به‌ره‌ی‌  ئیسلامی‌ رزگاریی‌ جه‌زائیر
كه‌لێنه‌كان دەقۆزێتەوە به‌ره‌ی‌ ئیسلامی‌ رزگاریی‌ جه‌زائیر ‌ 12/6/2017
كوردستانی‌ نوێ‌- ره‌وته‌كان
1-2
به‌ره‌ی‌ ئیسلامی‌ بۆ  رزگاریی‌ جه‌زائیر، له‌ سه‌ره‌تاكانی‌ ساڵی‌ 1989 پێكهێنرا و له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ شاره‌وانییه‌كان له‌ 1990 و هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ له‌ كۆتایی‌ 1991 به‌شداریی‌ كرد و زۆرینه‌ی‌ هه‌ره‌زۆری‌ ده‌نگه‌كانی‌ له‌ خولی‌ یه‌كه‌مدا به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام به‌وهۆیه‌ی‌ سوپا له‌ سه‌ره‌تای‌ 1992 پرۆسه‌ی‌ دیموكراتی‌ له‌و وڵاته‌دا راگرت، توندوتیژییه‌كی‌ به‌رین لە جەزائیر هاته‌ئارا و ئه‌و ته‌وژمه‌ش زیاتر له‌ ده‌ ساڵ له‌و وڵاته‌دا درێژه‌ی‌ كێشا. 
له‌كاتێكدا حكومه‌ت به‌ره‌ی‌ ئیسلامی‌ به‌ «تیرۆریست» تۆمه‌تبار ده‌كرد، به‌ره‌كه‌ خۆی‌ به‌ «حزبی‌ نوێنه‌ر بۆ پرسی‌ جه‌زائیرییه‌كان» وه‌سف ده‌كرد. 

سه‌رهه‌ڵدان و دامه‌زراندن 
د.عه‌باسی‌ مه‌ده‌نی‌ سه‌رۆكی‌ به‌ره‌كه‌، هۆكاریی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ حزبه‌كه‌ی‌ بۆ رووداوه‌كانی‌ تشرینی‌ ی یه‌كه‌می‌ 1988 گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ له‌ جه‌زائیری‌ پایته‌خت رویاندا و تێیاندا ناڕه‌زایی‌ به‌رانبه‌ر به‌ خراپی‌ دۆخی‌ ئابوری‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ وڵات خرایه‌ڕوو كه‌ به‌وته‌ی‌ ئه‌و، «لێوه‌ی‌ به‌ره‌ی‌ ئیسلامی‌ بۆ رزگاری‌، بووه‌ نوێنه‌ری‌ خه‌می‌ گه‌لی‌ جه‌زائیر»، لێره‌وه‌ ئه‌و راستیانه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ حزبه‌ ئیسلامییه‌كان به‌رده‌وام كێشه‌ ئابوری‌ و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان وه‌ك كه‌لێنێك قۆستووه‌ته‌وه‌ بۆ هاتنه‌ نێو ژیانی‌ سیاسی‌ و گه‌مه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌ست و نه‌ستی‌ خه‌ڵك. 
عه‌لی‌ بلحاج و هاشمی‌ سه‌حنونی‌ له‌گه‌ڵ عه‌باسی‌ مه‌ده‌نی‌، وتوێژ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی‌ وه‌رگرتنی‌ هه‌ڵوێستێك به‌رانبه‌ر به‌ رووداوه‌كان ده‌كه‌ن و له‌و نێوه‌نده‌شدا مه‌ده‌نی‌ پێشنیاری‌ پێكهێنانی‌ «به‌ره‌ی‌ ئیسلامی‌ بۆ رزگاریی‌ ده‌كات تاوه‌كو ببێته‌ نوێنه‌ری‌ خه‌مه‌كانی‌ گه‌لی‌ جه‌زائیری‌». 
ئه‌و سێ‌ پیاوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ رێككه‌وتن و له‌ یه‌كێك له‌ مزگه‌وته‌كانی‌ جه‌زائیری‌ پایته‌خت رایانگه‌یاند، دوای‌ خستنه‌ڕووی‌ ئامانجه‌كانی‌ به‌ره‌كه‌ و ئاماده‌كردنی‌ پرۆگرام و گوتار و میكانیزمی‌ كاركردن، له‌سه‌ر رێكخستنی‌ كۆنگره‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ حزبه‌ نوێیه‌كه‌ش رێككه‌وتن.
به‌وشێویه‌ حزبی‌ «به‌ره‌ی‌ ئیسلامی‌ بۆ رزگاریی‌» له‌ 18ی‌ شوباتی‌ 1989 دامه‌زرا، ئه‌وه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ هه‌مان ساڵدا و له‌ ده‌ره‌ونجامی‌ رووداوه‌كانی‌ 1988 ده‌ستور هه‌مواركرا و پشت به‌ یاسای‌ ئازادی‌ بۆ پێكهێنانی‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان به‌سترا، حكومه‌تی‌ جه‌زائیریش له‌ سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ ئه‌یلولی‌ 1989 به‌شێوه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ دانی‌ به‌ حزبه‌كه‌دانا.  

فكر و ئایدۆلۆژیا
به‌ره‌ی‌ ئیسلامی‌، گوتاری‌ فكری‌ خۆی‌ له‌ یاداشتێكدا له‌ 7ی‌ ئاداری‌ 1989 پێشكه‌ش به‌ شازلی‌ بن جدید سه‌رۆكی‌ وڵات كرد كه‌ پره‌نسیپ و پرۆگرامی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌خۆگرتبوو، پوخته‌كه‌یشی‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌ره‌كه‌ هه‌وڵ بۆ دامه‌زراندنی‌ سیستمێكی‌ حوكمڕانی‌ مه‌ده‌نی‌ فره‌یی‌ ده‌دات له‌سه‌ر بنه‌مای‌ پره‌نسیپی‌ حوكم بۆ خودایه‌ و ده‌سه‌ڵاتیش بۆ گه‌ل، له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ دادپه‌روه‌ر له‌سه‌ر بنه‌ماكانی‌ ئیسلام. 
له‌ڕووی‌ پێكهاته‌ی‌ فكرییه‌وه‌ به‌ره‌ی‌ ئیسلامی‌ بۆ رزگاریی‌، لقه‌كانی‌ رابوونی‌ ئیسلامی‌ هاوچه‌رخ و بزوتنه‌وه‌ی‌ نیشتیمانی‌ جه‌زائیری‌ له‌خۆده‌گرت و بریتی‌ بوو له‌ تێكه‌ڵه‌یه‌كی‌ فكری‌ خوێندنگه‌ ئیسلامییه‌ چاكسازییه‌ گه‌وره‌كان كه‌ تێیدا ئیخوانه‌كان و ره‌وته‌ سه‌له‌فییه‌ جیاجیاكانی‌ كۆده‌كرده‌وه‌.  
وێڕای‌ ئه‌وانه‌ی‌ سه‌ر به‌ ره‌وتی‌ «جه‌زاره‌» بوون كه‌ بڕوایان به‌ پێویستی‌ پاراستنی‌ رێكرن له‌سه‌ر په‌یڕه‌وی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ زایانایانی‌ جه‌زائیری‌ هه‌بوو ( په‌یڕه‌وی‌ شێخ عه‌بدولحه‌مید بن بادیس و ئه‌لبه‌شیر ئیبراهیمی‌»، و به‌پێویستیان ده‌زانی‌ سود له‌ میراتی‌ فكری‌ ئیسلامی‌ (مالیك بن نه‌بی‌) بیرمه‌ندی‌ ئیسلامی‌ جه‌زائیری‌ وه‌ربگیرێت.

پره‌نسیپ و ئامانجه‌كان 
به‌ره‌ی‌ ئیسلامی‌ له‌ چه‌ندان به‌یاننامه‌دا، گرنگترین پره‌نسیپ و ئامانجه‌كانی‌ خۆی‌ راگه‌یاند، له‌وانه‌ «بانگه‌وازی‌ 12ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 1989» كه‌ گرنگترینیان ئه‌مانه‌ بوون: 
-پێویسته‌ شریعه‌تی‌ ئیسلامی‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا جێبه‌جێ‌ بكرێت. 
-فه‌راهه‌مكردنی‌ ئازادی‌ بۆ گه‌ل و هه‌ڵگرتنی‌ سته‌م و خۆسه‌پاندن.
-پشتبه‌ستن به‌ ئابوری‌ ئیسلامی‌ و رێگرتن له‌ مامه‌ڵه‌كردن به‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان. 
-به‌گه‌ڕخستنی‌ شه‌ریعه‌ت له‌باره‌ی‌ خێزان و ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ پرۆگرامی‌ فه‌ره‌نسی‌ «كه‌ بانگه‌شه‌ بۆ له‌به‌ریه‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ ده‌كات». 
-داواكاریی‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ كلتوری‌ و ئیدانه‌كردنی‌ به‌تاڵكردنی‌ كلتور له‌ ناوه‌رۆكه‌ ئیسلامییه‌كان.  
-ئیدانه‌كردنی‌ به‌كارهێنانی‌ میدیا له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ به‌ڕووی‌ رابوونی‌ ئیسلامی‌. 
-رزگاركردنی‌ ده‌ستبه‌جێی‌  ده‌سته‌وته‌ مێژووییه‌كانی‌ گه‌ل و سامانه‌ مرۆیی‌ و سروشتییه‌كان
-كاركردن بۆ پاراستنی‌ یه‌كێتی‌ ریزه‌كانی‌ ئیسلامی‌ و پارێزگاریی‌ له‌ یه‌كێتی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌.
-پێشكه‌شكردنی‌ ئه‌لته‌رناتیڤێكی‌ ئیسلامی‌ ته‌واوه‌تی‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ هه‌موو كێشه‌كانی‌ وڵات. 
-هاندانی‌ گیانی‌ ده‌ستپێشخه‌ریی‌ و به‌گه‌ڕخستنی‌ هه‌موو توانا و شاره‌زاییه‌كان بۆ بنیاتنانی‌ ته‌واوه‌تی‌. 

رێڕه‌وی‌ سیاسی
رێڕه‌وی‌ سیاسی‌ به‌ره‌كه‌ له‌ كه‌شێكی‌ نیشتمانی‌ ئاڵۆز و په‌ره‌سه‌ندنێكی‌ خێرادابوو، ئه‌وه‌ش ده‌یخواست بكه‌وێته‌خۆی‌ و هاوشان له‌گه‌ڵیاندا رێبكات، بۆیه‌ رێپێوانێكی‌ زه‌به‌لاحی‌ له‌ رۆژی‌ 22ی‌ نیسانی‌ 1990، وه‌ك  عه‌باسی‌ مه‌ده‌نی‌ ئاماژه‌ی‌ پێكردبوو بۆ ناڕزایی‌ به‌رانبه‌ر به‌ «نه‌بوونی‌ دیالۆگێكی‌ جدی‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی‌» سه‌باره‌ت به‌ داواكارییه‌كانی‌ به‌ره‌كه‌ و به‌ تایبه‌ت داواكاریی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان «شه‌رعه‌یتی‌ نه‌ماوه‌» (له‌ دواییدا له‌ 4ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 1992 هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌). 
كاتێكیش یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی‌ ئازاد له‌ جه‌زائیر له‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ 1990 ئه‌نجامدرا، به‌ره‌ی‌ ئیسلامی‌ رزگاریی‌ به‌شداریی‌ كرد و له‌ كۆی‌ 1539 شاره‌وانی‌ له‌ 48 ولایه‌ت ، 853 شاره‌وانی‌ و 32 ولایه‌تی‌ برده‌وه‌، ئه‌وه‌ش وایكرد حزبی‌ به‌ره‌ی‌ رزگاریخوازیی‌ نیشتیمانی‌ فه‌رمانڕوا له‌ وڵات، هه‌ست به‌ مه‌ترسی‌ ركابه‌ره‌ به‌هێزه‌كه‌ی‌ بكات له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌، بۆیه‌ رێوشوێنی‌ بۆ رێگرتن له‌ گه‌وره‌بوونی‌ مه‌ترسییه‌كه‌ گرته‌به‌ر، له‌وانه‌ رێگرتن له‌ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردن له‌نێو مزگه‌وته‌كان.
له‌ 25ی‌ مایسی‌ 1991، به‌ره‌ی‌ ئیسلامی‌ رزگاریی‌ داوای‌ له‌ لایه‌نگرانی‌ كرد، مانگرتن و رێپێوان و گردبوونه‌وه‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌ گشتییه‌كان بۆ داواكاریی‌ چاكسازی‌، و ناڕه‌زایی‌ به‌رانبه‌ر به‌ هه‌مواری‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردن و «دابه‌شكردنی‌ بازنه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن» سازكرد كه‌ له‌لایه‌ن به‌ره‌كه‌وه‌ به‌ «كاڵایه‌ك بۆ باڵای‌ حزبی‌ فه‌رمانڕه‌وا» وه‌سفكرا. 
عه‌باسی‌ مه‌ده‌نی‌ سه‌رۆكی‌ به‌ره‌كه‌ و عه‌لی‌ بلحاجی‌ جێگری‌ له‌ 30ی‌ مایس داوای‌ كۆبوونه‌وه‌یان كرد له‌گه‌ڵ مه‌ولود حه‌مروش سه‌رۆكی‌ ئه‌و ده‌مه‌ی‌  حكومه‌ت، هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتن به‌ره‌كه‌ گردبوونه‌وه‌ له‌ چوار گۆڕه‌پانی‌ دیاریكراودا رێكبخات. 
به‌ڵام حكومه‌ته‌كه‌ی‌ حه‌مروش له‌ 2ی‌ حوزه‌یران له‌سه‌ركارلادرا، له‌ ئێواره‌ی‌ رۆژی‌ دوایی‌، هێزێكی‌ ئاسایش هه‌ڵیكوتایه‌ سه‌ر گۆڕه‌پانه‌كانی‌ مانگرتن بۆ بڵاوه‌پێكردنی‌ خۆپیشانده‌ران، به‌و هۆیه‌وه‌ 100 كه‌س كوژران و برینداربوون و عه‌باسی‌ مه‌ده‌نی‌ سه‌رۆكی‌ به‌ره‌كه‌ عه‌لی‌ بلحاجی‌ جێگریشی‌ له‌ 21ی‌ هه‌مان مانگدا به‌ تۆمه‌تی‌ «پیلانگێڕی‌ له‌ دژی‌ ئاسایشی‌ ده‌وڵه‌ت و له‌گه‌ڕخستنی‌ ئابوری‌ نیشتیمانی‌» ده‌ستگیركران، به‌ڵام دواتر ئازادكران. 
به‌ره‌ی‌ ئیسلامی‌ بۆ رزگاریی‌ له‌ 26ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 1991 به‌شداریی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانیدا كرد و له‌ خولی‌ یه‌كه‌مدا له‌ كۆی‌ 228 كورسی‌، 188 كورسی‌ به‌ده‌ستهێنا (كۆی‌ گشتی‌ ژماره‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مان له‌و ده‌مه‌دا 380 كورسی‌ بوو، دواتر زیادكرا بۆ 389 كورسی‌)، حزبی‌ به‌ره‌ی‌ هێزه‌ سۆسیالیسته‌كانیش به‌ده‌ستخستنی‌ 25 كوسری‌ له‌ پله‌ی‌ دووه‌مدا بوو، له‌ پله‌ی‌ سێیه‌میش به‌ره‌ی‌ رزگتاریخوازیی‌ نیشتمیانی‌ فه‌رمانڕوا بوو كه‌ ته‌نیا 16 كورسی‌ به‌ده‌ستهێنا. 
به‌بۆچوونی‌ زۆربه‌ی‌ چاودێران، حزبی‌ فه‌رمانڕوا ئه‌و بردنه‌وه‌یه‌ی‌ به‌ مایه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ بۆسه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ دانا و به‌ هه‌مان شێوه‌ وه‌ك مه‌ترسییه‌ك بۆسه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی‌ هاوپه‌یمانه‌ خۆرئاواییه‌كانی‌ لێكدانه‌وه‌ی‌ بۆكرد، بۆیه‌ له‌ 11ی‌ كانوونی‌ دووه‌مدا سوپا هاته‌ناوه‌وه‌ و سه‌رۆك شازلی‌ بن جدیدی‌ ناچار كرد ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌.
له‌ 12ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 1992، سوپا راگرتنی‌ پرۆسه‌ی‌ دیموكراتی‌ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ خولی‌ دووه‌می‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێش پێنج رۆژ له‌ ئه‌نجامدانی‌ راگه‌یاند، تا ئیسلامییه‌كان زۆرینه‌ی‌ په‌رله‌مان به‌ده‌ستنه‌هێنن. ده‌سه‌ڵاتی‌ وڵاتیش راده‌ستی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ده‌وڵه‌ت» كرا كه‌ دواتر پێكهێنرا و محه‌مه‌د بوزیاف له‌ 16ی‌ هه‌مان مانگدا وه‌ك سه‌رۆك ده‌ستنیشانكرا.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7301
23/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP