كه‌ براكه‌ی خۆم كوشت ده‌مویست خۆشم بكوژم
تیمی گه‌ڕۆكی بایۆمه‌تری، سه‌مه‌ره‌كانی‌ ژیان ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ براكه‌ی خۆم كوشت ده‌مویست خۆشم بكوژم ‌ 16/6/2017
نازم دڵبه‌ند-هه‌ولێر
شه‌وێكی دره‌نگ قاوشه‌كه‌ كپ‌و بێده‌نگ، چونكه‌ چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك دوای سه‌عات دوانزه‌ی شه‌و بوو ئه‌و كاته‌ش رێنماییه‌كانی ئه‌منیه‌تی به‌ندیخانه‌ ده‌بێ هه‌ر زیندانه‌‌و له‌سه‌ر پێخه‌فه‌كه‌ی خۆی بۆ نوستن ئاماده‌بێت ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌بێت ده‌بێ به‌ته‌واوی بێده‌نگ بێت‌و قسه‌‌و جگه‌ره‌ خواردن سزایه‌كی قورسی له‌سه‌ره‌. ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ بوو ته‌قه‌ی كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكه‌ هات، چه‌ند قوفلێك كرایه‌وه‌، كوڕێكی گه‌نجی شه‌رواڵ له‌به‌ریان هێنایه‌ ژوورێ، به‌ڵام له‌هه‌موو جه‌ستیه‌دا ئه‌و په‌ڕی هیلاكی نه‌فسی به‌دیده‌كرا، پاسه‌وانی یه‌كه‌می ناو قاوشه‌كه‌ كه‌ هه‌ر شه‌وه‌ی به‌ نۆره‌ پێنج كه‌س تابه‌یانی كاری ئیشكگریان ئه‌نجامده‌دا هه‌مووشیان زیندانی بوون، به‌ڵام ئه‌وان كه‌سانی به‌ره‌وشت‌و تاوانه‌كانیشیان ئه‌وه‌ نه‌بوو ئه‌منیه‌تی به‌ندیخانه‌ لێیان بترسێ. ئه‌و زیندانیه‌ تازه‌یان برده‌ شوێنێكی به‌تاڵ‌و هه‌ر زوو رێنماییه‌كانیان پێڕاگه‌یاند.له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ راكشا‌و ده‌سته‌كانی خسته‌ ژێرسه‌ری‌و هه‌رزوو چووه‌ ناو مه‌ودای بیركردنه‌وه‌كان‌و هه‌ردوو چاوه‌كانیشی به‌بێ ئه‌وه‌ی بۆ چركه‌یه‌كیش بتروكێنێ خسته‌ سه‌ر سه‌قفی قاوشه‌كه‌، له‌پڕ ده‌نگی (پڕخه‌)ی هات، پاش تاوێك راپه‌ڕی ئه‌گه‌ر(نه‌هرۆ)ی پاسه‌وانی زیندانیكراو پێی رانه‌گه‌یشتایه‌ له‌سه‌ر قه‌ره‌وێله‌كه‌ به‌رده‌بۆوه‌‌و له‌به‌رخۆیه‌وه‌ ده‌یگوت:
(ئاخر رۆژانه‌ ئازاری ده‌دام..هه‌موو ماڵه‌وه‌ی هه‌راسان كردبوو، وازی له‌ قوماڕ نه‌ده‌هێنا، من ته‌نها بۆ چوار منداڵه‌كه‌ی په‌رێشانم ده‌نا بۆ خۆی هیچ..)
له‌ناكاو به‌خه‌به‌ر هات..سه‌یرێكی ئه‌ولا‌و ئه‌ولای كرد (نه‌هرۆ) ی بینی له‌ نزیكیه‌وه‌ وه‌ستاوه‌‌و به‌ نزاوه‌ پێی گوت:
*ده‌توانم جگه‌ره‌یه‌ك بكێشم.
(نه‌هرۆ) سه‌یرێكی منی كرد، منیش به‌وپه‌ڕی به‌زه‌ییه‌وه‌ به‌سه‌ر له‌قاندنێك به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ لێپرسراویه‌تیشم هه‌بووبێ ته‌نها( رێزگرتن) نه‌بێ ره‌زامه‌ندی خۆم ده‌ربڕی‌و
- ته‌نها ئه‌و جگه‌ره‌یه‌ ده‌كێشی، چونكه‌ شه‌وان ده‌وای سه‌عاتی دوانزه‌ جگه‌ره‌كێشان قه‌ده‌غه‌یه‌. به‌ڵام پێده‌چێ تۆ زۆر په‌رێشان بیت.
جگه‌ره‌كه‌ی ده‌رهێنا‌و هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵی هه‌ڵكێشا، دوای ته‌واوكردنی دیسان راكشا وه‌ دیسان كه‌وته‌ ناو بیركردنه‌وه‌كانی، منیش به‌ (نه‌هرۆ) م گوت:
(پاسه‌وانه‌كانی دوای خۆشت ئاگادار بكه‌وه‌ ئاگاداری ئه‌و گه‌نجه‌ بن نه‌وه‌ك ئه‌مشه‌و شتێك له‌خۆی بكا‌وخۆی بكوژێ.
له‌لای خۆمه‌وه‌ هه‌ر زوو زانیم به‌ هۆڕینه‌كانیه‌وه‌ ئه‌و گه‌نجه‌ كه‌سێكی كوشتوه‌، بۆیه‌ بڕیارمدا له‌گه‌ڵ پاسه‌وانه‌كان تا بتوانم به‌ره‌نگاری (خه‌و) ببمه‌وه‌‌و چاوم له‌و گه‌نجه‌ بێت..هه‌رواشبوو خه‌و به‌ ته‌واوی له‌ چاوه‌كانم زڕا، ره‌نگه‌ له‌ ترسانیش بووبێ، چونكه‌ گه‌یشتمه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ ئه‌و كوڕه‌ ده‌رفه‌تێكی هه‌بێت خۆی ده‌كوژێ.. به‌هه‌رحاڵ رۆژ بوه‌وه‌.. هه‌ر كۆمه‌ڵه‌‌و سفره‌ی خواردنی خۆیان دانا..چاودێر ئه‌و كوڕه‌ی خسته‌ سه‌ر سفره‌یه‌ك سه‌یرم كرد ته‌نیا پارچه‌ سه‌مونێك‌و چایه‌كی له‌ده‌سته‌..بانگم كرده‌ لای خۆم... راستیش هه‌ر حه‌زمده‌كرد زوو بێته‌ لام‌و تێی بگه‌م..به‌خێرایی هاته‌لام‌و پێم گوت:
*بۆ نان ناخۆی؟
*ناتوانم.. بۆ دوو رۆژ ده‌چێ نانم نه‌خواردووه‌ له‌ پێش رووداوه‌كه‌شه‌وه‌.. ئه‌و پارچه‌ سه‌مون‌و چایه‌ش له‌به‌ر جگه‌ره‌یه‌. ئه‌رێ به‌راست ئێستا ده‌توانم جگه‌ره‌ بكێشم؟
*به‌ كه‌یفی خۆت تا سه‌عات دوانزه‌ی شه‌و ئازادی جگه‌ره‌ بكێشی.. وه‌ره‌ لێره‌وه‌ دانیشه‌..له‌سه‌ر قه‌ره‌وێله‌كه‌ی خۆم له‌ ته‌نیشت خۆمه‌وه‌ دامنیشاند..تۆچیه‌ روداوی ئۆتۆمۆبێله‌؟
هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵی هه‌ڵكێشا‌و به‌ حه‌سره‌ته‌وه‌ گوتی:
*نه‌وه‌ڵا..بڕیار وا ئه‌و بوایه‌.. من برایه‌كی خۆم كوشتوه‌! من له‌ شوێنی خۆم تاسام‌و ئه‌مجاره‌یان به‌ ته‌واوی سه‌یری روخساری ئه‌و گه‌نجه‌م كرد هه‌رچیم كرد نه‌متوانی باوه‌ڕ به‌خۆم بێنم كه‌ ئه‌و كوڕه‌ (پیاوكوژ بێت) نه‌خوازه‌ڵڵا برای خۆشی!!
*من ناوم (هه‌ندرێن)ه‌ تا گه‌یشتومه‌ته‌ ئێره‌ هه‌ر خه‌ریكی كه‌سابه‌ت بویمه‌‌و باوكم نه‌ماوه‌‌و پێش ماوه‌یه‌كیش برایه‌كم له‌ هه‌موومان گه‌وره‌تر بوو له‌ شه‌ڕی خۆی ماڵه‌ خه‌زورانی كوژرا‌و من بوومه‌ سه‌رۆكی ئه‌و خێزانه‌‌و ژن‌و چوار منداڵی ئه‌و ‌و دایكم‌و برایه‌كی ترمان.
ئۆتۆمۆبێلێكی بارهه‌ڵگرم هه‌بوو له‌ سایه‌ی خوا‌و ده‌ست‌و قامه‌تی خۆم ژیانی رۆژانه‌م دابینده‌كرد‌و هچ كێشه‌یه‌كی پاره‌‌و پول‌و گوزه‌رانی ژیانمان نه‌بوو ته‌نها كێشه‌ی ئه‌و برایه‌م نه‌بێ رۆژانه‌ شه‌ڕی له‌گه‌ڵمان ده‌كرد‌و چه‌كی لێمان راده‌كێشا‌و قه‌رزاری ئه‌و ده‌هاتنه‌ سه‌ر ماڵه‌وه‌مان‌و به‌زۆر پاره‌ی لێمان ده‌سه‌ند هه‌مووشی بۆ قوماربوو... ئه‌و رۆژه‌ی كه‌ ده‌یدۆڕاند ئینجا ده‌چوو تێر‌و پڕیشی عه‌ره‌ق ده‌خوارده‌وه‌‌و به‌وپه‌ڕی سه‌رخۆشیه‌وه‌ شه‌و دره‌نگ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌‌و ده‌كه‌وته‌ ناو ژن‌و منداڵه‌كه‌ی‌و لێیانی ده‌دا‌و هه‌ندێجار ده‌ریده‌كردنه‌ ده‌ره‌وه‌... له‌بیریشم چوو هه‌ر له‌ نزیكی خۆمانه‌وه‌ له‌ خانویه‌كی به‌كرێدا داده‌نیشیت. جاری وا هه‌بوو به‌ چله‌ی زستان به‌و سه‌رمایه‌ سه‌عات دووی شه‌و ئه‌و ژن‌و منداڵانه‌ی ده‌رده‌كرده‌ ده‌ره‌وه‌‌و ئه‌وانیش بۆ كوێ بچن ناچار له‌ دره‌گای ئێمه‌یان ده‌دا‌و ده‌هاتنه‌ ژووره‌وه‌، له‌بیرمه‌ كوڕێكی بچوكی هه‌یه‌ قه‌ت نه‌یده‌ویست بچێته‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیان هه‌موو كات به‌ منی ده‌گوت:
(مامه‌ به‌قوربانت بم مه‌مانێره‌وه‌ بابمان ده‌مانكوژێ) قه‌ت ئه‌وه‌شم له‌بیرناچێ هه‌مان ئه‌و منداڵه‌ی دوێنێ له‌به‌رده‌می پۆلیس‌و حاكم گوتی:
(خه‌تای مامم نه‌بوو..بابم زۆر خراپ بوو له‌گه‌ڵمان هه‌موو جارێ زۆری لێده‌داین... خه‌تای مامم نه‌بوو..ئه‌و مامه‌م ئێمه‌ی به‌خێو ده‌كرد...)
هه‌میشه‌ دایكم قه‌ناعه‌تی پێم ده‌هێنا كه‌ برای خۆمه‌‌و گوزه‌رانی خراپه‌. رۆژێ دێ بگه‌ڕێته‌وه‌‌و خودا هیدایه‌تی بدا، منیش دڵم نه‌رمده‌بوو ‌و زۆربه‌ی جاره‌كان پاره‌م ده‌دایێ‌و قه‌رزم له‌جیاتی ده‌دایه‌وه‌ هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ كۆڵان ده‌نگمان نه‌یه‌، تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی وه‌ڕسی كردم، شوێنێكی تایبه‌ت هه‌بوو بۆ وه‌ستانی ئۆتۆمبێله‌كانمان، چونكه‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌ كاری باركردنیان هه‌بوایه‌ زیاتر ده‌هاتنه‌ ئه‌وێ، منیش یه‌كێك بووم له‌و شۆفێرانه‌ی كه‌ له‌وێ ده‌وه‌ستام بۆ كار‌و كه‌سابه‌تی خۆم شوێنه‌كه‌ش له‌ (.....)بوو.. چه‌ند رۆژێك بوو ئه‌و برایه‌م كه‌ ناوی(رێباز) بوو به‌ته‌واوی ئارامی لێبڕیبوین‌و پێش دوو شه‌ویش به‌ چه‌كه‌وه‌ هاته‌ به‌رده‌رگا‌و كۆمه‌ڵه‌ فیشه‌كێكی به‌ ماڵه‌وه‌ وه‌نا..خه‌ریكبوو دایكم بكوژێ‌و رایكرد‌و پۆلیس هات‌و بڕیاری ده‌سگیركردنی بۆ ده‌رچوو (هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشا) بریا بگیرایه‌ ئه‌و كاره‌سته‌ رووینه‌دایه‌.خۆی بزر كرد، به‌ڵام هه‌موو ده‌مێ هه‌مووانی به‌ مۆبایل هه‌راسان كردبوو ‌و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی لێده‌كردین. نان له‌ ماڵه‌كه‌ی نه‌بوو ژن‌و منداڵه‌كه‌ی هاتبونه‌وه‌ لای ئێمه‌..
پێرێ شه‌و به‌ دره‌نگه‌وه‌ دیسان ده‌نگی ته‌قه‌ی گولله‌یه‌ك له‌به‌رده‌رگا هات‌و دوای تاوێك زه‌نگی مۆبایله‌كه‌ی من لێیدا سه‌یرم كرد (رێبازه‌)‌و هه‌ر زوو پڕ جوێنی كردم‌و چی قسه‌ی ناشیرین هه‌یه‌ پێیدام‌و گوتی:
(ئه‌گه‌ر به‌یانی ئه‌وه‌نده‌ پاره‌یه‌م بۆ ئاماده‌ نه‌كه‌ی به‌خوا ئێواره‌ ناچیته‌وه‌ ماڵ... مۆبایله‌كه‌ی داخست) ئێواره‌ دووباره‌ زه‌نگی بۆ لێدامه‌وه‌ ئه‌مجاره‌شیان به‌هه‌مان شێوه‌..منیش به‌راستی تاقه‌تی هیچم نه‌ما‌و بڕیارمدا له‌ كۆڵی خۆم‌و ئه‌و خێزانه‌ی بكه‌مه‌وه‌ كه‌ هه‌مومان به‌ ده‌ستیه‌وه‌ تووشی گه‌وره‌ترین كێشه‌ هاتوین، 
*لێره‌وه‌ پلانی كوشتنم داڕشت*
به‌ڵام چۆن!! له‌لای خۆیه‌وه‌ پیلانێكم بۆ دانا به‌بێ ئه‌وه‌ی پرس به‌ هیچ كه‌سێك بكه‌م..ته‌له‌فۆنم بۆ كرد‌و وه‌ڵامی دایه‌وه‌‌و به‌ قسه‌ی خۆش گوتم:
*(كاكه‌ من‌و تۆ براین تائێستا یارمه‌تی زۆرم داوی وه‌ره‌ كوڕی باشبه‌ وازبێنه‌ قه‌یناكه‌ ئه‌مجاره‌شیان پاره‌ت ده‌ده‌مێ‌و قه‌رزه‌كانیشیت ده‌ده‌مه‌وه‌ بڕۆوه‌ ناو ماڵ‌و منداڵه‌كانت... به‌یانی كاتی رۆژئاوا وه‌ره‌ لای ئه‌و شوێنه‌ی ئۆتۆمۆبێله‌كان لێی ده‌وه‌ستن وه‌ریبگره‌..زۆر به‌ بێ منه‌تیه‌وه‌ بڕیاری هاتنی بۆ ئه‌و شوێنه‌دا...)
من به‌ته‌واوی ئاماده‌باشی خۆم كردبوو، ده‌مانچه‌یه‌كی ئه‌وانه‌ی پۆلیس پێیانه‌ ده‌مێك بوو كڕیبووم، ساز‌و ئاماده‌م كرد..به‌ره‌به‌ری رۆژئاوا بوو هه‌موو شۆفێره‌كان به‌ره‌و ماڵ ببونه‌وه‌ ته‌نها من له‌ناو ئۆتۆمۆبێله‌كه‌ی خۆم دانیشتبوم چاوه‌ڕێی (رێباز)م ده‌كرد...بریا نه‌هاتایه‌.. بینیم له‌ تاكسیه‌ك دابه‌زی له‌ دووره‌وه‌ش دیار بوو سه‌رخۆشه‌... چه‌ند هه‌نگاوێك مابوو بگاته‌ لای من.. رۆژیش به‌ ته‌واوی ئاوا ببوو ‌و خه‌ریكبوو تاریك داده‌هات هاواری لێم كرد گوتی:
*ئه‌و پاریه‌م بۆ فرێده‌ تاقه‌تم نیه‌ بۆ ناو ئۆتۆمۆمبێل سه‌ركه‌وم... دره‌نگه‌ ئیشم هه‌یه‌. منیش به‌وپه‌ڕی هیستیریاوه‌ ده‌رگاكه‌م كرده‌وه‌‌و دوا سه‌ره‌نجم دایه‌ ده‌موچاوی خه‌ریكبوو له‌ پیلانه‌كه‌م په‌شیمان ده‌بومه‌وه‌، چونكه‌ هه‌میشه‌ مناڵه‌كانی له‌به‌رچاوم بوون، كه‌ لێی نزیكبومه‌وه‌ تا بۆكس هه‌یه‌ له‌ ده‌موچاوی دام‌و خوێن له‌ لوتم هات‌و چاوه‌كانم به‌ته‌واوی تاریكبوون رام كێشا دیوه‌كه‌ی تری ئۆتۆمۆمبێله‌كه‌‌و به‌ زه‌ییه‌كه‌م دادا‌و به‌بێ هیچ دوودڵی چه‌ند فیشه‌كێكم لێدا‌و هه‌ستم كرد به‌ ته‌واوی گیانی له‌ده‌ستدا بڕیارمدا خۆشم بكوژم، به‌ڵام دیسان منداڵه‌كانی ئه‌وم هاته‌وه‌ به‌رچاو به‌خێرایی خستمه‌ ژێر ئۆتۆمۆمبێله‌كه‌ی خۆم‌و له‌ ترسان رامكرد.. له‌دویدا دوای چه‌ند سه‌عاتێك خۆم راده‌ستی پۆلیس كرد‌و هه‌ر زوو ماڵه‌وه‌م ئاگادار كرده‌وه‌‌و گوتم:
(من رێبازم كوشت)
كه‌ هاتنه‌ بنكه‌ی پۆلیس ژنه‌كه‌ی یه‌كه‌م كه‌س بوو گوزتی:
(من هیچ داوایه‌كم له‌سه‌ر هه‌ندرێن نیه‌، چونكه‌ ئه‌و ئێمه‌ به‌خیچو ده‌كات)
-ئه‌ی ئێستا ده‌ڵێی.. چی؟
چاوێكی به‌ناو قاوشه‌كه‌دا گێڕا‌و هه‌ستمكرد فرمێسك به‌ چاوه‌كانیدا دێنه‌ خواره‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌م كرد نه‌ك ده‌رهه‌ق به‌ خۆی ده‌رهه‌ق به‌ ژن‌و منداڵه‌كانی... من په‌شیمان نیم، به‌ڵام نه‌ده‌بوایه‌ به‌ گولله‌ كۆتایی به‌ ژیانی (رێباز )بێنم.
له‌و كاته‌دا چاودێری گشتی زیندان به‌ خۆی‌و وه‌رقه‌یه‌كی هاته‌ ژووره‌وه‌‌و بانگی (هه‌ندرێن) ی كرد كه‌ ئاماده‌بێت بۆ گواستنه‌وه‌ بۆ قاوشی سزا قورسه‌كان، چونكه‌ مادده‌ یاساییه‌كه‌ی (406)ه‌.
له‌ دواجاردا گوتی:
(هیوادارم هه‌موومان له‌ ده‌ره‌وه‌ یه‌كتر ببینینه‌وه‌، به‌ڵام هه‌موومان لێره‌ تاوانمان كردوه‌ جا هه‌ریه‌كه‌و  به‌پێی تاوانی خۆی ده‌بێ له‌به‌رده‌م دادگا بوه‌ستێ.
(هه‌ندرێن) دوای مانه‌وه‌ی نزیكه‌ی ساڵێك له‌ به‌ڕێوه‌چوونی دادگاییكردنه‌كه‌ی دادگا بڕیاریدا پانزه‌ ساڵ سزا بدرێ.ئێستا له‌ زیندان حوكمه‌كه‌ی خۆی به‌سه‌ر ده‌بات...)


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7398
24/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ سیمۆنا هالیپ خه‌ڵاتی پۆرشی برده‌وه‌ 24/10/2017
‌ میسی ئێران خه‌ونه‌كه‌ی‌ هێنایه‌دی 24/10/2017
زانست
‌ یه‌كه‌مین نموونه‌ی فڕۆكه‌ی وشكاوه‌كی كاره‌بایی له‌ ڕوسیا خرایه‌ڕوو 24/10/2017
‌ كه‌نگه‌ری خوێنمژ به‌رله‌ ملیۆنه‌ها ساڵ قڕبووه‌ 24/10/2017
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP