پاشەكەوتی ناچاری یان ناچاركردنی پاشەكەوت؟
پاشەكەوتی ناچاری یان ناچاركردنی پاشەكەوت؟ ‌ 17/5/2017
د.ئەیوب ئەنوەر حەمەد سماقەیی*
ئەلقەی دەیەم‌و کۆتایی
لە دواین بەشی وتاری پاشەكەوتی ناچاری یان ناچاركردن بە پاشەكەوت؟ ئەم راستیانە دەردەكەوێت:
1- خشتەی پاشەكەوتی زۆرەملێی مووچەی فەرمانبەران لەگەڵ تواناو ئارەزووی پاشەكەوتكردنی فەرمانبەران ناگونجێت، ئەمەش لە بەر زۆری رێژەی لێبڕینەكەی كە بە پاشەكەوتی خانەنشینییەوە دەگاتە لە (22% - 82%).
2- ئەو پاشەكەوتەی كە هەیە (زۆرەملێ) كاریگەری خراپی هەیە لەسەر توانای كڕینی زۆربەی هەرە زۆری خەڵك، بە تایبەتی ئەوانەی ژیانیان بەندە بە مووچەكەیان‌و هەندێ مووچە خۆی لە بنەڕەتدا لە سنووری نان‌و زگدایە وەك مووچەی پلە 10 بۆ پلە 5 لە خشتەی پلەبەندی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت لەعیراق‌و هەرێمی كوردستان، واتە خۆی لە بنەڕەتدا بەشی دابینكردنی كەمترین پێداویستی ژیان ناكات.
 3- ئەم لێبڕینە بەناوی پاشەكەوتی مووچەوە هیچ رەچاوی گۆڕانی بارودۆخی ئابووری ناكات بە تایبەتی زیادبوونی هەڵاوسان‌و هیچ بڕێكی سوو بۆ ئەم پاشەكەوتە دانەنراوە، بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانیدانی فەرمانبەر بە بەكارهێنانی ئەمڕۆ لەپێناوی بەیانییەكی باشتردا. 
4- پاشەكەوت باشترە لە بڕینی مووچە، ئەگەر هاتوو بانك رۆڵی هەبێت لە نێوەندگیری لەنێوان فەرمانبەران‌و حكومەت لەگەڵ ئەوەی بانك لەهەرێمی كوردستان لە ئاستێكی پێویستدا نییە، بەتایبەتی ئەگەرهاتوو هەر فەرمانبەرێك ژمارەیەكی حسابی تایبەت بە خۆی هەبێت‌و بتوانێ مامەڵەی پێبكات ئەگەر نەشتوانێ بیكات بە سیولە (پارەی بەردەست).
5- ئەم پاشەكەوتە ناگونجێت لەگەڵ مەرجەكانی پاشەكەوتكردندا، لەبەرئەوەی بۆتە هۆی دروستكردنی ترس لەسەر بژێوی فەرمانبەران‌و برسیكردنی‌و بێبەشكردنی لە پێداویستییە گرنگەكانی ژیان.

لەكۆتاییدا چارەسەر چییە؟
یەكەم: پێویستە ئەم پاشەكەوتە بە زوترین كات لاببرێت‌و نەمینێت، ئەویش لەڕێگای گەڕانەوە بۆ بەغدا یان بە پشت بەستن بە داهاتی هەرێم.
دووەم: لەسەر ئاستی دەسەڵاتی جێبەجێكردندا: پێویستە ئەم هەنگاوانە بنرێت بۆ چارەسەرو كەمكردنەوەی گرفتی زۆری‌و بۆری فەرمانبەرانی كەرتی گشتی‌و پاككردنەوەی لیستی ناوی فەرمانبەران وەك:
1- بڕینی مووچەی نایاسایی بەهەموو شێوەو جۆرەكانییەوە وەك بوونی مووچەو خانەنشینی لەیەك كاتدا.
2- بڕینی ناونیشانی نا یاسایی‌و نا واقیعی وەك شارەزاو راوێژكارو یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی.
3- بڕین‌و لادانی خزمەتی نا یاسایی‌و وەهمی‌و لابەلا و نا واقیعی.
4- مۆڵەتدان بۆ كاركردن لە دەرەوەی حكومەت، بەشێوەی یەك لەسەر چواری مووچەو یەك لە سەر دووی مووچەو بەبێ مووچە.
5- هێنانەپێشی خانەنشینی‌و كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی ئارەزوومەندانە.
6- وەستاندنی دامەزراندن بەهەموو شێوەیەك‌و بۆ هەموو كارێك.
7- بڕینی دوو مووچەیی لەژێر هەر ناونیشانێك بێت، وەك دەبڵ مووچەی مامۆستایانی پۆستدار لەزانكۆ.
8- بڕینی دەرماڵەی نا شایستەو نا یاسایی‌و نا واقیعی‌و نەگونجاو لەگەڵ كاری كرداری فەرمانبەر.
9- بڕینی مووچەی خانەنشینی نا یاسایی‌و نا واقیعی وەك ئەوانەی كە (75%) خزمەتیان لە دەرەوەی هەرێم كردووە، یان بەبێ دەوامكردن‌و بینینی ئەرك‌و فەرمان خانەنشینكراون.
10- كەمكردنەوەی مووچەو دەرماڵەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەو وەزیرو ئەندامانی پەرلەمان‌و راوێژكارو شارەزاو بەڕێوەبەری گشتی‌و یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێژەی (50%). 
11- پاشەكەوتكردنی یەك لە سەر پێنجی مووچەی فەرمانبەران بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە، لەبری دانی سوو یان قازانج.
12- دانان‌و كردنەوەی ژمارەی حسابی لە بانك بۆ هەموو فەرمانبەرێك‌و دیاریكردنی رەسیدی هەر فەرمانبەرێك‌و دیاریكردنی ئەو سووەی كە دەیدات بە فەرمانبەر لە بری دواخستنی بە زۆری بەكارهێنانی ئەمڕۆیان، یان دیاریكردنی رێژەی قازانج بۆ هەر فەرمانبەرێك لە شێوەی جامبازی (المچاربە)، بەم هەنگاوانەی خوارەوە:
* لە قۆناغی یەكەمدا فەرمانبەر مافی ئەوەی هەبێت مامەڵەكانی لەگەڵ دەوڵەت بەم رەسیدە بكات، بەبێ مافی راكێشان‌و كردنە سیولە.
* لەقۆناغی دووەمدا مافی مامەڵەپێكردنێكی دیاریكراوی پێبدرێت لەگەڵ هاوپیشەكانی لە فەرمانبەران. واتە تەنیا بتوانێ رەسیدەكەی بەبڕێكی دیاریكراو مانگانە بگوازێتەوە لە ناوی خۆیەوە بۆ ناوێكی تر.
* لەقۆناغی سێیەمدا مافی تەواوی جووڵاندنی ژمارە حسابییەكەی هەبێت بەبێ خوردكردنەوەی بۆ رەسید یان پارە.
* لەقۆناغی چوارەمدا مافی راكێشانی بڕێك پارەی هەبێت لەژمارە حسابییەكەی مانگانە تا چاكبوون‌و ئاسایی بوونەوەی دۆخی سیاسی‌و ئابووریی هەرێم دواتر تەواوی مافی مامەڵەكردنی پێبدرێت بە رەسیدەكەی لە راكێشان‌و گواستنەوەو مامەڵەپێكردنی. 
5- هیچ قۆناغێك لە دوو بۆ چوار مانگ زیاتر نەبێت. 
سێیەم: لە سەر ئاستی یاساداناندا (پەرلەمان): پێویستە پەرلەمان دانیشتنێكی تایبەت بكات بۆ ناچاركردنی حكومەت بە گێڕانەوەی ئەو پارەیەی كە لە فەرمانبەران دەبڕدرێت‌و بكرێتە قەرز لەسەر كابینە یەك لە دوا یەكەكان بە یاسایەكی پەرلەمانی.
چوارەم: لەسەر ئاستی رێكخراوەكان‌و خەڵكدا: پێویستە فشاری زیاتر دروست بكەن بۆ زووتر نەهێشتنی پاشەكەوتی زۆرەملێ‌و گێڕانەوەی پارەی پاشەكەوتكراو، لەڕێگا دیموكراسی‌و یاساییەكانەوە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7301
23/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP