ئەدگاری وێنەكانی شاخ
ئەدگاری وێنەكانی شاخ ‌ مستەفا چاورەش *‌ 18/5/2017
زنجیرە نووسینێکی هەڤاڵ مستەفا چاوڕەشە، تایبەت بۆ کوردستانی نوێی دەنووسێت.
(13)
ئه‌م وێنه‌یه‌ مێژووه‌كه‌ی‌ ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مانگی‌ (12/1977) ئه‌وه‌ چه‌ند ئه‌ڵقه‌یه‌كه‌ له‌سه‌ر وێنه‌كان ئه‌دوێم ، وێنه‌كانی‌ رۆژانی‌ خه‌باتی‌ شاخ زۆرن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ كه‌ لای‌ من مه‌به‌سته‌ به‌ بیر هێنانه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌س‌و رووداوانه‌یه‌ كه‌ له‌ رێگای‌ وێنه‌كانه‌وه‌ تیشكیان ده‌خه‌مه‌ سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ بیر هه‌ڤاڵه‌كانی‌ خۆمان ‌و خه‌ڵكی‌ بهێنینه‌وه‌ شۆرش‌و خه‌بات له‌و رۆژگارانه‌دا چۆن بووه‌.. ئه‌مه‌ مانای‌ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ تریش وێنه‌‌و ئه‌رشیفی‌ نیه‌ ، هه‌موو یه‌كێ‌ له‌و پێشمه‌رگه‌و هه‌ڤاڵانه‌مان ڕه‌نگه‌ ئه‌رشیفێكی‌ هه‌بێ‌ . كه‌ من باسی‌ ئه‌و یادگارو ڕۆژگارانه‌ ده‌كه‌م مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ باسی‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ هه‌ولێر‌وقه‌ڵادزێ‌‌و شاره‌زوور‌و گه‌رمیان‌و هه‌موو ناوچه‌كانی‌ كوردستان ده‌كه‌م.  من لێره‌دا به‌ ئه‌ركی‌ خۆم زانی‌ ئه‌وه‌ روون بكه‌مه‌وه‌ خه‌ڵك واتێنه‌گا كه‌ ئه‌مه‌م بۆ خۆ ده‌رخستن كردبێت، به‌ڵكو ته‌نیا بۆ بیر خستنه‌وه‌‌و سوود لێوه‌رگرتنه‌،
 ئه‌م وێنه‌یه‌ گوندی‌ زێوكه‌ی‌ ئێرانه‌ كه‌ له‌ توركیاوه‌ دوو سێ‌ ڕۆژ به‌ڕێوه‌ بووین. له‌ سه‌ره‌تای‌ شۆرشدا بوو، له‌ چۆمی‌ گاده‌ دوو ڕۆژ رێگامان بڕی‌‌و له‌ توركیا هه‌موومان یه‌كمان گرته‌وه‌، وه‌جبه‌یه‌ك چه‌كمان هێنا، به‌رپرسی‌ ڕه‌تڵه‌كه‌شمان كاك نۆشیروانه‌ كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی‌ وێنه‌كه‌دایه‌.
كه‌سی‌ یه‌كه‌م له‌ڕاسته‌وه‌ شه‌هید جه‌باری‌ عه‌لی‌ عه‌وێزه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی‌ بارودۆخێكی‌ ناخۆشه‌وه‌ شه‌هید جه‌بار گیانی‌ له‌ ده‌ستدا ، ئه‌وكاته‌ ئه‌و پێشمه‌رگه‌ بوو له‌گه‌ڵمان ئه‌و سه‌رده‌مه‌ من كاغه‌زێكم بۆ براده‌ران نوسی‌ وتم ڕه‌نگه‌ ئه‌و ئاگای‌ له‌و بابه‌ته‌ نه‌بێت كه‌ بووه‌ هۆی‌ كوژرانی‌. له‌م ساڵانه‌ی‌ دواییشدا یه‌كێتی‌ به‌ ره‌دی‌ ئیعتیبار وه‌ك شه‌هیدی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ ئه‌ژماری‌ كرد.
كه‌سی‌ دووه‌م: كه‌ریمی‌ داده‌ مه‌نێ‌ یه‌ ئه‌ویش پێشمه‌رگه‌ بوو له‌گه‌ڵماندا ، له‌ شۆڕشی‌ ئه‌یلولیشدا كه‌ریم هه‌ر پێشمه‌رگه‌ بوو، پیاوێكی‌ خه‌باتگێر بوو، له‌ شۆڕشی‌ نوێدا له‌ مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كاندا بوو، له‌و حه‌مله‌یه‌دا بوو كه‌ له‌ توركیاوه‌ هاتینه‌وه‌ ئه‌ویشمان له‌ گه‌ڵدا بوو، دوای‌ ئه‌وه‌ ئه‌وان كۆمه‌ڵێك كه‌س بوون دوای‌ هاتنه‌وه‌مان ته‌سلیم بونه‌وه‌، كه‌ریم برایه‌كیشی‌ شه‌هیده‌ ، دواتر بۆ جاری‌ دووهه‌م كه‌ریم هاته‌وه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام له‌شه‌ڕی‌ ئێران و عێراق له‌ ئێران به‌هۆی‌ بۆردومانی‌ فرۆكه‌وه‌وه‌ شه‌هید بوو.
كه‌سی‌ سێ یه‌م: ملازم عومه‌ره‌ له‌ ئه‌ڵقه‌كانی‌ تریشدا باسم كردووه‌‌و تیشكم خستوه‌ته‌ سه‌ر رۆڵ‌و خه‌باتی‌ به‌رچاوی‌ ئه‌و له‌ شۆرشدا ،كه‌ هاتینه‌وه‌ ئه‌و به‌رپرسی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بوو. هه‌موو به‌یه‌كه‌وه‌ بووین یه‌كێكه‌ له‌ پیاوه‌ هه‌ره‌ تێكۆشه‌ره‌كان‌و ئێستاش له‌ژیاندا ماوه‌ هیوای‌ ته‌مه‌ن درێژی‌ بۆ ئه‌خوازم.
كه‌سی‌ چواره‌م وه‌ك له‌ وێنه‌كه‌دا دیاره‌ كاك نه‌وشیروانه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌ دوو ڕه‌تڵ گه‌ڕاینه‌وه‌ كاك نوشیروان به‌رپرسی‌ ڕه‌تڵه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ بوو،  ئێمه‌ دوو سێ‌ ڕۆژ به‌ر له‌ هه‌ڤاڵ مام جه‌لال و خوالێخۆشبوو ره‌سول مامه‌ند و ئه‌وان به‌ڕێكه‌وتین ، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌نهێنی‌ له‌  ئێرانه‌وه‌ هاتین،  نه‌مان ئه‌هێشت حكومه‌تی‌ ئێران پێمان بزانێ‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ش ئاسان نه‌بوو.
كه‌سی‌ پێنجه‌م: شه‌هید عوسمانی‌ قاله‌ منه‌وه‌ره‌. ئه‌مه‌ی‌ كه‌باسی‌ ده‌كه‌م سه‌ره‌تای‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستانه‌. كاك عوسمانیش یه‌كێك بوو له‌و پێشمه‌رگانه‌ پێشتریش له‌ شۆڕشی‌ ئه‌یلول پێكه‌وه‌ بووین ، كاتی‌ خۆی‌ من كه‌ گه‌نج بووم له‌ ساڵانی‌ شه‌ست و پێنج و ئه‌وانه‌ له‌ ریزه‌كانی‌ حزبی‌ شیوعی‌ بووم،  كاك عوسمانیش له‌ناو پردان مورافیقی‌ دكتۆر سامی‌ عبدالرحمن بوو. هاورێتی‌ زۆرمان هه‌بوو ، به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆوه‌ شه‌هید بوو ، سڵاو ئه‌نێرم بۆ كه‌س وكاری‌ و بۆ نه‌سرین خانی‌ خێزانی‌ چاوی‌ هه‌ردوو كچه‌كه‌ی‌ ماچ ده‌كه‌م.كه‌سی‌ شه‌شه‌میش خۆمم.
كه‌سی‌ حه‌وته‌م: هاوڕێ‌ جه‌باره‌ كه‌ پیاوێكی‌ زۆر هێمن و له‌سه‌رخۆ بوو، من و كاك جه‌بارو عه‌لی‌ ئامه‌ خان كه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ ئێمه‌ هه‌رسێكمان مه‌سئولی‌ هێسترێك بووین كه‌ بارمان لێنابوو له‌هاتنه‌وه‌ماندا له‌ هه‌ر شوێنێك لامان ئه‌دا ئه‌بوایه‌ كاو جۆمان به‌ وڵاخه‌كه‌ بدایه‌،  یه‌كێك له‌كێشه‌كانمان ئه‌وه‌ بوو كه‌ باره‌كه‌ بكه‌وتایه‌ نه‌مان ئه‌زانی‌ چاكی‌ بكه‌ینه‌وه‌، باش بوو هه‌ندێك خه‌ڵكی‌ چۆخماخ و هه‌ڵه‌دن وگه‌وره‌دێ‌ و ئه‌وگوندانه‌مان له‌گه‌ڵدا بوو، ئه‌وان لێیان ده‌زانی‌‌و ئه‌هاتن باره‌كه‌یان بۆ چاك ئه‌كردینه‌وه‌. مامۆستا عه‌زیزیشمان له‌گه‌ڵدا بوو یادی‌ به‌خێر دواتر ئه‌ویش له‌ لایه‌ن رژێمی‌ به‌عسه‌وه‌ له‌ سێداره‌درا،  مامۆستا عه‌زیز جارێك باره‌كه‌ی‌ ئه‌كه‌وێ‌ داوا ئه‌كات باره‌كه‌ی‌ بۆ چاك بكه‌نه‌وه‌. كوڕێك دێ‌ ئه‌ڵێ‌ مردوو مرێ‌ ئه‌گه‌ر نازانن بارببه‌ستن بۆ دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ پێشمه‌رگایه‌تی‌ ؟  مامۆستا عه‌زیزیش ئه‌ڵێ‌ به‌خوا نه‌مزانی‌ ئه‌بم به‌ قه‌تارچی‌ ، ده‌تۆش وه‌ره‌ دوو پرسیاری‌ فیزیام بۆ حه‌ل كه‌ با منیش بێم‌و ده‌ بارت بۆ ببه‌ستم. ئیتر ئه‌مه‌ وه‌كو نوكته‌ له‌ زمانی‌ ئه‌وه‌وه‌ بڵاو بوه‌وه‌.  هاوڕێ‌ جه‌باریش هه‌ر له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا بوو ئێستاش له‌ ژیاندا ماوه‌ هیوای‌ ته‌مه‌ن درێژی‌  بۆ ئه‌خوازم.
دانیشوه‌كان له‌ده‌ستی‌ چه‌په‌وه‌ : كه‌سی‌ هه‌شته‌می‌ ناو وێنه‌كه‌ شه‌هید فاروقه‌ له‌مه‌فره‌زه‌كه‌ی‌ ملازم عومه‌ر بوو،  گه‌نجێك بوو ته‌مه‌نی‌ له‌ده‌وری‌ هه‌ژده‌و نۆزده‌ ساڵدا بوو ، پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ ڕووح سوك بوو. پێشتر پۆلیس بوو دوایی‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌ بوو به‌ پێشمه‌رگه‌ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ ئێران به‌هۆی‌ كه‌سێكه‌وه‌ كه‌ خیانه‌تی‌ لێكرد گرتیان و راده‌ستی‌ عێراق كرایه‌وه‌‌و رژێمی‌ به‌عسیش له‌سێداره‌ی‌ دا، شه‌هید فاروق له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ خه‌ڵكی‌ شاری‌ سلێمانیه‌، سڵاو بۆ گیانی‌ پاكی‌ ده‌نێرم.
كه‌سی‌ نۆیه‌م: حه‌بیبه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ملازم عومه‌ردا  پێشمه‌رگه‌ بوو ، پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ ئازاو كوڕێكی‌ چاك بوو ئێستا نازانم له‌ژیاندا ماوه‌ یان نا ئه‌گه‌ر مابێ‌ سڵاوم هه‌یه‌ بۆی‌. كه‌سی‌ ده‌یه‌م: ناناسمه‌وه‌.
كه‌سی‌ یازده‌هه‌م: ئازاد ده‌ره‌میانه‌ییه‌ كه‌  یه‌كێك بوو له‌ پێشمه‌رگه‌ ئازاكان‌و به‌رپرسی‌ مه‌فره‌زه‌كه‌ی‌ ملازم عومه‌ر بوو له‌م ساڵانه‌ی‌ دوایشدا هه‌ر له‌ریزی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ دا بوو به‌ پله‌ی‌ سه‌رتیپ.  ئه‌وانه‌ی‌ له‌م وێنه‌یه‌دان بۆ شۆرش‌و كوردایه‌تی‌ به‌ رابه‌رایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان روویان له‌ شاخ كردوه‌‌و وێنه‌یه‌ك نابینی‌ هه‌ڤاڵێك یان زیاتر له‌و هه‌ڤاڵانه‌ی‌ تیا نه‌بێت كه‌ له‌و خه‌باته‌دا شه‌هید بوون‌و گیانی‌ خۆیان كردوه‌ته‌ قوربانی‌ ئامانجه‌ پیرۆزه‌كانی‌ شۆرش‌و یه‌كێتی‌ ، بۆیه‌ ده‌ڵێم با ئه‌و شه‌هیدانه‌ به‌ بیر خۆمان بهێنینه‌وه‌و به‌ درێژه‌ پێدانی‌ رێبازه‌كه‌یان وه‌فادارییان بۆ ده‌ربرین‌و ریزه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ به‌ برایه‌تی‌‌و ته‌بایی‌ به‌ هێزتر بكه‌ین . 
*لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێكخستنی پێشمەرگە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7344
18/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ نێو لیستی باشترین 10 یاریزانی ئه‌وروپادا ناوی نه‌یمار نییه‌ 17/8/2017
‌ یاریزانانی سلێمانی پێشه‌نگ بوون 17/8/2017
زانست
‌ لەسەر زمانی ئێمەیە‌و لەسەر پەنجەی كەڕولاڵەكانیشە 18/8/2017
‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئاره‌زوو ده‌كه‌ن ببن به‌ دایك ئه‌م بابه‌ته‌ بخوێننه‌وه‌ 18/8/2017
‌ منداڵ هه‌ستی‌ حه‌وته‌میشی‌ هه‌یه‌ 18/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP