..ئاغا ژنێ..
چیرۆكەكانی ئەو دیو چیا ..ئاغا ژنێ.. ‌ دڵشاد ئه‌حمه‌د‌ 19/5/2017
له‌سه‌ر سه‌ربانه‌كانی ناو گوند، پیاوه‌كان خۆیان پێچابۆوه‌، جامانه‌یان له‌سه‌ر ئاڵاندبوو، هێند سارد بوو، دره‌خته‌كانی «باویا» چلوره‌یان به‌ قه‌د‌و لقان داهاتبووه‌ خوارێ، به‌ (شه‌پاڵۆخ) له‌و سه‌رێ تا ئه‌مسه‌ر به‌فریان ده‌هێنا‌و به‌ گوێسه‌وانه‌ی پشتی ماڵێ ده‌یان كرده‌ خوارێ، ڕێزێ سوار، له‌ تخوبی «ناوه‌زینان» ێ ده‌ركه‌وتن، هه‌ڵمی ده‌می ئه‌سپی كه‌حیل ده‌چووه‌ ئاسمانێ، سپی یاڵ سوور، به‌ تاو له‌ پێشێ ڕاده‌هات، هه‌موو پیاوه‌كانی گوند، شه‌پاڵۆخیان وه‌ستاند‌و ده‌ستیان له‌سه‌ر ته‌وێڵێ ڕا دانا‌و له‌ ئه‌سپه‌كانیان ده‌ڕوانی، حیله‌ی ئه‌سپی ئی پێشێ، ده‌چووه‌ چیای (بێترخێن) ‌و (گه‌روی مه‌نجه‌ڵ)‌و ده‌چووه‌وه‌، ده‌ربه‌ندی «كه‌ڵكه‌ سا» ‌و له‌ «ڕنی كڵاوی دێوانان» به‌فر ده‌یگرت. «سۆره‌كان» هاته‌ نزیك گوێسه‌وانه‌‌و گوتیه‌ به‌فر ماڵه‌كانی «مێردێرێ» ئه‌وه‌ «ئاغا ژنێ «گه‌ڕایته‌وه‌ له‌ كن ئینگلیزه‌كان بووه‌. «فاتمی حوسێنی برایم» كه‌ حوسێنی شه‌مدینی بابی وه‌فاتێ ده‌كات، كوڕی نابێ، (فات) ده‌چێته‌ شوێنی بابی، له‌ ده‌م سۆلاوه‌كان «ته‌ختی ئاغاژنێ» بوو، پێته‌ختی قه‌ڵه‌مڕه‌وی حاكمیه‌تی وی بوو، ئاغاژن هه‌ر بۆ خۆی ئاغاژن بسك ئه‌نگوڕێ، قامكان له‌ شوشه‌، كڵاوزه‌ڕ ‌و بسكۆڵه‌‌و گه‌ردانه‌، جلكی له‌ حه‌ریری گوڵ گوڵی، ڕه‌ختی لابه‌لای پڕ له‌ فیشه‌ك، خه‌نجه‌ری ده‌بانی شینه‌ تیغان، كه‌وشكی له‌ پیستی گا، تفه‌نگی دارشوشه‌‌و هه‌میشه‌ بۆنی سمڵ‌و مێخه‌ك، چاوی ده‌ڕشت به‌ كلان، له‌ كۆشكێ، چراخان به‌ له‌مپای ئه‌نگلیزی ‌و هه‌شت حۆری «باڵه‌ییان»‌و «شاورێ» ‌و «بۆتێ» ‌و «شه‌روێ» له‌ كۆشكی شاهانه‌ كاریان ده‌كرد، له‌شكر بڕه‌ك له‌ «قۆپی په‌سیوان» بڕه‌ك له‌ كوڕا شاڵێ‌و زینوێ ئه‌ستێرۆكان‌و ته‌ختی خاوه‌ر زه‌مین، خاوه‌نی تاژی‌و ڕیشمه‌ په‌رداخ‌و چینی جوان، له‌شكر، كۆك‌و پڕ چه‌ك ئاغاژن، حوكمی شاوه‌رێی ده‌كرد، ژنه‌كی به‌ ئاوه‌زو، دادپه‌روه‌ر، كه‌ ده‌چووه‌ سه‌رای رانیه‌، قایمقام له‌به‌ری هه‌ڵده‌سا‌و، ئه‌دمۆنزی فه‌رمانده‌‌و حاكمی سیاسی، ڕێزی لێ ده‌گرت‌و دارجگه‌ره‌ی پێ ده‌دا‌و له‌به‌ری هه‌ڵ ده‌سا، له‌ سایه‌ی وی، جووتیاری‌و په‌زداری‌و ته‌بایی نێو (35) گوندی دۆڵی شاورێ به‌رقه‌رار بوو، حه‌زی به‌ ئاشته‌وایی ‌و دادپه‌روه‌ری ده‌كرد، سوڵحی عه‌شایه‌ری ده‌كرد، سیاسه‌تمه‌دار بوو، ئاغا ژنێ، هه‌تا چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، حوكمی كرد، له‌شكری وی وراتی پاراست، غه‌در‌و زوڵمی نه‌هێشت، به‌رام، مخابن، له‌و ناچانه‌، چاویان به‌یه‌كدا هه‌ڵ نه‌ده‌هات، پیاوه‌ ئاغاكان، لایان نه‌نگ بوو، ژنه‌ك شاهنشا‌و له‌شكردار‌و حاكمی مه‌مله‌كه‌تێ بێ، ئه‌و ساره‌ به‌هاره‌كی خۆش بوو، له‌كن نێرگزه‌ جاڕی روباری «به‌ستێلان» بڕه‌ك چه‌كدار، خۆیان له‌ بۆسه‌ نابوو، ده‌سته‌ خه‌ناویه‌كانی له‌ به‌ستێلان ده‌ناو، ده‌بونه‌ ئاونگ‌و به‌سه‌ر گوڵاڵه‌ سوره‌‌و نێرگزی ده‌كردن، «حه‌یشێ» ی ده‌نگ بێژ، ده‌ستی له‌بن گوێ نابوو، حه‌یرانی «ئه‌سمه‌ر ‌و مامه‌ری» له‌بۆ ده‌گوت، سروشتی پڕ له‌ هاوسه‌نگی‌و جوانی كردبوو، دۆندی(بێرمكه‌)‌و «هه‌ڵه‌موند» ‌و «شۆپا» ‌و «گۆڕبنان ‌و كیكه‌ڵ»‌و «چه‌وره‌بیان» ‌و گاوبارێی مه‌ست ده‌كرد، له‌نێو وشه‌كانی حه‌یرانێ، بڕنه‌‌و كه‌وته‌ پیلان‌و ئاغاژنێی بیمار كرد، خوێنی كه‌وته‌ سه‌ر گژوگیای تازه‌ زمان پژاو، ئه‌سپ حیلاندی «كه‌ژۆست» ڕه‌نی تێ كه‌وت، گه‌روی سێودینێ پڕ بوو له‌ قاسپه‌ قاسپی كه‌وی مه‌مله‌كه‌ت، گوڵانیش هه‌ڵوه‌رین، له‌شكر له‌سه‌ر ئه‌سپی كه‌حێلی یان كرد سارتكه‌ به‌ «داره‌به‌ن» ‌و مامه‌ خه‌لان‌و كه‌ڕه‌ك‌و نوڕێ‌و قه‌لا سه‌یده‌‌و سۆره‌ بنه‌‌و سارته‌كه‌‌و كانی بنا‌و ‌و تۆپزاوه‌‌و گێوژه‌‌و پاشكۆته‌ك‌و مێكوكه‌‌و ڕێزێنه‌‌و سه‌ركه‌پكان گه‌یاندیانه‌ كن حاكمی سیاسی. له‌وێوه‌ یه‌كانه‌ی زامار به‌ره‌و كه‌ركوكه‌ی كوردستان ده‌برێ، ده‌ستوپێوه‌نده‌ ژنه‌كانیشی له‌ته‌ك، ده‌بن، ئیدی «فات» ئاغاژنێ، حاكمی شاورێ، ده‌ڵێن ده‌برێته‌ به‌غدایێ، له‌وێنده‌ر ده‌مرێ، ده‌برێته‌ به‌ریتانیای مه‌زن، كه‌س كه‌س هیچی له‌باره‌یه‌وه‌ نبیسته‌وه‌، ئه‌ما نه‌وه‌ی وی ده‌ڵێن چویته‌ به‌ریتانیا، ئه‌منیش نازانم، به‌ڵام ده‌زانم، به‌فر‌و شۆره‌بی‌و گێوژه‌كه‌و هه‌رله‌وێن، چیای بێترخێن‌و ماكۆك‌و ته‌ختی ئاغاژنێ‌و ده‌ربه‌ندی ساسۆكان‌و «مه‌یره‌»هه‌ر له‌وێن، ره‌وه‌نده‌كانی «باینه‌‌و وه‌تكان»‌و «تاڤگه‌ی بن سول» دوكه‌ڵی ئاگریان دیاره‌‌و له‌وێن، قه‌ڵاكانی شاوه‌ر‌و سه‌نگه‌ره‌كانی «به‌وله‌ز»‌و ته‌ختی شاژنه‌ « كافور خان» ‌و شانه‌ دارینه‌كانی هه‌رله‌وێن، مێژوو ‌و حه‌یران‌و شه‌ن‌و گاسن‌و مه‌شكه‌‌و هیزه‌‌و ئه‌سرێشك هه‌رله‌وێن، ژیان به‌رده‌وامه‌‌و بۆ كه‌س ناوه‌ستێ، قه‌له‌مه‌كه‌شم له‌وێیه‌ یاران.

ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7344
18/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ نێو لیستی باشترین 10 یاریزانی ئه‌وروپادا ناوی نه‌یمار نییه‌ 17/8/2017
‌ یاریزانانی سلێمانی پێشه‌نگ بوون 17/8/2017
زانست
‌ لەسەر زمانی ئێمەیە‌و لەسەر پەنجەی كەڕولاڵەكانیشە 18/8/2017
‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئاره‌زوو ده‌كه‌ن ببن به‌ دایك ئه‌م بابه‌ته‌ بخوێننه‌وه‌ 18/8/2017
‌ منداڵ هه‌ستی‌ حه‌وته‌میشی‌ هه‌یه‌ 18/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP