له‌ په‌یوه‌ندی‌ خوێندكار‌و مامۆستاوه‌، تا هاوژینی‌ له‌ کۆشکی سەرۆکایەتی
زۆر شت له‌باره‌ی‌ «خۆشه‌ویستی‌ سه‌ده‌» له‌ په‌یوه‌ندی‌ خوێندكار‌و مامۆستاوه‌، تا هاوژینی‌ له‌ کۆشکی سەرۆکایەتی ‌ 19/5/2017
ئاژانسه‌كان
په‌یوه‌ندی‌ ئیمانوێڵ ماكرۆن، سه‌رۆكی‌ هه‌ڵبژێردراوی‌ فه‌ره‌نسا‌و خاتوو بریجیت ترۆنیوی‌ هاوژینی‌، سه‌ره‌تا وه‌ك په‌یوه‌ندی‌ نێوان مامۆستا‌و خوێندكارێك ده‌ستیپێكرد، كه‌ ئه‌و كات (1993) ماكرۆن خوێندكاری‌ قوتابخانه‌یه‌كی‌ هه‌فتانه‌ی‌ شانۆ بوو، ته‌مه‌نی‌ ته‌نیا 15 ساڵ بوو، بیجیت-یش مامۆستای‌ هه‌مان قوتابخانه‌‌و ته‌مه‌نی‌ 39 ساڵ بوو.
كه‌ چاویان به‌یه‌ك كه‌وت ماكرۆن ته‌مه‌نی‌ 15 ساڵ‌و بریجیت 39 ساڵ بوو، ئه‌وان وه‌ك مامۆستا‌و خوێندكار یه‌كتریان ناسی‌، ماكرۆن خوێندكار‌و بریجیت مامۆستا، 24 ساڵ ته‌مه‌ن یه‌كێك له‌ جیاوازییه‌ گه‌وره‌كانی‌ نێوانیان بوو، به‌ڵام ئه‌و جیاوازییه‌ نه‌بووه‌ له‌مپه‌ر له‌ڕێی‌ گۆڕانی‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌یان بۆ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ئه‌وینداریی‌ كه‌ به‌ هاوسه‌رگیری‌ كۆتایی‌ هات. دووه‌م له‌مپه‌ر له‌ رێی‌ په‌وه‌ندییه‌ سۆزدارییه‌ی‌ ماكرۆن‌و بیجیت له‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌ویندارییه‌كه‌یان ئه‌وه‌بوو، كه‌ بریجیتی‌ مامۆستای‌ ئه‌و كات‌و هاوژینی‌ ئێستای‌ سه‌رۆك هاوسه‌ر‌و سێ‌ منداڵی‌ هه‌بوو.
ئه‌ونیدارییه‌كه‌یان ته‌نیا یه‌ك ساڵ‌ به‌ نهێنی‌ مایه‌وه‌، دواتر هه‌ردوولا ئاشكرایان كرد كه‌ ئه‌وینداری‌ یه‌كترین. باوكی‌ ماكرۆن سه‌ره‌تا پێی‌ وابووه‌ كوڕه‌كه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ سۆزداریی‌ له‌گه‌ڵ كچی‌ بریجیت هه‌یه‌، به‌ڵام دواتر به‌وه‌ی‌ زانیوه‌ كه‌ ماكرۆن شه‌یدای‌ بریجیت-ه‌ كه‌ 24 ساڵ له‌ ماكرۆن گه‌وره‌تره‌. ئه‌وان ئه‌وكات له‌ شاری‌ ئامیانی‌ باكووری‌ فه‌رنسابوو، خێزانی‌ ماكرۆن هه‌وڵیاندا كوڕه‌كه‌یان له‌ دڵخوازه‌كه‌ی‌ دووربخه‌نه‌وه‌‌و كۆتایی‌ به‌ په‌یوه‌ندیی‌ نێوانیان بهێنن، بۆ ئه‌مه‌ش بڕیاریاندا ماكرۆن بێرنه‌ پاریس بۆ خوێندن، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵه‌ش نه‌بووه‌ رێگر له‌به‌رده‌م په‌یوه‌ندی‌ ئه‌وینداری‌ ئه‌و دوو ئه‌وینداره‌. ئیمانوێل ماكرۆن له‌ باسی‌ ئه‌و قۆناغه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌یاندا ده‌ڵێ‌: دووركه‌وتنه‌وه‌م كۆتایی‌ به‌و په‌یوه‌ندییه‌ نه‌هێنا، رۆژانه‌ چه‌ندین سه‌عات به‌ ته‌له‌فون گفتوگۆمان ده‌كرد.
پلانه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌بوو ماكرۆن له‌ بریجیت دوور بخرێته‌وه‌، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی‌ قۆناغێكی‌ دیكه‌ برده‌ پێشه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ وایكرد بریجیت له‌ هاوژینه‌كه‌ی‌ جیابێته‌وه‌‌و بچێته‌ پاریس، له‌وێ‌ له‌گه‌ڵ ماكرۆن یه‌كیانگرته‌وه‌‌و پێكه‌وه‌ ژیان تا ساڵی‌ 2007 كه‌ به‌ ره‌سمی‌ هاوسه‌رگیرییان كرد.
بریجیت كه‌ دایكی‌ سێ‌ منداڵ‌و نه‌نكی‌ حه‌وت نه‌وه‌یه‌، له‌پاڵ «خوێندكار»ه‌كه‌یدا وه‌ك خانمی‌ یه‌كه‌می‌ فه‌رنسا ده‌چێته‌ كۆشكی‌ ئه‌لیزێ‌، له‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ سه‌ربوورده‌ی‌ ژیانی‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ماكرۆن ده‌ڵێ‌: ماكرۆن له‌ قوتابخانه‌دا جیاواز بوو له‌ هه‌موو هاوپۆل و خوێندكاره‌كان، له‌ رووی‌ فیكر‌و توانا‌و كارامه‌ییه‌وه‌ ئه‌مه‌ش وایكرد به‌رگه‌ نه‌گرم‌و وابه‌سته‌‌و پابه‌ندی‌ بم.
دایكی‌ ماكرۆن ده‌ڵێ‌: بریجیت ته‌نیا بووك نییه‌، ئه‌و ئێستا له‌ هاوڕێیه‌كیش زیاتره‌ بۆ من.
ئه‌وكاته‌ی‌ ماكرۆن پۆستی‌ وه‌زیری‌ ئابووری‌ وه‌رگرت، بریجیت ده‌ستی‌ له‌ كاری‌ مامۆستایی‌ كێشایه‌وه‌‌و وه‌ك راوێژكاری‌ هاوژینه‌كه‌ی‌ ده‌ستی‌ به‌كار كرد، میدیای‌ فه‌ره‌نسی‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ چه‌ندین جار ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ بریجیت كاریگه‌ریی‌ زۆری‌ له‌سه‌ر ماكرۆن هه‌یه‌ كایه‌ی‌ سیاسه‌ت‌و كاروباری‌ ژنان.
چیرۆكی‌ خۆشه‌ویستی‌ ماكرۆن‌و بریجیت ملیۆنه‌ها وشه‌ی‌ له‌باره‌وه‌ نووسراوه‌‌و وتراوه‌، له‌مه‌ودوا ئه‌م چیرۆكانه‌ به‌رده‌وامی‌‌و بره‌وی‌ زیاتریان ده‌بێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ فه‌رنساش، به‌تایبه‌ت كه‌ ماكرۆن بووه‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین وڵاته‌كانی‌ جیهان. ژیان‌و ئه‌وینداری‌ ئه‌و دووانه‌ مانشێتی‌ چه‌ندین گۆڤار‌و رۆژنامه‌یه‌ له‌ ئێستادا له‌ نموونه‌ی‌ ده‌یلی‌ مه‌یلی‌ بریتانی‌ كه‌ نووسیویه‌تی‌ «چیرۆكی‌ خۆشه‌ویستی‌ سه‌ده‌»، هه‌روه‌ها  تایمزی‌ بریتانی‌ ئه‌م مانشێته‌ی‌ هه‌بوو «راوچی‌ گه‌نجێك له‌ ئه‌لیزێ‌ ده‌بێ‌؟». بیلدی‌ ئه‌ڵمانیش نووسیویه‌تی‌ «24 ساڵ له‌و گه‌وره‌تره‌، له‌ نموونه‌ی‌ ئه‌و جۆره‌ هاوسه‌رگیریه‌ چۆن سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟» 
سوفیا دییه‌ دیزیر، رۆژنامه‌نووس له‌ گۆڤاری‌ (فانیتی‌ ڤێر فه‌ره‌نسا)، ده‌ڵێ‌: ئه‌و دوو هاوژینه‌ ریتمێكی‌ پێچه‌وانه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ سیاسته‌كاره‌كانی‌ جیهانیان گرتۆته‌به‌ر، به‌و پێیه‌ی‌ ماكرۆن وه‌ك سیاسه‌تكاره‌كانی‌ دیكه‌ هاوچینێكی‌ هه‌ڵنه‌بژاردووه‌ كه‌ چه‌ندین ساڵ له‌خۆی‌ بچووكتر بێ‌، ئه‌مه‌ش له‌ چه‌ندین لاوه‌ گوزارشتی‌ گه‌وره‌‌و جیاواز له‌ كه‌سێتی‌ ئه‌یمانوێڵ ماكرۆن ده‌كات.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7369
21/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاسكیلسوارێكی به‌ریتانی به‌ 80 رۆژ به‌ده‌وری زه‌ویدا ده‌سوڕێته‌وه‌ 21/9/2017
‌ لیستی پاڵێوراوانی خه‌ڵاتی گۆڵدن بۆی بڵاوكرایه‌وه‌ 21/9/2017
زانست
‌ سه‌یرترین دۆزینه‌وه‌كان له‌ مێژوودا 21/9/2017
‌ ئه‌تڵه‌نتیس؛ شارستانیه‌تی ونبوو 21/9/2017
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP