مردنی‌ كوڕه‌كه‌یان به‌ ئه‌نقه‌ست ده‌زانن
لەپشت شیشەکانی بەندیخانەوە مردنی‌ كوڕه‌كه‌یان به‌ ئه‌نقه‌ست ده‌زانن ‌ 19/5/2017
نازم دڵبه‌ند - هه‌ولێر
ئه‌و رۆژه‌ی(هێمن) خۆی له‌ناو قاوشه‌كه‌ بینی، له‌ سوچێكدا زۆر به‌ كڕی دانیشت، زیندانیه‌كانی تر فه‌رمووی نانخواردنیان لێكرد، به‌ڵام ئه‌و زۆر به‌خێرایی گوتی:
(برسیم نیه‌)
تومه‌ز له‌ ده‌ستدانی (نه‌به‌ز) ی هاوڕێی به‌ته‌واوی هه‌راسانی كردبوو، باوه‌ڕی به‌ ژیانی خۆی نه‌مابوو، ده‌م له‌ ده‌م زووتر ئاواتی به‌ مه‌رگ ده‌خواست.
ئه‌و رۆژه‌ به‌ هه‌ستێكه‌وه‌ گوزه‌ری ده‌كرد ته‌نها خۆی ده‌یزانی چۆن هانا بۆ كردنه‌وه‌ی پریاسكه‌ی مه‌رگ ده‌بات.
*ئه‌و به‌یانیه‌ چه‌ند جوان بوو..خه‌ریكبوو رۆژ به‌ ته‌واوی پێده‌شته‌كانی گه‌رم داده‌هێنا‌و هێشتا كه‌ژی سه‌رما له‌ ترۆپكی شاخه‌كانه‌وه‌ وه‌كو زه‌رده‌خه‌نه‌ی كچه‌ ناسكه‌كان خۆی وه‌ده‌رده‌خست.
به‌ سۆزی ئه‌و گۆرانیه‌ به‌سۆزه‌ی كه‌ خۆم‌و (نه‌به‌ز) هه‌میشه‌ حه‌زی خۆمان پێگه‌رم ده‌كرده‌وه‌ له‌ناو ئۆتۆمبێل، گه‌یشتمه‌ به‌رده‌م ماڵی (نه‌به‌ز) ئه‌و به‌یانیه‌ جیاوازتر له‌ رۆژان هه‌ردووكمان جلی جوان‌و بۆنی خۆش هه‌موو سیمای جه‌سته‌مانی گه‌شتر‌و جوانتری ده‌نواند. كچه‌ جوانه‌كان‌و كوڕه‌ قۆزه‌كانی زانكۆ چاوه‌ڕێمان بوون، ئه‌و رۆژه‌ ئه‌و شاخه‌ سه‌ركه‌شه‌ بۆ دیده‌نیمان هێشتا بوكی رازاوه‌ی به‌فری به‌ڕێنه‌كردبوو..به‌و هه‌سته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ناخی خۆم ده‌دوام، ده‌مگوت: 
(دوای چه‌ند سه‌عاتێكی دیكه‌ پۆله‌ عاشقێك له‌ داوێنی ئه‌ودا گه‌ڕی ره‌شبه‌ڵه‌ك ساز ده‌ده‌ن، من سه‌رچۆپی كێشی ئه‌م لاو نه‌به‌ز هی ئه‌ولا‌و هه‌ریه‌كه‌‌و كچێكی جوان له‌لا ده‌ستیانه‌وه‌..
*كچان‌و كوڕانی زانكۆ له‌سه‌ر ئاو‌و ئاگرن*
سیمای (هێمن) به‌خێرایی ده‌گۆڕا‌و ناوه‌، ناوه‌ش هه‌ردوو ده‌ستی به‌ قژه‌ ره‌شه‌كانی داده‌هێنا‌و چاوه‌كانی ده‌سڕیه‌وه‌‌و له‌ ناخه‌وه‌ هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵی هه‌ڵده‌كێشا، به‌خێرایی سه‌یری بنمیچی قاوشه‌كه‌ی ده‌كرد، هه‌ر زووش چاوه‌كانی به‌ناو زیندانیه‌كانا ده‌گێڕا، به‌ڵام هیچیان ره‌نگی (نه‌به‌ز) ‌و باڵای (نه‌به‌ز) یان لێنه‌ده‌هات كه‌ دوێنێ به‌یانیه‌كه‌ی پێكه‌وه‌ بوون‌و ئه‌مڕۆش ئه‌و مه‌رگ راپێچی ژێر گڵی دا‌و منیش بۆ سوچی زیندان، تا هه‌تایه‌ چاوه‌كان یه‌كتر نابیننه‌وه‌، دیسان شپرزه‌یی باڵی به‌سه‌ر هه‌موو جه‌سته‌یدا كشایه‌وه‌‌و له‌سه‌ر دۆشه‌گه‌كه‌ راكشا‌و له‌به‌رخۆیه‌وه‌ ده‌یگوت:
*ئێستا پاش ساتێكی دیكه‌ ده‌گه‌ین..هه‌موو له‌به‌رده‌می زانكۆ وه‌ستاون.. ئۆتۆمبێله‌كه‌مان له‌لایه‌ك راده‌گرن‌و شتومه‌كه‌كانمان ده‌هێنینه‌ خواره‌وه‌، من‌و (نه‌به‌ز) به‌ هه‌ر چوار ده‌ستمان سڵاوی به‌یانی باش له‌ هاوڕێكانمان ده‌كه‌ین، له‌گه‌ڵیانا پێده‌كه‌نین، باجی گله‌یی دواكه‌وتنمان هه‌ڵده‌گرین، به‌خێرایی خۆمان ده‌خه‌ینه‌ ناو پاسه‌كه‌‌و وه‌كو پلانیشمان دانابوو (من)‌و (نه‌به‌ز) له‌سه‌ر یه‌ك ته‌خت دانیشین له‌ ریزی ئێمه‌ش (تارا)‌و (ئاشنا) تا زوو، زوو تیچاوێك له‌یه‌كتر بكه‌ین‌و یه‌كتر بدوێنین‌و به‌و به‌یانیه‌ جوانه‌ تێر تێر له‌ جوانی ئه‌وان بڕوانین، چونكه‌ بڕیارماندا بوو هه‌ردووكمان پێكه‌وه‌ زه‌ماوه‌ند بكه‌ین، هه‌ردووكمان پێكه‌وه‌ خوێندن ته‌واو بكه‌ین‌و هه‌ردووكیشمان پێكه‌وه‌ ژیان زۆر به‌جوانی ببینین.
ده‌رگای ماڵه‌وه‌یان كرایه‌وه‌ (نه‌به‌ز) له‌ هه‌موو رۆژه‌كانا زیاتر سیمای كه‌یفخۆشی ده‌نواند، به‌ ده‌نگێكی زۆر رۆمانسیانه‌وه‌ گوتی:
(ده‌مێكه‌ چاوه‌ڕوانتم)
چی بزانم ئه‌و ده‌مێكه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه‌ مه‌رگ شاڵاوی بۆ بێنێ له‌ جیاتی هه‌موو ئاواته‌كانمان دواماڵئاوایی له‌ باوه‌شی من بكات!!
ئه‌م به‌یانیه‌ له‌ هه‌موو به‌یانیه‌كان تر جیاوازتر هه‌ر له‌گه‌ڵ سواربوونی له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ ده‌نگی رێكۆرده‌ره‌كه‌ی به‌رز كرده‌وه‌‌و له‌گه‌ڵ گۆرانی (بێزاریه‌) ی هونه‌رمه‌ند (ئه‌رده‌لان به‌كر) چووه‌ ناو ئه‌وپه‌ڕی بیركردنه‌وه‌‌و به‌ كه‌یفه‌وه‌ ده‌یگوته‌وه‌.. ده‌م‌و ده‌ست گوتی:
(هێمن زوو لێخوڕه‌ ئێستا كچان‌و كوڕانی زانكۆ له‌سه‌ر ئاو‌و ئاگرن، چاوه‌ڕێی ئێمه‌ن.. زۆر دواكه‌وتین).
*ئه‌و جگه‌ره‌یه‌ بكێشه‌..تۆ ئه‌و تاوانباره‌ نیت خه‌ڵك لێت بترسێ*
له‌ناكاو (هێمن) به‌تانیه‌كه‌ی به‌خێرایی كێشایه‌ سه‌ر ده‌م‌وچاوی وه‌ك بیه‌وێ له‌ جه‌نجاڵیه‌تی ناو قاوشه‌كه‌ زۆر بێزار بێت‌و هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدات سوچێك بدۆزێته‌وه‌ بۆ ئارامی، به‌ڵام هیچ چاره‌یه‌كی نه‌بوو، هه‌ستایه‌وه‌‌و پاكه‌ت‌و چه‌رخه‌كه‌ی ده‌رهێنا‌و به‌خێرایی هاته‌ لای من.. وام هه‌ستكرد پێی زانیوه‌ من ده‌مێكه‌ سه‌یری ده‌كه‌م‌و ئاگام له‌هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وته‌كانیه‌تی‌و لێم بێزار بوه‌ یان روونتر بڵێم لێم توڕه‌ بوه‌. سه‌ری پاكه‌ته‌كه‌ی كرده‌وه‌‌و فه‌رمووی لێكردم جگه‌ره‌یه‌ك بكێشم، له‌سه‌ر قه‌ره‌وێله‌كه‌ی من له‌ ته‌نیشتمه‌وه‌ دانیشت.
*ده‌كرێ له‌لات دانیشم، چونكه‌ تۆ به‌ كه‌سێكی نزیكی خۆم‌و جیاواز له‌وانیتر ده‌بینم، ئه‌و جگه‌ره‌یه‌ش بكێشه‌.
-من هه‌رگیز جگه‌ره‌م نه‌كێشاوه‌..خۆشحاڵم به‌و هاتنه‌ت، له‌و ده‌مه‌یه‌وه‌ هاتویته‌ ئه‌و قاوشه‌ منیش هه‌ستده‌كه‌م ده‌توانم لێره‌ له‌و زیندانه‌ له‌گه‌ڵ تۆدا ببمه‌ هاوڕێ، به‌ڵانم كه‌ هاتیه‌ لام،وامزانی لێم دڵگیری، چونكه‌ ده‌مێكه‌ سه‌یرت ده‌كه‌م، ده‌زانم له‌ناو چ گێژه‌ڵۆكه‌یه‌ك ده‌ژی، به‌ڵام هێشتا له‌ روونی كێشه‌كه‌ت نه‌گه‌یشتوم. (هێمن) زۆر به‌ قوڵی هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشا‌و گوتی:
*له‌وه‌ نه‌گه‌یشتم بۆچی (نه‌به‌ز) مرد منیش له‌گه‌ڵیا نه‌مردم!!!
كه‌مێ سه‌ری به‌ردایه‌وه‌، مژێكی به‌هێزی له‌ جگه‌ره‌كه‌یدا ‌و گوتی:
*تازه‌ من تۆ به‌ هاوڕێیه‌كی باشی خۆم ده‌بینم، له‌ روخساریشت دیاره‌ (تۆ ئه‌و تاوانباره‌ نیت خه‌ڵك لێت بترسێ) چونكه‌ ئه‌و كتێبانه‌ی ژوور سه‌رت‌و شه‌وی رابردوو تا نزیكه‌ی به‌یانی خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌یان‌و نووسین بوی هه‌ستمكرد‌و ئاهێكم هاته‌وه‌به‌ر كه‌ ئۆخه‌ی لێره‌ش كه‌سێكم هه‌یه‌ هه‌ستم ئارام بكاته‌وه‌‌و خه‌می ئه‌و دڵه‌می بۆ هه‌ڵڕێژم.
-به‌دڵنیاییه‌وه‌، تۆش لای من جیاوازتر ده‌بینرێی.
(هێمن) چاوه‌كانی به‌و لا‌و به‌م لادا گێڕا..
*بینیم دوێنێ شه‌و (قاوه‌ت) ده‌خوارده‌وه‌، ده‌كرێ منیش بتوانم قاوه‌یه‌كت له‌گه‌ڵ بخۆمه‌وه‌؟؟
-به‌دڵنیاییه‌وه‌.
له‌ شوێنه‌كه‌ی خۆم هه‌ڵسام‌و له‌ كارتۆنه‌كه‌ی ژێر قه‌ره‌وێڵه‌كه‌م قوتی قاوه‌كه‌م ده‌رهێنا‌و به‌خێرایی بۆ ئه‌و ئامێره‌ كاره‌باییه‌ چووم كه‌ به‌خێرایی ئاوه‌كه‌ی تیا گه‌رم ده‌بوو، هێنامه‌وه‌‌و دوو قاوه‌م بۆ هه‌ردووكمان دروستكرد، (هێمن) جگه‌ره‌كی دیكه‌ی داگیرساند‌و گوتی:
*من خوێندكاری زانكۆم..به‌ ئاواتێكی گه‌وره‌وه‌ ده‌مڕوانیه‌ ژیان، سه‌رباری خوێندنم سوپه‌رماركێتێكی گه‌وره‌شم هه‌یه‌، حه‌زم له‌ كاری ئازاده‌، چونكه‌ هه‌ستده‌كه‌م رۆژانه‌ مرۆڤه‌كان باری گوزه‌رانیان قورستر ده‌بێت.
به‌ر له‌ هه‌فته‌یه‌ك له‌ زانكۆ بڕیارماندا گه‌شتێك بۆ ده‌ره‌وه‌ی شار بكه‌ین، هه‌موومان رێككه‌وتین، له‌لای خۆمه‌وه‌ تاكه‌ هاوڕێی ئازیز‌و متمانه‌ پێكرا‌و وه‌كو كه‌سێكی رۆحی لای من (نه‌به‌ز) بوو، له‌ راده‌به‌ده‌ر یه‌كترمان خۆشده‌ویست، هه‌ردووكمان راستگۆ له‌گه‌ڵ یه‌كتر، هه‌ردووكمان تا ئێسقان ئازیزی یه‌كتر، هه‌ردووكیشمان له‌ ناخه‌وه‌ عاشق..تا شه‌و به‌یه‌كه‌وه‌ بوین، هه‌موو پێداویستیه‌كانی گه‌شتكردنمان ئاماده‌ كرد‌و خستمانه‌ ناو ئۆتۆمبیڵ تا به‌یانی زوو ئاماده‌ بین، دره‌نگانێ له‌و شه‌وه‌دا خوداحافیزیمان له‌ یه‌كتر كرد، هه‌ریه‌كه‌‌و ده‌رگای ماڵه‌وه‌مان كرده‌وه‌‌و له‌دوایشدا دامانخسته‌وه‌، چاوه‌كانمان چووه‌ خه‌وێكی ئارام...له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م زه‌رده‌په‌ڕی رۆژ من هه‌ستام، به‌گه‌رمیه‌وه‌ خۆم ئاماده‌ كرد‌و سولفی ئۆتۆمۆبێله‌كه‌م لێدا، پاش چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك له‌به‌رده‌می ماڵی(نه‌به‌ز) ئاماده‌ بووم‌و نوكه‌یه‌كم بۆ كرد، هاته‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی گوت:
(كچان‌و كوڕان ئێستا له‌سه‌ر ئاو‌و ئاگرن، دره‌نگ هات، سه‌ركه‌وت.. ئه‌و به‌یانیه‌ زیاتر له‌هه‌موو به‌یانیه‌كانی تر دڵخۆش بووین، له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆرانیه‌ی له‌سه‌ر ریكۆرده‌ره‌كه‌ بوو ئه‌وپه‌ڕی تامه‌زرۆیی به‌ رۆحی خۆی ده‌دا، وای هه‌ست ده‌كرد ئه‌و گۆرانیه‌ ته‌نها بۆ ئه‌و گوتراوه‌، له‌نێو گوڵشه‌نی ئه‌و هه‌موو خۆشیه‌دا‌و تریقانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو پێكه‌نینه‌وه‌ له‌ناكاو ئۆتۆمۆمبێله‌كه‌ به‌لاداهات‌و وه‌رگه‌ڕا، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م زانی مه‌رگ شاڵاومان بۆ دێنێ‌و له‌ خه‌سته‌خانه‌ چاوه‌كانم كرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌سه‌ف (نه‌به‌ز) بۆ دواجار به‌و به‌یانیه‌ جوانه‌ مالئاوایی لێكردم، ئه‌و بۆ ژێرگڵ، ‌و منیش ئه‌وه‌تا بۆ زیندان، به‌ڵام (بۆچی نه‌به‌ز مرد‌و منیش له‌گه‌ڵیا نه‌مردم..ئه‌سه‌ف ده‌بوایه‌ منیش بمردبام، فڕێكی له‌ قاوه‌كه‌دا، به‌ توندی مژی له‌ جگه‌ره‌كه‌ی دا‌و دوكه‌ڵی جگه‌ره‌كه‌ی هه‌ڵكێشایه‌وه‌‌و گوتی:
(ئه‌وه‌تا چاوه‌ڕێی بڕیاری دادگام تا بزانم چه‌ندی دیكه‌ له‌ زیندان ده‌مێنمه‌وه‌ چونكه‌ خانه‌واده‌یه‌ك مردنی كوڕه‌كه‌یان به‌ ئه‌نقه‌ست ده‌زانن‌و له‌ دادگا لێم خۆشنابن)!!


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7369
21/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاسكیلسوارێكی به‌ریتانی به‌ 80 رۆژ به‌ده‌وری زه‌ویدا ده‌سوڕێته‌وه‌ 21/9/2017
‌ لیستی پاڵێوراوانی خه‌ڵاتی گۆڵدن بۆی بڵاوكرایه‌وه‌ 21/9/2017
زانست
‌ سه‌یرترین دۆزینه‌وه‌كان له‌ مێژوودا 21/9/2017
‌ ئه‌تڵه‌نتیس؛ شارستانیه‌تی ونبوو 21/9/2017
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP