پۆپۆلیزم له‌ فیكری‌ سیاسی‌ ئیسلامیدا
پۆپۆلیزم له‌ فیكری‌ سیاسی‌ ئیسلامیدا ‌ 19/5/2017
د. عه‌بدولحه‌مید ئه‌لئه‌نساری‌
صحیفه‌ الاتحاد الاماراتیه‌
و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
پۆپۆلیزم له‌ سییه‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوودا سه‌ری‌ هه‌ڵدا‌و فاشیزم‌و نازیزمی‌ له‌ ئه‌وروپادا به‌رهه‌م هێنا، له‌ ئه‌مریكای‌ باشووریش فه‌رمانڕه‌وای‌ دیكتاتۆری‌ به‌رهه‌م هێنا، دواتر په‌لی‌ كێشا‌و ته‌شه‌نه‌ی‌ كرد بۆ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌‌و له‌وێش سه‌ركرده‌ی‌ پۆپۆلیست‌و ده‌سه‌ڵاتخوازی‌ به‌رهه‌م هێنا، كه‌ سیاسه‌تی‌ پۆپۆلیستانه‌یان گرته‌به‌ر، به‌وه‌ش كاره‌ساتیان به‌سه‌ر وڵاته‌كانیان هێنا، كه‌ تا ئێستاش ئه‌و وڵاتانه‌ به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.
له‌ خۆرئاوا حزبه‌ راستڕه‌وه‌ پۆپۆلیسته‌كان جه‌ماوه‌ریان روو له‌ هه‌ڵكشانه‌، ئه‌ستێره‌یان رۆژ به‌ڕۆژ زیاتر ده‌دره‌وشێته‌وه‌، ئه‌وه‌شی‌ كه‌ كۆیان ده‌كاته‌وه‌، ترسه‌ له‌ ناسنامه‌‌و دوژمنایه‌تی‌ ئه‌وی‌ دییه‌، كێشه‌كانی‌ ئابووری‌‌و ئاسایش ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی‌ ئه‌وی‌ دی‌. ئه‌وه‌ی‌ باوه‌ لای‌ پۆپۆلیسته‌كان، هه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ لای‌ ئه‌وانه‌ی‌ خۆیشمان باوه‌، وتاره‌كانیان یه‌ك شته‌، ئه‌ویش هاندان‌و وروژاندنی‌ هه‌سته‌ سروشتییه‌كانی‌ جه‌ماوه‌ره‌ دژ به‌وی‌ تر، لێره‌وه‌ ئیتر هاتوهاواری‌ پۆپۆلیسته‌كان به‌رز د ه‌بێته‌وه‌‌و ده‌بێته‌ دروشمی‌ ناو خۆپیشاندانه‌ پڕ له‌ جۆش خرۆشه‌كان، ده‌بینین لافیته‌كانیان لێی‌ نووسراوه‌، فه‌ره‌نسا بۆ فه‌ره‌نساییه‌كان، ئه‌ڵمانیا بۆ ئه‌ڵمانیاییه‌كان.. هتد.
خاوه‌ن وتاره‌ پۆپۆلیسته‌كان دیماگۆگین، بێ سه‌ره‌وبه‌ره‌ن، رێونكه‌رن، به‌ڵام زۆر باش ده‌زانن یاری‌ به‌ هه‌ستی‌ نیشتمانی‌‌و نه‌ته‌وه‌یی بكه‌ن، باش ده‌زانن هاووڵاتیان به‌ مه‌سه‌له‌ی‌ ناسنامه‌‌و ئایین‌و نیشتمان بترسێنن، باش ده‌زانن وا له‌ جه‌ماوه‌ر بكه‌ن كه‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ ئابووری‌‌و ئاسایش لای‌ خۆیانه‌.
وتاری‌ پۆپۆلیستی‌ وتارێكه‌ دوور ئاوه‌ز‌و پڕه‌ له‌ دنه‌دان‌و هاندان‌و وروژاندن‌و دروست كردنی‌ رق‌و كینه‌، ئامانجی‌ وروژاندنی‌ هه‌ستی‌ جه‌ماوه‌ر‌و پڕ كردنیه‌تی‌ له‌ دوژمنایه‌تی‌ به‌رامبه‌ر به‌وی‌ دی‌، جا به‌ هۆی‌ ئایینه‌وه‌ بێت، یان به‌هۆی‌ شارستانیه‌تی‌ ئه‌وی‌ دییه‌وه‌ بێت، یاخود مه‌زهه‌ب‌و نه‌ته‌وه‌، سه‌ركرده‌ی‌ پۆپۆلیست رێبه‌ری‌ خه‌ڵك ناكات، به‌ڵكو جه‌ماوه‌ر رێبه‌ری‌ ئه‌و ده‌كات، سوار كۆڵی‌ شه‌پۆلی‌ جه‌ماوه‌ر ده‌بێت‌و جه‌ماوه‌ر راست بێت یان هه‌ڵه‌ ئه‌و هه‌ر كلكه‌سوتێی‌ بۆ ده‌كات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ راسته‌قینه‌كانی‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ خۆیشی‌ بێت، چونكه‌ به‌رزترین ئامانجی‌ پۆپۆلیست گه‌یشتنه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات، ئه‌گه‌ر له‌و پێناوه‌دا هه‌موو به‌ها‌و نه‌ریتێكیشی‌ پێشێل كردبێت،  كه‌سی‌ پۆپۆلیست وتاری‌ دژ به‌ بنیاتنانی‌ سیاسی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ هه‌یه‌، دژی‌ ده‌سته‌بژێری‌ سیاسی‌‌و رۆشنبیرییشه‌، باوه‌ڕی‌ به‌ بیری‌ پیلانگێڕیی هه‌یه‌‌و جه‌ماوه‌ریش به‌و باوه‌ڕه‌ پڕ ده‌كات.
پۆپۆلیزم له‌ سییه‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوودا سه‌ری‌ هه‌ڵدا‌و فاشیزم‌و نازیزمی‌ له‌ ئه‌وروپادا به‌رهه‌م هێنا، له‌ ئه‌مریكای‌ باشووریش فه‌رمانڕه‌وای‌ دیكتاتۆری‌ به‌رهه‌م هێنا، دواتر په‌لی‌ كێشا‌و ته‌شه‌نه‌ی‌ كرد بۆ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌‌و له‌وێش سه‌ركرده‌ی‌ پۆپۆلیست‌و ده‌سه‌ڵاتخوازی‌ به‌رهه‌م هێنا، كه‌ سیاسه‌تی‌ پۆپۆلیستانه‌یان گرته‌به‌ر، به‌وه‌ش كاره‌ساتیان به‌سه‌ر وڵاته‌كانیان هێنا، كه‌ تا ئێستاش ئه‌و وڵاتانه‌ به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، به‌ڵام ئه‌وروپا هۆشیار بۆوه‌‌و وانه‌ی‌ لێ وه‌رگرت‌و له‌ كۆتایی جه‌نگی‌ دووه‌می‌ جیهانییه‌وه‌ حزبه‌ لیبراڵه‌كان توانیان دیموكراسی‌‌و سۆشیالیستی‌ له‌یه‌كتر موتوربه‌ بكه‌ن، توانیان شه‌پۆلی‌ پۆپۆلیستی‌ سنووردار بكه‌ن‌و به‌ درێژایی حه‌فتا ساڵ په‌راوێزی‌ بخه‌ن، به‌ڵام دوای‌ ئه‌وه‌ پۆپۆلیزم سه‌رله‌نوێ سه‌ری‌ هه‌ڵدایه‌وه‌‌و بوژایه‌وه‌، وای‌ لێ هات شه‌پۆلی‌ پۆپۆلیزم ئه‌وروپا‌و ئه‌مریكاشی‌ گرته‌وه‌.
ئه‌گه‌ر هۆڵه‌ندا هه‌ڵاوێرین، چونكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئه‌فسوناوی‌ له‌ ده‌ستی‌ پۆپۆلیزم قوتاری‌ بوو، ئه‌ڵمانیاش دوا قه‌ڵایه‌، به‌ڵام فه‌ره‌نسا له‌ ململانێیه‌كی‌ سه‌ختی‌ سه‌رۆكایه‌تیدایه‌، راپرسییه‌كانیش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن راستڕه‌وه‌ پۆپۆلیسته‌كان خه‌ریكن له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ نزیك ده‌بنه‌وه‌‌و دیارده‌ی‌ حزبه‌ مێژووییه‌كانیش، به‌ تایبه‌تی‌ سۆشیالیستییه‌كان له‌ مه‌یدانی‌ سیاسه‌تدا له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌.
پۆپۆلیزم گه‌وره‌ترین چه‌كوشه‌ بۆ رووخاندنی‌ دیموكراسی‌، له‌ هه‌مووشی‌ مه‌ترسیدارتره‌ بۆ ئاینده‌ی‌ دیموكراسی‌، واش پێ ده‌چێت پۆپۆلیزم ده‌ركه‌وته‌یه‌كی‌ دانه‌بڕاوه‌ بێت له‌ دیموكراسی‌‌و نه‌توانێ لێی‌ ده‌رباز بێت، له‌ سه‌رده‌می‌ كۆندا له‌ ئه‌سینا فه‌یله‌سوفانی‌ وه‌ك ئه‌فلاتون‌و ئه‌رستۆ وا باسی‌ دیموكراسییان ده‌كرد، كه‌ بڕیاری‌ داوه‌ هه‌مووان ئازاد بن‌و كه‌سی‌ باش‌و خراپی‌ یه‌كسان كردووه‌، ئه‌ویش له‌سه‌ر حسابی‌ لێهاتوویی‌و قانون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵك حوكم ده‌كات نه‌ك قانون، به‌ڵام ئه‌ی‌ تێڕوانینی‌ كه‌لتووریانه‌ بۆ پۆپۆلیزم له‌ هزری‌ سیاسی‌ ئیسلامیدا چییه‌؟
كاتی‌ خۆی‌ زاناكان‌و ئه‌هلی‌ فیكر‌و رۆشنبیری‌ خراپ سه‌یری‌ عه‌وام‌و ره‌شه‌ خه‌ڵكیان ده‌كرد، به‌ كه‌سانی‌ ده‌مشڕ‌و ده‌م به‌ هاوار‌و ئاژاوه‌چی‌ ناویان ده‌بردن‌و مافیان نییه‌ به‌شداری‌ كاروباری‌ گشتی‌ بكه‌ن، رێگه‌ی‌ چوونه‌ ناو شورایان نییه‌، چونكه‌ به‌ بۆچوونی‌ ئه‌وان شورا له‌ كه‌سانی‌ ده‌سته‌بژێر‌و هه‌ڵبژارده‌ پێك دێت، له‌و كه‌سانه‌ پێك دێت كه‌ خاوه‌نی‌ بیری‌ تیژ‌و ژیریی‌و زانیارین‌و چاره‌سه‌ریان پێیه‌، به‌ڵام كه‌سێكی‌ سه‌ر جاده‌‌و مرۆڤێكی‌ ئاسایی به‌ كه‌ڵكی‌ ئه‌وه‌ نایه‌ت به‌شداری‌ له‌ كاروباری‌ حوكمڕانی‌‌و سیاسه‌تدا بكات.
له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی‌ كه‌ قورئانیش زۆرینه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ به‌ نه‌زان‌و سه‌رلێشێواو وه‌سف كردووه‌، به‌ ئاسانی‌ ده‌وروژێنرێ‌و یاری‌ به‌ هه‌ستیان ده‌كرێ، هه‌ركه‌س یاری‌ به‌ هه‌ستی‌ بكات شوێنی‌ ده‌كه‌وێ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حسابی‌ راستی‌‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتیش بێت. قورئانی‌ كه‌ریم پێغه‌مبه‌ری‌ خودا ئاگادار ده‌كاته‌وه‌‌و پێی‌ ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر دوای‌ زۆرینه‌ بكه‌وی له‌سه‌ر زه‌وی‌، رێگه‌ی‌ خودات لێ ون ده‌كه‌ن. له‌ ئایه‌تێكی‌ تردا هاتووه‌: زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵك نازانن، یان ده‌ڵێ: زۆرینه‌ نه‌زانن، كه‌واته‌ ئیسلام هاتوهاواری‌ ره‌ت كردۆته‌وه‌.
كاتی‌ خۆی‌ زۆربه‌ی‌ زانایانی‌ ئیسلام زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵكیان به‌ نه‌زان زانیوه‌‌و به‌ كولله‌ی‌ وێرانكه‌ر چواندوویانه‌. ئیبن عه‌باس له‌ باره‌یانه‌وه‌ ده‌ڵێ: هه‌ر كۆببنه‌وه‌ زیان ده‌گه‌یه‌نن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ شورا له‌ ئیسلامدا گرنگی‌ نادات به‌ هاتوهاواری‌ زۆرینه‌ له‌ بواری‌ سیاسه‌تدا، هیچ حسابیشیان بۆ ناكات، به‌ڵكو به‌ دوای‌ راستی‌‌و ژیرییدا ده‌گه‌ڕێ لای‌ كه‌سانی‌ خاوه‌ن زیكر‌و مه‌عریفه‌‌و ئه‌زموون، شوێن كه‌وتنی‌ خه‌ڵكی‌ نه‌زان ره‌ت ده‌كاته‌وه‌.
له‌ كۆتاییدا، ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌ سه‌رده‌می‌ هه‌ڵكشانی‌ پۆپۆلیزمداین، كه‌سێكی‌ ساده‌ی‌ سه‌ر جاده‌، كه‌ له‌ رابردوودا پشتگوێ خرابوو، رای‌ وه‌رنه‌ده‌گیرا له‌ كاروباری‌ گشتیدا، ئه‌مڕۆ گرنگی‌ پێ ده‌درێ، ده‌بینین نووسه‌ران‌و رووناكبیران گرنگی‌ زیاد ده‌ده‌ن به‌ دیارده‌ی‌ هه‌ڵكشانی‌ پۆپۆلیزم‌و كه‌وتنی‌ ده‌سته‌بژێر‌و رووناكبیر، وه‌ك له‌ كتێبه‌كانی‌ د. عه‌بدوڵڵا ئه‌لغوزامی‌ بیریار‌و ره‌خنه‌گری‌ سعودی‌‌و د. عه‌لی‌ ئه‌لحه‌رب بیریاری‌ لوبنانییدا ده‌یبینین.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7301
23/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP