یەكێتیی قۆناغی داهاتوو
روانگە یەكێتیی قۆناغی داهاتوو ‌ سۆران علی‌ 18/5/2017
پێناچێت دەرفەتێكی گەنجاوتر لە سەروبەندی یادی 42 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەبێت تا بكرێتە بیانوویەك بۆ قسەكردن لەسەر هەڵسەنگاندن‌و بەخۆداچوونەوە‌و بەرنامەڕێژی بۆ داهاتووی ئەو حزبە تێكۆشەر‌و قوربانیدەر‌و خاوەن خەبات‌و مێژووە، ئەگەر بەر لەو وادەیەش دەستبردن بۆ پرسی لەوجۆرە لەبەر هەندێك ئیعتیباری ناوخۆیی، تاڕادەیەك دوودڵی‌و سڵەمینەوەی تێدا بووبێت، ئەوا هاتنەپێشەوەی یادەكە رەوایی دەداتە دەربڕینی هەر دید‌و تێڕوانینێكی لۆجیكی‌و بەئینسافانە سەبارەت بە رابردو‌و و داهاتووی حزبی شەهیدان، كە لەم ساڵانەی دواییدا قۆناغگەلێكی سەختی تێپەڕاندووە‌و كەوتووەتە ژێر گوشارگەلێكی زۆرەوە.
یادكردنەوەی ئەمساڵی دامەزراندنی یەكێتی بە مانای وشە جیاوازە، چونكە جگە لەو بۆشاییە گەورە‌و كاریگەرەی غیابی مام جەلال؛ چ وەك كاریزمایەكی نیشتمانی‌و نەتەوەیی، چ وەك سكرتێری گشتی‌و كەسی یەكەمی حزب بەهۆی نەخۆشەكەوتنەكەیەوە دروستی كردووە. یادكردنەوەكە لەكاتێكدا دێت كە هەم هەرێمی كوردستان چەند ساڵێكە بە بارێكی قەیراناوی قورسی چارەسەرنەكراوی تەواو نائاساییدا تێدەپەڕێت، هەمیش خودی سەركردایەتیی حزبەكە لەناوخۆیدا گرفت‌و كێشە‌و لێكنەگەیشتنی هەیە، هەموو ئەمانەش لەلایەك رۆڵیان هەبووە لەسەر ئەدا‌و دەركەوتنی وەك حزبێكی سەرەكی خاوەن پێگە‌و دەستپێشخەری لەگۆڕەپانی سیاسیدا، لەلایەكی تریشەوە لەڕووی پێكهاتە‌و رێكخراوەییەوە زۆرینەی ئۆرگان‌و دامەزراوەكانی كەم تا زۆر كاریگەربوون بەو هەلومەرج‌و بارە نائاساییە‌و دەستبەسراوانە كاری خۆیان رایی كردووە‌و هەڵسوكەوتیان نواندووە.
سەرەڕای ئەو سەختیانەش، كەچی یەكێتی؛ حزبی رۆژگارە دژوارەكان، لەڕاپەڕاندن‌و بەئەنجامگەیاندنی ئەركە جەماوەری‌و نیشتمانی‌و نەتەوەییەكانی، خاونەبۆتەوە‌و دوانەكەوتووە، لەبەرگریی‌و كاری پێشمەرگانەدا ئەو شانازییەی پێبڕاوە بەشی هەرەزۆری پاراستنی سنووری هەرێمی كوردستانی لەهێرشی تیرۆریستانی داعش لەئەستۆدابێت، بەهەمان گوڕ‌وتینی رابردووشەوە هاوكارییەكانی بۆ كوردانی پارچەكانی دیكەی كوردستان درێژەپێداوە‌و لەپشتیوانیكردنی دۆزی رەوایان نەوەستاوە، لەناوخۆشدا ئەوەندەی پێی كرابێت‌و گرفتەكانی خۆی بواریان دابێت‌و ئیستیجابەی بەرامبەری بەدیكردبێت، بەپڕۆژە‌و هەوڵی دڵسۆزانەی ئاشتەوایی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری مامناوەند‌و قبوڵكراو بۆ كێشەكان لەكاردابووە، لەوەشدا بەیەك دووریی لەهەمووان وەستاوە‌و تەنانەت دەستبەرداری ئیستیحقاق‌و پشكی خۆیشی بووە بەخاتری پارێزگاریی لەبێلایەنییەكەی‌و نەبادا مەیلداریی بۆ لایەنێكی دیاریكراو لەسەر ببێتە ماڵ.
بەڵام بەدیوێكی دیكەدا ئەو بارە نەخوازراوە لێكەوتەی نەرێنی‌و خراپیشی هەبووە، لەزۆر بۆنە‌و جێگادا رێگربووە لەوەی یەكێتی بەگوێرەی دنیابینی‌و پرەنسیپە چەسپاوەكانی خۆی‌و بەلەبەرچاوگرتنی ئەو قورساییەی لەسەر ئاستە جیاجیاكان هەیەتی، بچێتە پێشەوە‌و وەكو پێشوو مومارەسەی سەرمەشقییەكانی بكات، كە پێی ناسراوە. خەمخۆری‌و پەرۆشییەكەی بۆ ئەزموونی هەرێمی كوردستان ناچاری قبوڵكردنی زۆر هەڵوێستی كردووە، ئەگەر لەبنەڕەتیشدا لەگەڵ بۆچوون‌و روانگە‌و بنەماكانیشیدا یەكیان نەگرتبێتەوە، هەستیاری‌و ناسكیی دۆخەكە‌و چاوپۆشین‌و تەنانەت هەندێك كاتیش بێدەنگبوون لەبەرامبەر زۆر كاری نایاسایی‌و ناهەقی‌و بێویژدانی‌و ستەم‌و قۆرغكردنی دەسەڵاتی، بەسەردا سەپاندووە. لەپێناو راگرتنی باڵانس‌و هێشتنەوەی تاڵە مووی گەیشتن بە دەرچە، نەرمیی نواندنەكانی دووچاری زۆر رەخنە‌و گلەیی‌و گازندەیان لەسەر ئاستی نێوخۆی حزب‌و دەرەوەیدا كردۆتەوە، سەرەنجامیش باجی بارودۆخێكی هەڵتۆقیوی داوە كە نە دەستی لەسەرهەڵدانیدا هەبووە، نە هۆكاریش بووە لەدروستبوونیدا.
ئێستاش لەگەڵ یادكردنەوەی 42یەمین ساڵەی تەمەنی یەكێتی-دا ئاماژەكان دەریدەخەن قۆناغێكی جیاواز لەچەند ساڵی رابردوو بەڕێوەیە، قۆناغێك زۆربەی كایەكان بەرەو گۆڕانكاریی گەورە‌و ریشەیی دەبات، قۆناغێك بەرنامە‌و شێوازی كاری نوێ‌و جۆرێكی دیكە لەبیركردنەوە‌و مامەڵە‌و هەڵوێستی سیاسی‌و بڕیاردان دەخوازێت، قۆناغێك رۆڵگێڕانێكی جیاوازتری یەكێتی وەك حزبێكی داهێنەر‌و نوێگەر‌و پێشكەوتنخوازی گەرەكە، كە تەواو بارتەقای سەروەری‌و پایە‌و ئەزموونی زیاتر لە چوار دەیەی بێت، بەگەواهی هەموو لایەكیش یەكێتی توانای زۆر لەوە زیاتریش شك دەبات.
هێشتا درەنگ نییە بۆئەوەی یەكێتی-یە خەمخۆر‌و دڵسۆزەكان بكەونەخۆ لەپێناو پەنجە خستنەسەر برین‌و كەلێنەكان ئینجا ساڕێژكردن‌و رەدمكردنەوەیان، كاتێتی ئەم یادكردنەوەیە بكرێتە دەستپێكی بەخۆداچوونەوەیەكی قوڵ‌و مشتوماڵ‌و خۆڕێكخستنەوەیەكی ژیرانە‌و بوێرانە بەرەو تێپەڕاندنی ناهەموارییەكان‌و ئامادەكردنەوەی یەكێتی بۆ هاتنەوەمەیدان‌و جڵەوگرتنەوەدەست بەهەمان شكۆ‌و ورە‌و حەماسەتەكەی جارانییەوە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7274
23/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ زڤیریڤ هه‌موو ئه‌گه‌رێكی پێچه‌وانه‌ كرده‌وه‌ 23/5/2017
‌ فه‌نارباخچه‌ پاڵه‌وانی ئه‌وروپایه‌ 23/5/2017
زانست
‌ یاری (Spinner) جیهان داگیر ده‌كات 23/5/2017
‌ زاناكان: لاشه‌ی مرۆڤ پێكهاته‌ی كیمیایی خاك ده‌گۆڕێت 23/5/2017
‌ قرشێكی ده‌گمه‌ن له‌ گڕكانه‌ چالاكه‌كاندا ده‌ژی 17/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP