویی‌» له‌ رۆژی‌ یه‌كه‌می‌ كۆنگره‌كه‌دا پێشه‌كه‌ش كرد و تێیدا پێیوابوو «زمانی‌ دیالۆگ له‌گه‌ڵ سیستمه‌ فه‌رمانڕه‌واكاندا نه‌ما، بۆیه‌ كورد چه‌كی‌ هه‌ڵگرت»، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ هه‌وڵه‌كانی‌ كورد له‌مێژوودا له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌.
لای‌ خۆیه‌وه‌ سه‌عد به‌شیر ئه‌سكه‌نده‌ر توێژه‌ر و مێژوونوس پێیوابوو، هه‌ڵگرتنی‌ چه‌ك له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ له‌ مێژوودا، ده‌كه‌وێته‌ چوارچێوه‌ی‌ رێڕه‌وه‌كانی‌ «مقاوه‌مه‌ی‌ به‌ریتانییه‌كان». باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ به‌شداریی‌ كورد له‌ ده‌سه‌ڵاتدا له‌ به‌غدا له‌ ماوه‌كانی‌ قۆناغی‌ نیشتیمانی‌ به‌هۆی‌ «ئه‌و فشارانه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ داگیركره‌كان دروستیان كرد» و به‌دوور بوو له‌ خواست و ویستی‌ سیستمی‌ پاشایه‌تی‌ عیراق. 
به‌ڵام عه‌بدولوه‌هاب قه‌ساب، مامۆستای‌ توێژینه‌وه‌ ستراتیژییه‌كان»، ره‌تیكرده‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ عه‌ره‌بی‌ بوونی‌ هه‌بوبێت «به‌درێژایی‌ حكومڕانی‌ پاشایه‌تی‌ له‌ عیراق، چونكه‌ ده‌ستور ئه‌وه‌ی‌ له‌خۆنه‌گرتبوو كه‌ عیراق به‌شێكه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ عه‌ره‌ب»، ئاماژه‌ی‌ به‌ به‌شداریی‌ گه‌وره‌ی‌ كوردیش كرد له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ عیراق، وێڕای‌ ئاماده‌یی‌ و به‌شداریی‌ به‌رچاوی‌ كورد له‌ سوپا و له‌سه‌ر ئاستی‌ فه‌رمانده‌ باڵاكان. 
قه‌ساب له‌ توێژینه‌وه‌كه‌یدا له‌و باره‌یه‌وه‌یه‌وه‌ كه‌ به‌ ناونیشانی‌ «عه‌ره‌ب و كورد له‌ سه‌رده‌می‌ پاشایه‌تی‌ عیراقی‌: هه‌وڵێك بۆ بنیاتنانی‌ ناسنامه‌ی‌ نیشتیمانی‌ عیراقی‌» پێشكه‌شی‌ كرد، ده‌ڵێت: «په‌یوه‌ندی‌ عه‌ره‌بی‌- كوردی‌ بۆ سێ‌ هه‌زار ساڵ ده‌چێت له‌م شوێنه‌دا به‌رده‌وامه‌ و ئێمه‌ پابه‌ندین به‌و برایه‌تییه‌وه‌». 

قه‌ساب  ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ عیراق «قه‌واره‌یه‌كی‌ دروستكراو» بێت وه‌ك  له‌لایه‌ن توێژه‌ره‌ كورده‌كانه‌وه‌ له‌ دانیشتنه‌كانی‌ كۆنگره‌كه‌دا چه‌ند جارێك دووباره‌كرایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و پێیوایه‌  هه‌مان نه‌خشه‌ی‌ ئێستای‌ عیراق بۆ زیاتر له‌ سێ‌ هه‌زار ساڵ ده‌چێت بوونی‌ هه‌یه‌. 
به‌ وته‌ی‌ قه‌ساب: «عیراق قه‌واره‌یه‌كی‌ دروستكراو نییه‌، قه‌واره‌ی‌ ئێستای‌ عیراق له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی‌ به‌ریتانیا به‌ (عیراقی‌ توركی‌) ئاماژه‌ی‌ پێكراوه‌ و له‌ به‌ڵگه‌نامه‌ عوسمانییه‌كانیش به‌ (نه‌خشه‌ی‌ عیراقی‌).. به‌وپێیه‌ی‌ به‌ر له‌ ساڵی‌ 1918 هه‌موومان عوسمانی‌ بوین».
وه‌ك ئه‌و ئاماژه‌ی‌ بۆ ده‌كات «بابه‌ته‌ سیاسییه‌كان هۆكاریی‌ ژه‌هراوی‌ بوونی‌ په‌یوه‌ندی‌ عه‌ره‌ب و كورد بوون له‌ عیراق»،  سیستمی‌ دیموكراتیشی‌ به‌ تاكه‌ زامنكه‌ری‌ مافه‌كانی‌ هه‌ردوو گه‌لی‌ عه‌ره‌بی‌ و كوردی‌ له‌ عیراقدا له‌قه‌ڵه‌مدا. 

ئاینده‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ 
سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی‌ ئێستای‌ كورد له‌ عیراق، هۆگر تۆفیق مامۆستای‌ زانكۆی‌ به‌ «العربی‌ الجدید»ی‌ راگه‌یاندبوو:»دوو كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ هه‌ن له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست كه‌ به‌بێ‌ چاره‌سه‌ركردنیان ره‌وشه‌كه‌ هێورنابێته‌وه‌، ئه‌ویش كێشه‌ی‌ كورد و كێشه‌ی‌ ئیسرائیل و عه‌ره‌به‌».  
هۆگر تۆفیق كێشه‌ی‌ كوردی‌ به‌ گه‌وره‌تر و به‌ ده‌روازه‌یه‌كیش بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ ئیسرائیلی‌ داده‌نێت، جه‌ختیشی‌ له‌ یه‌كلابوونه‌وه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كورد كرد له‌ باكووری‌ عیراق و وتی‌:»مه‌سعود بارزانی‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم ده‌كات و كه‌سیش ناتوانێت به‌ڕووی‌ راگه‌یاندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ له‌ ساڵی‌ 2017دا بوه‌ستێت». 
سه‌باره‌ت به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ توركیا بۆ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌، هۆگر تۆفیق وتی‌:»ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی‌ توركیا ره‌تیناكاته‌وه‌، چونكه‌ مه‌سعود بارزانی‌ گره‌نتی‌ له‌ گه‌وره‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و هه‌ندێك له‌ وڵاتانی‌ كه‌نداو وه‌رگرتووه‌، تا دان به‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردیدا بنێن». 
ئاماژه‌ی‌ به‌ «خواستی‌ دروستكردنی‌ پشتێنه‌یه‌كی‌ سوننیش كرد بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی‌ ئێران»، له‌كاتێكدا ئه‌و وڵاته‌ (ئێران) به‌ وته‌ی‌ ئه‌و، «دزه‌ی‌ كردووه‌ته‌ نێو هه‌ندێك له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان و توانای‌ ئه‌وه‌ی‌ نییه‌ دزه‌ بكاته‌ نێو كوردستانه‌وه‌».
به‌ڵام عه‌بدولوه‌هاب قه‌ساب بۆچوونه‌كانی‌ پێچه‌وانه‌ی‌ هۆگر تۆوفیق بوو، ئه‌و له‌ قسه‌كانیدا بۆ «العربی‌ الجدید» وتی‌: «دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ به‌نده‌ به‌ خواستی‌ ئیقلیمی‌ و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، نه‌ك به‌ خواستی‌ گه‌لی‌ كورده‌وه‌، له‌م رۆژه‌دا بوونی‌ هیچ خواستێكی‌ ئیقلیمی‌ و نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌و جۆره‌ بۆ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ به‌دی‌ ناكرێت».
به‌پێی‌ قسه‌كانی‌ قه‌ساب:»عیراق لانی‌ كه‌م به‌ دوو ده‌وڵه‌ت ده‌وروی‌ گیراوه‌ كه‌ دامه‌زراندنی‌ قه‌واره‌یه‌كی‌ كوردی‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وانیش توركیا و ئێرانن، و هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان بۆ رێگرتن له‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ». 
وه‌ك ئه‌و توێژه‌ره‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات»یه‌كێك له‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ ته‌نیا له‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ قبوڵ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ژمونی‌ به‌هێزیان به‌سه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا هه‌بێت، وه‌ك چۆن ئێستا ئێران هه‌ژمونی‌ به‌سه‌ر سلێمانی‌ و حزبی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان و گۆڕانه‌وه‌ هه‌یه‌، توركیاش هه‌ژمونی‌ به‌سه‌ر هه‌ولێر و به‌سه‌ر پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌». 
له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ له‌ دیدیدی‌ عیراقیه‌وه‌، قه‌ساب وایده‌بینێت هۆكاره‌ «جیۆپۆلۆتیكییه‌كان» واده‌كه‌ن كاریگه‌رییه‌كانی‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ كوردستان به‌سه‌ر به‌غدانه‌وه‌ نه‌رێنی‌ بن، «به‌وپێیه‌ی‌  سێ‌ پارێزگا كوردییه‌كان سه‌ری‌ عیراقن، ئیتر كێ‌ رازی‌ ده‌بێت سه‌ری‌ ببڕن؟»

قه‌ساب، دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ به‌ مانای‌ دابڕاندنی‌ عیراق له‌ توركیا و به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ ئه‌وروپا ده‌بینێت، ئه‌وه‌ش به‌ وته‌ی‌ ئه‌و، «مه‌ترسی‌ گه‌وره‌ی‌ ده‌بێت به‌ تایبه‌ت، له‌گه‌ڵ نه‌بوونی‌ زه‌مانه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ قه‌واره‌كه‌ نه‌بێته‌ دۆستی‌ عیراق». 
هۆكاره‌كه‌ی‌ تر كه‌ پێیوایه‌ نه‌رێنی‌ بێت بۆ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌، خۆی‌ له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ «ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ داڕشتنه‌وه‌ی‌ نه‌خشه‌ی‌ ناوچه‌كه‌، ئه‌وه‌ش دابه‌شبوونی‌ تری‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌». 
وایده‌بینێت كه‌ به‌پێی‌ «تیۆری‌ دۆمینۆ»دابه‌شبوونی‌ تر له‌ ناوچه‌كه‌ دروست ده‌بێت، ئیتر به‌ لێكدانی‌ خۆرئاوای‌ عیراق بێت له‌گه‌ڵ پاشماوه‌ی‌ خاكی‌ سوریا، یان به‌ باشووری‌ عیراق و ئێرانه‌وه‌. 
قه‌ساب كاریگه‌رییه‌كانی‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردیشی‌ له‌سه‌ر ئێران خسته‌ڕوو «كوردستانی‌ ئێران داوای‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ ده‌كات، وێڕای‌ ناوچه‌كانی‌ ئازربایجان و ناوچه‌كانی‌ تر»، به‌دووریشی‌ نه‌زانی‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ تری‌ ئێرانیش له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ له‌ عیراق، داوای‌ جیابوونه‌وه‌ بكه‌ن. 
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا دانیشتنه‌كانی‌ تری‌ كۆنگره‌ی‌، عه‌ره‌ب و كورد: به‌رژه‌وه‌ندی‌ و مه‌ترسییه‌ هاوبه‌شه‌كان، بابه‌ته‌كانی‌»پرسی‌ كورد له‌ سوریا: له‌ دیدیدی‌ بژارده‌كان و سنوری‌ به‌شدارییه‌ سیاسییه‌كان»ی‌ تاوتوێ‌ كرد، وێڕای‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر باسه‌ جیاجیاكانی‌ تری‌ تایبه‌ت به‌ پرسی‌ كورد له‌ عیراق و سوریا.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7280
30/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ كیربیر ماڵئاوایی كرد 30/5/2017
‌ به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ ده‌باته‌ سه‌ر 30/5/2017
زانست
‌ خواردنه‌وه‌ی دوو كوپ قاوه‌ له‌ ڕۆژێكدا به‌سووده‌ 30/5/2017
‌ به‌ر له‌ به‌كارهێنانی بۆنخۆشكه‌ری هه‌وا ده‌بێت ئه‌م ڕاپۆرته‌ بخوێنینه‌وه‌ 30/5/2017
‌ كیوكن هۆف، سه‌رچاوه‌ی نان به‌ گوڵ 28/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP