ناسنامه‌ی كه‌سایه‌تی‌و سیاسی له‌ سه‌رده‌می پۆپۆلیزمدا
ناسنامه‌ی كه‌سایه‌تی‌و سیاسی له‌ سه‌رده‌می پۆپۆلیزمدا ‌ 19/5/2017
رۆجه‌ر ئۆین*
له‌دوای ساڵانی خوێندنی زانكۆییم، نیوه‌ی ژیانی كارم له‌ غوربه‌تدا به‌سه‌ر برد، یان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست یان له‌ ئه‌مریكا، بۆئه‌وه‌ی ببمه‌ كه‌سێك»له‌ شوێنی خۆیدا» نه‌بێت، هه‌روه‌كو ئیدوار سه‌عید ئه‌ڵێت. به‌ڵام هه‌روه‌كو هاونیشتمانیه‌كی به‌ریتانی رازی بووم به‌و ناسنامه‌یه‌، كه‌جاریش ئه‌و هه‌سته‌م ئه‌بینی بێگانه‌یه‌كی بێزراو بم، كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكی شوێنێكی ترم. له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ ره‌نگ سپیم‌و مامۆستای زانكۆش بووم له‌ ئه‌مریكا‌و ناسنامه‌ی نیشته‌نی به‌رده‌وام یان (گرین كارت) م هه‌بوو، له‌ زانكۆیه‌كی شایسته‌ش ده‌رسم ئه‌وته‌وه‌‌و باوكی دوو مناڵی ئه‌مریكیش بووم.
به‌ڵام ئێستا دوو رووداوی له‌ناكاو به‌رۆكمان ئه‌گرێت، یه‌كه‌میان ده‌رچوونی به‌ریتانیایه‌ له‌ یه‌كێتی ئوروپا، ‌و دووه‌میشیان پۆپۆلیزمی ترامپه‌، ئه‌م دوانه‌ش به‌ره‌و رووی پرسیاری نوێم ئه‌كه‌نه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ جیهان. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌توانم به‌هۆی پاسپۆرتی به‌ریتانی‌و به‌ئاسانی سه‌فه‌ر بۆ ئوروپا بكه‌م، به‌ڵام تاراده‌یه‌كی زۆر ئه‌و هه‌سته‌م نه‌ماوه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشم به‌و وڵاته‌وه‌ بێت كه‌ جاران نیشتمانم بوو، كه‌ له‌سه‌رده‌می گریك‌و رۆمان هه‌تا ئێستا ئوروپا نیشتمانی ئوروپیه‌كان بوو. له‌ ویلاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش ئه‌و ناسنامه‌ كۆپیه‌ ناشیرینه‌ی كه‌ ترامپ كردویه‌تی، به‌ پۆپۆلیزمی نه‌ته‌وه‌یی خۆی، دیسان منی كردۆته‌ كه‌سێكی بێ به‌خت، چونكه‌ ناتوانم هه‌ست به‌وه‌ بكه‌م كه‌ وه‌كو كه‌سێكی ئوروپی رۆژێك له‌ رۆژان نامنێرنه‌وه‌، به‌ڵكو ئێستا له‌ ره‌وشێكدام هه‌ست به‌ هاوسۆزی ئه‌كه‌م له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی مامۆستا‌و خوێندكاره‌ بیانیه‌كانم‌و به‌تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كه‌ موسڵمانن‌و هه‌لی كار‌و هاتوچۆیان له‌ ناوه‌وه‌‌و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا زۆر سه‌خت بووه‌.
بۆ ئه‌م نیگه‌رانیانه‌ بێگومان ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ باس‌و پرسیار ده‌رباره‌ی ناسنامه‌ كه‌سایه‌تی‌و سیاسیه‌كان. هه‌رچه‌نده‌ من به‌ ڕه‌سه‌ن خه‌ڵكی هه‌رێمی وێلزم له‌ به‌ریتانیا، به‌ڵام هه‌میشه‌ هه‌ستم كردووه‌ كه‌ ئینگلیزم، له‌سه‌رده‌می خوێندنی ئاماده‌یی‌و زانكۆییشم به‌رده‌وام هه‌ست‌و پابه‌ندیی من بۆ «خاكی جوانی سه‌وز» ی ئینگلیزی هه‌بووه‌ هه‌روه‌كو ولیام بلیك له‌ شیعره‌كانی باسی ئه‌كات.
ته‌نانه‌ت سروودی نیشتمانی به‌ریتانیش كه‌ هه‌ستی شانازی‌و خۆ به‌گه‌وره‌ زانینی تێدایه‌‌و ترپه‌كانی دڵ زیاد ئه‌كات به‌ڵام خۆشترین سرود‌و گۆرانی بووه‌ بۆ هاندانی جه‌ماوه‌ر، بۆ نموونه‌ له‌ كۆنگره‌ی پارتی كرێكاران یان ئاهه‌نگی شه‌وانی مۆسیقای (برۆفر) ی به‌ناوبانگ له‌ له‌نده‌ن هه‌تا گه‌وره‌ ئه‌بووم فێری ئه‌وه‌یان ئه‌كردم، كه‌ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی دراوسێمان له‌ سكۆتلاند‌و ئێرلاند‌و وێلزیش شێوازی جیاوازی له‌ نه‌ته‌وایه‌تی پیشانداوه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی (ئێمه‌)ی ئینگلیز، كه‌ شێوه‌یه‌كی زیاتر میانڕه‌مان له‌ نیشتمان په‌روه‌ری‌و خۆشه‌ویستی خاك هه‌بووه‌‌و به‌شێوه‌ی «روایه‌تی دورگه‌كه‌مان»‌و گۆرانی جه‌ماسی جه‌نگی جیهانی دووه‌م «گرده‌ سپیه‌كانی دۆفر» ده‌رمان بڕیوه‌.
راسته‌ كه‌ قه‌واره‌‌و ده‌سه‌ڵاتێك به‌ناوی (شانشینی یه‌كگرتو) دروست بوو له‌دوای یه‌كگرتنی ئینگلته‌را‌و سكۆتلاند له‌ ساڵی 1707 بۆ هێنانه‌دی ناسنامه‌یه‌كی به‌ریتانی فراوانتر، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌م ناسنامه‌یه‌ ته‌ماوی بووه‌‌و له‌ زمانی ئینگلیزی رۆژانه‌شدا به‌ كه‌سانی به‌ریتانی كۆچه‌ر ئه‌ڵێن» بریت»  Brit.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ خۆم، هه‌رچه‌ند له‌ رابردوودا ناخۆشی‌و سه‌ختی تێپه‌ڕم دیوه‌ له‌سه‌رده‌می خزمه‌تی سه‌ربازیم له‌ قوبرس، یان هه‌روه‌كو شاعیری ئینگلیزی جه‌نگی حیهانی یه‌كه‌م رۆبرت برۆك باسی ده‌كات له‌هه‌ر شوێنێك سه‌ربازێكی ئینگلیزی شه‌هید ببێت ئه‌و خاكه‌ بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ به‌ ئینگلیزی ئه‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و كاته‌ من وێلزیه‌كی نامۆ ‌و سه‌یر بووم سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌. ئێستا له‌گه‌ڵ ناسنامه‌ی ئوروپیدا، شێوازی ئاشكرا‌و به‌دگومانی دیكه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی ئینگلیزی دروست بووه‌، نه‌ته‌وایه‌تیه‌ك كه‌ به‌ چاوی گومان‌و ترسه‌وه‌، له‌ په‌نابه‌ران ئه‌ڕوانێ، ‌و ئێستا زاراوه‌ی «ئێمه‌‌و ئه‌وان:» زۆر به‌كاردێت، كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندی به‌ منه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ش، به‌و مانایه‌ نیه‌ كه‌ بڕوام به‌وه‌ نه‌بێ ده‌وڵه‌ته‌كان ده‌سه‌ڵاتیان نه‌بێت به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی سنوره‌كانیان ئه‌بڕن یان ماوه‌ی مانه‌وه‌ی په‌تابه‌ران دیاری ئه‌كه‌ن.به‌ڵكو نیگه‌ران‌و نه‌یارم به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌نگدانه‌ی به‌ریتانیه‌كان كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان به‌هێزكه‌ری نه‌ته‌وایه‌تی‌و نه‌ژادپه‌رستی ئینگلیزیه‌، كه‌ پشت به‌ راسیزم‌و فه‌رهه‌نگی نه‌ژادی ئه‌په‌رستێ‌و لای من كارێكی زۆر ناشیرین ‌و خراپه‌.
له‌ ئه‌مریكاش كه‌ ئێستا ترامپ سه‌رۆكیه‌تی خه‌ڵك له‌هه‌مان كاتدا هه‌ست به‌ حه‌ماسه‌ت‌و گومان ئه‌كات، كه‌ خاڵی هاوبه‌شیان زۆره‌ له‌گه‌ڵ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌ ئوروپا (بركسیت) ‌و بۆ هه‌ڵاواردنی خه‌ڵكانێك له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی تردا كه‌ نیشتمانیان جیاوازه‌. هه‌ربۆیه‌ش ئه‌وانه‌ی كه‌ ره‌گه‌زیان (سپی پێسته‌) له‌ ده‌وری ترامپ كۆ ئه‌بنه‌وه‌‌و ئێستا سروودی (ئه‌مریكای جوان)‌و قسه‌‌و باسی نه‌ژادپه‌رسته‌كان‌و باس‌و خواستی سنوره‌كانی وه‌كو به‌ها شاریتانیه‌كانی مه‌سیحیه‌ت باس ده‌كرێن. 
پرسیار‌و گومانی ئێستای من ئه‌وه‌یه‌، ئه‌م ره‌وشه‌ له‌ كوێم دائه‌نێ‌و چیم لێئه‌كات؟ باوكم وێلزیه‌ك بوو كه‌ له‌ ده‌سپپێكی ئه‌و كه‌سانه‌ بوو له‌ ساڵی 1946 له‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان كاری ئه‌كرد، ئه‌و رێكخراوه‌ی خۆی به‌ «هاونیشتمانی جیهان»ناو ئه‌برد، هه‌رچه‌ند ئه‌م ناونیشانه‌ ناڕۆشن بوو، به‌ڵام وێنایه‌كی جوان بوو. من چه‌مكی فره‌ ناسنامه‌ییم لااپه‌سه‌نده‌، كه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌پێی نه‌ته‌وه‌‌و كار‌و دامه‌زراوه‌كان‌و به‌پێی هه‌لومه‌رجه‌كانیش جیاواز بێ. ئه‌م فره‌ ناسنامه‌ییه‌ ڕێگه‌ ناگرێ له‌ كارپێكردن‌و شوێنی ژیان‌و ناسنامه‌ی دراوسێكانی شار‌و ده‌وڵه‌ت‌و نێوده‌وڵه‌تیش، ته‌نانه‌ت له‌ سنووری دیاریكراوی گه‌ڕه‌ك‌و خێزان‌و هاوڕێكانیشدا رێگر نیه‌ له‌ هیچ.
له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ گرنگتر هه‌ستی خۆمه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌كارهێنانی چه‌مكی ناسنامه‌، ‌و به‌تایبه‌تی له‌ گوتاری هاوچه‌رخی سیاسیدا، كه‌ پێویسته‌ رێز له‌ ناسنامه‌كان بگیرێت‌و ڕێگا جۆراوجۆره‌كانی چه‌مكی مێژوویی نه‌ته‌وه‌یی له‌به‌ر چاو بگرین. كه‌ ئه‌م پرسه‌ له‌لای ترامپ‌و كه‌سانی وه‌كو ترامپ نه‌زانراوه‌‌و نایانه‌وێ بیزانن.
*ئه‌كادیمیست ‌و مامۆستای زانكۆی هاڤارد.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7393
18/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌مه‌ودوا كێ له ‌خه‌می وه‌رزشكاراندا بێت؟ 18/10/2017
‌ فوتساڵی کچان 18/10/2017
زانست
‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ هۆكاری جیاوازی ره‌نگی پێست ده‌رده‌خات 18/10/2017
‌ دوای چوار ده‌یه‌ كونه‌ ئالۆزه‌كه‌ی ئه‌نتاركتیكا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌ 18/10/2017
‌ ئاژه‌ڵی ماڵیی بۆ چاره‌سه‌ری ده‌روونیی 18/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP