پاشەكەوتی ناچاری یان ناچاركردنی پاشەكەوت؟
پاشەكەوتی ناچاری یان ناچاركردنی پاشەكەوت؟ ‌ 16/5/2017
د.ئەیوب ئەنوەر حەمەد سماقەیی*
ئەلقەی نۆیەم
هەوڵەكان بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی پاشەكەوتی زۆرەملێ لە هەرێمی كوردستان
1- ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: لەڕۆژی 12/4/2016 بە نووسراوی ژمارە (6)، داوایكردووە كە حكومەت بە بەڵێنەكانی خۆیەوە پابەندبێت كە تایبەتن بە مووچەو مووچەی كەسوكاری شەهیدو ئەنفالكراوان‌و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان‌و كەمئەندامانی سەنگەرو لە هیچ بارودۆخێكدا دوانەخرێت‌و داوا دەكات ژمارە حسابی بانكی بۆ هەموو مووچەخۆرێك بكرێتەوە، تا بتوانن لەگەڵ حكومەت‌و كۆمپانیاو بانكەكاندا مامەڵەی پێبكەن.
2- ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق: لەڕۆژی 24/9/2016 لە كۆبوونەوەی ژمارە (19)، لەسەر داواكاری ئەندامی پەرلەمان (هۆشیار عەبدوڵڵا)و ئیمزای ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی عیراق، بڕگەیەك خرایە بەرنامەی كاری ئەنجومەنی نوێنەران بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بەگرفتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، لە ئەنجامی گفتوگۆكانداو لە بڕیارو راسپاردەكانی كۆبوونەوەكەدا، لە بڕگەی (8-9) بڕیاردرا بە رەوانەكردنی پێشنیارەكان بۆ لێژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمان‌و میوانداریكردنی بەرپرسە حكومییەكان بۆ گفتوگۆ لە سەری‌و هەروەها بڕیاردرا بە پێكهێنانی  لێژنەیەك بە سەرۆكایەتی (هومام حمودی) جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان كە بڕیار بوو ئەم لێژنەیە لە ماوەی یەك مانگدا راپۆرتێك پێشكەش بە ئەنجومەنی نوێنەران بكات لەگەڵ پڕۆژە یاسای بودجەی 2017 عیراقدا.
3- ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر: لە 28/12/2016 بە نووسراوی ژمارە (189)، داوا لە ئەنجومەنی وەزیران دەكات كە كار بە چەكی مووچە بۆ مووچەخۆران بكات، بۆ مامەڵەكردنیان لەگەڵ حكومەت‌و بەس تەنیا دانی پابەندبوونە داراییەكانیان  بە حكومەت لە بری پاشەكەوتەكەیان، كە ئەمە لەچاو پڕۆژەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جۆرێكە لە پاشەكشێ‌ لەمافەكانی فەرمانبەران، كە داوا دەكات ژمارەی حسابی  بكرێتەوەو فەرمانبەر مافی ئەوەی هەبێت لەگەڵ دەوڵەت‌و كەرتی تایبەتدا مامەڵەی پێبكات، بەڵام لە پڕۆژەكەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێردا باری تەندروستی لێ‌ دەركراوە، كە فەرمانبەرەكان لە كاتی نەخۆشیدا بتوانن پاشەكەوتەكەیان لەڕێگای چەكی مووچەوە بەكاربهێنن.
4- لە رۆژی دووشەممە (10/10/2016) سیستمی بایۆمەتری بۆ فەرمانبەران لەشاری هەولێر راگەیەندرا، لە رێگای كارتی ئەلكترونی تایبەت بە فەرمانبەران، لە پێناوی چاكسازیكردن لە لیستی مووچەی فەرمانبەران‌و سڕینەوەی ناوی دووبارەو وەهمی، بە ئامانجی تۆماركردنی گشت فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم‌و كردنەوەی ژمارەی بانكی بۆ هەموو كەسێك كە مووچە لە حكومەت وەردەگرێت‌و دیاریكردنی رێژەی راستەقینەی پاشەكەوت‌و دانانی لەسەر ژمارەی بانكی هەر فەرمانبەرێك، لە رێگای وەرگرتنی مۆری پەنجەو چاوی هەموو ئەو كەسانەی كە مووچە لە حكومەت وەردەگرن‌و تۆماركردنی هەر كەسێك كە مووچە یان دەرماڵەی هاوكاری لە حكومەت وەردەگرێت بە ژمارەی تایبەتی كە پێی دەڵێن ژمارەی كۆمەڵایەتی، كە سەرجەم زانیاری لەسەر هەڵگرانی ئەم ژمارە كۆمەڵایەتییە لە خۆدەگرێت.
5- هەوڵی مامۆستایان‌و فەرمانبەران: كە بەردەوامن لە خۆپیشاندان‌و دەربڕینی ناڕەزایی‌و رەتكردنەوەی پاشەكەوتی زۆرەملێ بە تایبەتی ناوچەی سلێمانی‌و گەرمیان‌و راپەڕین‌و هەڵەبجەی شەهید، هاوكات پەنگخواردنەوەی ناڕەزایەتییەكانی شاری هەولێرو دهۆك‌و ناو چەكانی زۆنی زەرد.
* مامۆستا لە زانكۆی سەڵاحەددین


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7301
23/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP