داعشە بیانییه‌كان دەچنەوە وڵاتەکانیان
داعشە بیانییه‌كان دەچنەوە وڵاتەکانیان ‌ 19/5/2017
گاردیان
و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
له‌گه‌ڵ داڕمانی‌ خه‌لافه‌ته‌كه‌ی‌ داعشدا، سه‌رچاوه‌كان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ ئه‌ندامه‌ بیانییه‌كانی‌ داعش ئه‌و گروپه‌ جێ ده‌هێڵن‌و هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ توركیا، له‌و بیانیانه‌ش دوو هاووڵاتی‌ بریتانیا‌و كه‌سێكی‌ ئه‌مریكاییش، خۆیان راده‌ستی‌ پاسه‌وانانی‌ سنووری‌ توركیا كردووه‌، ئه‌ویش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ دوو ساڵ له‌ ناو داعشدا ژیاون.
به‌رپرسانی‌ تورك رایانگه‌یاند، ئه‌رستیدۆ هاووڵاتییه‌كی‌ بریتانییه‌‌و له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یدا له‌ ده‌روازه‌ی‌ كیلیس-ی‌ باشووری‌ توركیا خۆی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ داوه‌، ژنه‌كه‌ی‌ به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك به‌نگالییه‌، جگه‌ له‌و دوانه‌، كلیمان هاووڵاتییه‌كی‌ ئه‌مریكاییه‌‌و له‌گه‌ڵ ژنه‌ سورییه‌كه‌یدا‌و دوو ژنی‌ تریش كه‌ خه‌ڵكی‌ میسرن‌و مێرده‌كانیان له‌ سوریا‌و عیراق كوژراوه‌، خۆیان گه‌یاندۆته‌ سنووری‌ توركیا. له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی‌ رابردووشدا ده‌یان بیانی‌ هه‌ڵاتوون‌و ویستوویانه‌ خۆیان له‌ كوژران‌و ده‌ستگیر كردن رزگار بكه‌ن، به‌ڵام كاتێك ویستوویانه‌ سنوور ببه‌زێنن، له‌سه‌ر سنووری‌ توركیا ده‌ستگیر كراون.
وته‌بێژێك له‌ نووسینگه‌ی‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ بریتانیا رایگه‌یاند، به‌رده‌وام له‌ په‌یوه‌ندیداین له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ توركیا، سه‌باره‌ت به‌و هاووڵاتییه‌ بریتانییه‌ ده‌ستگیر كراوه‌. ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ توركیا ژنه‌كه‌ی‌ ئازاد كردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ژنه‌ هێشتا تۆمه‌تی‌ له‌سه‌ر ماوه‌، داواكاری‌ گشتی ئه‌و وڵاته‌ش هه‌وڵ ده‌دات حوكمی‌ زیندانیی حه‌وت ساڵ‌و نیو تا 15 ساڵ به‌سه‌ر بریتانییه‌كه‌‌و ئه‌مریكاییه‌كه‌دا بسه‌پێنێت، ئه‌گه‌ر تۆمه‌ته‌كانیان به‌سه‌ردا ساغ بۆوه‌.
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ ئه‌و هاووڵاتییه‌ بریتانیه‌ له‌ كاتی‌ راده‌ست كردنه‌وه‌‌و گه‌ڕاندنه‌وه‌شی‌ بۆ بریتانیادا رووبه‌ڕووی‌ دادگا بكرێته‌وه‌، چونكه‌ به‌ پێی‌ یاسای‌ تیرۆر، هه‌ر هاووڵاتییه‌كی‌ بریتانیایی ئه‌گه‌ر بچێته‌ ناو داعشه‌وه‌‌و شانبه‌شانی‌ ئه‌وان شه‌ڕ بكات، به‌ زیندانی‌ هه‌تاهه‌تایی سزا ده‌درێت، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌وانه‌ی‌ له‌ سوریا یان له‌ عیراق ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، تا بزانرێ چ تاوانێكیان كردووه‌‌و چ جۆره‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كیش له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌ دروست ده‌كه‌ن.
ده‌سه‌ڵاتداران له‌ توركیا‌و ئه‌وروپاش ده‌ڵێن: ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی‌ داعش په‌یوه‌ندییان كردووه‌ به‌ باڵیۆزخانه‌كانیانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وڵاتی‌ خۆیان، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ زۆر پابه‌ندن به‌ ئایدیۆلۆژیای‌ داعشه‌وه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ن دزه‌ بكه‌نه‌ ناو توركیاوه‌‌و له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌وروپا بڕۆن، تا له‌وێ تۆڵه‌ی‌ خه‌لافه‌ته‌ رووخاوه‌كه‌یان بكه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا لێی‌ ده‌ترسن‌و نیگه‌رانی‌ كردوون.
پۆلیسی‌ توركیا ده‌ڵێ: له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌م ساڵه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ له‌و داعشه‌ هه‌ڵاتوانه‌ ده‌ستگیر كردووه‌، ته‌نانه‌ت رێگاكانی‌ هه‌ڵاتنیشی‌ لێ گرتوون، كه‌ له‌ یۆنان‌و هه‌ندێكیان له‌ بوڵگاریاوه‌ هه‌ڵدێن، به‌ڵام به‌رپرسانی‌ ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان ده‌ڵێن: هه‌ندێك له‌و رێگایانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌وڵی‌ زۆری‌ داخستنیشیدا هه‌ر ماوه‌.
شیراز ماهر جێگری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كنگز كۆلیژ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دیارده‌ی‌ توندڕه‌وی‌ ده‌ڵێ: پێویسته‌ ئه‌وروپا زۆر وریا بێت، چونكه‌ مه‌ترسییه‌كان له‌ داهاتوودا له‌گه‌ڵ زۆربوونی‌ فشار له‌سه‌ر داعش زیاد ده‌كه‌ن. شیراز ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كرد، رێكخراوی‌ داعش به‌رده‌وام فوی‌ ده‌كرده‌ خۆی‌‌و ریكلامی‌ بۆ سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌‌و فراوانبوونی‌ ده‌كرد، ئێستا كه‌ خه‌لافه‌ته‌كه‌ی‌ رۆژ به‌ رۆژ بچووك ده‌بێته‌وه‌، گه‌نجان به‌ قسه‌كانیان هه‌ڵناخه‌ڵه‌تێن. 
هاوكات مه‌سرور بارزانی‌ راوێژگاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ كوردستان رایگه‌یاند، سروشتی‌ شه‌ڕ دژی‌ داعش ده‌گۆڕێت بۆ شێوازی‌ هه‌واڵگریی، چونكه‌ تێكشكانی‌ چه‌كدارانی‌ داعش له‌ رووی‌ سه‌ربازییه‌وه‌، وا ده‌كات خاكیان به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌مێنێت‌و نه‌شتوانن ئه‌ندامی‌ بیانی‌ بۆ لای‌ خۆیان رابكێشن، ئه‌و بیانیانه‌ش كه‌ چوونه‌ته‌ ناو داعش، هه‌وڵ ده‌ده‌ن، ژیانی‌ خۆیان بپارێزن‌و له‌ كۆتاییشدا هه‌ڵدێن یان خۆیان ده‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نابێ ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی‌ كه‌ چه‌كداره‌ بیانییه‌كانی‌ داعش له‌ كاتی‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ وڵاتی‌ خۆیان دروستی‌ ده‌كه‌ن، به‌ كه‌م بزانرێت.
له‌وه‌ته‌ی‌ هیرش‌و فشاره‌كان بۆ سه‌ر باره‌گاكانی‌ داعش له‌ هه‌ردوو شاری‌ رقه‌ی‌ سوریا‌و موسڵی‌ عیراق زیادی‌ كردووه‌‌و چڕ بۆته‌وه‌، چه‌كدارانی‌ داعش شێوازی‌ شه‌ڕیان گۆڕیوه‌‌و كه‌متر ده‌وێرن خۆیان ده‌ربخه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و گروپه‌ به‌كارهێنانی‌ فڕۆكه‌ی‌ بێ فڕۆكه‌وانی بۆ چاودێری‌‌و بۆ بۆردومان كردنی‌ لایه‌نه‌ هێرش به‌ره‌كانیش زیاد كردووه‌. له‌ شه‌ڕی‌ شارۆچكه‌ی‌ ته‌بقه‌-شدا كه‌ ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای‌ شاری‌ رقه‌ی‌ سوریا، چه‌كدارانی‌ داعش فڕۆكه‌ی‌ بێ فڕۆكه‌وانیان بۆ به‌رگری‌ به‌كار ده‌هێنا، به‌ڵام شه‌ڕه‌كه‌یان به‌ قازانجی‌ كورده‌كان كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ پشتیوانی‌ ده‌كرێن دۆڕاند. 
راپۆرته‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ نزیكه‌ی‌ 30 هه‌زار چه‌كداری‌ بیانی‌ چوونه‌ته‌ سوریا‌و تێكه‌ڵی‌ داعش بوون‌و شه‌ڕیان بۆ ده‌كه‌ن، حكومه‌تی‌ ئه‌مریكاش پێی‌ وایه‌ تا ئێستا نزیكه‌ی‌ 25 هه‌زار له‌و چه‌كدارانه‌ كوژراون. سه‌باره‌ت به‌ داعشه‌ بریتانییه‌كانیش ده‌وترێ 850 چه‌كداری‌ بریتانی‌ له‌ ناو داعشدا، یان گروپه‌ تیرۆریستییه‌كانی‌ تری‌ وه‌ك جه‌بهه‌ت ئه‌لنوسره‌دا، شه‌ڕیان كردووه‌، به‌ڵام تا ئێستا نیوه‌ی‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ وڵاتی‌ خۆی‌‌و نزیكه‌ی‌ 200 كه‌سیشیان لێ كوژراوه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7301
23/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP