دوورگه‌كانی‌ تیران و سه‌نافیر ناكۆكی‌ ده‌خه‌نه‌ نێو په‌رله‌مانی‌ میسر
به‌پێی‌ رێككه‌وتنێك ده‌درێن به‌ سعودیه‌ دوورگه‌كانی‌ تیران و سه‌نافیر ناكۆكی‌ ده‌خه‌نه‌ نێو په‌رله‌مانی‌ میسر ‌ 19/6/2017
كوردستانی‌ نوێ‌- ره‌وته‌كان
په‌رله‌مانی‌ میسر له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا، گفتوگۆی‌ له‌سه‌ر پرۆژه‌ی‌ رێككه‌وتنی‌ دیاریكردنی‌ سنوری‌ ده‌ریایی‌ نێوان میسر و سعودیه‌ كرد كه‌ تائێستاش مشتومڕێكی‌ زۆریان له‌سه‌ره‌،  به‌پێی‌ پرۆژه‌كه‌ ریاز مافی‌ هه‌یه‌ ئه‌و دوو دوورگه‌یه‌ بخاته‌ چوارچێوه‌ی‌ سنوی‌ وڵاته‌كه‌ی‌، په‌رله‌مانی‌ میسریش له‌باره‌یه‌وه‌ به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا كه‌ له‌ پشتیوانكار و نه‌یار پێكهاتوون، دابه‌شبووه‌. 
له‌ په‌رله‌مانی‌ میسر، نه‌یارانی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ قسه‌ له‌سه‌ر مه‌ودای‌ یاسایی‌ گفتوگۆكردن له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌پێی‌ رۆژنامه‌ی‌ ئه‌هرامی‌ سه‌ر به‌ حكومه‌تی‌ ئه‌و وڵاته‌ش، په‌رله‌مانتارێك رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌نێو په‌رله‌ماندا ده‌دڕێنێت كه‌ مانای‌ بونی‌ دژایه‌تییه‌كی‌ به‌هێز ده‌گه‌یه‌نێت له‌سه‌ر راده‌ستكردنی‌ دوو دوورگه‌یه‌ به‌ لایه‌نی‌ سعودی‌. 
فرانس پرێس له‌ زاری‌ كه‌مال عه‌مر سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ به‌رگری‌ و ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ میسر كه‌ پشتیوانی‌ له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌كات، بڵاویكردووه‌ته‌وه‌»لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ به‌ ئاماده‌بوونی‌ مامۆستایانی‌ مێژوو و جوگرافیا و ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌ی‌ دیاریكردنی‌ سنوری‌ ده‌ریایی‌، گفتوگۆی‌ له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ كردووه‌، تا وێنه‌كان زیاتر بۆ په‌رله‌مانتاران روونببێته‌وه‌». 
 لای‌ خۆیه‌وه‌ خالید یوسف په‌رله‌مانتاری‌ نه‌یاری‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌ فرانس پرێسی‌ راگه‌یاندبووه‌»توشی‌ شۆك بوین كه‌ بینیمان كاروباره‌كان پێشتر رێكخرابوون به‌ ئاماده‌بوونی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ و شاره‌زایانی‌ یاسایی‌ و ده‌ستوری‌ و ئه‌وانی‌ تر له‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌، وێڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌بوو  له‌ سه‌ره‌تاوه‌ لیژنه‌ی‌ یاسادانان كۆببێته‌وه‌ و پاشان داوای‌ بانگهێشتكردنی‌ شاره‌زایان، یان به‌رپرسان بكات». 
به‌ وته‌ی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ میسر»له‌سه‌ره‌تاوه‌ رێگرییان له‌ گقتوگۆكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ رێككه‌وتنه‌ كرد له‌ په‌رله‌مان، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ دادگای‌ باڵای‌ كارگێڕی‌ ره‌تیكرده‌وه‌ پرۆژه‌كه‌ یاسایی‌ بێت، بۆیه‌ پێمانوابوو كه‌ پێشنیاركردنی‌ بۆ په‌رله‌مان، پێشێلكردنی‌ پره‌نسیپی‌ نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌، بۆیه‌ ده‌نگدان له‌نێو لیژنه‌ی‌ یاساداناندا كرا و زۆرینه‌ رازیی‌ بوون په‌رله‌مان گفتوگۆ له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ بكات، دانیشتنه‌كه‌ش مشتومڕێكی‌ فراوانی‌ لێككه‌وته‌وه‌، به‌ تایبه‌تیش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ عه‌لی‌ عه‌بدولعال سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان تۆمه‌تباری‌ كردین به‌وه‌ی‌ كه‌ ئێمه‌ له‌به‌ارنبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌دا پاره‌ وه‌رده‌گرین». 

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ خالید یوسف ده‌ڵێت»له‌ دانیشتنه‌كه‌دا داوامان كرد سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان به‌هۆی‌ ئه‌و تۆمه‌ته‌ی‌ رووبه‌ڕووی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ نه‌یاریی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ كردووه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ بكرێت». 
پرۆژه‌ی‌ رێككه‌وتنی‌ دیاریكردنی‌ سنوره‌ ده‌رییه‌كانی‌ نێوان میسر و سعودیه‌ كه‌ جێگه‌ی‌ مشتومڕێكی‌ زۆره‌، له‌ په‌رله‌مانی‌ میسر گفتوگۆی‌ زیاتری‌ له‌سه‌ر ده‌كرێت و به‌بۆچوونی‌ چاودێرانیش، پێناچێت ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌روا به‌ئاسانی‌ یه‌كلابكرێته‌وه‌. 
میسر و سعودیه‌ له‌ نیسانی‌ 2016، رێككه‌وتنێكیان بۆ دیاریكردنی‌ سنوری‌ ده‌ریایی‌ نێوانیان ئیمزاكرد، به‌پێی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ش، سعودیه‌ مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌بێت سه‌روه‌ریی‌ به‌سه‌ر هه‌ر دوو دوورگه‌ی‌ تیران و سه‌نافیردا هه‌بێت كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ده‌ریای‌ سور و نزیكن له‌ ته‌نگه‌ی‌ تیران به‌ئاراسته‌ی‌ كه‌نداوی‌ عه‌قه‌به‌». 
ئیمزاكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌، ناڕه‌زایی‌ و خۆپیشاندانی‌ بێ‌ پێشینه‌ی‌ له‌ ساڵی‌ رابردوودا له‌ دژی‌ عه‌بدولفه‌تاح سیسی‌ سه‌رۆكی‌ میسر لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ دواتر له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ سه‌ركوتكران. 
له‌ 16ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ رابردوو، دادگای‌ باڵای‌ كارگێڕی‌ له‌ میسر، بڕیاریی‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ ده‌ركرد، به‌ڵام دادگای‌ قاهیره‌ بۆ كاروباره‌ به‌په‌له‌كان، له‌ مانگی‌ نیسانی‌ رابردوو، بڕیاریدا كار به‌ پرۆژه‌ی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ بكرێت.  
سایتی‌ رۆژنامه‌ی‌ «ئه‌هرام»یش له‌ زاری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ میسره‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌»هیچ بڕیارێكی‌ دادوه‌ریی‌ له‌و رووه‌وه‌ كاریی‌ پێناكرێت و گفتوگۆكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌، په‌یوه‌ندی‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یاسادانانه‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ك دادوه‌ریی‌»، ره‌تیشكرده‌وه‌ رێگه‌ به‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێك بدرێت ده‌ستدرێژی‌ بكاته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ یاسادانان.
به‌پێی‌ راپۆرتێكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ میسریش، رێككه‌وتنی‌ دیاریكردنی‌ سنوره‌ ده‌رییه‌كان له‌گه‌ڵ سعودیه‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ رابردوودا ئیمزاكرا، هه‌ردوو دوورگه‌ی‌ تیران و سه‌نافیر ده‌دات به‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌و دوو دوورگه‌یه‌ له‌ژێر پارێزگاریی‌ میسردا ده‌مێننه‌وه‌. 
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ ئاژانسی‌ رۆیته‌رزی‌ راگه‌یاندبوو:»حكومه‌ت راپۆرته‌كه‌ی‌ ره‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مان كردووه‌ تا گفتوگۆی‌ له‌سه‌ر بكرێت، رێككه‌وتنه‌كه‌ش ته‌نیا به‌شی‌ تایبه‌ت به‌ سه‌روه‌ریی‌ چاره‌سه‌رده‌كات، به‌ڵام تیران و سه‌نافیر له‌به‌ر هۆكاریی‌ ئه‌منی‌ له‌ژێر یاسه‌ی‌ پارێزگاریی‌ میسریدا ده‌مێننه‌وه‌». 
هه‌ر به‌ وته‌ی‌ ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌»لایه‌نی‌ سعودی‌ تێگه‌یشتنی‌ هه‌یه‌ به‌رانبه‌ر به‌ پێویستی‌ مانه‌وه‌ی‌ دوو دوورگه‌كه‌ له‌ژێر سایه‌ی‌ پارێزگاریی‌ میسردا و له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌شدا ئاماژه‌ به‌ رۆڵی‌ گرنگی‌ میسر كراوه‌ له‌ پارێزگاریی‌ له‌ رێڕه‌وه‌ ده‌ریاوانییه‌كان له‌ كه‌نداوی‌ عه‌قه‌به‌دا، بۆیه‌ ئه‌و هۆكارانه‌ بونیان هه‌یه‌ و له‌ ئاینده‌شدا وه‌ك خۆیان ده‌مێننه‌وه‌». 
له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌ «گواستنه‌وه‌ی‌ سه‌روه‌ری‌  دوورگه‌ی‌ تیران و سه‌نافیر بۆ سعودیه‌، نابێته‌ رێگر له‌به‌رده‌م مافی‌ به‌ڕێوه‌بردن و پارێزگاریكردنی‌ میسر له‌و دوو دوورگه‌یه‌ كه‌ وابه‌سته‌ی‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ میسر و سعودیه‌، له‌ حاڵه‌تی‌ په‌سه‌ندكردنی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌شدا میسرییه‌كانیش پێویستیان به‌ ڤێزا نابێت بۆ چوونه‌ تیران و سه‌نافیر».   
 گفتوگۆكانی‌ په‌رله‌مانی‌ میسر له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ په‌یه‌وه‌ندییه‌كانی‌ نێوان قاهیره‌ و ریاز له‌پاش چه‌ند مانگێك له‌ ساردوسڕی‌، باشبوونێكی‌ به‌رچاو بۆخۆوه‌ده‌بینن.
په‌پێی‌ دوایین پێشهاتیش، چه‌ند لیژنه‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانی‌ میسر، رێككه‌وتنه‌كه‌یان په‌سه‌ند كردووه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ ئه‌و پرسه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ میللی‌ مشتومڕی‌ زۆر هه‌ڵبگرێت و ناڕه‌زایی‌ فراوانی‌ به‌دوادابێت.   
له‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌دا، میسر له‌گه‌ڵ سعودیه‌ و ئیمارات بڕیاریاندا په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانیان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر بچڕێنن و سنوری‌ ئاسمانی‌ و ده‌ریایی‌ به‌ڕووی‌ هه‌موو ئامرازه‌كانی‌ هاتووچۆی‌ قه‌ته‌ریدا دابخه‌ن. 
ئه‌و سێ‌ وڵاته‌، قه‌ته‌ر به‌ «كۆمه‌ككردنی‌ تیرۆر» تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن. 
په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان میسر و سعودیه‌ له‌ساڵی‌ رابردوو ساردوسڕیان به‌خۆوه‌بینی‌ و كۆمپانیای‌ ئارامكۆش له‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2016، هانارده‌كردنی‌ 700 هه‌زار تۆنی‌ مانگانه‌ی‌ سوته‌مه‌نی‌ بۆ میسر راگرت. 
دواتر له‌ مانگی‌ ئاداریی‌ رابردوو، له‌پاش سه‌ردانه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ میسر بۆ سعودیه‌، ئارامكۆ ده‌ستیكرده‌وه‌ به‌ هه‌نارده‌كردنی‌ سوته‌مه‌نی‌ بۆ میسر.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7301
23/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP