بیسمارکه نـوێکه‌ی  ئـه‌ڵـمانیا کۆچی دواییکرد
بیسمارکه نـوێکه‌ی ئـه‌ڵـمانیا کۆچی دواییکرد ‌ ئامادەکردنی: بورهان ئەمین‌ 18/6/2017
گه‌وره‌ سیاسه‌تمه‌دارو سه‌رکرده‌و که‌سایه‌تی دیاری ئه‌ڵمانی ( هێڵمۆت کۆڵ ) له‌ته‌مه‌نی ٨٧ ساڵی و له‌دوای ململانێیه‌کی دوورودرێژ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی له‌ماڵەکەی خۆی شاری (  لودفیگسهافن ) کۆچی دوایی کرد. 

ژیانی سیاسی
سیاسه‌تمه‌داری به‌ناوبانگی ئه‌ڵمانی «هێڵموت یوزف مایکل کۆڵ «ناسراو به‌ هێلمۆت کۆڵ، سه‌رکرده‌ی ‌ پارتی دیموکراتی مه‌سیحی‌و ڕاویژکاری پێشوتری ئه‌ڵمانیا له‌ساڵی١٩٣٠له‌شاری لودفیگسهافن له‌دایکبوه‌،له‌ساڵی ١٩٤٧ بۆته‌ ئه‌ندامی ئه‌و پارته‌و  به‌کالۆریۆسی له‌زانکۆی فرانکفۆرت‌ودکتۆرای زانسته‌سیاسیه‌کانی له‌ زانکۆی هایدلبێرگ وه‌رگرتوه،له‌ ١٩٥٩ په‌رله‌مانتاری هه‌رێمی ڕاینلاند بوه‌وله‌ ١٩٦٩‌یش له‌پاڵ سه‌رۆکایه‌تی پارته‌که‌ی، سه‌ره‌ک وه‌زیرانی کابینه‌ی حکومه‌تی هه‌مان هه‌رێم بووه‌،له‌ ١٩٧٣- ١٩٧٦ بۆته‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیای فیدڕاڵ،له‌ ١٩٨٢ به‌ شێوه‌یه‌کی کاتی کراوه‌ته ڕاوێژکاری‌ ئه‌ڵمانیای ڕۆژئاواو له‌ ساڵی ١٩٨٣ هه‌تا ١٩٩٨ بۆ چوار خول له‌سه‌ریه‌ک به‌هه‌ڵبژاردن هه‌ر به‌ڕاوێژکار ماوه‌ته‌وه‌.

که‌سایه‌تییه‌کی گه‌وره‌ی ئه‌وروپا
 ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ ناوداره‌‌ کۆمه‌ڵێک ده‌ستکه‌وتی ‌مه‌زنی بۆ ئه‌ڵمانیاو ئه‌وروپا هێناوه‌ته‌دی، له‌وانه یه‌کخستنی هه‌ردوو به‌ری ئه‌ڵمانیاو  پێشخستنی باری ئابوری ووڵاته‌که‌و سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واری بیری نازیه‌ت‌و بونیاتنانه‌وه‌و هێنانه‌دی ‌دراوی یۆرۆ و یه‌کخستنی وداهێنانی یه‌کێتی ئه‌وروپاو نه‌هێشتی سنوره‌کان له‌نێوان ووڵاتانی یه‌کێتیه‌که‌‌وسیاسه‌ت‌وکولتوری هاوبه‌شی نێوانیان، کۆڵ به‌هۆی په‌یوه‌ندی دۆستایه‌تی باشی له‌گه‌ڵ سه‌رۆک‌وسه‌رکرده‌ی ووڵاته‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌کانی وه‌ک ئه‌مریکاو به‌ریتانیاو فه‌ره‌نساو ووڵاتانی یه‌کێتی ئه‌وروپا له‌ژیانی سیاسیدا هه‌میشه‌ هه‌وڵی گه‌وره‌کردنی پێگه‌و ئه‌ڵمانیا له‌نێو سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی داوه‌و به‌فیکرو بیرو هه‌ڵوێستی تازه‌و له‌خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی وگه‌لی ئه‌ڵماندا تێکۆشاوه.

یه‌کخستنی ئه‌ڵمانیا
له‌هه‌لومه‌رجی هه‌ردوو بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات‌وڕۆژئاواو لێک جیابوونی ئه‌ڵمانیا له‌وکاته‌ی به‌ره‌که‌ی ڕۆژهه‌ڵات که‌ سه‌ر به‌ یه‌کێتی سۆڤیه‌تی پێشوو بوو، له‌سایه‌ی سیسته‌می به‌ناو سۆسیالیستیدا هه‌ژارو بێده‌ره‌تان‌ولێقه‌وماو ودواکه‌وتووبوون‌، له‌وکاته‌ی له‌کۆتایی هه‌شتاکان ده‌نگی ناڕه‌زاییان به‌رزبۆوه‌و خه‌ڵکی ده‌ڕژانه‌ سه‌رشه‌قامه‌کان بۆ خۆشگوزه‌رانی‌و تێکه‌ڵبونه‌وه‌ی هه‌ردوو به‌ره‌که‌، هیلمۆت کۆڵ هه‌میشه‌ پشتیوانی له‌و خه‌ڵکه‌ ده‌کردو له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌وڵی هێنانه‌دی مافه‌کانیانی ده‌کرد،که‌ زه‌مینه‌ی له‌باریش هاته‌گۆڕێ توانی له‌گه‌ڵ ووڵاتان به‌تایبه‌تی یه‌کێتی سۆڤیه‌تی پێشوو‌ وبه‌ریتانیاو فه‌ره‌نساو ئه‌مریکا ڕێک بکه‌وی بۆ یه‌کخستنی ئه‌ڵمانیاو سه‌ره‌نجام به‌هه‌وڵی ئه‌و سه‌رکرده‌و سیاسه‌تێکی بوێرانه‌ توانی پرۆسه‌که‌ ئه‌نجام بدات، له‌دوای ساڵێک له‌ ڕووخانی دیواری به‌رلین له‌ساڵی ١٩٨٩ له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌رو ڕای گشتی ئه‌ڵمانیاو جیهان پرۆسه‌که‌ ڕابگه‌یه‌نی‌وخه‌بات‌وهه‌وڵی خه‌ڵكی به‌ری رۆژهه‌ڵات وه‌به‌رهه‌م بینێت، ئه‌و ده‌ستکه‌وته‌ به‌گرنگترین ده‌ستکه‌وتی سیاسی ئابوری کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ گه‌لی ئه‌ڵمان ده‌ژمێردرێت و هه‌موولایه‌ک شانازی به‌و ده‌ستکه‌وته‌و ئه‌وڕۆژه‌و ڕابه‌رانی پرۆژه‌که‌ش ده‌که‌ن.

یه‌کێتی ئه‌وروپا
هێلمۆت کۆڵ به‌ئه‌ندازیارو بناغه‌ڕێژی یه‌کێتی ئه‌وروپا داده‌نرێت،له‌زۆر بۆنه‌دا له‌دوای یه‌کگرتنه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیای ڕۆژهه‌ڵات‌وڕۆژئاوا هێڵمۆت کۆڵ ئه‌وه‌ی به‌یان ده‌کرد که‌ یه‌کگرتنه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیاو یه‌کگرتنی ئه‌وروپا ڕووی یه‌ک دراوان‌و زوو یان دره‌نگ ده‌بێ ئه‌م خواسته‌ بێته‌دی، بۆیه‌ له‌دوای پته‌وبوونی ئه‌ڵمانیا هه‌وڵی خۆی خسته‌گه‌ر بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ وه‌ک ئامانجێکی نزیک ویه‌کخستنی دراوێکی تایبه‌تیش بۆ ووڵاتان به‌ناوی یۆرۆ وه‌ک ئامانجیکی دوور، بۆیه‌ له‌دوای دروستبوونی یه‌کێتی ئه‌وروپاش ده‌ستبه‌جێ‌و له‌کاتی پۆستی ڕاویژکارێتی ئه‌ڵمانیادا له‌خه‌می یه‌کخستن‌وداهێنانی ئه‌و دراوه‌بوه‌و له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکدا ئه‌و خه‌ونه‌ی هاته‌دی‌و هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی لێکنزیککردنه‌وه‌ی ووڵاتانی یه‌کێتیه‌که‌بوه‌، تا ئه‌و ڕادده‌یه‌ی سنوره‌کانی نێوانیانی سڕیه‌وه‌و یه‌کێتی ئه‌وروپا بوو به‌و یه‌کێتیه‌ی که‌ئه‌مرۆ وه‌ک لایه‌نێکی سه‌ره‌کی له‌سیاسه‌تی نێوده‌وله‌تیدا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت.

خه‌ڵات‌و رێزلێنان
له‌سه‌ر ئاستی ووڵاته‌که‌یدا ده‌یان جار ڕێوڕه‌سمی ڕێزلینانی بۆ ڕێکخراوه‌و سوپاسنامه‌و بڕوانامه‌و خه‌ڵاتی تایبه‌تی پێشه‌شکراوه‌ ،گرنگترینیان خه‌ڵاتی «رۆناڵد بێرگر» بۆ پاراستنی سه‌روه‌ری مرۆڤ له‌٢٠١٠وخه‌ڵاتی میدیای ئه‌ڵمانی- فه‌ره‌نسی له‌هه‌مان ساڵ  له‌پای هه‌وڵه‌کانیدا بۆ لێک نزیکردنه‌وه‌ی فه‌ره‌نساوئه‌ڵمانیاو کۆشسی بۆ سه‌رخستنی پڕۆژه‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپا. ئه‌وسیاسه‌تمه‌داره‌ له‌ناو حیزب وحکومه‌تدا که‌سایه‌تی به‌هێزو خاوه‌ن بڕیار بوه‌.

له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌
یه‌کێک بوه‌ له‌و‌سیاسه‌تمه‌دارانه‌ی لای سه‌رکرده‌کانی جیهانی جێی بڕواو متمانه‌و خاوه‌ن قسه‌ی خۆی بوه‌،به‌تایبه‌تیش لای ئه‌مریکاو ڕوسیاو فه‌ره‌نسا،هه‌میشه‌ کاری کردوه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان‌وململانێی نێوان ده‌وڵه‌تان،‌ بایه‌خی تایبه‌تی به‌ئاشتی‌وئارامی ناوچه‌ی ڕۆژهاڵاتی ناوه‌ڕاست داوه‌و کاراکته‌رێکی سه‌ره‌کی ئارامکردنه‌وه‌ی دۆخی نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستین بوه‌، به‌قسه‌ی چاودێرانی سیاسی له‌و هه‌وڵانه‌یدا کۆڵ به‌رده‌وام نێوانگیریه‌کی ڕاسته‌قینه‌بوه‌و هاوسه‌نگی له‌ په‌یوه‌ندیه‌کانیدا له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کان دروست کردوه‌،زۆرێک له‌شاره‌زایان ئه‌و که‌سایه‌تیه‌ به‌بناغه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌ڵمانیایه‌کی پێشکه‌وتوو پته‌و له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی جیهاندا ده‌زانن وله‌سایه‌ی سیاسه‌ته‌کانیدا ئه‌ڵمانیا پێگه‌یه‌کی به‌هێزی بۆدروست بوه‌.

مامۆستاکه‌ی ئه‌نجیلا مێرکل
چه‌ندین که‌سایه‌تی له‌ژێرده‌ستی کۆڵ فێری سیاسه‌تکردن وکاری دیپلۆماسی وپه‌یوه‌ندیه‌کان بوون له‌وانه‌ ( ئه‌نجێلا مێرکل ) ی ڕاوێژکاری ئێستای ئه‌ڵمانیاکه‌ به‌هیزترین ژنه‌ سیاسه‌تمه‌دار له‌سه‌رئاستی هه‌موو جیهاندا ده‌ژمێردرێت، میرکل، هێلمۆت کۆڵی به‌ مامۆستاو ڕابه‌رو باوک و هاوڕێیه‌کی خۆی زانیوه‌و‌وله‌زۆر بۆنه‌دا ئاماژه‌ی به‌ نزیکی په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسی له‌گه‌ڵدا کردوه‌،تا کۆڵ له‌سه‌ر خۆبوو له‌ زۆر کێشه‌و هه‌ڵویستی جدی‌وهه‌ستیاردا پرسی پێ ده‌کراو وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی فیکرو عه‌قڵ له‌لایه‌ن گه‌وره‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی پارته‌که‌یه‌وه‌ به‌تایبه‌تیش راوێژکاره‌وه‌ متمانه‌ی پێ ده‌کراو قسه‌و گوفتاره‌کانی به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرا،تا ساڵی ٢٠١٣ وپێش نه‌خۆش که‌وتنی ئه‌و سه‌رکرده‌یه،‌ له‌ نێوه‌نده‌سیاسیه‌کانی ئه‌ڵمانیدا حیساب بۆ ڕاگه‌یاندن و قسه‌کانی ده‌کراو له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌کاندا به‌ سوڵتانی ئه‌ڵمانیا ناوده‌برا.

ئه‌ڵمانیای غه‌مبار
هێلمۆت کۆڵ ماوه‌ی ٦٥ ساڵ خه‌ریکی کاری سیاسی بوو هه‌تا ساڵی ٢٠١٢ ونه‌خۆش که‌وتن و خه‌وتنی له‌ نه‌خۆشخانه‌دا ووریاو چالاک وزه‌ینی باش بوو، به‌ڵام له‌وکاته‌وه‌ هێدی هێدی وه‌زعی به‌ره‌و خراپی ده‌ڕۆیشت وله‌دوای چه‌ندین نه‌شته‌رگه‌ری ، له‌ڕۆژی    ١٦/٦ له‌ شاری «لودفیکسهافن « کۆچی دوایی کرد،لەم بۆنەیەدا خەم وپەژارە نێوەندی سیاسی ئەڵمانی داگرت وبەرپرس و سیاسەتمەداران لەهەموو پارتەکان ستایشی ڕۆڵی ئەو کەسایەتیەیان کرد لە پیشخستی وڵات و بونیاتنانەوەو بوژاندنەوە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7398
24/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ سیمۆنا هالیپ خه‌ڵاتی پۆرشی برده‌وه‌ 24/10/2017
‌ میسی ئێران خه‌ونه‌كه‌ی‌ هێنایه‌دی 24/10/2017
زانست
‌ یه‌كه‌مین نموونه‌ی فڕۆكه‌ی وشكاوه‌كی كاره‌بایی له‌ ڕوسیا خرایه‌ڕوو 24/10/2017
‌ كه‌نگه‌ری خوێنمژ به‌رله‌ ملیۆنه‌ها ساڵ قڕبووه‌ 24/10/2017
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP