سەركردەیەكی بێدەسەڵات و بێمتمانە
سەركردەیەكی بێدەسەڵات و بێمتمانە ‌ 16/6/2017
دیاری هەركی
ئەنجامی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە بەریتانیا، تیریزا مای بێ ئومێد كردووە و رۆژنامەیەكی بەریتانیش رایدەگەیەنێت، لە مەودوا مای دەبێتە سەركردەیەكی بێدەسەڵاتی ئەم قۆناغەی ئەو وڵاتە.
بە پێی ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە پەرلەمانییە پێشوەختەی رۆژی 8-6-2017 لە بەریتانیا ساز كرا، پارتی پارێزگارانی حوكمڕان تووشی گرفتێكی گەورە بووە، چونكە لەگەڵ ئەوەی ژمارەی دەنگەكانی زیادیكردووە بەڵام بەشێكی كورسییەكانی لەدەست داوە و بەو جۆرەش زۆرینەی پەرلەمانی لەدەست داوە و ئیتر ناتوانێت بە تەنیا حكومەت پێكبهێنێت و ناچارە لەگەڵ حزبە بچوكەكان، وەك حزبێكی بچوكی ئیرلەندا حكومەت دروست بكاتەوە.
دوای ریفراندۆمی خەڵكی بەریتانیا بۆ دیاریكردنی چارەنووسی وڵاتەكەیان بە مانەوە یان كشانەوە لە یەكێتی ئەوروپا، بەریتانیا رووی لە قەیرانێكی ناوخۆیی هەمە لایەنە. 
زۆرینەی خەڵكی بەریتانیا بە جیاوازییەكی كەم دەنگی دا بە جیابوونەوە لە یەكێتی ئەوروپا، ئەو ئەنجامەی ریفراندۆمەكەش، جیمس كامیرۆنی سەرۆك وەزیرانی پێشووی لەندەنی ناچار كرد دەست لەكار بكێشێتەوە.
ئەوەش رێگە لە بەردەم تیریزا مای خۆش كرد بۆ ئەوەی لەو پۆستەدا دەستبەكار بێت، ئەولەویەتی كارەكانی خۆیشی لە سەرۆكایەتی تێن داونینگ ستریت بە بریكست یان دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا دەستنیشان كرد. بە لەخۆبایی بوونێكی زۆریشەوە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختی كرد.
ئامانجی مای لە داواكردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت بە هێزكردنی پێگەی حزبەكەی بوو لە ناو پەرلەمان و حكومەتی بەریتانیادا بۆ داڕشتن و جێبەجێكردنی رێكەوتنێكی گونجاوی نێوان ئەوروپا و بەریتانیا بۆ دەرچوونی بەریتانیا لەو یەكێتییە.
ئەوەی بۆ مای چاوەڕوان نەكراو بوو، لە هەڵبژاردنی رۆژی پێنجشەممە 8-6 دا روویدا. لە بری ئەوەی پێگەی حكومەتی لەندەن بەهێز تر بێت، كەچی رووی لە نشێو و لاوازیی زیاتر كرد.
لەو بارەیەوە، بن رایلی لە رۆژنامەی سەندەی تەلەگرافی بەریتانی دەنووسێت، هەڵبژاردنی پێشوەختی بەریتانیا بووە مایەی لاوازبوونی تیریزا مای و پەراوێزكەوتنی. دەست لەكار كێشانەوەی دووان لە یاریدەدەرە سەرەكییەكانیشی نەیتوانیوە ئەو پاشەكشە و شكستە پەردەپۆش بكات و ببێتە مایەی كەمكردنەوەی گوشارەكانی سەر مای لە ناوخۆی پارتی پارێزگاراندا.
لە دوای ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەخت، ئەنجومەنی وەزیرانی بەریتانیا داوای لە تیریزا مای كرووە بە شێوەیەكی ریشەیی گۆڕانكاری لە شێوازی سەركردایەتیكردنی خۆی و حكومەتەكەیدا بكات و گۆڕانكاریی پێویستیش لە سیاسەتە ئابوورییەكەیدا بكات، دیارە ئەمانەش مەرجی وەزیر و بەرپرسانی پارتی پارێزگارانی ناو حكومەتی لەندەنە بۆ ئەوەی مای لە سەرۆكایەتی حكومەت بەردەوام بێت و بمێنێتەوە.
سەندەی تەلەگراف دەڵێت، ئەنجومەنی وەزیران مەرجی بۆ تیریزا مای داناوە، ئەگەر بیەوێت لە تێن داونینگ ستریت بمێنێتەوە دەبێت پارێزبەندی و سەلامەتی زیاتر بۆ كەرتی ئابووری و وەبەرهێنان و بزنسمانەكان لە پرۆسەی كشانەوە لە ئەوروپا دابین بكات، هەروەك دەبێت بودجەی زیاتر بۆ وەزارەتی دەرەوە دەستەبەر بكات.
ئاماژەشی كردووە، پشتیوانی مەرجداری وەزیر و بەرپرسە باڵاكانی پارتی پارێزگاران لە خودی تیریزا مای، بەر لەوەی پشتیوانی بێت لە مای، رێگریكردنە لە بەهێز بوونی پارتی كرێكاران و خودی جێرمی كۆربینی سەرۆكی ئەو حزبە لە ناو ژیانی سیاسی بەریتانیا و بردنەوەیان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.
رایلی لە سەندەی تەلەگراف دەڵێت، هەندێك جموجۆڵ هەیە بۆ ئەوەی بە كردار هەوڵی بەركەنار كردن یان دوورخستنەوەی تیریزا مای لە سەرۆكایەتی وەزیران بدرێت، لە ئێستاوە بۆریس جۆنسۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و دیڤید دیفزی گەورە بەرپرسی حكومەتی لەندەن خۆیان وەك ئەلتەرناتیڤی بەهێزی مای خستۆتەڕوو.
تەنانەت ئەو رۆژنامەیە باسی ئەوە دەكات، بڕیارە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو كۆنگرەی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا ساز بكرێت و جۆرێك لە كۆدەنگی یان لانی كەم جموجۆڵی هەستپێكراو هەیە بۆ ئەوەی تیریزا مای لەو پۆستە دوور بخرێتەوە تا نەبێتە مایەی شكانی یەكجاریی پارتەكە.
وەزیرێكی حكومەتی تێن داونینگ ستریت بە رۆژنامەكەی وتووە، بەرپرسیارێتی سەرەكی ئەو شكستەی پارتی پارێزگاران لە هەڵبژاردنی پێشوەختدا بەدەستیهێناوە دەكەوێتە ئەستۆی خودی مای. چونكە بە بڕوابەخۆبوون، تەنانەت بە لەخۆبایی بوونێكی زۆرەوە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختی كرد. بۆیە متمانە و باوەڕ و توانای خۆی لەدەست داوە، ئەمەش تایبەت نییە بە ناو پارتی پارێزگاران، بەڵكو لەسەر ئاستی وڵاتیش متمانەی لەدەست داوە.
رۆژنامەكە دەڵێت، بە راستی تیریزا مای مایەی سەرنج و تێڕامانە. ئەو لە كەسێكی بەریتانی ناچێت، چونكە تەنها بۆ ئەوەی لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە لە ماوەی 24 سەعاتدا تەواوی بۆچوونەكانی پێچەوانە كردەوە.
تیریزا مای پێش هەڵبژاردن لە خۆی بایی بوو و داوای پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی بەهێز دەكرد بۆ هەڵنانی هەنگاوی مێژوویی بە دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا، بەڵام دوای روونبوونەوەی ئەنجامەكان، تیریزا مای هەموو بۆچوونەكانی خۆی هەڵگەڕاندەوە. ئێستا ئامادەیە هاوپەیمانی لەگەڵ حزبێكی بچوكی ئیرلەندا دا بكات بۆ ئەوەی پێكهێنانەوەی حكومەت مسۆگەر بكات.
هاو ئاواز لەگەڵ سەندەی تەلەگراف، رۆژنامەی ئۆبزێرڤەر دەڵێت، دوای شكستی لە هەڵبژاردندا، تیریزا مای نە دەسەڵاتی ماوە، نە هێز، تەنانەت متمانەشی لەدەست داوە.
تیریزا مای كەسایەتییەكی بەهێزی هەبوو و خاوەنی ئەزموونێكی سیاسی گەورە بوو، بەڵام لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا هەموو شتێكی لەدەست دا. ئێستا مای بەندی ناو دیوارەكانی تێن داونینگ ستریتە، هاوڕێكانی لەدەست داوە و حزبەكەشی توڕە و بێزار كردووە.
بە رای ئۆبزێرڤەر، كەمپینی هەڵبژاردنی تیریزا مای و پارتی پارێزگاران بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت، خراپترین كەمپینی هەڵبژاردن بووە لە مێژووی خۆیدا. دەرفەتی سوود وەرگرتنی لەو راپرسیانە لەدەست دا كە سەرەتا ئاماژەیان بە سەركەوتنی پارێزگاران دەكرد بەسەر پارتی كرێكارانی ركابەریدا بە جیاوازیی 20 خاڵ، بەڵام دوا جار بووە مایەی لەدەستدانی زۆرینەی حزبەكەی لە ناو پەرلەمانی بەریتانیادا.
ئەو رۆژنامەیە دەپرسێت، لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە گرنگترین رووداوی بەریتانیا دەرچوونی ئەو وڵاتەیە لە یەكێتی ئەوروپا، كەچی بەریتانیا هەڵوەشاو و دەستەپاچەیە لە بەردەم ئەو رووداوە گەورە و ئەو بڕیارە چارەنووسسازەدا.
ئەگەر مای لە پۆستی سەرۆكایەتی وەزیرانیشدا بمێنێتەوە، ئەوا بایی ئەوە بەها و متمانەی نەماوە كە نوێنەرایەتی بەریتانیا بكات لەم قۆناغە گرنگە و لە جێبەجێكردنی بەرنامەی دەرچوونی ئەو وڵاتە لە یەكێتی ئەورپا.

حكومەتی دووەمی مای 

لەدوای هەڵبژاردنی پێشوەخت، سەرۆكی پارتی پارێزگاران و سەرۆك وەزیران، تێریزا مای، حكومەتی نوێی پێكهێنا. 
دوای ئەوەی پارتی پارێزگاران بە سەرۆكایەتی تێرێزا مای نەیتوانی ژمارەی پێویستی كورسی پەرلەمان بۆ پێكهێنانی حكومەت پێكبهێنێت و ٣١٨ كورسی بەدەستهێنا، دەستی بە هەوڵەكانی بەمەبەستی پێكهێنانی كابینەیەك كرد و ناوی ئەو كەسانەی لە حكومەتە نوێیەكەی مای-دا بوونیان هەیە، ئاشكرا كرا. 
لە كابینەی نوێدا، زۆرێك لە وەزیرەكان پێگەی خۆیان پاراستووە و لەنێو ئەوانەشدا وەزیری كار و كاروباری خانەنشینان، دامیان گرین كە میدیای بەریتانی بە <دۆستی مای و هاوبەشی نزیكی ناوبراو> ناویدەبات، كرایە جێگری سەرۆك وەزیران.
هاوكات مایكڵ گۆڤ، كە لەو حكومەتانەی لەلایەن پارتی پارێزگارانەوە لەنێوان ٢٠١٠-٢٠١٦دا پێكهێنراوە، ژمارەیەك پۆستی جۆراوجۆری وەرگرتووە، كرایە وەزیری ژینگە، خۆراك و كاروباری گوندەكان دووبارە هاتەوە نێو حكومەت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7398
24/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ سیمۆنا هالیپ خه‌ڵاتی پۆرشی برده‌وه‌ 24/10/2017
‌ میسی ئێران خه‌ونه‌كه‌ی‌ هێنایه‌دی 24/10/2017
زانست
‌ یه‌كه‌مین نموونه‌ی فڕۆكه‌ی وشكاوه‌كی كاره‌بایی له‌ ڕوسیا خرایه‌ڕوو 24/10/2017
‌ كه‌نگه‌ری خوێنمژ به‌رله‌ ملیۆنه‌ها ساڵ قڕبووه‌ 24/10/2017
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP