زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان بــــــۆته‌ کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ بۆ میسر
زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان بــــــۆته‌ کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ بۆ میسر ‌ 14/5/2017
ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا

گۆڤاری « نیوزویکی» ئه‌مریکا له‌ راپۆرتێکدا که‌تایبه‌ته‌ به‌ پرسی زۆربوونی ژماره‌ی دانیشتوان له‌میسر ،تێیدا هاتووه‌: کێشه‌ی زۆربوونی دانیشتوان،ترسناکترین هه‌ڕه‌شه‌یه‌ که‌ ڕووبه‌ڕوی میسر ده‌بێته‌وه‌. پێشتریش عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆکی میسر رایگه‌یاند: کێشه‌ی زۆربوونی دانیشتوان، هیچی له‌ کێشه‌ی تیرۆر که‌متر نییه‌.

100 ملیۆن که‌س
به‌پێی ده‌زگای ناوه‌ندی ئاماری میسری بێت، له‌ئێستادا ژماره‌ی دانیشتوانی میسر گه‌یشتۆته‌ 93 ملیۆن که‌س. جگه‌له‌وه‌ش 7 ملیۆن هاوڵاتی تری میسری، له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ژین و به‌مشێوه‌یه‌ش کۆی گشتی ده‌گاته‌ 100 ملیۆن که‌س.
چوار منداڵ له‌یه‌ک ده‌قیقه‌دا
محه‌مه‌د عه‌بدولجه‌لیل راوێژکاری ده‌زگای ناوه‌ندی ئاماری میسری به‌ که‌ناڵی cbc ی میسری راگه‌یاند: له‌ ئێستادا هه‌ر 15 چرکه‌ و منداڵێک له‌دایک ده‌بێت، واته‌ له‌هه‌ر ده‌قیقه‌قه‌یه‌کدا، چوار منداڵ له‌دایک ده‌بێت، ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌کی ترسناکه‌ بۆسه‌ر ئه‌م وڵاته‌. 

شوێنی نیشته‌جێبوونی خراپ
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ وێبسایتی «بوابة معلومات مصر»  له‌هه‌واڵێکدا رایگه‌یاند: کۆی گشتی رووبه‌ڕی میسر ده‌گاته‌ نزیکه‌ی یه‌ک ملیۆن کم چوارگۆشه‌، ئه‌مه‌ش رووبه‌رێکی زۆره‌، به‌ڵام کێشه‌که‌ له‌وه‌دایه‌ ،‌  ته‌نهاله‌  79 هه‌زار کم چوارگۆشه‌، واته‌ 7.9% ی رووبه‌ری گشتی میسر خه‌ڵکی ده‌ژین. واته‌ هه‌ر هاوڵاتییه‌کی میسری، له‌ یه‌ک مه‌تر چوارگۆشه‌ که‌متر ده‌ژی، ئه‌مه‌ش ترسێکی گه‌وره‌یه‌. 

ئابووریه‌کی خراپ 
د. سه‌لاح سه‌لام سه‌رۆکی ته‌ندروستی له‌دایکبوون له‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی میسری له‌ دیدارێکیدا له‌گه‌ڵ که‌ناڵی DW ی ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند: کێشه‌ گه‌وره‌که‌ له‌وه‌دایه‌، داهاتی خه‌ڵكی وه‌کو خۆیه‌تی، له‌کاتێکدا ژماره‌ی دانیشتوانیش زیاد ده‌کات، هه‌روه‌ها گه‌شه‌ی ئابووریش له‌چاوی زۆربوونی دانیشتواندا، یه‌ک ناگرێته‌وه‌. 

ساڵانه‌ دوو ملیۆن و نیو زیاد ده‌که‌ین
ئه‌و پسپۆره‌ میسرییه‌ راشیگه‌یاند: هه‌تاوه‌کو ساڵی 2008 ئێمه‌ ساڵانه‌ یه‌ک ملیۆنمان زیاد ده‌کرد، لێ ئێستا ساڵانه‌ دوو ملیۆن‌و نیو زیاد ده‌که‌ین. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا گه‌شه‌ی ساڵانه‌ی ئابووری میسر ناگاته‌ 4% . له‌درێژه‌ی وته‌که‌یدا ئه‌و پسپۆره‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، میسر بۆئه‌وه‌ی بتوانێت رووبه‌ڕوی ئه‌م کێشه‌یه‌ بێته‌وه‌، پێویسته‌ گه‌شه‌ی ساڵانه‌ی بگاته‌ 7.5% ، به‌واتایه‌کی تر پێویسته‌ گه‌شه‌ی ساڵانه‌، سێ جار له‌ گه‌شه‌ی دیمۆگرافی زیاتر بێت.
کێشه‌ی ئابووری زیاتر ده‌کات
کێشه‌یه‌کی تری ئه‌م زۆربوونه‌ ئه‌وه‌یه‌، له‌ئێستادا میسر بڕی هاورده‌کانی له‌چاو هه‌نارده‌کانی زۆره‌. کۆی گشتی هه‌نارده‌کانی میسر ده‌گاته‌ 20 ملیار دۆلار له‌ ساڵێکدا، له‌کاتێکدا بڕی هاورده‌کانی ده‌گاته‌ 40 ملیار دۆلار. ئه‌م کورتهێنانه‌ش له‌ بازرگانی ده‌ره‌کیدا، کێشه‌ی گه‌وره‌ی بۆ ئه‌م وڵاته‌ دروستکردوه‌، به‌تایبه‌تی له‌ڕووی ده‌ستکه‌وتنی دراوی گرانبه‌ها‌» دۆلار». 

دوو ته‌فسیری ئایینی جیاواز
له‌رووی ئاینییه‌وه‌ دوو ته‌فسیر و بۆچوونی جیاواز به‌رامبه‌ر به‌م کێشه‌یه‌ هه‌یه‌، له‌لایه‌که‌وه‌ هێزه ‌ئیسلامییه‌کان به‌رابه‌رێتی ئیخوان موسلمین‌و گرووپه‌ سه‌له‌فییه‌کان، دژی راگرتن‌و له‌باربردنی منداڵن‌و دژی هه‌موو سنوردارکردنێکی منداڵبوونن. له‌به‌رامبه‌ردا، ئه‌زهه‌ر و پیاوانی ئایینی، پشتگیری سیاسه‌ته‌کانی حکومه‌ت ده‌که‌ن، پێیان وایه‌  پێویسته‌ رێگری له‌م ته‌قینه‌وه‌ دیمۆگرافییه‌ بگیرێت، چونکه‌ کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی وئابووری زۆری بۆ میسر دروستکردووه‌و پێیان وایه‌، که‌سێک نه‌توانێت بژێوی منداڵه‌کانی په‌یدابکات، نابێت منداڵ دروست بکات. 
سیسی هۆشداری ده‌دات
پێشتریش عه‌بدو‌لفه‌تاح سیسی سه‌رۆکی میسر له‌دیدارێکی تایبه‌تدا رایگه‌یاند: کێشه‌ی زۆربوونی ژماره‌ی دانیشتوان، هیچی له‌ کێشه‌ی جه‌نگ له‌دژی تیرۆر که‌متر نییه‌. 
له‌ئێستادا پرسی زۆربوونی دانیشتوان، به‌یه‌کێک له‌کێشه‌ گه‌وره‌کانی میسر داده‌نرێت و چ حکومه‌ت و چ ئۆپۆزسیۆنیش،خاوه‌نی ئه‌جیندای تایبه‌ت به‌خۆیانن  و که‌سیش نازاێت ئه‌م کێشه‌ گه‌وره‌یه‌ ، میسر به‌ره‌و کوێ ده‌بات. 
سەرچاوە: سایتی دۆیتچەڤێلە


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7325
27/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی كچان دوا هه‌نگاوی یه‌كه‌م قۆناغی ده‌نێت 27/7/2017
‌ مباپی له‌ مه‌دریده‌ 27/7/2017
زانست
‌ دووباره‌ به‌كارهێنانه‌وه‌ی بوتڵی ئاو مه‌ترسیداره‌ 27/7/2017
‌ شه‌قامی چه‌تره‌كان 27/7/2017
‌ توێژینه‌وه‌یه‌ك: مانگی له‌ دایك بوونت، ته‌ندروستیت دیاری ده‌كات 27/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP