دوو پیاوه‌ تـرسناکه‌که‌ی جیهان
دوو پیاوه‌ تـرسناکه‌که‌ی جیهان ‌ 17/5/2017
ئاماده‌کردنی: ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا

له‌ راپۆرتێکدا رۆژنامه‌ی ئیندیپێندێنی به‌ریتانیا، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی ئه‌مریکا و محه‌مه‌د بن سه‌لمان، جێنشینی دووه‌م و وه‌زیری به‌رگری عه‌ره‌بستانی سعودیه‌، به‌ ترسناکترین مرۆڤی جیهان داده‌نێت . ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ پێی وایه‌، ئه‌م دوو ده‌سه‌ڵاتداره‌، هه‌ردووکیان به‌رپرسی سه‌ره‌کین، له‌ زیادکردنی جه‌نگ و ململانێ له‌گه‌ڵ ئێران، ئه‌مه‌ش ناوچه‌که‌ و جیهان، تووشی کاره‌ساتی گه‌وره‌ ده‌کات. 

سه‌ردانه‌که‌ی تره‌مپ
پاتریک کۆبیرن نووسه‌ر له‌ رۆژنامه‌ی ئیندیپێندن و پسپۆر له‌ بواری سه‌ربازیدا، له‌ راپۆرتێکیدا به‌ناونیشانی « تره‌مپ و محه‌مه‌د بن سه‌لمان، ترسناکترین پیاوی جیهانن و هه‌فته‌ی داهاتووش، یه‌کتری ده‌بینن». پاتریک ده‌ڵێت: وابڕیاره‌ هه‌فته‌ی دهاتوو، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌ردانی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ بکات و چاوی به‌ سه‌رانی که‌نداوی فارسی بکه‌وێت‌و کۆمه‌ڵێک پرسی گرنگی ناوچه‌که‌ له‌سه‌روهه‌مووشیانه‌وه‌، ئێران‌و جه‌نگ له‌دژی داعش، تاوتوێ بکات.

که‌سێکی سه‌ره‌ڕۆ و نه‌زانه‌
له‌ درێژه‌ی راپۆرته‌که‌دا هاتووه‌: محه‌مه‌د بن سه‌لمان که‌ ته‌مه‌نی 31 ساڵه‌، له‌پاش ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ ده‌ستی باوکی له‌ 2015 ه‌وه‌، هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر سعودیه‌دا سه‌پاندووه‌، کاتێک بووه‌ جێنشینی دووه‌م و وه‌زیری به‌رگری. ئه‌و نووسه‌ره‌ پێی وایه‌، تره‌مپ و بن سه‌لمان، هه‌ردووکیان که‌سانی سه‌ره‌ڕۆن و هه‌ڵوێستی دوژمنکارانه‌ی سیاسیان هه‌یه‌.
راپۆرتێکی گرنگ
 نووسه‌ره‌که‌ ئاماژه‌ی به‌ راپۆرتێکی  گرنگی ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌ڵمانیا داوه‌، کاتێک ساڵی 2015، هۆشداریی دایه‌ جیهان له‌باره‌ی ئاکامه‌ ترسناکه‌کانی جه‌نگی یه‌مه‌ن، له‌هه‌مانکاتیشدا میر محه‌مه‌دی به‌ که‌سێکی نه‌زان و هه‌ڵه‌شه‌ وه‌سفکرد. 

هۆشداری دایه‌ جیهان
نووسه‌ره‌که‌ ده‌ڵێت: ئه‌و راپۆرته‌ی ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌ڵمانیا، زۆر گرنگ بوو وپشتی به‌کۆمه‌ڵێک به‌ڵگه‌ی گرنگ ده‌به‌ست، هه‌ر ئه‌وکاته‌ هۆشداری دایه‌ جیهان، که‌ئه‌م پیاوه‌ ناوچه‌که‌‌و جیهان ده‌خاته‌ مه‌ترسی گه‌وره‌وه‌، به‌ڵام پاشتر به‌فشاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا، به‌شێکی زۆری راپۆرته‌که‌ی گۆڕی. 

قومارچییه‌کی سیاسییه‌
ئه‌و نووسه‌ره‌ پێی وایه‌ که‌ میر مه‌حه‌مه‌د که‌سێکی قومارچی سیاسییه‌ و گوێ له‌ئاکامه‌ ترسناکه‌کانی بڕیاره‌کانی ناگرێت.  له‌هه‌مانکاتیشدا جه‌ختی له‌سه‌ر دوایین لێدوانی ده‌کات بۆ که‌ناڵی عه‌ربییه‌، کاتێک گوتی: ئێمه‌ چاوه‌ڕێ ناکه‌ین  شه‌ڕه‌که‌ بکه‌وێته‌ ماڵی سعودیه‌وه‌، به‌ڵکه‌ له‌ئێستادا  کاربۆئه‌وه‌ ده‌که‌ین، که‌ شه‌ڕه‌که‌ بخه‌ینه‌‌ ناو ئێرانه‌وه‌. ئه‌و نووسه‌ره‌ ده‌ڵێت: زۆربه‌ی لێدوانه‌کانی، سیمایه‌کی تایه‌فیی پێوه‌ دیاربوو، هه‌روه‌ها دژایه‌تی شیعه‌کانی ده‌کرد. 

شیعه‌کان تووڕه‌ ده‌کات
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ئه‌و نووسه‌ره‌  پێی وایه‌،ئه‌م سیاسه‌ت و لێدوانانه‌ی میر مه‌حه‌مد ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ شیعه‌کانی عیراق ولوبنان و پاکستان، هه‌روه‌ها سعودیه‌ش‌، که‌به‌شێکی باش شیعه‌ی تێدا ده‌ژین، وا ده‌کات که‌هه‌موویان به‌ترس و نیگه‌رانی زۆره‌وه‌ سه‌یری بکه‌ن. 

ئامانجی فراوانکردنی ده‌سه‌ڵاتێتی
ئه‌و نووسه‌ره‌ پێی وایه،‌ ئامانجی سه‌ره‌کی له‌م لێدوان و سیاسه‌تانه‌ی  میر محه‌مه‌د ئه‌وه‌یه‌ که‌ که‌هه‌ژموونی خۆی له‌ناو سعودیه‌دابه‌هێز بکات،هه‌رچه‌نده‌ ‌هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ هۆی زیادکردنی جه‌نگی تایه‌فیی و مه‌زهه‌بی و دژایه‌تیکردنی شیعه‌کان له‌سعودیه‌ و ناوچه‌که‌. 

شکسته‌کانی له‌ سوریا
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ راپۆرته‌که‌ باس له‌ شکسته‌کانی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ ده‌کات له‌ سوریا. سه‌ره‌تا پشتگیرییه‌کی زۆری گرووپه‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وکانی کرد له‌سه‌روهه‌مووشیانه‌وه‌ به‌ره‌ی نوسره‌، که‌دواتر ناوه‌که‌ی بۆ « جیش فتح» گۆڕا. راسته‌ سه‌ره‌تا هه‌ندێک سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام به‌ هاتنی روسیا، شکستی گه‌وره‌یان هێنا. له‌لایکه‌ی تره‌وه‌ سه‌رۆک ئۆباما، ئاماده‌نه‌بوو هه‌روه‌ک چۆن رژێمی قه‌زافی رووخان، رژێمی ئه‌سه‌دیش بروخێنێت و به‌شداری جه‌نگی سوریا بکات. هه‌موو ئه‌مانه‌ش عه‌ربستانی سعودیه‌‌ی له‌ سوریا تووشی شکستی گه‌وره‌‌ کرد.

جه‌نگ له‌دژی ئێران
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ هه‌ردوولا له‌سه‌رئه‌وه‌کۆکن، که‌  فشاری زیاتر بخه‌نه‌ سه‌ر ئێران ئه‌وه‌ش له‌رێگه‌ی، به‌ستنی کۆمه‌ڵێک سه‌فقه‌ی سه‌ربازیی و فرۆشتنی  چه‌کوته‌قه‌مه‌نی زۆر  به‌ سعودیه‌و پشتگیرکردنی له‌جه‌نگی یه‌مه‌ن. هه‌روه‌ها پشتگیریکردنی که‌مه‌نه‌ته‌وه‌کانی ئێران، بۆئه‌وه‌ی دژی رژێمی ئێران بوه‌ستنه‌وه‌. 
هه‌موو ئه‌مانه‌ش وایکردووه‌، که‌ناوچه‌که‌ و جیهان رووبه‌روی ترسی گه‌وره‌ بێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌به‌شێکی ناوه‌نده‌ سیاسییه‌کانی جیهان، به‌ترس و گومانێکی زۆره‌وه‌، سه‌یری په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م دوو که‌سایه‌تییه‌ ده‌که‌ن.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7280
30/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ كیربیر ماڵئاوایی كرد 30/5/2017
‌ به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ ده‌باته‌ سه‌ر 30/5/2017
زانست
‌ خواردنه‌وه‌ی دوو كوپ قاوه‌ له‌ ڕۆژێكدا به‌سووده‌ 30/5/2017
‌ به‌ر له‌ به‌كارهێنانی بۆنخۆشكه‌ری هه‌وا ده‌بێت ئه‌م ڕاپۆرته‌ بخوێنینه‌وه‌ 30/5/2017
‌ كیوكن هۆف، سه‌رچاوه‌ی نان به‌ گوڵ 28/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP