ئیسرائیل كاره‌بای‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌
هۆكاره‌كه‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ״حه‌ماس״ه‌ ئیسرائیل كاره‌بای‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌ ‌ 19/6/2017
كوردستانی‌ نوێ‌- ره‌وته‌كان
ئیسرائیل به‌نیازه‌ پێدانی‌ وزه‌ی‌ كاره‌با به‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ كه‌مبكاته‌وه‌ كه‌ نزیكی‌ دوو ملیۆن كه‌سی‌ تێدا ده‌ژی‌ و له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی‌ «حه‌ماس»ه‌وه‌ كۆنترۆڵكروه‌، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ زیاتركردنی‌ قه‌یرانی‌ وزه‌ له‌ غه‌ززه‌ كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆرده‌چێت گه‌مارۆدراوه‌. 
به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان، كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ وزه‌ی‌ كاره‌ بۆ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ له‌مه‌ودوا رۆژانه‌ به‌رێژه‌ی‌ 45 خوله‌ك ده‌بێت، له‌كاتێكدا دانیشتوانه‌كه‌ی‌ له‌باشترین حاڵه‌تدا له‌ رۆژێكدا سێ‌ بۆ چوار كاتژمێر كاره‌بایان بۆدابین ده‌كرێت.     
ئه‌و هه‌نگاوه‌ی‌ ئیسرائیل بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ وزه‌ی‌ كاره‌بای‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌، پێده‌چێت هێنده‌ی‌ تر دۆخه‌كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ خراپتر بكات كه‌ به‌ده‌ست هه‌ژاریی‌ و گه‌مارۆوه‌ ده‌ناڵێنێت و ره‌نگه‌ ئاڵۆزییه‌كانیش زیاتر بكات.    
كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ كاره‌با بۆ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ 2007وه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ بزوتنه‌وی‌ «حه‌ماس»دایه‌، نزیكه‌ی‌ دوو ملیۆن كه‌س له‌خۆده‌گرێت و له‌نێوان ساڵانی‌ 2008و 2014دا سێ‌ جه‌نگی‌ كاولكاریی‌ له‌نێوان سوپای‌ ئیسرائیل و لایه‌نه‌ فه‌له‌ستینییه‌كانی‌ به‌خۆوه‌بینیوه‌. 
وه‌ك میدیاكانی‌ ئیسرائیلیش باسی‌ ده‌كه‌ن، حكومه‌تی‌ ئیسرائیل بڕیاریداوه‌ پێدانی‌ رۆژانه‌ی‌ وزه‌ی‌ كاره‌با بۆ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ به‌ رێژه‌ی‌ 45 خوله‌ك كه‌مبكاته‌وه‌، له‌كاتێكدا دانیشتوانی‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ له‌ باشترین حاڵه‌تدا ته‌نیا سێ‌ بۆ چوتر كاتژمێر كاره‌بایان له‌ رۆژێكدا پێده‌درێت. 
وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ ئیسرائیل له‌و باره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ناتوانێت كۆمێنتی‌ له‌سه‌ر بڕیاره‌كانی‌ حكومه‌تی‌ ئه‌منی‌ بچوككراوه‌ هه‌بێت.
به‌ڵام جلعاد ئه‌ردان وه‌زیری‌ ئاسایشی‌ ناوخۆی‌ ئیسرائیل ته‌ئكیدی‌ له‌سه‌ر راستی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ كرده‌وه‌ بۆ رادیۆی‌ سوپای‌ ئیسرائیل و ئاماژه‌ی‌ به‌ ناكۆكی‌ ناوخۆیی‌ فه‌له‌ستینی‌ كرد.
به‌وته‌ی‌ ئه‌ردان، ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستینی‌ كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك مه‌حمود عه‌باسه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ده‌كرێت و له‌ ساڵی‌ 2007دا بزوتنه‌وه‌ی‌ «حه‌ماس» له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ ده‌ریپه‌ڕاندووه‌، بڕیاریداوه‌ «تا ئه‌ندازه‌یه‌كی‌ زۆر»ئه‌و پاره‌یه‌ كه‌مبكاته‌وه‌ كه‌ له‌به‌رانبه‌ر پێدانی‌ وزه‌ی‌ كاره‌با بۆ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ ده‌یداته‌ ئیسرائیل.
ئه‌ردان ده‌ڵێت: «كارێكی‌ نه‌شیاوه‌ ئیسرائیل خه‌رجی‌ به‌شێك له‌و پاره‌یه‌ بدات». 
بزوتنه‌وه‌ی‌ «فه‌تح» كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی‌ فه‌له‌ستینه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ده‌كرێت، ده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن «حه‌ماس»ه‌وه‌ له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ وه‌ده‌رنرا. 
چه‌ندان خولی‌ دانوستانیش بۆ پێكهاتنه‌وه‌ له‌نێوان ئه‌و دوو بزوتنه‌وه‌یه‌دا ئه‌نجامدراون و دووچاری‌ شكست بوون، له‌ئێستاشدا ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستینی‌ ته‌نیا كه‌ناری‌ خۆرئاوای‌ داگیركراوی‌ له‌ژێرده‌ستداماوه‌، به‌ڵام به‌رده‌وام بووه‌ له‌سه‌ر خه‌رجكردنی‌ پاره‌ی‌ دابینكردنی‌ كاره‌با بۆ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌.
سه‌باره‌ت به‌ پرسیاری‌ په‌یوه‌ست به‌ كاردانه‌وه‌كانی‌ بڕینی‌ كاره‌با و ئه‌گه‌ره‌كانی‌ به‌رپابوونی‌ جه‌نگێكی‌ نوێ‌، جلعاد ئه‌ردان وه‌زیری‌ ئاسایشی‌ ناوخۆی‌ ئیسرائیل ده‌ڵێت: «پێناچێت ئه‌وه‌ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی‌ سه‌ربازی‌ لێبكه‌وێته‌وه‌، ره‌نگه‌ فه‌له‌ستینییه‌كان دركیان به‌وه‌كردبێت كه‌ كاره‌ساته‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌وان، بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسه‌».  
ئه‌و بڕیاره‌ مایه‌ی‌ نیگه‌رانییه‌، به‌ تایبه‌ت  كه‌ له‌ مانگی‌ ره‌مه‌زان و سه‌ره‌تای‌ وه‌رزی‌ هاویندایه‌.  
ئیداره‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ ئیسرائیلی‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ كه‌ به‌رپرسه‌ له‌ رێكخستنی‌ چالاكییه‌كانی‌ سوپای‌ ئیسرائیل له‌ خاكه‌ داگیركراوه‌كانی‌ فه‌له‌ستین، له‌ مانگی‌ نیسانی‌ رابردوو رایگه‌یاند، ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستینی‌ ئاگاداریكردووه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ پاره‌ی‌ پێدانی‌ كاره‌با به‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ راده‌گرێت. 
به‌رپرسیارێتی‌ قه‌یرانه‌كه‌ له‌ئوستۆی‌ «حه‌ماس»دایه‌
قه‌یرانی‌ كاره‌با له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ی‌ هه‌ژار، پێشهاتێكی‌ نوێ‌ نییه‌ و چه‌ند هۆكارێكی‌ له‌پشته‌وه‌یه‌، له‌وانه‌ كه‌می‌ توانای‌ به‌رهه‌مهێنان، به‌و پێیه‌ی‌ له‌ غه‌ززه‌ ته‌نیا وێتستگه‌یه‌ك هه‌بوو كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ بۆردومان كرا.   
لای‌ خۆیه‌وه‌ حكومه‌تی‌ فه‌له‌ستینی‌ به‌رپرسیارێتی‌ كه‌ڵه‌كه‌بوونی‌ كێشه‌كان له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌، ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس. 
تارق ره‌شماوی‌ وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ فه‌له‌ستین به‌ ئاژانسی‌ فرانس پرێسی‌ راگه‌یاندبوو»به‌درێژایی‌ ده‌ ساڵی‌ كوده‌تا له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌، ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستین پاره‌ی‌ وزه‌ی‌ كاره‌بای‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ ده‌دات». 
روشماوی‌ ده‌ڵێت»ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستینی‌ مانگانه‌ نزیكه‌ی‌ 45 ملیۆن شه‌یكه‌ڵ ده‌داته‌ ئیسرائیل و نزیكه‌ی‌ 7 ملیۆن شه‌یكه‌ڵیش ده‌دات میسر له‌به‌ری‌ ئه‌و كاره‌بایه‌ی‌ ده‌یده‌نه‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌». 

وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ فه‌له‌ستین، باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌، پاره‌ له‌ هاوڵاتیان وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ له‌بری‌ پێدانی‌ كاره‌با به‌ هاوڵاتیان كۆیده‌كاته‌وه‌، ره‌وانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ نیشتیمانی‌ فه‌له‌ستینی‌ ناكات له‌ كه‌ناری‌ خۆرئاوا. 
به‌بۆچوونی‌ ره‌شماوی‌، «ده‌رچوون له‌و قه‌یران و له‌و تاریكییه‌ له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌، ته‌نیا له‌ڕێی‌ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسه‌وه‌ ده‌بێت بۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی‌ سه‌رۆك مه‌حمود عه‌باس سه‌باره‌ت به‌ كۆتایهێنان به‌ دابه‌شبوون». 
تاكه‌ وێستگه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌با له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌، له‌ ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ نیسانی‌ رابردوو به‌هۆی‌ نه‌مانی‌ سوته‌مه‌نییه‌وه‌ له‌كاركه‌وت.  
وێڕای‌ هاورده‌كردنی‌ هێڵی‌ كاره‌با له‌ ئیسرائیل و میسره‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و كاره‌بایه‌ بڕی‌ پێداویستی‌ هاوڵاتیان له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ پڕناكاته‌وه‌. 
تاكه‌ وێستگه‌ی‌ كاره‌با له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌، له‌پاش نه‌مانی‌ سوته‌مه‌نی‌ بۆ كارپێكردنی‌، له‌ئێستادا له‌كاركه‌وتووه‌ و دانیشتوانه‌كه‌یشی‌ له‌ رۆژێكدا ته‌نیا چوار كاتژمێر كاره‌بایان هه‌یه‌. 
بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس كه‌ له‌ ساڵی‌ 2007وه‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ی‌ كۆنترۆڵكردووه‌، ناچاربووه‌ سوته‌مه‌نی‌ موه‌لیده‌كانی‌ كاره‌با له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستینی‌ بكڕێت، به‌ڵام به‌هۆی‌ راده‌ستنه‌كردنی‌ پاره‌ی‌ سوته‌مه‌نییه‌كه‌، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستینی‌ له‌ كه‌ناری‌ خۆرئاوا، له‌ ناكۆكیدایه‌. 


ناكۆكییه‌كانی‌ نێوان حه‌ماس و فه‌تح قوڵترده‌بنه‌وه‌  
به‌هۆی‌ تێكچوونی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌ردوو بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس و فه‌تح، له‌ئێستادا ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستینی‌ به‌سه‌ر دوو ئیداره‌دا دابه‌ش بووه‌، له‌لایه‌ك بزوتنه‌وه‌ی‌ فه‌تح له‌ كه‌ناری‌ خۆرئاوا باڵا ده‌سته‌، له‌لایه‌كی‌ تریش حه‌ماس ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆی‌ به‌سه‌ر كه‌رتی‌ غه‌ززه‌دا سه‌پاندووه‌ كه‌ به‌ده‌ست قه‌یرانێكی‌ دارایی‌ و مرۆیی‌ ناهه‌مواردا ده‌ناڵێنێت. 
به‌پێی‌ دوایین پێشهاتیش كه‌ ناكۆكییه‌كانی‌ نێوان (حه‌ماس و فه‌تح) یان ناكۆكییه‌كانی‌ نێوان ئیداره‌ی‌ (كه‌ناری‌ خۆرئاوا و كه‌رتی‌ غه‌ززه‌) قوڵتر ده‌كاته‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی‌ بڕینی‌ كاره‌بای‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌یه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئیسرائیل، به‌وهۆیه‌ی‌ كاربه‌ده‌ستان له‌ كه‌ناری‌ خۆرئاوا ئاماده‌نین پاره‌ی‌ كاره‌بای‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ بده‌ن.
به‌ر له‌ سه‌فه‌ركردنیشی‌ بۆ واشنتۆن و چاوپێكه‌وتنی‌ له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا، مه‌حمود عه‌باس سه‌رۆكی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستینی‌ له‌باره‌ی‌ ناكۆكییه‌كانیان له‌گه‌ڵ حه‌ماس و كێشه‌ی‌ سیاسی‌ و ئیداریی‌ نێوان هه‌ردوولاوه‌، رایگه‌یاندبوو»بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس یان ده‌بێت كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ راه‌ست بكات، یان ده‌بێت به‌رپرسیارێتی‌ ته‌واوه‌تی‌ ئیداره‌ی‌ غه‌ززه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێت»، وێڕای‌ بڕینی‌ 30% موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ كه‌ ژماره‌یان 60 هه‌زار كه‌س ده‌بێت.   
بزوتنه‌وه‌ی‌ مقاوه‌مه‌ی‌ ئیسلامی‌ (حه‌ماس) كه‌  به‌ لقی‌ ئیخوان موسلیمین له‌ فه‌له‌ستین داده‌نرێت، به‌وهۆیه‌ی‌ بۆ چه‌ندان ساڵ ده‌چێت به‌هۆی‌ ناكۆكییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی‌ فه‌تح، كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ی‌ بۆ خۆی‌ دابڕیوه‌، به‌ده‌ست كێشه‌ و گیروگرفتێكی‌ زۆری‌ ئیدارییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و توانای‌ ئه‌وه‌ی‌ نییه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ باش ئیداره‌ی‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ به‌ڕێوه‌ببات كه‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ دوو ملیۆن كه‌س ده‌بێت. 
حه‌ماس وێڕای‌ كێشه‌ و ته‌نگژه‌ ئیدارییه‌كان، له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تیش به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت كه‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ تیرۆریسته‌ و له‌ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیلییه‌كان، شێوازی‌ تیرۆریستی‌ به‌كارده‌هێنێت، بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و تۆمه‌ته‌ش، وه‌ك چادێران ئاماژه‌ی‌ پێده‌كه‌ن، له‌ژێر فشاری‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی‌ توركیا و له‌پێناو پاككردنه‌وه‌ی‌ پارێزی‌ خۆی‌ له‌و رووه‌وه‌، حه‌ماس په‌یڕه‌و و پرۆگرامێكی‌ نوێی‌ له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا بۆ بزوتنه‌وه‌كه‌ راگه‌یاند، كه‌ به‌ بۆچوونی‌ هه‌ندێك بۆ خۆگوجاندنی‌ كاتییه‌ له‌گه‌ڵ واقعی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و به‌ بۆچوونی‌ هه‌ندێكیش سازشكردنه‌ له‌سه‌ر مافه‌ ره‌واكانی‌ گه‌لی‌ فه‌له‌ستین كه‌ بۆ چه‌ندان ساڵ ده‌چێت له‌پێناویدا شه‌ڕ ده‌كات.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7344
18/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ نێو لیستی باشترین 10 یاریزانی ئه‌وروپادا ناوی نه‌یمار نییه‌ 17/8/2017
‌ یاریزانانی سلێمانی پێشه‌نگ بوون 17/8/2017
زانست
‌ لەسەر زمانی ئێمەیە‌و لەسەر پەنجەی كەڕولاڵەكانیشە 18/8/2017
‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئاره‌زوو ده‌كه‌ن ببن به‌ دایك ئه‌م بابه‌ته‌ بخوێننه‌وه‌ 18/8/2017
‌ منداڵ هه‌ستی‌ حه‌وته‌میشی‌ هه‌یه‌ 18/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP