یارییه‌ دوانییه‌كانیش هه‌یه‌
یارییه‌ دوانییه‌كانیش هه‌یه‌ ‌ 17/5/2017
یادگار ساڵح*
زۆر به‌داخه‌وه‌ بواری رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی وه‌ك سه‌رجه‌م بواره‌كانی تر په‌رته‌وازه‌ی و خۆماندوو نه‌كردنی پێوه‌ دیاره‌و به‌بێ بوونی زانیاری پێویست به‌ر لێشاوی ره‌خنه‌ی روخێنه‌ر ده‌كه‌ویت و گوێ به‌هه‌ست و ماندوو بوونی وه‌رزشكارانیش نادرێت كاتێك به‌شداریی له‌پاڵه‌وانێتییه‌كدا ده‌كه‌ن و ئه‌نجامیشی تێدا به‌ده‌ستده‌هێنن.
 ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌ روونی بكه‌مه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌مه‌وێت چه‌ند زانیارییه‌ك له‌سه‌ر یارییه‌ سیانییه‌كان (تریاسلۆن) بده‌م، هه‌روه‌ها   جۆرێكی تری یارییه‌كه‌ش هه‌یه‌ ئه‌ویش یارییه‌ دوانییه‌كان (دواسلۆن)ه‌.
یارییه‌ سیانییه‌كان له‌عیراق له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادی هاتۆته‌ كایه‌وه‌، یاریزانان موماره‌سه‌ی ئه‌و جۆره‌ی وه‌رزشه‌ ده‌كه‌ن و به‌یارییه‌كی قورس و به‌هێز داده‌ندرێت، ده‌بێت سه‌ره‌تا یاریزانان مه‌له‌ بكه‌ن دواتر راسته‌وخۆ پایسكلسواری و پاشانیش راكردن ئه‌نجامبده‌ن به‌بێ پشوو له‌نێوان هه‌رسێ یاریه‌كه‌دا.
(دواسلۆن) یارییه‌ دوانییه‌كانیش ئه‌میش زیاتر له‌وه‌رزی زستان ده‌كرێت یان له‌شوێنێك ئاوی پێویستی نه‌بێت بۆ مه‌له‌ و ته‌نیا راكردن و پایسكلسواری له‌خۆده‌گرێت.
یارییه‌ سیانییه‌كان به‌پێی ماوه‌ی ركابه‌ری و جۆره‌كه‌ی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت و چه‌ند جۆر و شێوازێكی هه‌یه‌، به‌هێزترین و قورسترینیان فول ئایرۆن مان-ه‌، واتا ماوه‌ی مه‌له‌كه‌ی سێ كیلۆمه‌ترو 800 مه‌تره‌، له‌گه‌ڵ 180 كیلۆمه‌تر پایسكلسواری و 42 كیلۆمه‌تر راكردن، له‌هه‌ندێك وڵات و له‌كاتی پێشبڕكێكاندا له‌جیاتی مه‌له‌، خلسیكانی سه‌ر سه‌هۆڵ و شاخ-یش په‌یره‌و ده‌كرێت، به‌ڵام به‌گشتی شێوازه‌ باو و ستاندارده‌كه‌ی ئه‌م یارییه‌ پێكهاتووه‌ له‌ 1500مه‌تر مه‌له‌و 40 كیلۆمه‌تر پایسكلسواری و 10 كیلۆمه‌تر راكردن، ئه‌م یارییه‌ش له‌لایه‌ن وه‌رزشكارانی كوردستانه‌وه‌ یه‌كێتییه‌كی بۆ پێكهێنرا كه‌ یه‌كه‌م سه‌رۆكی یه‌كێتیی یارییه‌ سیانییه‌كانی عیراق خوالێخوشبوو هه‌ڵگورد عارف- مامۆستا و وه‌رزشكاری دێرینی شاری سلێمانی بوو، ئێستاش سه‌رۆكه‌كه‌ی كه‌مال محه‌مه‌د قادر و چوار ئه‌ندامی یه‌كێتییه‌كه‌ش هه‌ر كوردن، له‌و كاته‌شه‌وه‌ تا ئێستا دوكان بۆته‌ پێگه‌یه‌كی به‌هێزی یارییه‌كه‌و به‌رده‌وامیش زۆربه‌ی یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌كانی عیراق كوردن.
له‌رۆژانی رابردووش له‌هه‌ردوو شاری هه‌ڵه‌بجه‌و كه‌ركوك دوو پاڵه‌وانێتیی دواسلۆن (یارییه‌ دوانیه‌كان) رێكخرا، كه‌ ده‌بوو له‌مانگی 3 به‌رێوه‌بچوایه‌، به‌ڵام به‌هۆی به‌شداریكردنی هه‌ڵبژارده‌ی عیراق له‌پاڵه‌وانێتیی وڵاتانی عه‌ره‌ب و ئه‌فریقا له‌میسر كه‌ زیاتر له‌ 10 میدالی زێڕ و زیو و برۆنزیان به‌ده‌ست هات، بۆ ئه‌م مانگه‌ دواخرا، هۆكاری خستنه‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ تا یه‌كێتییه‌كانی تری عیراق چاو له‌و یه‌كێتییه‌ بكه‌ن و خول و پاڵه‌وانێتییه‌كانیان بخه‌نه‌ شاری كیمیاباران و پاڵپشتی خۆیان بۆ وه‌رزشكاران ده‌رببڕن.
هه‌روه‌ها لقی یه‌كێتییه‌كه‌ش له‌و شاره‌ كراوه‌ته‌وه‌و له‌داهاتووشدا چالاكی زیاتریان بۆ رێكده‌خرێت، به‌ر له‌وه‌ی بزاندرێت چۆنێتی و شێوازه‌كه‌ی چۆنه‌، ره‌خنه‌ له‌شێوازه‌كه‌ی گیراوه‌و به‌نایاسایی ده‌زانن و به‌گاڵته‌جارییه‌وه‌ باسی ده‌كه‌ن، ئه‌م شێوازه‌ له‌سه‌رجه‌م یه‌كێتییه‌كانی یارییه‌ سیانییه‌كان بوونی هه‌یه‌، به‌ڵگه‌شمان ئه‌وه‌یه‌ بریاره‌ ئه‌مساڵ پاڵه‌وانێتیی (دواسلۆن) ی وڵاتانی عه‌ره‌ب له‌شاری ئوقسوری میسر به‌رێوه‌بچێت، بۆیه‌ ده‌كرا به‌ر له‌وه‌ی باسی شتێكی له‌مجۆره‌ بكه‌ن زانیاریان له‌سه‌ر وه‌رگرتایه‌و دواتر باسیان بكردایه‌.
له‌وه‌ش گرنگتر ده‌بوو ره‌خنه‌ له‌به‌پرسان بگرن كه‌ گرنگی به‌و یارییه‌ ناده‌ن له‌كاتێكدا ئێمه‌ خاوه‌ن چه‌ندین پاڵه‌وانین، ههه‌ بۆ نمونه‌ش ساڵی رابردوو پاڵه‌وانێتیی كۆماری له‌سلێمانی رێكخراو زۆربه‌ی یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌ی سلێمانی كورد بوون، كه‌سێك ئاماده‌نه‌بوو 200 هه‌زار دینار بۆ ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ ته‌رخان بكات و به‌شدار بێت، ئێستاش ئه‌گه‌ر پاڵپشتی یاریزانان و تیپه‌كان نه‌كرێت، ئه‌وا له‌ساڵانی داهاتوو یاریزانێكی كورد له‌گۆڕه‌پانی ركابه‌رییه‌كه‌ نامێنێته‌وه‌، چونكه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی لای خۆمانه‌وه‌ یانه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عیراق گرنگییه‌كی زۆری پێده‌ده‌ن.
یارییه‌ سیانییه‌كان له‌ساڵی 1920-ه‌وه‌ له‌فه‌ره‌نسا دامه‌زراوه‌و به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ساڵی 1974ه‌وه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێت، له‌ساڵی 1991ه‌وه‌ یه‌كێتی یارییه‌ سیانییه‌كانی ئاسیا دامه‌زراوه‌و یه‌كه‌م پاڵه‌وانێتیی كیشوه‌ره‌كه‌ش ساڵی 1992 له‌شاری هاساكی ژاپۆن به‌رێوه‌چووه‌، ئێستاش یه‌كێتییه‌كی جیهانی هه‌یه‌و زۆربه‌ی وڵاتانیش گرنگی به‌و یارییه‌ ده‌ده‌ن و له‌ئۆڵۆمپیادیش ئه‌م یارییه‌ ده‌كرێت.
*به‌رپرسی راگه‌یاندنی یه‌كێتی یارییه‌ سیانییه‌كانی عیراق


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7301
23/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP