كارنامه‌ی‌ ناونیشان له ‌ده‌قه‌ واڵاكانی‌ شێركۆ بێكه‌سدا
كارنامه‌ی‌ ناونیشان له ‌ده‌قه‌ واڵاكانی‌ شێركۆ بێكه‌سدا ‌ 18/5/2017
د. لوقمان ره‌ئوف
2-2
جۆره‌كانی‌ كارنامه‌ی‌ ناونیشان له‌ ده‌قه‌واڵاكانی‌ شێركۆبێكه‌سدا
له‌كاتی‌ كاركردن له‌ ناونیشاندا، گرنگه‌ كار له‌سه‌ر بونیادو ماناو ده‌لاله‌ت، له‌گه‌ڵ كارنامه‌و كۆنتێكستی‌ ستوونی‌ و ئاسۆیی ده‌قدا بكه‌ین، هه‌موو ئه‌مانه‌ش كۆی‌ گشتی‌ لایه‌نی‌ روخساری‌ و ناوه‌ڕۆكییه‌كانی‌ ده‌ق ده‌گرێته‌وه‌، به‌مه‌ش له‌ سیمیۆلۆژیادا ده‌ق یه‌كه‌یه‌كه‌و رۆڵی‌ ده‌لالی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، جگه‌له‌مه‌ش ده‌بێت ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌ش بدۆزینه‌وه‌، ئایا په‌یوه‌ندیه‌كان په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌هێزو به‌یه‌كداچوون، یان لاوه‌كی‌ وسنووردارن، یاخود په‌یوه‌ندی‌ راسته‌وخۆ، یان ناڕاسته‌وخۆ، یاخود په‌یوه‌ندییه‌كه‌ دیاریكردنه‌، یان له‌خۆگرتن، ئاماژه‌یی و ئایكۆنی‌.....تاد، هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌خوێندنه‌وه‌ی‌ ده‌قه‌كه‌ له‌ هه‌ر چوار لاوه‌، واته‌ له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌، له‌ڕاسته‌وه‌ بۆچه‌پ به‌ده‌ست دێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و په‌یامه‌ ده‌به‌خشێت، كه‌ ده‌بێت به‌وردی‌ مانای‌ فه‌رهه‌نگی‌ و ده‌لالی‌ و ره‌مزی‌ و ئایكۆنی‌ و....تاد وشه‌كان لێكبدرێنه‌وه‌.
له‌ راستیدا په‌یوه‌ندی‌ نێوان ناونیشان و ده‌ق په‌یوه‌ندێكی‌ ئارگیومێنتی‌ سه‌رچاوه‌ییه‌،  واته‌ خاڵی‌ سه‌ره‌تاو كۆتایی هه‌یه‌و ناونیشان خاڵی‌ سه‌ره‌تایه‌، چونكه‌ ده‌سپێكی‌ ده‌قه‌و خاوه‌ن سروشتی‌ سه‌رچاوه‌ییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ بۆ ده‌ق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌روه‌ك چۆن ده‌ق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناونیشان»١  
«ناونیشان بۆ نووسه‌ر، وه‌ك ناوه‌ بۆ شتێك كه‌ پێیده‌ناسرێته‌وه‌»٢  به‌مه‌ش ناونیشان ده‌بێته‌ شوناس به‌ گشتی‌ و نیشانه‌ بۆ كه‌سایه‌تی‌،  به‌پێی‌ ئه‌مبێرتۆ ئیكۆ كارنامه‌ی‌ ناونیشان جه‌نجاڵكردنی‌ بیره‌كانه‌، نه‌ك جێگیركردنیان٣  جگه‌له‌مه‌ش ناونیشان» هه‌وڵده‌دات سه‌ره‌نجه‌كان ئاراسته‌بكات بۆئه‌و شوێنه‌ی‌ كه‌ ده‌لاله‌ته‌كانی‌ شیعره‌كه‌ی‌ تێدا چڕبووه‌ته‌وه‌»٤  ئه‌مه‌ش هه‌ڵگری‌» كارنامه‌ی‌ ئێستاتیكییه‌»٥  هه‌روه‌ها ناونیشان ده‌توانێت خوێنه‌ر، یان لێكۆڵه‌ر په‌یوه‌ستبكات به‌ ناوه‌ڕۆكه‌ مه‌به‌ستداره‌كه‌ی‌ ده‌قه‌كه‌وه‌، له‌رێگه‌ی‌ پرسیاركردن، یان به‌ سیمیۆلۆژیكردنی‌ ناونیشانه‌وه‌، چونكه‌ له‌م رێگه‌یه‌وه‌ لێكۆڵه‌ر ده‌توانێت جۆری‌ ده‌ق و پێكهاته‌و كارنامه‌و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ دیاریبكات.
هه‌رچه‌نده‌ تاوه‌كو ئێستا كۆمه‌ڵێك زانا، چه‌ند پۆلێنێكیان بۆ كارنامه‌ی‌ زمان به‌گشتی‌ و  له‌ناویشیاندا ناونیشان  كردووه‌، بۆ نموونه‌ جیرار جینیت له‌ كتێبی‌(seuils)چوار كارنامه‌ی‌ بۆ ناونیشان دیاریكردوه‌، یاخود رۆمان یاكۆبسن پۆلێنی‌ تایبه‌ت به‌خۆی‌ هه‌یه‌، له‌راستیدا ناونیشان كارنامه‌ی‌ زۆری‌ هه‌یه‌و هه‌ریه‌كه‌ له‌مانه‌ش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ده‌ق هه‌یه‌، بۆیه‌ دیاریكردنی‌ ئه‌ك و كارنامانه‌ له‌ده‌قدا زۆرگرنگه‌، چونكه‌ به‌شداریده‌كه‌ن له‌ تێگه‌یشتن و لێكدانه‌وه‌ی‌ ده‌قدا، به‌ گشتی‌ كارنامه‌كانیش بریتیین له‌:
1- كارنامه‌ی‌ ده‌سنیشانكردن/ ناونان 
هه‌رچه‌نده‌ جینێت ناوی‌ ناوه‌ كارنامه‌ی‌ ده‌ستنیشانكردن، به‌ڵام هه‌ندێكی‌ تر ناویان ناوه‌  ناونان، چونكه‌» شوناس و ناسنامه‌ به‌ده‌ق ده‌به‌خشێت»٦  له‌راستیدا ئه‌مه‌ دیارترین كارنامه‌یه‌ له‌ ده‌قی‌ ئه‌ده‌بییدا، به‌وپییه‌ی‌ ناونانه‌ بۆ هه‌موو ده‌قه‌كان و جیاكردنه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كتر» هه‌ندێك زانای‌ تر له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م كاره‌یدا كارنامه‌ی‌ تر به‌كارده‌هینن، وه‌ك )گریفل grevel)ناوی‌ ناوه‌(appellative )،و لای‌ (میتراندMitter)( (Denominaولای‌ (گلودنیشتاین - Glodenstein)و (بومارشیه‌و هاوه‌ڵه‌كانی‌-Beaumar chais et al) ناویان ناوه‌( Destinative) و (كانتوروویكس Kantorowics) ناوی‌ ناوه‌ Referencielle))، به‌ڵام  له‌گه‌ڵ ئه‌م جیاوازی‌ ناونانه‌ش، له‌وه‌دا كۆكن كه‌ مانای‌ ده‌ستنیشانكردن ده‌گه‌یه‌نێت ٧، كه‌واته‌ بریتییه‌ له‌و جۆره‌ كارنامه‌یه‌ی‌ كه‌ ناوی‌ كاره‌كه‌ ده‌نێت، یان دیاری و جێگیریده‌كات، واته‌ پێمانده‌ڵێت ئه‌و ده‌قه‌ چ جۆره‌ ده‌قێكه‌.
زۆربه‌ی‌ دیوانه‌كانی‌ شاعیر، خودی‌ شاعیر به‌ده‌ر له‌ناونانانی‌ دیوانه‌كانی‌، ناوی‌ له‌ده‌قه‌كه‌شی‌ ناوه‌، بۆ نمونه‌ ( ده‌قی‌ واڵا، ده‌قی‌ شیعر، شیعری‌ په‌خشانی‌، په‌خشانه‌ شیعر....تاد)  بۆنموونه‌ دیوانه‌كانی‌( تریفه‌ی‌ هه‌ڵبه‌ست، كه‌ژاوه‌ی‌ گریان، من تینویه‌تیم به‌ گڕ ئه‌شكێ، ئافات، مێرگی‌ زام، نسێ، ژن و باران، پیاوێ له‌ دارسێو، خۆم ئه‌و وه‌خته‌ی‌ باڵنده‌م، پایزه‌ میوان، ئێوه‌ به‌ خۆشه‌ویستیم ئه‌سپێرن،له‌ گوڵه‌وه‌ تاسوتو،حه‌فتا په‌نجه‌ره‌ی‌ گه‌ڕۆك، تۆ ئه‌توانی‌ به‌ قومێ ماچ بمخه‌یته‌ هه‌ڵقوڵین، زێ و زنێ) ناوی‌ ناون شیعر، هه‌رچی‌( كاوه‌ی‌ ئاسنگه‌ر، ئاسك) ناوی‌ ناون شانۆ نامه‌ شیعر و (كازیوه‌)شی‌ ناوناوه‌ پۆسته‌ره‌ شیعر، دیوانه‌كانی‌ (دوو سروودی‌ كێوی‌، داستانی‌ هه‌ڵۆی‌ سوور، ته‌وتمان، ده‌ربه‌ندی‌ په‌پووله‌، بۆننامه‌، ره‌نگدان) ناوی‌ ناون شیعرو قه‌سیده‌ی‌ درێژ، هه‌رچی‌ دیوانه‌كانی‌( خاچ و مارو رۆژژمێری‌ شاعیرێك، گۆڕستانی‌ چراكان) ناوی‌ ناون( رۆمانه‌ شیعر)، دیوانه‌كانی‌ ( سرووده‌ به‌ردینه‌كان، كورسی‌، ملوانكه‌، ئێستا كچێك نیشتمانمه‌، ئه‌سپێك له‌ په‌ڕه‌ی‌ گوڵاڵه‌) ناوی‌ ناون ده‌قی‌ واڵا، و دیوانه‌كانی‌ (ته‌ون، هه‌ست و نه‌ست) ناوی‌ ناون شیعرو په‌خشان.

2-كارنامه‌ی‌ وه‌سفی‌:
هه‌روه‌ها به‌ كارنامه‌ی‌ زمانه‌وانی‌ وه‌سفی‌ (talinguistique) ناوده‌برێت كه‌»بریتییه‌ له‌ كارنامه‌ی‌ پراگماتی‌ په‌تی‌»٨  له‌م كارنامه‌یه‌دا» ناونیشان هه‌وڵی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ گه‌وره‌ترین ده‌سكه‌وتی‌ مانایی ده‌دات، ئه‌مه‌ش به‌رپرسیاریه‌تی‌ ره‌خنه‌ ئاراسته‌كراوه‌كان ده‌به‌خشێته‌ ناونیشان، كه‌ له‌لایه‌ن داهێنه‌رو تیۆرسینه‌كانه‌وه‌ ئاراسته‌ی‌ ده‌كرێن»٩  ئه‌م كارنامه‌یه‌  لایه‌نێكی‌ پۆزه‌تیڤی‌ هه‌یه‌، كه‌ بریتییه‌ له‌» ئازادی‌ نێره‌ر  كه‌ واده‌كات جیاواز بێت، یان شاراوه‌ بێت، به‌پێی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌و نیشانه‌ی‌ كه‌ وه‌سفیه‌، به‌و پێیه‌ی‌ بۆنێراو پێیهه‌ڵده‌ستێت له‌ راڤه‌، یان هه‌ر گریمانه‌یه‌كی‌ تر، كه‌ لای‌ نێره‌ر هه‌ن» ١٠
   جگه‌ له‌م ناوانه‌ش ناوی‌ تر بۆ ئه‌م كارنامانه‌ هه‌ن، له‌وانه‌(ده‌ربڕاوی‌- Enonciative) لای‌ بوخبزه‌Bokobza و مانایی semantiqe  لای‌ كۆنترویكز Kontorwicz و كورتكراوه‌ییAbrevaitive  ولای‌ گوڵدنشتاین Groldenstein و به‌ وه‌سفی‌/ناسێنراو Dexriptive لای‌ جنیت  ١١ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا جنیت « جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌م كارنامه‌یه‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ په‌یوه‌ندیداریدا زۆر گرنگه‌و ناتوانرێت ده‌ستی‌ لێهه‌ڵبگیرێت»١٢ ،كه‌واته‌ ئه‌و جۆره‌ كارنامه‌یه‌ كه‌ ناونیشان باس له‌ ده‌ق ده‌كات، چ وه‌ك وه‌سفكرد، یان باسكردن و لێكۆڵینه‌وه‌و رونكردنه‌وه‌ی‌ ده‌ق.
    له‌ دیوانی‌ ( ملوانكه‌)دا ئه‌گه‌رچی‌ ده‌توانین كارنامه‌ی‌ تریش له‌م ناونیشانه‌ به‌تایبه‌تی‌ و ناونیشانه‌كانی‌ دیكه‌ش هه‌ڵێنجێنین، به‌ڵام دواجار خودی‌ ناونیشان پێكهاتووه‌ له‌(وشه‌یه‌ك) و خودی‌ وشه‌كه‌ش هه‌ڵگری‌ مانای‌ ده‌لالی‌ جیاوازه‌، چونكه‌ ملوانكه‌ به‌تایبه‌تی‌ بوونی‌ وێنه‌و مورو و له‌سه‌ر به‌رگه‌كه‌، ئه‌و ئاماژه‌یه‌مان ده‌داتێ، كه‌ ملوانكه‌ ملوانكه‌ی‌ موروه‌و ئه‌م جۆره‌ ملوانكه‌یه‌ش  تایبه‌ته‌ به‌ ژن، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا موروه‌كان موروی‌ جوان و ناسكن و له‌رێگه‌ی‌ ره‌نگ و وێنه‌وه‌ وه‌سفی‌ ژنمان بۆ ده‌كات، بۆیه‌ كۆی‌ گشتی‌ دیوانه‌كه‌ش تایبه‌ته‌ به‌ ژن و دۆزی‌ ژن، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مین هه‌نگاوه‌ كه‌ شاعیر كورد له‌ ره‌گه‌زی‌ نێرو مێ به‌درێژایی مێژوو  نابێتی‌ بۆ به‌ دیوانكردنی‌ دۆزی‌ شاعیر، له‌م دیوانه‌دا شاعیر له‌ڕێگه‌ی‌ ناونیشانه‌وه‌، ئه‌رك و په‌یامی‌ ژن و ژنیه‌تی‌ و ئه‌و مافانه‌ی‌ كه‌ به‌درێژایی مێژوو خوراون ده‌ناسێنێت، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا گرفته‌كان ده‌خاته‌روو، وه‌ك ده‌ڵێت:
ملوانكه‌م و له‌ توخمی‌ مێم
له‌شم شین و چاوم سه‌وزه‌.
خوڵكی‌ زه‌ریام
له‌ دایكه‌وه‌ به‌ بنه‌چه‌
ئه‌چمه‌وه‌ سه‌ر خه‌ونه‌كانی‌ مه‌رجان و 
له‌باوكه‌وه‌
ئه‌چمه‌وه‌ سه‌ر خێڵه‌كانی‌ مرواری‌
من له‌ شاری‌ ماسیدا
له‌دایك بووم
مانمانه‌كه‌م قڕژاڵێكی‌ پیرێژن بوو......ل17
كۆی‌ ئه‌م وه‌سفه‌ی‌ ناسكی‌ و جوانی‌ و پاكی‌ و بنچینه‌یی......تاد  ژن، به‌ ماسی‌ و ده‌ریا، واده‌كات ژن وه‌ك جیهانێكی‌ پاك و ئارام و خاوه‌ن بوون و زیندوو راگرتنی‌ جیهان بناسێنێت.
ئه‌ی‌ شیعری‌ جوان!
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ من شیعری‌ مێم
ماڵه‌كه‌مان هه‌مووی‌ چاوه‌
له‌ دیواره‌وه‌ بۆ ده‌رگاو بۆ په‌نجه‌ره‌و
بۆ حه‌مام و بۆ توالێت 
زه‌ق. زه‌ق.زه‌ق.زه‌ق
هه‌مووی‌ چاوه‌
له‌م ماڵه‌دا چه‌ند بگه‌ڕێی‌ له‌هه‌ر جێییه‌
له‌ حه‌وشه‌وه‌ بۆ داڵان و تا هه‌وره‌بان
ئه‌وه‌ی‌ نییه‌ خۆره‌تاوی‌ بیرو مێشكه‌
ئه‌وه‌ی‌ له‌م ماڵه‌دا نییه‌ گوێیه‌......ل53
له‌ڕاستیدا  ئه‌م ماڵه‌ مه‌به‌ست له‌م هه‌رێمه‌یه‌و ئه‌وه‌ی‌ چاو بڕیاری‌ له‌سه‌ر ده‌دات، هه‌رگیز گوێ كاری‌ له‌سه‌ر ناكات و چاو ریگه‌ به‌ گوێ نادات به‌ دادوه‌ری‌ كاره‌كانی‌ خۆی‌ بكات، به‌مانایه‌كی‌ تر ئه‌و داب و نه‌ریته‌ی‌ سه‌باره‌ت به‌ چه‌پاندنی‌ ژن و سه‌یركردنی‌ ژن وه‌ك عه‌وره‌ت، وایكردوه‌، به‌رده‌وام كۆی‌ گشتی‌ چاوه‌كان له‌سه‌ر ژن بن و رێگه‌ به‌ ژن نه‌ده‌ن هیچ جوڵه‌و كارێك بكات.
یان:
به‌یانیان، ئاسكه‌كان  كه‌ ئه‌چنه‌ سه‌ر ئاوی‌ خه‌واڵوو
ئه‌ترسن نه‌بادا له‌په‌نا به‌ردێكدا، تاپڕێ
له‌ توخمی‌ نێرینه‌ی‌ لووله‌ ره‌ش، له‌وێ بێ و له‌پڕێ 
ئاگر هه‌ڵبكاو پریشكێ‌ بگرێته‌ جه‌سته‌یان!
ئێواران ئاسكه‌كان، كه‌ ئه‌چنه‌ ناو مێرگی‌ خه‌ونه‌وه‌
ئه‌ترسن، نه‌بادا، چه‌قه‌ڵی‌ له‌ جۆری‌ پیاوانی‌
وڵاتی‌ ئافره‌ت كوژ له‌وێبێ و به‌ خه‌ون و مێرگه‌وه‌
بیانخوات.......ل74
ده‌یه‌وێت بڵێت ژن به‌رده‌وام له‌به‌رگی‌ راوكراودایه‌و پیاویش به‌رده‌وام چاوی‌ راوی‌ تیژه‌و هه‌وڵ بۆ تێركردنی‌ حه‌زه‌كانی‌ ده‌دات به‌بێ بیركردنه‌وه‌و دادپه‌روه‌ری‌، بۆیه‌ ژن له‌م وڵاته‌دا به‌رده‌وام له‌قاڵب دراوه‌و ده‌بێت به‌رده‌وام هه‌ست به‌وه‌ بكات له‌ حاڵه‌تی‌ ترسدایه‌، چونكه‌ پیاو خۆی‌ كردوه‌ته‌ گوره‌ ره‌شه‌ی‌ ژن.

3-كارنامه‌ی‌ ده‌لالی‌:
ئه‌م كارنامه‌یه‌ش هاوه‌ڵی‌ كارنامه‌ی‌ وه‌سفیه‌و هه‌ندێك له‌ بۆچوون و رینماییه‌كانی‌ نووسه‌ری‌ له‌ده‌قه‌دا هه‌ڵگرتوه‌، جینێت ده‌ڵێت» ناتوانین لێی دوربكه‌وینه‌وه‌، به‌و پێیه‌ی‌ ناونیشان وه‌ك هه‌ر شتێكی‌ تر، جێگه‌ی‌ تێڕامانه‌و خاوه‌ن رێگه‌ی‌ بوونی‌ خۆیه‌تی‌١٣»  ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی‌ ئاماژه‌و پێكهاته‌ زمانییه‌كانه‌وه‌، پشت به‌ توانای‌ هێزی‌ نووسه‌ر ده‌به‌ستێت.
ئه‌و كارنامه‌یه‌یه‌، كه‌ تێیدا شاعیر چه‌ند مانایه‌ك به‌ ناونیشان ده‌به‌خشێت، به‌مه‌ش لێكدانه‌وه‌و كاركردن له‌سه‌ر به‌نیشانه‌بوونی‌ ناونیشان و كۆی‌ ئه‌و نیشانانه‌ی‌، كه‌ له‌ ده‌قه‌كه‌دا هه‌ن و هه‌ڵگری‌ مانان، له‌پێناو گه‌یاندنی‌ په‌یامی‌ ناونیشان،  ئه‌مه‌ش كارێكی‌ گرانه‌و ده‌بێت خوێنه‌ر به‌ وردی‌ ئه‌م نیشانانه‌ هه‌م دیاریبكات، هه‌م به‌ دروستی‌ لێكیانبداته‌وه‌، یه‌كێك له‌ كاره‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانی‌ شێركۆ له‌ به‌رجه‌سته‌كردنی‌ ئه‌م كارنامه‌یه‌دا، دیوانی‌(ده‌ربه‌ندی‌ په‌پووله‌، ره‌نگدان، سرووده‌ به‌ردینه‌كان، گۆڕستانی‌ چراكان) له‌لایه‌ك ناونیشان هێمایه‌كه‌و له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌، كۆی‌ ده‌قه‌كه‌ چه‌ندین هێمای جۆراوجۆری‌ له‌خۆگرتووه‌، له‌پێناو گه‌یاندنی‌ مه‌به‌ستی‌ هێما گه‌وره‌كه‌دا، كه‌ له‌ كارنامه‌ی‌ ناونیشاندا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێته‌وه‌، وه‌ك ده‌ڵێت:
پێم بڵین: چۆن بڕۆم؟! له‌گه‌ڵ كێ؟!
به‌قسه‌ی‌ كام خۆڵ و كام لم و
كام سه‌حرای‌ عه‌ده‌م و
به‌قه‌سی‌ كام ره‌نگی‌ په‌لكه‌گیا و
كام پووش و په‌ڵاشی‌ رومادی‌ و كه‌ربه‌لاو
به‌قسه‌ی‌ كام لارێی‌ ره‌شه‌باو 
كام داڵی‌ نوگره‌سه‌لمان و
كام جرجی‌خوار به‌غدا بكه‌مو
كام گومان بكه‌مه‌
رێبه‌ری‌ سوورخی‌ سه‌فه‌رم؟!.....(سه‌رجه‌م دیوان،به‌رگ6) گۆڕستانی‌ چراكان،ل22
كه‌واته‌ كۆی‌ وشه‌كانی‌( خۆڵ، لم، سه‌حرای‌ عه‌ده‌م، پوش و په‌ڵاش رمادی‌ و كه‌ربه‌لا، نوگره‌سه‌لمان....)هه‌ریه‌كه‌یان هه‌ڵگری‌ نیشانه‌و هێماو مانای‌ نیشانه‌یی خۆیانن، یاخود ده‌ڵێت:
 له‌و ره‌وه‌زانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌. بۆ به‌ره‌و خوار
به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگی‌ پێ بێ
چوون هاتنی‌ گوڵی‌ په‌موو، وایش به‌نه‌رمیی
ئێواره‌هات!
ته‌ماشایكه‌ن!
ته‌ماشایكه‌ن! په‌پوله‌ی‌ زه‌رد به‌ قژیه‌وه‌و
جریوه‌ی‌ سوور به‌ سنگیه‌وه‌و گوڵی‌ ژاڵه‌
به‌ده‌ستییه‌وه‌و په‌رچه‌مێكی‌ زۆر ته‌نكیش
له‌سه‌ر چاوی‌ و ئێواره‌هات!
ئێواره‌هات. وه‌ك بێده‌نگیی ئه‌م تابوته‌و
وه‌كو فه‌رهادی‌ راكشاو.هه‌موو شت كپ
هه‌موو شت مات.له‌به‌ر ناشتنی‌ ئه‌م به‌رده‌ باوكه‌
هه‌موو به‌رده‌ منداڵه‌كان كڕبوون... (سه‌رجه‌م دیوان،به‌رگ6) سرووده‌ به‌ردینه‌كان، ل341
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ كۆی‌ وشه‌كان هه‌ڵگری‌ ماناو نیشانه‌، به‌ڵام دواجار(تابووت، فه‌رهاد،كپی‌، مات...) ئه‌و ئاماژانه‌مان ده‌ده‌نێ، كه‌ كورد به‌ مێژوو و بنه‌چه‌و گه‌وره‌و پیره‌وه‌، بووه‌ته‌ قوربانی‌ ئه‌و ده‌سته‌ی‌ به‌عسییه‌كان، كه‌ به‌درێژایی ساڵانی‌ هه‌شتاكان به‌رامبه‌ر كورد گرتیانه‌به‌ر، یاخود ده‌ڵێت:
من له‌بیرمه‌، ره‌نگه‌كانیش ده‌نگیان هه‌بوو
بۆ وێنه‌: ده‌نگی‌ په‌مه‌یی
ئه‌و ده‌نگه‌ بوو كه‌ دڵدارێ له‌ تان وپۆی‌ بارێزه‌دا
له‌ دوای‌ خۆی‌ بۆ بیره‌وه‌ریی
«دار ژاڵه‌یه‌ك جێیهیشتبوو:
ره‌نگه‌كانیش په‌یڤیان هه‌بوو
بۆ وێنه‌: په‌یڤی‌ نارنجی‌... (سه‌رجه‌م دیوان، به‌رگ5) ره‌نگدان،ل293
یان: ره‌نگ هه‌یه‌ دوور له‌ پێكدادان
به‌هێمنی‌، بێوه‌ی‌ بۆخۆی‌ له‌ناو جێگه‌یه‌كدا ئه‌مرێ
وه‌كو ره‌نگی‌»په‌ناگیری‌»
گه‌ردوون پڕه‌ له‌م ره‌نگانه‌... (سه‌رجه‌م دیوان،به‌رگ5) ره‌نگدان،ل310
به‌هێماكردنی‌ ره‌نگ، به‌هێماكردنی‌ ده‌روونه‌كان و خوێندنه‌وه‌ی‌ سروشته‌ له‌به‌رگی‌ مرۆڤدا، به‌مه‌ش ده‌یه‌وێت بڵێت، كۆی‌ گشتی‌ ژیان پێكهاته‌یه‌كه‌ له‌م ره‌نگانه‌و ناسین و به‌كاهێنانیان ژیان پڕده‌كات له‌ یاده‌وه‌ری‌.
4-كارنامه‌ی‌ سه‌رنجڕاكێشی‌
ئه‌م كارنه‌مایه‌ش به‌كارنامه‌ی‌ ڕاگه‌یه‌نراوی‌ ناوده‌برێت و خاوه‌ن سروشتێكی‌ به‌كاربردنییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌» دۆزی‌ كتێبی‌ چاپكراو، به‌ شێوه‌یه‌ی‌ ئابوری‌ به‌كاربراو گه‌شه‌یكردووه‌، هنری‌ فورنی‌Henri Fournier وله‌باره‌ی‌ ئاڵۆزی‌ و گرانی‌ ناونانی‌ ناونیشانه‌وه‌ ده‌ڵێت» ناونیشانی‌ هه‌رنوسه‌رێك بیرۆكه‌ی‌ سه‌ره‌تاو یه‌كه‌مین ده‌داته‌ خوێنه‌ر، ئه‌م هه‌ستكردنه‌ یه‌كه‌مینه‌ش، به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كی‌ باش سه‌ره‌نجڕاكێشه‌ بۆ بیرو بینین، لێره‌وه‌ كاریگه‌ری‌ درێژخایه‌ن یان كورتخایه‌ن به‌جێده‌هێڵێت»١٤   له‌ راستیدا زۆر كتێب یان وتار ناونیشان، كاریگه‌ری‌ راسته‌وخۆی‌ له‌سه‌ر كڕین، یان خوێندنه‌وه‌ی‌ ده‌قه‌كه‌ هه‌یه‌، زۆرجار كاریگه‌ری‌ بیری‌ رۆڵ ده‌گێڕێت و زۆرجاریش سه‌ره‌نجڕاكێشی‌ ناونیشان هۆكاری‌ ئه‌م كاره‌یه‌، كه‌واته‌ ئه‌و كارنامه‌یه‌ كه‌ خوێنه‌ر بۆ ده‌قه‌كه‌ راده‌كێشێت، به‌مه‌ش زۆرترین خوێنه‌رو كڕیاری‌ ده‌بێت.
ناونیشانی‌ (ئێستا كچه‌ نیشتمانمه‌ )له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ خودی‌ ناونیشان پێكهاتووه‌ له‌ ڕسته‌یه‌ك، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ نیشتیمان بوونی‌ كچێك، یه‌كێكه‌ له‌ كارنامه‌كانی‌ ناونیشان، به‌مه‌ش ده‌بێته‌ ناونیشانی‌ سه‌رنجڕاكێشی‌ بۆ خوێنه‌ر، به‌وه‌ی‌ بۆچی‌ كچ ده‌بێت نیشتمانی‌ شاعیر، ئه‌ی‌ نیشتمان چی‌ به‌سه‌رهات، یان خوێنه‌ر ناچار ده‌كات بگه‌ڕێن به‌دوای‌ ئه‌و كچه‌ی‌ كه‌ نیشتمانی‌ شاعیره‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و هۆكاره‌ی‌ وای‌ كردووه‌ نیشتمان بكاته‌ قوربانی‌ كچێك، وه‌ك ده‌ڵێت:
هه‌فته‌ له‌ مانگ
مانگیش له‌ساڵ وه‌ڕه‌س بووه‌!
من له‌ خۆمدا، له‌ناو خۆمدا
ره‌نگم له‌ ده‌نگم بێزاره‌و
ده‌نگم له‌ بۆنم بێزاره‌!
هه‌ر له‌م كۆڵانه‌ی‌ ئێمه‌دا
ده‌رگا له‌ چوارچێوه‌ی‌ خۆی‌ و
شووشه‌ له‌ په‌نجه‌ره‌ی‌ خۆی‌ و
سیله‌ی‌ كۆڵان له‌ كۆڵان و
بێتاقه‌تیی له‌ ته‌كمایه‌و هه‌نگاو ئه‌نێ
یان سێبه‌رمه‌ یان هاوڕێ...ل10
شاعیر  ئه‌وه‌ی‌ له‌ كارئه‌كته‌ره‌ شۆڕشگێڕه‌كانی‌ نیشتمان چاوه‌ڕێ ده‌كرد، وا ده‌رنه‌چوو، بۆیه‌ بێهیواده‌بێت به‌ مانه‌وه‌ی‌  نیشتمان، بۆیه‌ ئه‌م هه‌موو نامۆبوونه‌ی‌ شاعیر له‌ نیشتمان وای‌ كردووه‌، نیشتیمانی‌ له‌ ده‌ست بدات و كچێك جێگه‌ی‌ بگرێـته‌وه‌، چونكه‌ كچه‌كه‌ ده‌توانێت ئه‌و بۆشاییه‌ ده‌رونییانه‌ی‌ كه‌ كارئه‌كته‌ره‌كانی‌ نیشتمان بۆ شاعیریان دروستكردبوو پڕبكاته‌وه‌، وه‌ك ده‌ڵێت:
من چیم ئه‌ویست له‌و زیاترو نه‌یدامێ!
بۆیه‌ ئیتر نیوه‌ شه‌وێ
ده‌روازه‌كه‌یم شكاندو چوومه‌ ده‌رێ
به‌ ئێجگاری‌ چوومه‌ ده‌رێ!
ئێواره‌یه‌و له‌سه‌ر جاده‌ی‌ سه‌هۆڵه‌كه‌ راوه‌ستاوم
نیشتمانی‌ كۆن خه‌ریكه‌ دابچێت و ئاوا ببێ
تۆزێكی‌ تر نیشتمانه‌ تازه‌كه‌ی‌ خۆم 
«رۆزانا» هه‌ڵدێ و پێكه‌وه‌
وه‌كو دوو پرسیاری‌ نێرو مێ 
تازه‌و تینوو
كه‌ڵه‌گه‌تتر له‌ دروشم و له‌ مناره‌و
هه‌ردوو به‌ جووت
قۆڵ له‌ قۆڵی‌ یه‌كتریدا
گوڵ به‌ده‌م و
 هه‌تاو له‌ چاو
سه‌ربه‌ره‌و چوو ئه‌بینه‌وه‌
بۆ ئه‌و باخچه‌ی‌ عه‌شق و خه‌ونی‌
نه‌ زه‌رد ئه‌بێ و
نه‌ پیر ئه‌بێی‌ و
نه‌ ئه‌یشمرێ!....287

5-كارنامه‌ی‌ ئایكۆنی‌:
بریتییه‌ له‌ شیكردنه‌وه‌ی‌ هه‌نگاوه‌كان، به‌هۆی‌ لێكچوونی‌ له‌نێوان نیشانه‌كان و سه‌رچاوه‌كانیاندا، یاخود بریتییه‌ له‌ «به‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ هه‌ڵگری سیفه‌تێك یان چه‌ند سیفه‌تێكه‌و له‌ ڕێی ئه‌و سیفه‌تانه‌وه‌ ده‌مانگه‌یه‌نێت به‌و واتا، یان بابه‌ته‌ی كه‌ ماناكه‌یمان ده‌داتێ، ئیتر بابه‌ته‌كه‌ بوونی هه‌بێت یان نه‌بێت، یان» ئایكۆن شتێكه‌ به‌ ڕوانین لێی له‌و شته‌ ده‌چێت كه‌ سیفه‌ته‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی‌ پێده‌درێت و وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و شته‌ش به‌كارده‌هێنرێت١٥ ، واته‌ له‌ ئایكۆندا «ماناكان پێشتر بوونیان هه‌یه‌، به‌ڵام كارنامه‌كان جیاوازی‌ دروستده‌كه‌ن، ئه‌م كارنامه‌یه‌ش له‌وه‌ی‌ پێشووتره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ده‌گرێت، هاوكات ئایكۆن ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ی نێوان نوێنه‌رو به‌ وێنه‌ هاوشێوه‌كاندا كار ده‌كات» ١٦.
ناونیشانی‌ ( ئه‌سپێك له‌ په‌ڕه‌ی‌ گوڵاڵه‌) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ خودی‌ ناونیشان رسته‌یه‌كه‌و كاره‌كه‌ی‌ كاری‌ ناته‌واوه‌، به‌ڵام خودی‌ ئه‌سپێك، دواتر په‌ڕه‌ی‌ گوڵاڵه‌ بووه‌ته‌ ئایكۆنێكی‌ دیاری‌ خودی‌ ناونیشان، چونكه‌ خوێنه‌ر ده‌یه‌وێت خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ خودی‌ ئه‌سپه‌كه‌و ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵگری‌ سیفه‌ته‌كانیه‌تی‌، له‌گه‌ڵ گوڵاڵه‌دا بزانێت و ئه‌و لێكچوون و وه‌كیه‌كییانه‌ی‌ كه‌ ئه‌مانه‌ی‌ كۆكردوه‌ته‌وه‌ بزانێت، وه‌ك ده‌ڵێت:
ئا له‌و چامه‌یه‌د
هه‌ر وشه‌یه‌ك مرۆڤێكه‌و
هه‌ر رسته‌یه‌ك شه‌قامێكه‌و
هه‌ر نوخته‌یه‌ك په‌نجه‌ره‌یه‌كه‌و
هه‌ر»وێرگوڵێ» دره‌ختێكه‌وهه‌رناوه‌ڕۆكێ شارێكه‌و
فرمی‌ گه‌وره‌یش وڵاتێكه‌و
ئاڵای‌ سه‌ر ته‌لاری‌ به‌رزی‌
قه‌سیده‌كه‌یش
ناونیشانی‌ شیعره‌كه‌یه‌......ل152
كه‌واته‌ په‌یوه‌ندییه‌ لێكچوون و هاوبه‌شه‌كانی‌ نێوان( وشه‌و مرۆڤ) و( رسته‌و شه‌قام) و  نوخته‌و په‌نجه‌ره‌) و (وێرگوڵ و دره‌خت)و( ناوه‌ڕۆرك و شار)و(ناونیشان و وڵات و قه‌سیده‌)، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ ئایكۆنیانه‌ش وایكردوه‌، كارنامه‌ی‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌مانه‌ وردترببنه‌وه‌، یاخود ده‌ڵێت:
له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌كی‌ ساده‌
«زه‌مان» شیعرم له‌یاد ناكا
چونكه‌ هه‌موو به‌یانییه‌ك
وشه‌یه‌كی‌ جوانی‌»زمان»
قژی‌ له‌به‌ر دائه‌هێنێ و
وه‌ك ئینجانه‌ش
گوڵێكی‌ خۆی‌ تیا ئه‌ڕوێنێ
دنیا شیعرم له‌یاد ناكا
له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ خۆشه‌ویستیی گوڵه‌گه‌نم
له‌هه‌ركوێ بێ..ئه‌م له‌وێیه‌.
نیشتمانی‌ فرمێسك و
نان له‌هه‌ر كوێ بن
نیشتمانی‌ ئه‌م ئه‌وێیه‌.......ل161-162
لێره‌دا ئه‌سپ شیعری‌ یاخیبوون و په‌ڕه‌ی‌ گوڵاڵه‌ش  ئه‌و ناسكی‌ و جوانی‌ و ئیستاتیكایه‌یه‌، كه‌ شیعره‌كه‌ له‌ خۆی‌ گرتوه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م یاخیبوونه‌ش چه‌ند دوانه‌ی‌ هاوجوتی‌ هێناوه‌ته‌وه‌، له‌پێناو ده‌رخستنی‌ راده‌ی‌ جیاوازییه‌كانی‌ ئێمه‌و ئه‌وان، وه‌ك ده‌ڵێت:
هه‌ور له‌ئێمه‌ زۆر باشتر
شاخ ئه‌ناسێ و
شاخیش له‌هه‌ور زۆر چاكتر شیو و دۆڵ و 
ته‌وتمانی‌
بن بناری‌ خۆی‌ ئه‌ناسێ؟..ل7
یاخود ده‌ڵێت:
ئه‌وه‌ ئه‌سپی‌ گوڵاڵه‌یه‌ 
ژانی‌ ئاڵه‌
وا غار ئه‌كا؟
یان خوێنی‌» عه‌لی‌ نه‌بی‌»یه‌
بووه‌ به‌ گواڵه‌ی‌ سوورو
به‌سه‌ر بیتویندا دائه‌كا؟
ئه‌سپه‌كه‌ی‌ ڤوڵاڵه‌
دوو رۆژێ له‌مه‌و به‌ر
جاربه‌جار به‌ نه‌رمه‌ ره‌وته‌وه‌و
ناوبه‌ناو، چوارناڵه‌
له‌ دڵی‌ رانییه‌و ده‌ربه‌ندی‌ عه‌شقه‌وه‌
هاتووه‌و وا ئه‌مڕۆش
گه‌یشته‌ ئه‌م شاره‌...ل241
1- كارنامه‌ی‌ هێمایی: 
ناونیشان به‌وپێیه‌ی‌ پاراتێكستی‌ ده‌قه‌، واته‌ له‌خۆگری‌ بیرو ده‌لاله‌ته‌، ره‌مز یه‌كێكه‌ له‌ كه‌ره‌سته‌كانی‌ بونیادنانی‌ ده‌قی‌ شیعریی و هۆكاری‌ داهێنان و په‌یوه‌ندییه‌ به‌ خوێنه‌ره‌وه‌.
ناونیشانی‌ كورسی‌ پیكهاتوه‌ له‌ (یه‌ك وشه‌)و ناونیشانی‌ سه‌ره‌كی‌ دیوانه‌كه‌یه‌، هه‌م ناوی‌ خودی‌ دیوانه‌كه‌یه‌، چونكه‌ كۆی‌ گشتی‌ دیوانه‌كه‌ یه‌ك ده‌قه‌، بۆیه‌ كورسی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ له‌ یه‌ككاتدا چه‌ند كارنامه‌یه‌ك له‌ خۆده‌گرێت، به‌ڵام له‌ خودی‌ ناونیشانه‌وه‌ كورسی‌ ده‌بێته‌ كارنامه‌یه‌كی‌ هێمایی‌، چونكه‌ خودی‌ كورسی‌ بریتییه‌ له‌ كورسی‌ دارین، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ڕۆڵی‌ وه‌ك كورسی‌ چاخانه‌كان هه‌بێت، به‌ڵكو كورسی‌ له‌ یه‌ك كاتدا خودی‌ شاعیر وه‌ك بگێڕه‌ره‌وه‌ی‌ مێژوو، به‌ڵام وه‌رگیراو، یان بیستراو له‌ كه‌سێكی‌ دی‌، كه‌ له‌ خودی‌ كورسیدا سیما و وێنه‌كه‌ی‌ ده‌بینینه‌وه‌، هه‌روه‌ها هێماو سیمبوڵی‌ مێژووی‌ شارێك كه‌ شاری‌ سلێمانییه‌، وه‌ك ده‌ڵێت:
كورسییه‌كی‌ كورته‌ باڵای‌ به‌ته‌مه‌نه‌و
ئێسك سووك و ته‌وێڵ پان و
ده‌ست باریك و ناوشان ته‌نگه‌و
به‌ڵام هێشتا وریاو قنجه‌و
قاچێكی‌ كه‌مێ ئه‌شه‌لێ و
به‌ڕه‌نگ و روو زه‌رده‌یه‌ڵه‌و
قژ رووتاوه‌و، وه‌لێ ته‌ندروستی‌ ته‌خته‌و
جومگه‌كانی‌ گه‌لێ باشه‌!
كورسییه‌كی‌ شپرزه‌یه‌و خه‌یاڵاوی‌.
هێنده‌ی‌ ته‌پڵه‌كی‌ جگه‌ره‌ی‌ پڕسووتوو
بێتاقه‌ته‌و
كاتێ سه‌ره‌نجی‌ لێئه‌ده‌یت
ئه‌ڵێی‌ هه‌ورێكی‌ بچكۆله‌ی‌
دڵگوشراوی‌ سه‌ر سه‌یوانه‌و
ته‌مێك كه‌وتۆته‌ سه‌ردیده‌ی‌.
كه‌ گوێشت نا به‌ سنگییه‌وه‌
وا هه‌ستئه‌كه‌ی‌
ده‌نگی‌ رۆحی‌ وه‌كو جه‌سته‌ی‌
هه‌ڵئه‌قرچێ و به‌رده‌وامیش
وه‌كو له‌ جۆلانه‌ی‌ ئاگردایه‌
ئا ئه‌م كورسییه‌ شپرزه‌یه‌
ساڵه‌هایه‌ نیشتمانی‌
ئه‌م چایخانه‌ بچوكه‌یه‌و... ل15
شاعیر كورسی‌ له‌ بێگیانه‌وه‌ كردوه‌ته‌ گیاندار، ئه‌م گیانداربوونه‌ش، به‌خشینی‌ كارنامه‌یی و رۆڵ و مێژوویی هاونیشتمانیانی‌ شاری سلێمانییه‌ به‌رامبه‌ر به‌شار. 
كاتێك خوێنه‌ر ده‌ستده‌داته‌ دیوانی‌ كورسی‌، ئه‌و پرسیاره‌ی‌ له‌لا دروستده‌بێت، بۆ كورسی‌؟ رۆڵ و كارنامه‌ی‌ چییه‌؟ ئایا كورسی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌جیهانه‌وه‌ چییه‌؟ دواجار له‌ كۆی‌ ئه‌م پرسیارانه‌، وه‌ڵامی‌ ناو ده‌ق به‌ هێمابوونی‌ كورسی‌ ده‌رده‌كه‌وێت، له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ به‌هێزی‌ پاراتێكسته‌كه‌ی‌ ناونیشان و ده‌ق رونده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ كۆی‌ گشتی‌ ده‌ق له‌ خزمه‌ت ناسینی‌ ناونیشاندایه‌، وه‌ك ده‌ڵێـت:
ئه‌و وه‌خته‌ی‌ سه‌رم هه‌ڵبڕی‌
په‌ڕه‌سێلكه‌م بڵند فڕیو
له‌ ته‌ختایی ساماڵێكدا هه‌ورێكم دی‌
كه‌ له‌ شێوه‌ی‌ كورسی
نزیك به‌ باره‌گای‌ خودا، دانرابوو
چاوه‌ڕوان بوو، به‌ئێجگاری‌
ئازادیی خۆی‌ بێ و له‌سه‌ری‌ دابنیشێ... ل296
كه‌واته‌ به‌هێمابوونی‌ كورسی‌، به‌هێمابوونی‌ ئه‌و خولیاو خواستانه‌یه‌، كه‌ شاعیر به‌دوایاندا وێڵه‌و ده‌یه‌وێت بڵێت كورسی‌ هێزی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ ئازادییه‌.
یاخود ده‌ڵێت: 
ئه‌م كورسییه‌
 به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك 
كوڕی‌ كوڕی‌
دارگوێزێكی‌ نه‌قشبه‌ندیی به‌ناوبانگی‌ هه‌ورامان... ل19
ئه‌گه‌رچی‌ له‌ دیمه‌نه‌ ئاساییه‌كه‌دا ئه‌و كورسییه‌ی‌ كه‌ له‌ دارگوێز دروستكرابێت به‌هێزتره‌، بۆیه‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ كورسی‌ بۆ دارگوێز دروستكراوه‌، نیشانه‌ی‌ به‌هێزی‌ و خاوه‌ن مێژووه‌، مانه‌وه‌و به‌ره‌نگاریكردنه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ختییه‌كان، هێمای‌ به‌هێزی‌ و له‌بنه‌هاتنیه‌تی‌ به‌رامبه‌ر به‌ربه‌سته‌كان.
2- كارنامه‌ی‌ ئیستاتیكی‌:  
ئه‌گه‌رچی‌ به‌گشتی‌ ناتوانین  ناونیشانێكی‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌م كارنامه‌یه‌ دیاریبكه‌ین، به‌ڵام ئه‌مه‌ ناكاته‌ ئه‌وه‌ی‌، كه‌ شاعیر خۆی‌ له‌ كارنامه‌ی‌ ئیستاتیكی‌ خۆی‌ به‌دورگرتبێت، به‌ڵكو له‌ كۆی‌ دیوانه‌كانی‌ شاعیردا، ئیستاتیكا به‌شێكی‌ دانه‌بڕاوه‌ هه‌م له‌ ناونیشان،هه‌م له‌ شیعره‌كانی‌.
3- كارنامه‌ی‌ سه‌رچاوه‌یی:
 رۆمان یاكۆبسن پێیوایه‌ ناونیشان كارنامه‌ی‌ سه‌رچاوه‌یی هه‌یه‌و جه‌خت له‌سه‌ر بابه‌تی‌ په‌یامه‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ واقیعی‌ و سه‌ره‌كییه‌، كه‌ گوزارشت له‌ په‌یامه‌كه‌ ده‌كات، لێره‌وه‌ كۆی‌ گشتی‌ دیوانه‌كانی‌ شاعیر سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ دیاریكراویان بۆ به‌رهه‌مهێنانی‌ ده‌قه‌ شیعرییه‌كانی‌ هه‌یه‌، بۆنموونه‌(گۆڕستانی‌ چراكان) سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ كاره‌ساتی‌ ئه‌نفاله‌و ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌م دیوانه‌وه‌،دڕنده‌یی ئه‌نفال و دیمه‌نه‌كانی‌ و مه‌زڵومیه‌تی‌ كورد زۆر وردتر له‌وانه‌ی‌ كاره‌ساته‌كه‌یان دیوه‌ بخاته‌روو.
4- كارنامه‌ی‌ هه‌ڵچونی‌ و گوزارشتی‌: 
بریتییه‌ له‌و كارنامه‌ییه‌ی‌، كه‌ شته‌ پارێزراوه‌كه‌ی‌ نێوان نێره‌رو په‌یامه‌كه‌ دیاریده‌كات و هه‌ڵگری‌ هه‌ڵچوونی‌ خودیی و هه‌ڵوێستی‌ سۆزدارییه‌، كه‌واته‌ ناونیشان له‌یه‌ككاتدا كارنامه‌ی‌ گوزارشتی‌ و هه‌ڵچون و كاریگه‌ری‌ هه‌یه‌، به‌وپێیه‌ی‌ شیعر هه‌ست و خه‌یاڵ و په‌رچه‌كردارو هه‌ڵچوون و.. تاد، ناونیشانی‌(  هه‌ست و نه‌ست) خاوه‌ن ده‌لاله‌تی‌ گوتاری‌ و هه‌ڵچوونی‌ ئاشكراو روونه‌، چونكه‌ كۆی‌ گشتی‌ ده‌قه‌كانی‌ ناو دیوانه‌كه‌، باسكردنه‌ له‌و هه‌ست و نه‌ستانه‌ی‌ كه‌ شاعیر دواجار وه‌ك مرۆڤ په‌رچه‌كرداری‌ له‌سه‌ر هه‌بوون.
5- كارنامه‌ی‌ لادان: 
له‌ڕاستیدا خودی‌ ناونیشان خۆی‌ بۆ خۆی‌ لادانێكی‌ زمانییه‌، چونكه‌ كۆی‌ یاساكان ده‌شكێنێت و به‌شداری كارا ده‌كات له‌ هه‌ستكردن به‌ ره‌هه‌نده‌كانی‌ ده‌قی‌ شیعریی‌ و هونه‌ریی‌.
له‌م كارنامه‌یه‌دا كۆی‌ گشتی‌ ده‌قه‌كانی‌ كاری‌ له‌سه‌ر لادانی‌ زمانی‌ و رێزمانی‌ كردوه‌، به‌وه‌ی‌ زۆر له‌ یاسا رێزمانییه‌كان و داب و نه‌ریته‌كان و...تاد، شكاندوه‌، واته‌ شێركۆ له‌كۆی‌ دیوانه‌كانی‌ به‌گشتی‌، به‌ڵام له‌ ده‌ربه‌ندی‌ په‌پوله‌وه‌ لادانی‌ زمانی‌ و ریتم و یاسارێزمانییه‌كان...تاد به‌شێكی‌ دانه‌بڕاون له‌ شیعره‌كانی‌.
«لادان به‌پێی‌ لێكدانه‌وه‌ی‌ سیمیۆلۆژی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ دوانه‌ییه‌ به‌رامبه‌رییه‌كانه‌وه‌، نائاماده‌ به‌رامبه‌ر ئاماده‌، سیمیۆلۆژی‌ به‌رامبه‌ر روخساری‌ ه‌ دیاری، په‌تی‌ به‌رامبه‌ر بینراوی‌ و به‌رجه‌سته‌یی»١٧   واته‌ ناونیشانی‌ لادانێكی‌ زمانیی روون و پێچه‌وانه‌ی‌ لۆژیك و شته‌كان و واتای‌ فه‌رهه‌نگییه‌» په‌یوه‌ندی‌ لادان له‌ ناونیشاندا فراوانده‌بێت، ئه‌مه‌ش پشت به‌ هه‌ڵوێستی‌ شاعیر له‌ ژیان به‌ پێی‌ ده‌لاله‌ته‌ نوێكان ده‌به‌ستێت» ١٨ 
به‌مانایه‌كه‌ تر  ئه‌م كارنامه‌یه‌ پێكهاته‌ی‌ زمانه‌وانی‌ بۆ ناونیشان پێكده‌هێنێت، به‌و سیفه‌ته‌ی‌ نیشانه‌یه‌كی‌ سیمیۆلۆژییه‌، چونكه‌» ناونیشان به‌شێكه‌ له‌ پێكهێنانی‌ زمانی‌ ده‌ق١٩»  ناونیشانی‌ دیوانی‌( كورسی‌، حه‌فتا په‌نجه‌ره‌ی‌ گه‌ڕۆك) پێكهاتوه‌ له‌ وشه‌،ده‌سته‌واژه‌  له‌سه‌ر ئاستی‌ زمانه‌وانی‌، ئه‌م ناونیشانه‌ش مه‌به‌ستداره‌و ملكه‌چی‌ لایه‌نه‌ ته‌كنییكیه‌كانی‌ شێوازگه‌رییه‌.
11-كارنامه‌ی‌ په‌یوه‌ستداری‌ و لینك:
 ناونیشان یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین ئه‌و ره‌گه‌زانه‌ی‌  كه‌ له‌ په‌یوه‌ندی‌ لۆژیكی‌ دڵنیاده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ق به‌ بیره‌ بڵاوه‌كانییه‌وه‌ په‌یوه‌ست بێت، ئه‌وا ناونیشان به‌ سروشتی‌ حاڵ  پێوه‌ی‌ په‌یوه‌سته‌، واته‌ ناونیشان بریتییه‌ له‌ بابه‌ته‌ گشتییه‌كه‌ و گوتاری ده‌قیش به‌شه‌كانی‌ ده‌ق پێكده‌هێنێت، واته‌ ناونیشان كارنامه‌ی‌ سازنده‌یی و گونجاندن دێنێته‌گۆڕی له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ده‌ق و گوتاری‌ ده‌ق، جان كۆهین ده‌ڵێت» لینك ئه‌گه‌ر له‌م زاویه‌وه‌ سه‌یری‌ بكه‌ین، ته‌نها وه‌ك روكارێكی‌ په‌یوه‌ستداری‌ ده‌رده‌كه‌وێت»٢٠  هه‌روه‌ها ده‌ڵێت» ئه‌وه‌ سه‌لمێنراوه‌  كه‌ گۆنجاندنی‌ بیری‌ شتێكه‌ له‌ بیریی‌ زانستیدا به‌دیدێت»  ٢١له‌م كارنامه‌یه‌دا ناونیشان په‌یوه‌سته‌ به‌ كۆدی‌ ده‌ق و په‌یوه‌ندی‌ نێوان نێره‌رو خوێنه‌ره‌وه‌، به‌مه‌ش ناونیشان له‌لایه‌ك په‌یوه‌ستده‌بێت به‌ خوێنه‌رو ده‌وروبه‌ریه‌وه‌، له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ به‌ده‌ق و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆیه‌، بۆیه‌ شاعیر له‌ دیوانی‌( هه‌ست و نه‌ست )دا په‌یوه‌ندی‌ ئیستاتیكی‌ له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا دروستده‌كات.
ئه‌نجام
له‌ئه‌نجامی‌ ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌:
ئه‌نجامه‌ گشتییه‌كان:
1-ناونیشان یه‌كه‌مین كلیلی‌ ده‌قه‌و له‌سه‌ر خوێنه‌ره‌ به‌وردی‌ بیخوێنێته‌وه‌و لێكیبداته‌وه‌
2-كارنامه‌ ناونیشان  كارنامه‌ی‌ هه‌مه‌جۆرییه‌و هه‌ریه‌كه‌شیان به‌پێی‌ تایبه‌ته‌مه‌ندی‌ رۆڵ و كارنامه‌كه‌ی‌ له‌ ده‌قدا دیاریده‌كرێت.
3-له‌مڕۆدا كارنامه‌ له‌ده‌قی‌ شیعرییدا، بووه‌ته‌ هێزێكی‌ گرنگ و دانه‌بڕاوی‌ ماناو پێكهاته‌ی‌ ده‌ق.
ئه‌نجامه‌ تایبه‌تییه‌كان:
1-ناونیشان و كارنامه‌كه‌ی‌ لای‌ شێركۆ له‌خۆوه‌ نییه‌، به‌ڵكو مه‌به‌ستداره‌و به‌ هۆشیارییه‌وه‌ به‌كاریهێناوه‌.
2-كارنامه‌ی‌ ناونیشان لای‌ شێركۆ ده‌چێته‌ ژێر باری‌ ستراتیژییه‌تێكی‌ دیاریكراوه‌وه‌، له‌پێناو ئامانجێكی‌ دیاریكراودا.
3-چه‌ندین هێڵكاری‌ جیاوازی‌ له‌ گه‌یاندنی‌ مه‌به‌ستی‌ كارنامه‌ی‌ ناونیشاندا له‌ ده‌قدا كێشاوه‌.
4-شێركۆ بێكه‌س  توانیویه‌تی‌ چه‌ندین جۆری‌ جیاوازی‌ كارنامه‌ی‌ ناونیشانی‌ شیعریی له‌ده‌قدا به‌رجه‌سته‌بكات.
5-په‌یوه‌ندی‌ نێوان ناونیشان و كارنامه‌ی‌ ناونیشانی‌ و ده‌ق، په‌یوه‌ندییه‌كی‌ پاراتێكستی‌ و هارمۆنی‌ و هاوسه‌نگییه‌.
6-شاعیر له‌ روانگه‌ی‌ كارنامه‌ی‌ ناونیشانه‌وه‌، كلییله‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ ده‌ق، ده‌به‌خشێته‌ خوێنه‌ری‌ زیره‌ك.
*سه‌رنج: سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م بابه‌ته‌مان بڵاونه‌كرده‌وه‌ چونكه‌ وه‌كو په‌راوێزه‌كان پێویست نه‌بوون بۆ ئێره‌.     


 په‌راوێزه‌كان:
  ١- بخوله‌ بن الدین، عتبات النص الادبی‌، مقاربه‌ سیمیائیة‌، مجله‌ سمات، جامعة‌ بحرین،عدد(1)،2013، ص21
  ٢- محمد فكری‌ الجزار، العنوان و سیمیوطیقا الاتصال الادبی‌، الهیئة المصریة‌ للكتاب، مصر،ط1، 1988،ص15
 ٣-Gerard Genette.seuils.p 95
 ٤ - Michael Riffaterre, semioitque la poesie traduit de l‌anglais  par jean Jacques Homos, Edition du seuil, mars 1983, paris, p 135
  ٥- هند سعدونی‌، قرا‌وة‌ سیمیائیة‌ لقصیدة(مدینتی‌) ستطة النص فی‌ دیوان البرزخ و السكین اعبدالله‌ حمادی‌، منشورات اتحاد الكتاب الجزائریین،دار هومة، الجزائر، گ1،2002،ص191
  ٦- J.B camprubi, les fonctions du titre,p8
  ٧- بخوله‌ بن الدین، عتبات النص الادبی‌،مقاربة‌ سیمیائیة‌، مجلة سمات، جامعةبحرین،عدد(1)،2013، ص108
  ٨- بخوله‌ بن الدین، عتبات النص الادبی‌،مقاربة‌ سیمیائیة‌، مجله‌ سمات، جامعةبحرین،عدد(1)،2013، ص108
 ٩ - ibid, p. 09.
 ١٠-Gérard Genette, Seuils, p. 85
  ١١- J.B comprubi les fonctions du Titre,p13
 ١٢- Gerard Genetts,seuils,p85
  ١٣- Gerard Genetts,seuils,p85
  ١٤- J.Bcomprubi, les Fonctions du tire.p 20
 ١٥- la philosophie kantienne se donne pour l object de responder a trios questions  que puis – je savoir ? pres et commentaire Breal 2001، p 102  
  16لوقمان ره‌ئوف، ده‌قی‌ شیعری‌ كوردی‌ له‌ روانگه‌ سیمیۆلۆژییه‌وه‌، نامه‌ی‌ دكتۆرا، زانكۆی‌ سلێمانی‌،2013، ل100
  ١7- بسام قطوس، سیمیا‌ء العنوان، وزاره‌ الثقافة‌، عمان، الاردن، گ، 2001، 2001،ص58
 ١8 - عماد الضمور، وظائف العنوان فی‌ الشعر  نادر هدی، مجله‌ النجاح للابحاث(العلوم الانیسانیه‌) المجلد(28(5)2014،ص7
  ١9- عماد الضمور، وظائف العنوان فی‌ الشعر  نادر هدی، مجلة النجاح للابحاپ(العلوم الانیسانیه‌) المجلد(28(5)2014،ص8
  20- بنیة اللغة‌ الشعریة‌، جان كوهن، ترجمه‌ محمد العمری ومحمد الولی، المعرفه‌ اڵ‌دبیه‌، دار توبقال للنشر، الطبعة‌ الاولی‌، 1986، ص47
٢1 - بنیه‌ اللغة الشعریة‌، جان كوهن، ترجمة‌ محمد العمری ومحمد الولی، المعرفه‌ اڵ‌دبیه‌، دار توبقال للنشر، الطبعة‌ الاولی‌، 1986، ص47


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7301
23/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP