كادرانی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان: جێبه‌جێكردن پێویسته‌
ساڵیادی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ كادرانی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان: جێبه‌جێكردن پێویسته‌ ‌ 17/5/2017
راپۆرتی‌: شۆڕش حه‌مید
ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، به‌ئاماده‌بوونی‌ سه‌رۆك مام جه‌لال، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌سلێمانی‌ رێككه‌وتنێكی گرنگیان ئیمزاكرد.
له‌یادی‌ تێپه‌ڕبوونی‌ ساڵێك به‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌دا، لێپرسراوانی‌ هه‌ردوولا جه‌خت له‌جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و بڕگه‌و مادانه‌ی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ تائێستا جێبه‌جێنه‌كراون.

پابه‌ندبین به‌جێبه‌جێكردنی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌وه‌
رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌لایه‌ن كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری‌ یه‌كه‌می‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری‌ گشتیی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئیمزاكرا، دوای‌ ئیمزاكردنی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ش، رای‌ گشتی‌‌و به‌تایبه‌تی‌ به‌رپرسانی‌ هه‌ردوو لایه‌نی‌ یه‌كێتی‌و گۆڕان جه‌ختیان له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ ببێته‌ به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ دیموكراسی‌و بارودۆخی‌ میلله‌ته‌كه‌مان باشبكرێت‌و خۆشگوزه‌رانی بگه‌ڕێته‌وه‌.
له‌وباره‌یه‌وه‌، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ ی.ن.ك له‌لێدوانێكیدا بۆ كوردستانی‌ نوێ، رایگه‌یاند: به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌ئاماده‌بوونی‌ سه‌رۆك مام جه‌لال؛ ئیمزاكراوه‌، ئه‌وا هه‌ردوو لایه‌نمان ده‌كه‌وینه‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارێتییه‌كی‌ مێژووییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ پابه‌ندبین به‌جێبه‌جێكردنی‌ هه‌موو بڕگه‌و خاڵه‌كانییه‌وه‌، چونكه‌ پابه‌ندبوون به‌جێبه‌جێكردنی‌ بڕگه‌كانی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌ر له‌هه‌مووان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ باڵای‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌، پاشان بۆ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌و بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان.

گرتنه‌به‌ری‌ میكانیزمێكی‌ به‌هێزتر
هاوكات، عه‌دنان عوسمان هه‌ڵسوڕاوی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بۆ كوردستانی‌ نوێ، به‌هه‌مان شێوه‌ جه‌ختی‌ له‌گرنگیی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ كرده‌وه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی‌ ئێستا، به‌تایبه‌تی‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێكی‌ فراوانی‌ كادرانی‌ هه‌ردوولا پێشوازیی گه‌رم‌و پشتیوانیی زۆریان لێكرد، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدا كه‌ هه‌موو ئاسته‌نگه‌كانی‌ به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌به‌رچاوگیرابوو، وتی: له‌ساڵیادی‌ ئیمزاكردنی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا ده‌ڵێم: ده‌بوو بیر له‌میكانیزمێكی‌ به‌هێزتر له‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌بوو بكرایه‌ته‌وه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ ئه‌و ئاسته‌نگ‌و كێشانه‌ی‌ كه‌ ده‌هاتنه‌ به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی‌ پڕۆسه‌كه‌. له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ بیروڕای‌ خۆی‌ به‌و جۆره‌ خسته‌ڕوو كه‌ «تائێستا ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ نه‌هاتوونه‌ته‌ دی‌، كه‌ له‌پێناویدا رێككه‌وتنه‌كه‌ كرا، له‌وانه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ هاوسه‌نگیی‌ هێز بۆ بڕیاری‌ سیاسی‌و به‌هاوبه‌شی ئیداره‌كردنی‌ هه‌رێم به‌گشتی‌‌و ده‌ڤه‌ری‌ سلێمانی‌ به‌تایبه‌تی‌، به‌داخه‌وه‌ كه‌ تائێستا وه‌ك پێویست ئه‌و ئامانجانه‌ نه‌هاتوونه‌ته‌دی‌». 

رێككه‌وتنه‌كه‌ خاڵی‌ وه‌رچه‌رخان بوو
لای‌ خۆیشییه‌وه‌، بێگه‌رد تاڵه‌بانی‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌‌و سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان، له‌دیدو تێڕوانینی‌ خۆیه‌وه‌ رێككه‌وتنی‌ نێوان یه‌كێتی‌و بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانی‌ به‌خاڵی‌ وه‌رچه‌رخان له‌قه‌ڵه‌مدا به‌ئاراسته‌ی‌ تێپه‌ڕاندنی‌ قۆناغه‌كانی‌ رابردووی‌ نێوان هه‌ردوولا، هیواشی خواست هه‌ردوولا به‌گیانی‌ هه‌ستكردن به‌به‌رپرسیارێتی نیشتمانییه‌وه‌ كاربكه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و بڕگه‌و ماددانه‌ی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌، كه‌ تائێستا جێبه‌جێنه‌كراون.

ته‌حه‌فوز به‌رامبه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌
هه‌روه‌ك، ئه‌ندازیار عومه‌ر عینایه‌ت له‌بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان دیدو تێڕوانینه‌كانی‌ خۆی‌ به‌و جۆره‌ بۆ كوردستانی‌ نوێ خسته‌ڕوو كه‌»هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ته‌حه‌فوزی‌ به‌رامبه‌ر به‌ڕێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌بووه‌، چونكه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ رووداوه‌كانی‌ رابردووی‌ نێوان هه‌رسێ لایه‌نی‌ گۆڕان‌و یه‌كێتی‌و پارتی‌، ئه‌وه‌ی‌ به‌چاكتر زانیوه‌ كه‌ له‌بری‌ رێككه‌وتن، دۆستایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ بكرێت».

جددیتر هه‌نگاو بۆ جێبه‌جێكردنی‌ بنرێت
رێككه‌وتنی‌ نێوان گۆڕان‌و یه‌كێتی، بۆ یه‌كخستنی‌ ماڵی‌ كوردو بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ هه‌موو لایه‌ك بوو له‌سه‌ر بنه‌مای‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر دیاریكردنی‌ ئاسایشی نیشتمانی‌و نه‌ته‌وه‌یی، له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتمانی، بۆ یه‌كخستنی‌ خه‌باتی‌ گه‌لی كوردستان بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌سایه‌یدا به‌ئامانجه‌ به‌رزه‌كانی خۆی‌ شادبێت، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: بێگومان پابه‌ندبوون به‌بڕگه‌و خاڵه‌كانی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌وه‌ فاكته‌رێكی‌ سه‌ره‌كییه‌ بۆ هێنانه‌دی‌ ئه‌و ئامانجه‌ به‌رزانه‌ی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ له‌پێناودا هاته‌ئاراوه‌. ئه‌وه‌شی دووپاتكرده‌وه‌ له‌هه‌ر حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ربێتو بڕگه‌كانی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێ نه‌كرێن، ئه‌وا ده‌رگای‌ ئه‌گه‌ره‌ خراپه‌كان به‌ ئاوه‌ڵایی ده‌مێنێته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی‌ نه‌رێنی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر كۆی پڕۆسه‌ی‌ سیاسی له‌ناوچه‌كه‌دا.
وتیشی: «دوای‌ تێپه‌ڕبوونی‌ ساڵێك به‌سه‌ر ئیمزاكردنی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا، كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ به‌جددی ده‌ستبكرێت به‌جێبه‌جێكردنی‌ هه‌موو خاڵه‌كانی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌، كه‌ سه‌ره‌نجام له‌به‌رژه‌وه‌ندیی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵك‌و هه‌ردوولاشدایه‌».

به‌ربه‌سته‌كان وه‌لابنرێن
بێگه‌رد تاڵه‌بانی-ش ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ له‌ساڵیادی‌ ئیمزاكردنی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا، به‌ربه‌سته‌كانی‌ به‌رده‌م رێككه‌وتننامه‌كه‌ وه‌لابنرێن‌و به‌ مه‌نتیق بیر له‌میكانیزمی‌ جێبه‌جێكردنی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ بكرێته‌وه‌. به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌»گۆڕان‌و یه‌كێتی كۆتایی به‌ململانێی سیاسی‌و شه‌ڕی‌ راگه‌یاندنیان بهێنن‌و هه‌مووان كاربكه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی‌ بڕگه‌و مادده‌كانی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌».

به‌رپرسیارێتیی‌ هه‌ردوولا
لای‌ خۆیشییه‌وه‌ ئه‌ندازیار عومه‌ر عینایه‌ت په‌رله‌مانتاری‌ گۆڕان، ئه‌ركی‌ جێبه‌جێكردنی‌ به‌ندو خاڵه‌كانی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ خسته‌ئه‌ستۆی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ یه‌كێتی‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌پرسی حكومه‌تی‌ خۆجێیی له‌سلێمانی‌، ئه‌وه‌ش له‌و روانگه‌یه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م باڵاده‌سته‌و هێز لای‌ ئه‌وانه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا، پاشان سه‌ركردایه‌تیی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌رپرسیاره‌ له‌جێبه‌جێكردنی‌ هه‌موو به‌نده‌كانی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ گۆڕان له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم دوورخرایه‌وه‌و به‌شداریی‌ پڕۆسه‌ی‌ سیاسی لێ قه‌ده‌غه‌ كرا، به‌ڵام بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بۆشاییه‌ دێت‌و تواناكانی‌ خۆی‌ بۆ به‌شداری له‌حكومه‌تی‌ خۆجێیی سلێمانی‌ خستۆته‌گه‌ڕ، ئه‌وه‌ش روونه‌ كه‌ له‌وه‌ها حاڵه‌تێكدا ده‌یان كۆسپ‌و ئاسته‌نگت بۆ دروستده‌بێت.
له‌كۆتایی لێدوانه‌كه‌شیدا ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ گۆڕان، هیوای خواست سه‌ركردایه‌تیی‌ هه‌رسێ لایه‌نی‌ یه‌كێتی‌و گۆڕان‌و پارتی‌ پێكه‌وه‌ دابنیشن‌و هه‌موو گۆڕانكارییه‌كانی‌ ناوخۆو ناوچه‌كه‌ له‌به‌رچاوبگرن‌و له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌دا هه‌موو تواناكانیان بۆ ئه‌وه‌ بخه‌نه‌گه‌ڕ كه‌ كوردستان بگه‌یه‌ننه‌ كه‌ناری‌ ئارامی.

چاره‌سه‌رێكی‌ شایسته‌
دواجار بێستون فایه‌ق په‌رله‌مانتاری‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌باره‌ی‌ كۆی‌ گشتی‌ پرسه‌كه‌وه‌، نیگه‌رانیی‌ خۆی‌ له‌جێبه‌جێنه‌كردنی‌ ته‌واوی‌ بڕگه‌و مادده‌كانی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ راگه‌یاند، چونكه‌ به‌پێی وته‌ی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ «هه‌نگاو بۆ جێبه‌جێكردنی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌نراوه‌، بۆیه‌ داوایكرد بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان چاره‌سه‌رێكی‌ شایسته‌ به‌و پرسه‌ بدۆزێته‌وه‌».


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7280
30/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ كیربیر ماڵئاوایی كرد 30/5/2017
‌ به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ ده‌باته‌ سه‌ر 30/5/2017
زانست
‌ خواردنه‌وه‌ی دوو كوپ قاوه‌ له‌ ڕۆژێكدا به‌سووده‌ 30/5/2017
‌ به‌ر له‌ به‌كارهێنانی بۆنخۆشكه‌ری هه‌وا ده‌بێت ئه‌م ڕاپۆرته‌ بخوێنینه‌وه‌ 30/5/2017
‌ كیوكن هۆف، سه‌رچاوه‌ی نان به‌ گوڵ 28/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP