تازە من بە هیلاک چووم، بەڵکو ئەوان بحەسێنەوە!
تازە من بە هیلاک چووم، بەڵکو ئەوان بحەسێنەوە! ‌ 19/5/2017
موراد کەریم
نیوەڕۆیەکی ڕۆژی هەینی بوو، لەبەردەم باخی گشتی چاوەڕێی هاوڕێیەکم بووم، نەرمەبارانێکی بەهارانەی جوان نەرم نەرم دەباری، دیمەنێکی زۆر قەشەنگ و دڵڕفێنی بەو ناوە دەبەخشی، بەڕاستی تابلۆیەکی تا بڵێیت ناوازە بوو لە بەرچاوم و، بە نیگاری وێنەکێشێکی بلیمەت دەهاتە پێشچاوم!!
خەڵکی بەوێدا دەهاتن و دەچوون و پیاسەیان دەکرد. هاوڕێیەکەم کەمێک دواکەوت. بۆیە منیش بڕیارم دا شوێنێک بدۆزمەوە تا تێیدا بوەستم و نەخووسێم، هەڵبەتە بارانەکە خەریکبوو زیادی دەکرد. لەوێدا چاییچییەک کەپرێکی بچووکی دانابوو، ڕووخسەتم خواست و لەژێر کەپرەکەیدا وەستام.
چاییچییەکە بە ڕووخساریدا دیار بوو کە دەستکورتە و، هەژاری و نەبوونی بەڕوونی لە سیما و هەناسە ساردەکانیدا بەدیدەکرا، هەر ئەمە بوو ئەوی پەلکێشی ئەوێ کردبوو، داوای چایەکم کرد و چایەکی ڕوونی بۆ تێکردم! لام وا بوو نەیدەویست چایەکانیشی وەکو چارەی ڕەش بن بۆیە بەبێ ئەوەی پێیبڵێم چایەکی کەمڕەنگی بۆ تێکردم! 
گومانی ئەوەم دەبرد کە باری دارایی باش نییە، بۆیە ویستم پرسیار دەربارەی ژیان و گوزەرانی بکەم، هەرکە وتم (ئیش و کارت چۆن دەڕوات؟) دەستی بە باسکردنی گوزەرانی خۆی کرد و وتی:
 «ئێستا ئیش زۆر کەمە و من ڕۆژانە بۆ کەسێک کار دەکەم لێرەدا و لەبەرامبەردا بڕی پازدە هەزار دینار وەردەگرم لێی، ئاخر تۆ پێمبڵێ بە پازدە هەزار خێزانێکی پێنج کەسی چۆن دەچێت بەڕێوە ؟!» 
منیش بەلامەوە سەیر بوو بۆیە پرسیم ئەی ئیشێکی تر نییە تاکو لەگەڵ ئەمەدا پێکەوە بیانکەیت و گوزەرانت باشتربکەیت؟ ئەو لە وەڵامدا بە خەندەیەکی نائومێدانەوە وتی:
 « چواردە ساڵە مامۆستام لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی و تاکو دوو ساڵ پێش ئێستا زۆر بەخۆشی لەگەڵ خێزان و منداڵەکانمدا دەژیاین، بەڵام ئەوە ماوەی دوو ساڵە تووشی ئەم بارە ناهەموارەیان کردووین و لەمجێگا بۆ ئەوجێگا دەچم و دێم تا پاروویەکی حەڵاڵ بۆ منداڵەکانم پەیدابکەم!!»
 کە گوێم لەم وتانەی بوو لە جێی خۆمدا وشکبووم! ئاخر بۆچی خەڵکی ئێمە هەمیشە دەبێت یان ئاوارە بن یان برسی یان هەم ئاوارە و هەم برسی. مامۆستاکانمان ئاوەها نانبڕاو بن دەبێت چاوەڕێی چی لە کەرتی پەروەردە بکەین لەم وڵاتەدا؟!، تۆ بڵێیت بەرپرسانی ئەم وڵاتە ئاگایان لە گوزەرانی خەڵکی ڕەش و ڕووت هەبێت؟ ئەگەر ئاگادار بن تۆ بڵێیت شەوان خەو بچێتە چاویان!؟ دەبێت ئێستا چەند مامۆستا و چەند فەرمانبەر و چەند ئەندازیار و چەند پێشمەرگە و چەند کارگوزار و چەند و چەند و چەندانی تر وەکو ئەم چاییچییە سەرگەردان  و عەوداڵ بن بەدوای پارووە نانێکدا؟، لە کاتێکدا ئەوان مافی خۆیانە  ژیان و گوزەرانێکی زۆر باشیان بۆ فەراهەمبکرێت. دەبێت ئێستا  چەند خێزان و چەندەها منداڵ بێشێو سەر بنێنەوە؟ هەموو ئەم نەهامەتییانە بە ملی کێ؟ بێگومانم هەموو کوچە و کۆڵانێک لەم وڵاتەدا چیرۆکی هاوشێوەی ئەم کابرایەی تێدایە، خودا دەبێت کەی بێت منداڵەکانمان بە ئاسوودەیی و تێری شەوێکی ئارام ڕۆژپێبکەنەوە، دەبێت کەی بێت خودا کەی؟
لە کۆتاییدا بەو هیوایەی تروسکایی ئومیدێک ببەخشمە دڵە غەمبارەکەی، پێموت کە چاوەڕێی نەوەیەکین لە داهاتوودا بێتە مەیدان کە بە خزمەتە دڵسۆزانەکانیان بۆ نیشتیمان، داهاتوویەکی ڕۆشن بۆ نەوەکانمان مسۆگەردەکەن و مێژوویەکی نوێ و جێی شانازی بۆ کوردستان دەنووسنەوە.
لەبەرامبەر ئەم قسانەمدا وتی: 
«منیش باوەڕم بەوە هەیە بەڵام تازە من بە هیلاک چووم، بەڵکو ئەوان (مەبەستی منداڵەکانی بوو) بحەسێنەوە!»


 
زانیار :
19/5/2017
دەستت خۆشوێ بابەتێ قەشەنگت ئینتیخاب کردووە بژی ئوستازی گەورە ، هەر بمێنیت بۆمان
ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7301
23/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP