کوردو سەردەمی هێزی نەرم
کوردو سەردەمی هێزی نەرم ‌ ئازاد ئیبراهیم ‌ 19/5/2017
بەوردبوونەوەو تێگەشتن لەشێوەو میکانیزمی ناکۆکی و جەنگەکانی جیهان لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، دەردەکەوێت کە لەئێستادا فۆرم و شێوەی جەنگەکان گۆڕانکاڕییان بەسەردا هاتووەو چیتر جەنگەکانی ئەم سەردەمە هاوشێوی جەنگە کلاسیکییە کۆنەکان نابێت.
بەمانایەکیتر، ئەم سەردەمەی پێیدەگوترێت گڵۆباڵ و بەگوندبوونی جیهان، ئەوەندەی سەردەمی پێکدادانی هێزی نەرمی وڵاتانە؛ هێندە سەردەمی جەنگی گەرم و داگیرکاری نێوان وڵاتان نییە.
فەیلەسووفی فەرەنسی «پۆڵ ڕیکۆر» دەمێکە وتوویەتی «لەئایندەدا ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکاو فەرەنسا، جەنگی یونیڤێرساڵێتیی دەبێت»
لەئێستاشدا بەتەواوی ئەم نمایشە لەجەنگی هەموو زلهێزەکاندا دەبینین کە بەهەمان ئامانج و هەمان شێوە کلاسیکییەکەی جاران ناچنە جەنگی وڵاتە نەیارەکانیانەوە.
بەڵکو ئێستا هەر جەنگێک لینکی ڕاستەوخۆی بەئابووری و هێزی نەرمی ئەو وڵاتانەوە هەیە کە دوولایەنی جەنگەکانن و هەریەکەو هەوڵی بەیونیڤێرساڵێتی خۆی دەدات.
بەبەراورد بەوڵاتانی جیهان، ئەوەی لەسەردەمی ڕابردووداو بەئێستایشەوە یەک شێوازی جەنگی تاقیکردۆتەوەو بەردەوام یەک هۆکاری بۆ جەنگەکان هەبووە؛ تەنها میللەتی کوردە؛ کە هێشتا جەنگی بەرامبەرکێ و زمانی تفەنگەکان بەڕێگاچارەو بەیەکەم و بەدوا کارتێک دەزانێت لەگەڵ نەیارەکانیدا بەکاری بهێنێت تاکو ئەوەی لێی سەنراوە؛ بەدەستی بهێنێتەوە.
ئەگەر بۆ ڕۆژگارێکی ڕابردوو، مۆدێلی پارتیزانی و کەمینگرتن لەدووژمن و ڕووکردنە ئەشکەوتەکان؛ باشترین و پڕشانازیترین مۆدێلی ڕووبەڕووبوونەوەی کورد بووە لەگەڵ دوژمندا،
ئەوا چیتر ئەم مۆدێلە لەجەنگ بۆ سەردەمێکی وەک ئەمڕۆ هەمان گرنگی و پێویستییەکەی جارانی نابێت، ئێستا کورد لەبەردەم پێکدادانێکی نوێدایە کە جەنگی چەسپاندنی هێزی نەرمی خۆیەتی و دەتوانێت لەڕێگای فەرهەنگ و ڕەمزەنەتەوەییەکان و سیاسەتی دەرەوەوە پێیبگات.
سەردەمی ئەمڕۆی جیهان وادەخوازێت، کوردیش پێویستی بەفۆرم و مۆدێلی هاوشێوەی جەنگەکانی ئەمڕۆ هەیە. پێویستی بەبەشدارییە لەوجەنگەدا ڕۆژانە لەمسی بەرهەمەکانی دەکات و لەئەنجامی ململانێکانەوە بۆ دەستگرتن بەسەر جیهاندا دێنەبەرهەم و لەچرکەیەکدا جیهانمان بۆ بچوکدەکەنەوە بۆ گوندێک.
بەمانایەکیتر؛ مۆدێلی کوردانە بۆ خەبات و گەیشتن بەئازادی و دەوڵەتداری، پێویستی بەتەداخولاتی جەنگەکانی سەردەم هەیە و پێویستە کوردیش لەجەنگەکانی دیموکراسی و مۆدێرنێتەو جەنگی بەرهەمە ئەلکترۆنییەکان و جەنگی ئابووری و نەوتدا بەشداربێت و بەمارکەو بەرهەمی کوردییەوە لەگۆشەیەکی ئەو خاریتە پڕناکۆکیی و جەنگەوە بچێتەژوورێ کە سەرمایەداری و بازاڕی ئازاد بەرهەمی دێنێت.
بۆئەوەی باشتر لەپێویستی بەشداری کورد لەم پێکدادانانەی سەردەمدا تێبگەین، پێویستە لەهەڵکشانی ناکۆکییەکانی نێوان کۆریای باکورو ئەمریکا، چین و ئەمریکا، ڕوسیاو ئەمریکا، ئێران و ئەمریکا یان لەململانێی نێوان کۆمپانیاکانی موبایل و ئوتۆمبێل و مارکەو مۆدێلاتی فاشیۆن؛ وردببینەوە.
ئەگەر پێمانوابێت هەموو ئەو ناکۆکییانە تەنها دیوێکی سەربازی و لۆجستیی هەیە، ئەوا لەهەڵەدا دەژین و ناتوانین لەجەنگەکانی سەردەمیش تێبگەین و ببینە بەشێک لەو جەنگانە.
ئەگەر پێمانوابێت پێکدادانی ڕۆژانەی جولەکەکانی ئیسرائیل لەگەڵ عەرەبی فەلەستینی بەتایبەت و هەموو عەرەب بەگشتی تەنها شەڕی دین و جوگرافیایە؛ گەلێک هەڵەین. بەپێچەوانەوە، هەموو ئەو ناکۆکی و جەنگانە پێیەکیان لەناو جەنگی شارستانییەت و یونیڤێرساڵێتیی و جەنگی هێزی نەرمی سەردەمدایەو قۆناغی زمانی چەک و تانک و موشەکی دوورهاوێژی تێپەڕاندووە.
نائامادەیی کورد لەپێکدادانەکانی ئەم سەردەمەداو مانەوە لەچوارچێوەی مۆدێلە کلاسیکەکەی جەنگدا بۆ بەدەستێنانی مافەکانی، ئەو وێنا شەڕکەرو گیانفیدایەی بەکورد بەخشیوە کە کاتێک هەر تاکێکی ئەوروپی یان هەر سەرکردەیەکی جیهانی بییەوێت وەسف و پێناسەی کورد بکات؛ دەڵێت «کورد شەڕکەرێکی باش و زیرەکن».
لەمانا پێچەوانەکەی ئەم پێناسەیەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت؛ بەوپێیەی کورد بۆ تەنها جارێکیش وەک ڤێرژنێکی نوێی ئەم دنیا پێشکەوتووە دەرنەکەوتووەو نەبووەتە مادەیەکی نێو ئەم سەردەمەو بەریەککەوتنی لەگەڵ هیچ داهێنراوو وجودێکیتر نییە، کەواتە ناتوانێت جگە لەشەڕکەرێک هیچیتربێت. لێرەیشەوە ناتوانێت جەنگی مانەوەی خۆی بکات بەرامبەر وڵاتانی باڵادەستی ئەم سەردەمەو هەموو چرکەیەک؛ چرکەساتی خستنەدەرەوەی کوردە لەژیان.
چونکە کورد هێشتا هێزی نەرمی خۆی گەشەپێنەداوەو لەم بوارەدا هەنگاوی پێویستی هەڵنەهێناوە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7393
18/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌مه‌ودوا كێ له ‌خه‌می وه‌رزشكاراندا بێت؟ 18/10/2017
‌ فوتساڵی کچان 18/10/2017
زانست
‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ هۆكاری جیاوازی ره‌نگی پێست ده‌رده‌خات 18/10/2017
‌ دوای چوار ده‌یه‌ كونه‌ ئالۆزه‌كه‌ی ئه‌نتاركتیكا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌ 18/10/2017
‌ ئاژه‌ڵی ماڵیی بۆ چاره‌سه‌ری ده‌روونیی 18/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP