تاوانی مێژوونووسی فریودراو
کورتە چیرۆک تاوانی مێژوونووسی فریودراو ‌ 18/5/2017
له‌ فارسسییه‌وه‌: محه‌مه‌د كه‌ریم
سه‌رده‌مانێ كه‌ ترس فه‌رمانڕه‌وا بوو، گرتنی به‌ كۆمه‌ڵ  له‌ناو فه‌رمانی رۆژانه‌دا جێی بۆوه‌. شه‌وانه‌ ئه‌مه‌یان ده‌كرد. تاقمێك كه‌ ده‌ماخیان كرد بوو له‌ ده‌رگایان ده‌دا و فه‌رمانیان به‌ خاوه‌ن ماڵ ده‌دا به‌ چاوی خه‌واڵووه‌وه‌ خۆی بگۆڕێت. پاشان ده‌یانبرد بۆ یه‌كێ له‌ زیندانه‌ بچووكه‌كانی شار كه‌ وه‌كو قارچك له‌ جێگایه‌كی شاردا هه‌ڵده‌تۆقی. جاریوا بوو یاساوڵه‌كان ته‌واوی خێزانه‌كه‌یان له‌ جێگایه‌كدا زیندانی ده‌كرد و نه‌نك و مناڵه‌كانیشیان پێوه‌ ده‌برد كه‌ له‌ ده‌وری ئاگردان له‌ شیرین خه‌ودا بوون.
ژماره‌ی دانیشتووانی شار رۆژ به‌ رۆژ ده‌چووه‌ ئاو، ده‌ورییه‌كان به‌ هاتوهاواره‌وه‌ سه‌راپای شاریان ده‌دا به‌ پێوه‌ و خه‌ڵكیان له‌ ماڵه‌كانیان ده‌رده‌هێنا و به‌ شه‌قامه‌كاندا وه‌كو كه‌ر راپێچیان ده‌كردن. زۆربه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ شه‌و به‌ جله‌وه‌ ده‌خه‌وتن، بوخچه‌یه‌كیان ده‌خسته‌ ژێر سه‌ریان و وه‌نه‌وزیان ده‌دا، چونكه‌ هه‌موو ده‌قه‌یه‌ك چاوه‌ڕێیان ده‌كرد یاساوڵه‌كان به‌سه‌ریاندا دابارێن. باوه‌ڕیان نه‌ده‌كرد ئه‌وه‌نده‌ شوێن له‌ زیندانه‌كانی شاردا هه‌بێت، به‌ڵام ماوه‌یه‌ك پاش ئه‌وه‌ هه‌موو ماڵه‌كانیش یه‌ك له‌ دوای یه‌ك بوون به‌ زیندان. پاشان هه‌ر كه‌سێكیان له‌ ماڵی یه‌كێكی تردا به‌ند ده‌كرد. ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانیان ده‌خزانه‌ ماڵی هه‌ژاره‌كانه‌وه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، سه‌ربازه‌كان به‌ره‌و قوتابخانه‌كان، قه‌شه‌كان به‌ره‌و سه‌ربازگه‌كان، دكتۆر و نه‌خۆشه‌كان به‌ره‌و ماڵی خانه‌دانه‌كان و سه‌رسه‌ری و شه‌لاتییه‌كان به‌ره‌و دێره‌كان راپێچ كران.
هێزی كار ته‌واو كه‌می كردبوو، چونكه‌ زۆربه‌ی كاره‌كان له‌ ئه‌ستۆی زیندانییه‌كاندا بوو. له‌و لایه‌نه‌وه‌ كه‌ وه‌كو باقی خه‌ڵك جلیان له‌به‌ر ده‌كرد و ژماره‌یان نهێنی بوو، ده‌ستنیشانكردنی ئه‌وه‌ی كێ به‌نده‌ و كێ ئازاده‌ قورس بوو. ته‌نانه‌ زیندانییه‌كانیشیان بۆ گرتنی كه‌سانی تر به‌كارده‌هێنا. هه‌رچه‌نده‌ خۆشیان زیندانی بوون، چه‌كیشیان هه‌ڵده‌گرت.
ژماره‌ی گیراوه‌كان رووی له‌ زیادبوون بوو. له‌ناو زیندانییه‌كانی دواییدا كه‌سایه‌تییه‌ ناسراوه‌كانی شاریش به‌رچاو ده‌كه‌تن. قه‌شه‌كان، بازرگانه‌كان، فه‌رمانده‌كانی سوپا، پۆلیس و كارمه‌ندانیشان له‌گه‌ڵ خۆیان راپێچ ده‌كرد. له‌ كۆتاییدا هه‌مووانیان زیندانی كرد ته‌نانه‌ت كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌تیشیان فڕێدایه‌ زیندانه‌وه‌. هه‌ركه‌س سه‌یری ئه‌وی تری ده‌كرد هه‌موویان زیندانی بوون و كه‌س نه‌یده‌زانی كێ فه‌رمانی گرتنی بۆ ده‌ركردوون. هه‌مووان هه‌ستیان ده‌كرد پشكێكیان له‌به‌ڕێوه‌بردنی شاردا هه‌یه‌ و له‌ گرتنی خه‌ڵك و به‌رگه‌گرتنی زینداندا به‌شدارن. له‌و لایه‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌مووان یه‌ك جۆر جل و به‌رگیان له‌به‌ر ده‌كرد و مافی یه‌كسانیان هه‌بوو هه‌مووشیان گیرابوون، درێژه‌یان به‌ كاره‌كه‌ی خۆیان ده‌دا ده‌تگوت هیچ شتێ رووی نه‌داوه‌. ئه‌و خه‌ڵكه‌ درێژه‌یان به‌ ژیانی ئاسایی خۆیان ده‌دا و ئه‌گه‌ر كه‌سێك شتێكی لێ بپرسینایه‌ له‌ حاڵی خۆیان رازی بوون.
چه‌ند ساڵێ دوای ئه‌وه‌ هه‌موویان نكۆڵییان له‌ هه‌ر جۆره‌ گرتن و زیندانی كردنێك كرد و رایانگه‌یاند هه‌موو ئه‌م قسانه‌ ده‌سكردی مێژوونووسێكی نه‌فس نزم و گێل و فریو دراوه‌.         
سه‌رچاوه‌: از زبان دیگران: اسدالله‌ امرایی


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7301
23/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP