قوباد تاڵه‌بانی: ئیراده‌ هه‌بێت كێشه‌ سیاسییه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن
قوباد تاڵه‌بانی: ئیراده‌ هه‌بێت كێشه‌ سیاسییه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن ‌ 18/6/2017
قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران له‌ هۆڵه‌ندا به‌جیا له‌گه‌ڵبێرت كۆینده‌رس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و خاتوو ژینیان هێنس وه‌زیری به‌رگریی هۆڵه‌ندا كۆبۆوه‌و رایگه‌یاند: هێشتا ئایدۆلۆژیای توندڕه‌وی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌.
كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌ندا
له‌میانی كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ بێرت كۆینده‌رس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌ندا، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، باسی له‌دۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و شه‌ڕی داعش و هه‌نگاوه‌كانی چاكسازیی حكومه‌تی هه‌رێم كرد، هه‌روه‌ها چۆنێتی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كوردستان و هۆڵه‌ندا ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون، سه‌باره‌ت به‌دۆخی سیاسیی هه‌رێم، قوباد تاڵه‌بانی رایگه‌یاند: هه‌وڵێكی زۆر باش دراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌گفتوگۆ كێشه‌كانی نێوانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، «ئه‌گه‌ر ئیراده‌ هه‌بێت، هه‌موو گرفته‌كان قابیلی چاره‌سه‌رن».
له‌باره‌ی شه‌ڕی دژی داعش، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا «زۆری نه‌ماوه‌ به‌ته‌واوه‌تی ئه‌و گروپه‌ تاریكپه‌رسته‌ كۆتاییان پێ بێت، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌و بیره‌ ته‌سك و توندڕه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا چاندویانه‌و ئه‌وه‌ش شه‌ڕی فیكری و سیاسی ده‌وێت بۆ له‌ناوبردنی، ئه‌وه‌ش به‌هاوكاریی هه‌موو لایه‌ك ده‌بێت».
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌نداش زۆر مه‌به‌ستی بوو له‌هه‌نگاوه‌كانی چاكسازیی حكومه‌تی هه‌رێم بپرسێت، بۆیه‌ جێگری سه‌رۆك وه‌زیران له‌ قسه‌كانیدا تیشكی خسته‌سه‌ر قۆناغه‌كانی چاكسازیی حكومه‌ت‌و ئه‌و ئه‌مانجه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌یه‌ كه‌ له‌ڕێی ئه‌و چاكسازیانه‌وه‌ به‌دی ده‌هێنرێن‌و وتی: ئێستا بناغه‌یه‌كی پته‌ومان بنیات ناوه‌و قۆناغه‌ قورسه‌كانمان تێپه‌ڕاندووه‌و ده‌رئه‌نجامی چاكسازییه‌كانیش له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا به‌دی ده‌كرێن. قوباد تاڵه‌بانی ستایشی حكومه‌ت و گه‌لی هۆڵه‌ندای كرد بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌كانیان له‌گه‌ڵ گه‌لی كورد.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌نداش وتی: به‌گرنگییه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ گه‌لی كوردو به‌دۆستی خۆمانی ده‌زانین، مه‌به‌ستیشمانه‌ ئاشتی له‌و ناوچه‌یه‌ به‌رقه‌رار بێت، بۆیه‌ ئێمه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌موو كات هاوكارو هه‌ماهه‌نگیان ده‌بین.
كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ
وه‌زیری به‌رگریی هۆڵه‌ندا 
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران رایگه‌یاند: مه‌ترسییه‌ سه‌ربازییه‌كانی داعش كه‌م بۆته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا ئایدۆلۆژیای توندڕه‌وی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌و ده‌بێت پلانمان هه‌بێت بۆ له‌ناوبردنی.  
رۆژی 14/6/2017، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران له‌ ئه‌مسته‌ردام له‌گه‌ڵ خاتوو ژینیان هێنس وه‌زیری به‌رگریی هۆڵه‌ندا كۆبۆوه‌و گفتوگۆیان كرد له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هۆڵه‌نداو چۆنێتی پته‌وكردنیان، هه‌روه‌ها شه‌ڕی دژ به‌تیرۆریستانی داعش‌و چاكسازییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.
قوباد تاڵه‌بانی، وێڕای ستایش و سوپاسی حكومه‌تی هۆڵه‌ندا بۆ هاوكارییه‌كانی له‌ جه‌نگی دژ به‌ داعش، دوای فراوانكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی لێكردن و وتی: گه‌لی كورد به‌گرنگییه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ وڵاتی هۆڵه‌ندا به‌تایبه‌ت له‌شه‌ڕی دژی تیرۆریستان رۆڵێكی به‌رچاویان هه‌بووه‌ له‌هه‌ڵمه‌تی له‌ناوبردنیان و هاوكاریی هێزی پێشمه‌رگه‌یان كردووه‌. جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ «مه‌ترسییه‌ سه‌ربازییه‌كانی داعش كه‌م بۆته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا ئایدۆلۆژیای توندڕه‌وی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌و ده‌بێت پلانمان هه‌بێت بۆ له‌ناوبردنی ئاسه‌واره‌كه‌یان كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌بێت به‌هاوكاریی هه‌موو لایه‌ك بێت».  
سه‌باره‌ت به‌ چاكسازییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمیش وتی: حكومه‌تی هه‌رێم قۆناغی زۆر باشی بڕیووه‌و ئیراده‌مان به‌هێزه‌ له‌وه‌ی به‌سه‌ر هه‌موو گرفته‌كان زاڵ ده‌بین و خزمه‌تی باشتر به‌ گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ین.
وه‌زیری به‌رگریی هۆڵه‌نداش ستایشی گه‌لی كوردو هێزی پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مانی كردو به‌سومبولی به‌رخودان و ئازایه‌تی وه‌سفیكردن‌و وتی: ئێمه‌ زۆر به‌گرنگییه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ هه‌رێمی كوردستان‌و هه‌موو كات ده‌رگامان واڵایه‌ بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان‌و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌هاوكاری سه‌ربازی تائه‌وكاته‌ی به‌ته‌واوه‌تی داعش له‌ ناو ده‌برێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7301
23/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP