ئارامیی جیهان رووی لە باشبوونە
ئارامیی جیهان رووی لە باشبوونە ‌ 16/6/2017
راپۆرتێكی جیهانی هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی ئاشتی و ئارامیی وڵاتان دەكات و ئاشكرای دەكات، ئارامی لە 93 وڵاتدا رووی لە باشبوونە بەڵام لە 63 وڵات دۆخەكە بەرەو خراپتر دەچێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا پەیمانگای ئابووری و ئاشتی كە بنكە سەرەكییەكەی لە ئوسترالیایە راپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوكردەوە كە تایبەتە بە هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی ئاشتی و ئارامیی وڵاتان. راپۆرتەكە بە سێ پێوەر دۆخی ئاشتی و ئارامی لە جیهاندا هەڵدەسەنگێنێت، كە ئەوانیش بریتین لە بەسەربازیكردنی وڵات، پارێزراو بوون و ئاسایش). 
ئایسلاند بۆ نۆیەم ساڵ لەسەر یەك وەكوو ئارامترین وڵاتی جیهان ناسێنراوە. ئەو وڵاتە لە هەر سێ رووەكەوە ئارامترین وڵاتی جیهانە. پاش ئەویش نیوزیلاند، پورتوگال، نەمسا و دانیمارك دێن.
لە وڵاتانی خوارەوەی ریزبەندییەكەشدا گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە چاو ساڵی رابردوو رووینەداوە، سوریا بە نائارامترین وڵاتی جیهان هەژمار كراوە. پاش سوریا، كە لە پلەی 163 دێت، ئەفغانستان، عیراق، باشووری سودان، یەمەن، سۆماڵ، لیبیا و سودان دێن. 
لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا ئەمریكای باشوور زۆرترین پێشكەوتنی لەڕووی پەرەسەندنی ئاشتییەوە بەخۆیەوە بینیوە. لە ریزبەندی وڵاتە ئارامەكانی ئەو ناوچەیەدا چیلی، ئۆرۆگوای و ئەرجەنتین لە سەرەوەی ریزبەندەكەن و كۆڵۆمبیاش نائارامترین وڵاتی ئەو ناوچەیەیە.
بەپێی راپۆرتەكەی ئەمساڵ، ئەوروپا ئارامترین ناوچەی جیهانە، لە نێو 10 ئارامترین وڵاتانی جیهاندا 8 وڵاتیان لەو كیشوەرەن. لە كۆی 36 وڵاتی ئەو كیشوەرە، رەوشی ئارامی لە 23 وڵاتیان بەرەو باشتر چووە، بەڵام لەسەر ئاستی هەموو كیشوەرەكە ئاشتی و ئارامی لە ئەوروپا پێشكەوتنێكی ئەوتۆی بە خۆیەوە نەبینیوە. 
بۆ پێنجەم ساڵ لەسەر یەك، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باكووری ئەفریقا بە نائارامترین ناوچەی جیهان هەژماركراون. زیاتر رێژەی بەرزبوونەوەی نائارامیش لەو ناوچەیە لە سعودیە و لیبیا بووە. هۆكاری بەرزبوونەوەی نائارامی لە سعودیە بۆ بەشداری ئەو وڵاتە لە شەڕی یەمەن و سوریا دەگەڕێتەوە. لە لیبیاش ئاستی شەڕ و پێكدادانە نێوخۆییەكان بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە. 
لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باكووری ئەفریقادا، قەتەر ئارامترین وڵاتی ناوچەكەیە و پاش ئەویش كوەیت، ئیمارات و تونس دێن. نائارامترین وڵاتی ناوچەكەش سوریایە و دوای ئەویش عیراق و یەمەن و لیبیا دێن.
بەگوێرەی راپۆرتەكە، لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا رەوشی ئارامی لەسەر ئاستی جیهانی بە رێژەی 2.14% تێكچووە. لەو ماوەیەدا دۆخی ئارامی لە 52%ی وڵاتان تێكچووە و لە 48%یان باشتر بووە. لەكۆی ئەو وڵاتانەی ئارامییان بەرەو خراپتر چووە، 61%یان كێشەیان هەبووە. لەو دوو لایەنەشدا وڵاتانی ناوچەی بیابانی رۆژئاوای ئەفریقا لە خراپترین رەوشدا بوون، هۆكاری ئەوەش بۆ تیرۆر و ناسەقامگیریی سیاسی دەگەڕێتەوە.
خاڵێكی دیكەی ئەرێنی لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا دابەزینی ئاستی تاوانی كوشتن بووە لە 67%ی وڵاتان و كەمبوونەوەی ئاستی تیرۆری سیاسییە. سەبارەت بە تیرۆری سیاسی لە 68 وڵات رەوشەكە بەرەو باشتر و لە 46 وڵات بەرەو خراپتر چووە. 
راپۆرتەكە ئاماژە دەكات، 14.3 تریلیۆن دۆلاری جیهان بۆ خەرجییەكانی شەڕ و توندوتیژی چووە، واتە 12.6% تێكڕای بەرهەمی ناپوختەی جیهان لە شەڕدا خەرجكراوە. 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7398
24/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ سیمۆنا هالیپ خه‌ڵاتی پۆرشی برده‌وه‌ 24/10/2017
‌ میسی ئێران خه‌ونه‌كه‌ی‌ هێنایه‌دی 24/10/2017
زانست
‌ یه‌كه‌مین نموونه‌ی فڕۆكه‌ی وشكاوه‌كی كاره‌بایی له‌ ڕوسیا خرایه‌ڕوو 24/10/2017
‌ كه‌نگه‌ری خوێنمژ به‌رله‌ ملیۆنه‌ها ساڵ قڕبووه‌ 24/10/2017
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP