ریفراندۆم له‌پێناوی سه‌ربه‌خۆیی، له‌ هه‌رێمی كوردستان‌ و ته‌واوی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان سه‌ربخرێ
راگه‌یاندنی رۆژنامه‌وانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی: ریفراندۆم له‌پێناوی سه‌ربه‌خۆیی، له‌ هه‌رێمی كوردستان‌ و ته‌واوی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان سه‌ربخرێ ‌ 19/6/2017
راگه‌یاندنی رۆژنامه‌وانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی (یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان)
سه‌عات (11)ی پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ (18/6/2017) ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی، به‌سه‌رپه‌رشتی جێگری سكرتێری گشتی، كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی، درێژه‌ی به‌كۆبوونه‌وەكانیدا.
له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، ئه‌م بڕگانه‌، دوای گفتوگۆیه‌كی ئازادانه‌ی تێروته‌سه‌ل، په‌سه‌ند كران:
یه‌كه‌م:
كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان
یه‌كێتیی، له‌دامه‌زراندنییه‌وه‌ هه‌تا ئێستا، دروشمی مافی چاره‌ی خۆنوسینی بۆ گه‌لی كوردستان، بنه‌مای سه‌ره‌كی خه‌باتی بووه‌، له‌و روانگه‌یه‌وه‌، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی جه‌ختده‌كاته‌وه‌، كه‌ یه‌كێتیی وه‌كو پێشه‌نگی خه‌باتی مافی دیموكراسیانه‌ی چاره‌ی خۆنوسین، داكۆكیكه‌ری بێ ئه‌ملاو ئه‌ولا ده‌بێ‌و تێده‌كۆشێ پرۆسه‌ی ریفراندۆم له‌پێناوی سه‌ربه‌خۆیی، له‌هه‌رێمی كوردستان‌و ته‌واوی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی دابڕێندراو له‌هه‌رێم، سه‌ربخرێ. به‌مه‌رجێك سه‌راپای رێوشوێنه‌كانی به‌ یاسایه‌ك له‌ په‌رله‌مانی كوردستاندا په‌سه‌ند بكرێ‌و ده‌سه‌ڵاته‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هه‌رێم‌و ته‌واوی دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی تر، له‌به‌ر رۆشنایی یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ركه‌ نیشتمانییه‌كانیان بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌كه‌، راپه‌ڕێنن‌و، زه‌مینه‌ی كۆ ده‌نگی یه‌كڕیزی نیشتمانی بڕه‌خسێنن.
دووه‌م:
رێككه‌وتنی یه‌كێتیی‌و گۆڕان
یه‌كێتیی ئاماده‌یه‌، رێككه‌وتننامه‌ی نێوان یه‌كێتیی‌و گۆڕان جێبه‌جێ بكات‌و له‌و پێناوه‌شدا، سه‌ركردایه‌تی هاوبه‌شی راسپێردراو، بڕگه‌كانی رێككه‌وتننامه‌كه‌، جێبه‌جێ بكات.
سێهه‌م:
چاكسازیی‌و گۆڕانكاری
لیژنه‌یه‌ك پێكهات بۆ تاوتوێكردنی پرۆژه‌ی پێشكه‌شكراوی مه‌كته‌بی رێكخستن بۆ چاكسازیی‌و گۆڕانكاریی، له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا پرۆژه‌كه‌ گه‌ڵاڵه‌ی ره‌سمی بكه‌ن‌و دابه‌شبكرێته‌ سه‌ر ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی.
چواره‌م:
نه‌خشه‌ڕێگه‌ی یه‌كێتیی
وه‌ڵامی نه‌خشه‌ڕێگه‌ی یه‌كێتیی، له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ خوێندرایه‌وه‌و بڕیاردرا، هه‌ڤاڵانی سه‌ركردایه‌تی، بۆچوونی خۆیان ده‌رباره‌ی بده‌نه‌ مه‌كته‌بی سیاسی‌و مه‌كته‌بی سیاسیش، له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسی پارتیدا، بكه‌وێته‌ گفتوگۆ، بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجی هاوسه‌نگی‌و شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌، له‌هه‌موو ئاست‌و ئاراسته‌كاندا.
كۆبوونه‌وه‌، بۆ ته‌واوكردنی بڕگه‌كانی دیكه‌ی پرۆگرامی سه‌ركردایه‌تی، دوای جه‌ژن، درێژه‌ به‌كۆبوونه‌وه‌ ده‌دات. 
به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی، له‌م قۆناغه‌ نوێیه‌ی راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌ چاره‌نوسسازه‌كاندا، یه‌كێتیی:
-كاریگه‌ر بێ له‌كارا كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان‌و چاره‌سه‌ركردنی كۆی كێشه‌كانی یاسایی‌و سیاسی‌و یه‌كڕیزی نیشتمانی.
-ژینگه‌ی هه‌ڵوێستی دیموكراسی نه‌ته‌وه‌یی و، زه‌مینه‌ی ئابوریی و، كۆششی دیپلۆماسی‌و زه‌مینه‌ی یاسایی، بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی ریفراندۆم، بڕه‌خسێنرێ.
-چاكسازیی‌و گۆڕانكاری له‌ناو یه‌كێتیی‌و له‌حكومه‌تدا بهێنرێنه‌دی، هه‌تا كێشه‌ په‌نگ خواردووه‌كانی هه‌ناوی یه‌كێتیی چاره‌سه‌ر بكرێن‌و په‌یڕه‌وی ناوخۆ بكرێته‌ بنه‌مای حزبایه‌تی. له‌هه‌مانكاتدا، ئه‌و كار به‌ده‌ستانه‌ی نه‌یانتوانیوه‌ به‌پێی پرۆژه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی كوردستان، كه‌ په‌یمان‌و په‌یامی یه‌كێتیی بون بۆ جه‌ماوه‌ر، ئه‌ركه‌كانیان راپه‌ڕێنن، لێیان بپێچرێته‌وه‌و سه‌ركه‌وتوه‌كانیشیان، پاداشت بكرێن.
ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
18/6/2017


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7301
23/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP