خۆڵه‌مێشی ناوداره‌كان-ی سیامەند هادی
خۆڵه‌مێشی ناوداره‌كان-ی سیامەند هادی ‌ 18/5/2017
خوێندنەوەی: ئیدریس عه‌لی

پێنج شه‌ممه‌ی رابردوو ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس، كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی خۆڵه‌میشی ناوداره‌كان-ی سیامه‌ند هادی چاپ و بڵاوكرده‌وه‌، بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه‌ كه‌ خۆی له‌ هه‌شت چیرۆكی درێژدا ده‌بینێته‌وه‌، له‌ كاتێكدایه‌، كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ ده‌زگاكانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌، خۆیان له‌ چاپكردنی كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك ده‌پارێزن، بۆیه‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی دڵخۆشی بۆ نووسه‌ران و خوێنه‌ران.
پێده‌چێت گه‌لێ هۆكار هه‌بێت، كه‌ واده‌كات كه‌مترین چیرۆك چاپ بێت، به‌رچاوترینیان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هونه‌ری چیرۆكنووسین چه‌ند پڕۆسه‌یه‌كی سه‌خت و ئاڵۆزه‌ و پێویستی به‌ ته‌كنیك و فه‌زا و كه‌ش و چڕبوونه‌وه‌ی زمان هه‌یه‌، هاوكات پێیوستی به‌ خوێنه‌ری هۆشیار و به‌ ئاگاش هه‌یه‌ كه‌ توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت هاوشانی كاره‌كته‌ره‌كان، تێكه‌ڵی فه‌زای رووداوه‌كان و رۆحییه‌تی كاره‌كته‌ره‌كان بێت، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ له‌ ئێستادا، هه‌م به‌شێكی زۆر له‌ چیرۆكنووسانی كورد، خه‌ریكی نووسینی بابه‌تی دیكه‌ن، هه‌م به‌شێكی زۆری خوێنه‌رانیش، هێشتا له‌و ئاسته‌دا نین بتوانن چێژ له‌ خوێندنه‌وه‌ی چیرۆك ببینن و تێگه‌یشتنیان هه‌بێت بۆی.
سیامه‌ند هادی، ده‌سپێكی نووسینی كتێبێك بوو به‌ ناوی ( مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی رۆمان)  له‌م كتێبه‌دا ئێمه‌ نووسه‌رێك ده‌ناسین كه‌ خاوه‌نی ئاستێكی به‌رزی رۆشنبیریی و باكگراوندێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی مه‌عریفییه‌، وێنه‌ی نووسه‌رێك له‌و كتێبه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ تا ئاستێكی زۆر له‌ رووی ناسینی میتۆد و رێباز و بنه‌ماكانی نووسینی هاوچه‌رخه‌وه‌، جیاوازه‌ له‌ به‌شێك له‌ نه‌وه‌ی پێش خۆی و نه‌وه‌ی خۆی، به‌ تایبه‌ت دواتر كه‌ كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی ( یاده‌وه‌رییه‌كانی كۆڵانیكی خاپووركراو) چاپ و بڵاوده‌كاته‌وه‌، نووسه‌رێك ده‌بینین كه‌ به‌ وریایی و ئاگاییه‌وه‌ ده‌نووسێت، نووسه‌رێك كه‌ زمان و شێواز و خه‌یاڵ و ته‌كنیكی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌، كه‌ جگه‌ له‌ ئه‌زموونی ژیانی تایبه‌تی خۆی و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی، سوودی له‌ سه‌دان كتێب و نووسه‌ری به‌ ئه‌زموون و داهێنه‌ری گه‌وره‌ی دنیاو سه‌رچاوه‌ گرنگه‌كانی رۆشنبیریی و ئه‌دب  وه‌رگرتووه‌ و وه‌ك سه‌رچاوه‌ی هزر و رۆشنبیریی سوودی لێ بینیون.
یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ خوودییه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ كه‌م ده‌نووسێت و بڵاوده‌كاته‌وه‌، كه‌م تێكه‌ڵ ده‌بێت و به‌شداری چالاكییه‌ ئه‌ه‌بییه‌كان ده‌كات، كه‌م ده‌رده‌كه‌وێت و په‌یوه‌نددییه‌كی سستی له‌گه‌ڵ نێوه‌نده‌ ئه‌ده‌بییه‌كه‌دا هه‌یه‌، ده‌توانین به‌ جۆرێك پێناسه‌ی بكه‌ین، كه‌ خوێنه‌ری نوێ  به‌ تایبه‌ت گه‌نجه‌كان، وه‌ك نووسه‌رێك باش نایناسن، ئاخر خۆ ئاشكرایه‌ ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ هۆكاری په‌یوه‌ندی و رایه‌ڵی نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ر به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانن، كاتێك تۆ به‌رهه‌مت نه‌بێت نه‌ ده‌ناسرێیت نه‌ له‌لایه‌ن خوێنه‌ره‌ تازه‌ و گه‌نجه‌كانه‌وه‌ په‌یوه‌ندیت بۆ دروست ده‌بێت، به‌ تایبه‌ت له‌ دوای چاپكردنی كتێبی ( یاده‌وه‌رییه‌كانی كۆڵانیكی خاپوركراو) ئه‌م نووسه‌ره‌ بێده‌نگه‌ و چ كتێبێكی چاپ نه‌كردووه‌، له‌و كاته‌شه‌وه‌ تاكو ئێستا نه‌وه‌یه‌ك له‌ خوێنه‌ر دروست بوون كه‌ به‌رهه‌می ئه‌میان نه‌بینیوه‌ و ناوبانگی هه‌م خۆی و هه‌م به‌رهه‌م و نووسینه‌كانیان نه‌بیستووه‌ و نه‌بینیوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ ئه‌م نووسه‌ره‌ی ناسیبێت، ده‌زانێت كه‌ بۆ یه‌ك ساتیش له‌ كتێب و خوێندنه‌وه‌ و ناسینی نووسه‌ره‌ گه‌وره‌كانی دنیا دانه‌بڕاوه‌ و به‌رده‌وام خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ و خۆڕۆشنبیركردن و قووڵبوونه‌وه‌یه‌ له‌ ئه‌زموون و به‌رهه‌می گه‌وره‌ نووسه‌رانی دنیادا، به‌ تایبه‌ت رۆمان و بابه‌ته‌  ره‌خنییه‌كان.

دوای بێده‌نگیی به‌رهه‌مێكی نوێ
پاش ئه‌و ماوه‌یه‌ له‌ بێده‌نگی و بڵاونه‌كردنه‌وه‌، دیسان به‌ كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكێكی تازه‌ و تا ئه‌ندازه‌یه‌ك درێژ به‌ ناوی ( خۆڵه‌مێشی ناوداره‌كان) به‌رهه‌می ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ له‌ بێده‌نگی و دووره‌په‌رێزیمان پێشكه‌ش ده‌كات و پێمان ده‌ڵێت، كه‌ ئه‌و ماوه‌ دوورودرێژه‌، بۆ یه‌ك ساتیش له‌ خوێندوه‌ و نووسین نه‌ك دانه‌بڕاوه‌، به‌ڵكو هه‌وڵی تێپه‌ڕاندنی ئه‌زموونی پێشووتری داوه‌ و خوێنه‌ر له‌ كاتی خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كانی ناو ئه‌م كتێبه‌ تازه‌یه‌دا، هه‌ست به‌ جیاوازیی و تێپه‌ڕاندنی ئه‌زموونی پێشووی ده‌كات، هه‌م له‌ رووی تێماوه‌، هه‌م له‌ رووی ته‌كنیك و فه‌زا و كاره‌كته‌رسازیی و ڕووداو و شێوازی گێڕانه‌وه‌، كه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌م چیرۆكانه‌دا، به‌ شێوازیكی تایبه‌ت ئیشی كردووه‌، چیرۆكی هه‌یه‌، هیچ دیالۆگێكی تێدا نییه‌ و سه‌رله‌به‌ری گێڕانه‌وه‌یه‌، له‌ چیرۆكێكی تردا له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا كۆتایی دیالۆگه‌ و به‌ هۆی دیالۆگه‌كانه‌وه‌ خوێنه‌ر ده‌نگی كاره‌كته‌ر و رووداوه‌كان جیاده‌كاته‌وه‌، دیاره‌ دیالۆگ یه‌كێكه‌ له‌ به‌رچاوترین تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی چیرۆك و ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ و به‌ هۆی ئه‌م توخمه‌وه‌ خوێنه‌ر ده‌توانێت په‌یوه‌ندی نێوان كه‌سایه‌تییه‌كان و كاره‌كته‌ره‌كان و جێورێ و بیروڕایان ئاشكرا بكات.
 ئه‌وه‌ی له‌م چیرۆكانه‌دا جێگه‌ی سه‌رنج و تێڕامانه‌ و چێژیكی زۆر و تێگه‌یشتنێكی فراوان بۆ خوێنه‌ر فه‌راهه‌م ده‌كات، بوونی زمانێكی ساده‌ی گێڕانه‌وه‌یه‌ له‌ پشت ته‌كنیكێكی به‌رزه‌وه‌، زمانێك كه‌ دووره‌ له‌ گرێ و ئاڵۆزی و ره‌مز و رازاندنه‌وه‌ی شیعریی و ده‌قاوده‌ق تایبه‌تمه‌ندی زمانی چیرۆك و گێڕانه‌وه‌ی هه‌یه‌ و ئه‌و ئاڵۆزییه‌ی پیشتر له‌ به‌شێكی چیرۆكی كوردیدا و لای خودی نووسه‌ریش هه‌بووه‌ و وای له‌ خوێنه‌ر كردووه‌ چێژ له‌ خوێندنه‌وه‌ی نه‌بینێت و لیی تێنه‌گات، لای سیامه‌ند هادی و له‌ كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی ( خۆڵه‌مێشی ناوداره‌كان)دا  ئه‌م حاڵه‌ته‌ كاڵ بووه‌ته‌وه‌ و تێپه‌ڕیوه‌، خوێنه‌ر به‌ ئاسانی تێكه‌ڵ به‌ رووداوه‌كان ده‌بێت و ده‌نگ و سیما و تایبه‌تمه‌ندی كاره‌كته‌ره‌كان ده‌ناسێته‌وه‌.
چیرۆكه‌كانی نێو ئه‌م كتێبه‌ نوێیه‌ی سیامه‌ند، وێنای كه‌سێتی تاكی كۆمه‌ڵگه‌ن، له‌ ڕووی سایكۆلۆجییه‌وه‌ به‌ قووڵی رۆچووه‌ته‌ نێو كاره‌كته‌ره‌كان و له‌گه‌ڵ رووداوه‌كاندا به‌رجه‌سته‌ی كه‌سێتی و حاڵه‌ته‌ ده‌روونییه‌كانی كردوون، كێشه‌ تایبه‌تی و ئینسانییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ بوونه‌ته‌ تێمای سه‌ره‌كی چیرۆك و گێڕانه‌وه‌كانی، هه‌ر كام له‌ كاره‌كته‌ره‌كانی به‌ پێی ڕووداو و به‌سه‌رهات و گێڕانه‌وه‌كان، خاوه‌ن شوناس و تایبه‌تمه‌ندی خۆیانن، كه‌سێتی پاڵه‌وان و زۆر ئه‌فسانه‌یی و نموونه‌یی دروست نه‌كردووه‌، به‌ڵكو به‌ پێی هه‌لومه‌رجه‌ سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی  و ئابووریی و ده‌روونییه‌كانی تاكی كۆمه‌ڵگه‌، كه‌سێتییه‌كانی بونیاد ناوه‌ و رۆڵ و وه‌زیفه‌ی پێبه‌خشیون.
به‌ گشتی چیرۆكه‌كانی نێو كتێبی ( خۆڵه‌میشی ناوداره‌كان) پێكهاته‌یه‌كی تۆكمه‌ و به‌هێزیان هه‌یه‌، زمانێكی سیحری و ساده‌ی له‌ گێڕانه‌وه‌كاندا به‌كارهێناوه‌ و خوێنه‌ر زۆر به‌ زوویی خۆی له‌ناو رۆحی كاره‌كته‌ره‌كاندا ده‌بینێته‌وه‌، بۆ هه‌ر چیرۆكێك ته‌كنیكێكی تایبه‌تی به‌كار هێناوه‌ كه‌ به‌ جوانی بگونجێت له‌گه‌ل شێوازی گێڕانه‌وه‌ و رووداو وسروشتی كه‌سێتییه‌كانیدا، چیرۆكه‌كانی نێو ئه‌م كتێبه‌، تژین له‌ گه‌ڕان و پرسیار و گومان، تژین له‌ ونبوون و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕابردوو و زیندووكردنه‌وه‌ی ساته‌ له‌ده‌ست چووه‌كان به‌ تایبه‌ت به‌هۆی فۆتۆوه‌ كه‌ پانتاییه‌كی فراوان له‌ چیرۆكه‌كان پێك ده‌هێنن و له‌ڕێی فۆتۆكانه‌وه‌ ئاشنای كه‌سه‌ جیاوازه‌كان و سروشت و پێگه‌ و بیركردنه‌وه‌یان ده‌بین.. ئه‌م نووسینه‌ به‌ هه‌موو ساده‌یی و خاكێتی خۆیه‌وه‌، هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ ناساندنێكی سه‌رپێیی ئه‌م كتێبه‌ جوانه‌ به‌ خوێنه‌ر، دڵنیام له‌ داهاتوودا وه‌ك یه‌كێك له‌ كتێبه‌ جوان و گرنگه‌كانی نێو ئه‌ده‌بی كوردی پێشوازی لێ ده‌كرێت و له‌لایه‌ن نووسه‌ران و ره‌خنه‌گران و لێكۆڵیارانه‌وه‌ قسه‌ی جدی تر و فره‌ ره‌هه‌ندتری له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7274
23/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ زڤیریڤ هه‌موو ئه‌گه‌رێكی پێچه‌وانه‌ كرده‌وه‌ 23/5/2017
‌ فه‌نارباخچه‌ پاڵه‌وانی ئه‌وروپایه‌ 23/5/2017
زانست
‌ یاری (Spinner) جیهان داگیر ده‌كات 23/5/2017
‌ زاناكان: لاشه‌ی مرۆڤ پێكهاته‌ی كیمیایی خاك ده‌گۆڕێت 23/5/2017
‌ قرشێكی ده‌گمه‌ن له‌ گڕكانه‌ چالاكه‌كاندا ده‌ژی 17/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP