سه‌رهه‌ڵدان ‌و چالاكییه‌كانیان
قاعیده‌ و داعش سه‌رهه‌ڵدان ‌و چالاكییه‌كانیان ‌ 19/6/2017
ئیدریس جه‌بار 
به‌شی‌ دەیەم
ڕا‌وبۆچونه‌كان له‌سه‌ر ڕاستی‌ ڕێكخراوی‌ قاعیده‌‌و شوێن‌و چۆنیه‌تی‌ ده‌ستپێكردنی‌ چالاكیه‌كانی‌ ئه‌و ڕێكخراوه‌ جیاوازبوون، تا ئه‌و كاته‌ی‌ چووه‌ ڕیزبه‌ندی‌ سه‌ره‌وه‌ی‌ لیستی‌ ڕێكخراوه‌ تیرۆریسته‌كان كه‌ له‌ئێستادا له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان داوای‌ بنه‌بڕكردن و ڕیشه‌كێشكردنی‌ ده‌كرێت.
 لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین به‌شێوه‌یه‌كی‌ كورت چاو به‌مێژووی‌ ڕێكخراوی‌ قاعیده‌دا بخشێنین كه‌ له‌لایه‌ن ئوسامه‌ بن لادنه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ده‌كرا و له‌دوای‌ كوژرانیشیه‌وه‌، ئه‌یمه‌ن زه‌واهیری‌ به‌ جێگره‌وه‌ی‌ ده‌ستنیشانكرا و دواتر رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ كه‌ به‌ داعش ده‌ناسرێت له‌ڕووی‌ هه‌ژمونی‌ به‌هێزترین رێكخراوی‌ توندڕه‌وی‌ ئیسلامییه‌وه‌ جێگه‌ی‌ گرته‌وه‌، وێڕای‌ مانه‌وه‌ی‌ لقه‌كانی‌ قاعیده‌ له‌ چه‌ند وڵاتێك كه‌ زۆرێكیان ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ریی‌ داعش و  چه‌كدار و ئه‌ندامه‌كانی‌ ریزی‌ رێكخراوه‌كه‌ جێده‌هێڵن و به‌یعه‌ت ده‌ده‌ن به‌ «خه‌لیفه‌ی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌» و رێكخراوه‌ كۆنه‌كه‌یان جێده‌هێڵن.
       
ده‌ركه‌وتووترین هێرش و په‌لاماره‌كانی‌ داعش له‌ ده‌ره‌وه‌ 
هه‌ندێك له‌ گه‌وره‌ میدیاكان و رۆژمامه‌ گه‌وره‌كانی‌ خۆرئاوا، ساڵی‌ 2015یان وه‌ك ساڵی‌ تایبه‌تی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ «داعش» وه‌سفكرد، ئه‌وه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ رێكخراوه‌كه‌ توانی‌ شه‌ڕه‌كه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆسه‌ر خاكی‌ نه‌یاره‌ خۆرئاواییه‌كانی‌، ته‌نانه‌ت له‌ ژماره‌یه‌ك وڵاتی‌ عه‌ره‌بی‌ و ئیسلامیش چالاكییه‌كانی‌ خۆی‌ بره‌وپێدا كه‌ ساڵی‌ دووه‌می‌ راگه‌یاندنی‌ «خه‌لافه‌تی‌ ئیسلامی‌» بوو به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ «ئه‌بو به‌كر به‌غدادی‌» له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كه‌وه‌. 
لێره‌دا ده‌ركه‌وتووترین هێرش و په‌لاماره‌كانی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ «داعش» یان لایه‌نگرانی‌ و ئه‌وانه‌ی‌ به‌یعه‌تیان پێداوه‌، له‌ ساڵی‌ 2015دا ده‌خه‌ینه‌ڕوو.
له‌ 7ی‌ كانوونی‌ دووه‌م، ده‌مامكداره‌كان هێرشیان كرده‌ سه‌ر باره‌گای‌ رۆژنامه‌ی‌ «شارلی‌ ئیبدۆ» له‌ ناوه‌ڕاستی‌ پاریسی‌ پایته‌ختی‌ فه‌ره‌نسا، له‌ هێرشه‌كه‌دا 12 كه‌س كوژراو و 11ی‌ تر برینداربوون، له‌ رێكه‌وتی‌ 14ی‌ هه‌مان مانگدا رێكخراوی‌ «داعش» به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌نجامدانی‌ هێرشه‌كه‌ی‌ راگه‌یاند. 
دوابه‌دوای‌ هێرشه‌كه‌، فه‌ره‌نسا رێپێوانێكی‌ فراوانی‌ به‌خۆوه‌بینی‌ كه‌ به‌ گه‌وره‌ترین رێپێوان له‌ مێژووی‌ وڵاته‌كه‌دا وه‌سفكرا و نزیكه‌ی‌ 4 ملیۆن كه‌س به‌شدارییان تێدا كرد كه‌ 2 ملیۆنیان ته‌نیا له‌ شاری‌ پاریس بوون و نزیكه‌ی‌ 50 سه‌ركرده‌ی‌ وڵاتانی‌ جیهانیش به‌شدارییان كرد.   
به‌ئامانجكردنی‌ شیعه‌ و مه‌سیحییه‌كانی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌   
له‌ لیبیا و له‌ رێككه‌وتی‌ 27ی‌ كانوونی‌ دووه‌م، به‌هۆی‌ هێرشێكی‌ چه‌كداریی‌ بۆسه‌ر ئوتێلی‌ «كۆرنسیا» له‌ ناوه‌ڕاستی‌ ته‌رابلوسی‌ پایته‌خت، 15 كه‌س كوژران كه‌ 5یان بیانی‌ بوون، له‌ هه‌مان رۆژدا لقی‌ رێكخراوی‌ «داعش» له‌ لیبیا به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌نجامدانی‌ هێرشه‌كه‌ی‌ له‌ئه‌ستۆگرت.
دوای‌ دوو رۆژ له‌ هێرشه‌ خوێناوییه‌كه‌ی‌ لیبیا، رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ «داعش» و له‌ 29ی‌ كانوونی‌ دووم له‌ شاری‌ عه‌ریش له‌ باكووری‌ پارێزگای‌ سینای‌ میسری‌، سێ‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ له‌ یه‌ك كاتدا باره‌گا ئه‌منی‌ و سه‌ربازییه‌كانی‌ كرده‌ ئامانج و تێیدا 25 كه‌س كوژران و 36ی‌ تر برینداربوون، رێكخراوی‌ داعش به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌نجامدانی‌ ته‌قینه‌وه‌كانی‌ له‌ ئه‌ستۆگرت. 
به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لیبیا و له‌ 15ی‌ شوبات، رێكخراوی‌ «داعش» گرته‌ی‌ ڤیدیۆیی‌ سه‌ربڕینی‌ 21 قیبتی‌ میسری‌ له‌ لیبیا بڵاوكرده‌وه‌. 
له‌14ی‌ شوبات، رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ «داعش» سه‌رله‌نوێ‌ بۆ لێدانی‌ ئه‌وروپا گه‌ڕایه‌وه‌، ئه‌ندامێكی‌ رێكخراوه‌كه‌ له‌ نزیك كه‌نیسێكی‌ جوله‌كه‌كان له‌ دانیمارك ده‌ستدرێژی‌ گوللـه‌ی‌ له‌ خه‌ڵك كرد و بووه‌ مایه‌ی‌ كوژرانی‌ دوو كه‌س و برینداربوون پێنج پۆلیس.  
له‌ڕێی‌ په‌لاماردانی‌ مۆزه‌خانه‌ی‌ «باردۆ» له‌ نزیك تونسی‌ پایته‌خت، رێكخراوی‌ داعش یه‌كه‌م هێرشی‌ خوێناوی‌ له‌ 18 ئادار له‌ تونس ئه‌نجامدا، له‌ هێرشكه‌دا كه‌ «رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌» به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌نجامدانه‌كه‌ی‌ له‌ئه‌ستۆ گرت، 22 گه‌شتیار كوژران و 45ی‌ تر برینداربوون، وێڕای‌ ده‌ستبه‌سه‌ركردنی‌ نزیكه‌ی‌ 200 گه‌شتیار.  
له‌ 22ی‌ ئایار، خۆكوژێك له‌ مزگه‌وتی‌ «ئیمام عه‌لی‌» له‌ شارۆچكه‌ی‌ قه‌دیحی‌ سه‌ر به‌ پارێزگای‌ قه‌تیفی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ سعودیه‌ له‌كاتی‌ نوێژی‌ هه‌ینی‌ خۆی‌ ته‌قانده‌وه‌ و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ 22 كه‌س كوژران و 102 كه‌سی‌ تر برینداربوون، به‌ هه‌مان شێوه‌ داعش ئه‌نجامدانی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ راگه‌یاند. 
رێكخراوی‌ داعش جارێكی‌ تر بۆ لێدانی‌ تونس گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ڵام له‌مجاره‌دا به‌شێوه‌یه‌كی‌ توندتر و له‌ رێككه‌وتی‌ 26ی‌ حوزه‌یران چه‌كدارێك له‌ هاوینه‌هه‌وارێك له‌ شاری‌ «سوسه‌» ده‌ستدرێژی‌ گوللـه‌ی‌ له‌ گه‌شتیاران كرد و به‌و هۆیه‌وه‌ 38 كه‌س كوژران و 40ی‌ تر برینداربوون، لایه‌نگرانی‌ رێكخراوی‌ «ده‌وله‌» به‌رپریارێتی‌ ئه‌نجامدانی‌ هێرشه‌كه‌یان له‌ ئه‌ستۆگرت.    
له‌ هه‌مان رۆژ و له‌ هێرشكێكی‌ خۆكوژی‌ كه‌ كرایه‌ سه‌ر مزگه‌وتی‌ «ئیمام سادق» له‌ گه‌ڕه‌كی‌ (الصوابر) له‌ كوه‌یت  و له‌كاتی‌ نوێژی‌ هه‌ینی‌، لانی‌ كه‌م 27 كه‌س كوژران و 227 كه‌سی‌ تر برینداربوون، رێكخراوی‌ داعش به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌نجامدانی‌ هێرشه‌كه‌ی‌ له‌ ئه‌ستۆگرت و ئه‌نجامده‌ری‌ هێرشه‌كه‌یشی‌ به‌ ناوی‌ «ئه‌بو سوله‌یمانی‌ موه‌حید»ه‌وه‌ ناساند.  

داعش توركیا و روسیای‌ به‌ده‌رنه‌كرد
له‌ رێككه‌وتی‌ 27ی‌ ته‌مموز، له‌ شاری‌ سروشی‌ سه‌ر به‌ پارێزگای‌ شانلی‌ ئۆرفه‌ی‌ توركیا كه‌ نزیكی‌ سنوره‌كانی‌ سوریایه‌ ، به‌هۆی‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ خۆكوژی‌ كه‌ گردبوونه‌وه‌یه‌كی‌ «یه‌كێتی‌ لاوانی‌ سۆسیالیستی‌» كوردی‌ كرده‌ ئامانج له‌ باخچه‌ی‌ سه‌نته‌ری‌ ئه‌مارای‌ كلتوری‌، 32 كه‌س كوژران و 100 كه‌سی‌ تر برینداربوون، دواتر رێكخراوی‌ داعش به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌نجامدانی‌ هێرشه‌كه‌ی‌ له‌ئه‌ستۆگرت و ته‌قینه‌وه‌كه‌ش هوكات بوو له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی‌ ته‌واوبوونی‌ ماوه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ كورد و توركیا.
هه‌روه‌ها له‌ 10ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م، لایه‌نگرانی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ «داعش»، به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ردوو هێرشه‌ خۆكوژییه‌كه‌ی‌ ئه‌نقه‌ره‌ی‌ پایته‌ختی‌ توركیایان له‌ئه‌ستۆ گرت كه‌ له‌ژێر پردێكدا رویدا كه‌ به‌ره‌و وێستگه‌ی‌ شه‌مه‌ندۆفێری‌ گه‌ڕه‌كی‌ ئۆڵۆس ده‌چێت و پارتی‌ گه‌لانی‌ دیموكراتیش (هه‌ده‌په‌) ژماره‌ی‌ كۆتایی‌ كوژراوه‌كانی‌ به‌ 128 كه‌س راگه‌یاند، هاوكات هه‌ر به‌ هۆی‌ ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌وه‌، ژماره‌ی‌ برینداره‌كان گه‌یشته‌ 508 كه‌س كه‌ برینی‌ 65 كه‌سیان سه‌خت بوو. 
له‌ ده‌ركه‌وتووترین هێرش و په‌لاماره‌كانی‌ رێكخراوی‌ داعش له‌ ساڵی‌ 215، ته‌قینه‌وه‌ی‌ بۆمبێك بوو له‌ فڕۆكه‌یه‌كی‌ نه‌فه‌رهه‌ڵگری‌ روسی‌ له‌سه‌ر ئاسمانی‌ شاری‌ سینای‌ میسری‌ له‌ رێكه‌وتی‌ 31/10، به‌و هۆیه‌وه‌ هه‌موو سه‌رنشینه‌كان كوژران كه‌ ژماره‌یان 224 كه‌س بوون، دوابه‌دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ مۆسكۆ دانی‌ به‌وه‌دانا كه‌ «رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌» له‌پشت رووداوه‌كه‌وه‌یه‌، فلادیمێر پۆتین سه‌رۆكی‌ روسیا به‌ڵێنیدا پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌ سوریا چڕبكاته‌وه‌. 


فه‌ره‌نسا زه‌ره‌رمه‌ندترین بوو  
سه‌رله‌ئێواره‌ی‌ رۆژی‌ 11ی‌ تشرینی‌ دووه‌م، پاریسی‌ پایته‌ختی‌ فه‌ره‌نسا زنجیره‌یه‌ك هێرشی‌ رێكخراوی‌ به‌خۆوه‌بینی‌ كه‌ خۆیان له‌ ده‌ستڕێژی‌ گوللـه‌ و ته‌قینه‌وه‌ی‌ خۆكوژی‌ و ده‌سته‌به‌سه‌ركردنی‌ بارمته‌كاندا بینییه‌وه‌، ئه‌و هێرشانه‌ به‌ توندوتیژترین هێرش و په‌رمار له‌ دوای‌ دووه‌مین جه‌نگی‌ جیهان، له‌ فه‌ره‌نسادا دانران و به‌ خوێناویتریش په‌لاماریش له‌ وڵاتانی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپادا له‌دوای‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی‌ شه‌مه‌ندۆفێره‌كانی‌ مه‌درید له‌ ساڵی‌ 2004 وه‌سفكران، له‌و هێرشانه‌دا 130 كه‌س كوژران و 368 كه‌سی‌ تر برینداربوون، رێكخراوی‌ داعش به‌رپرسیارێتی‌ خۆی‌ به‌رانبه‌ر به‌ ئه‌نجامدانی‌ هێرشه‌كان راگه‌یاند و فرانسوا ئۆڵاند سه‌رۆكی‌ فه‌ره‌نساش رایگه‌یاند كه‌ هێرشه‌كان له‌ سوریاوه‌ نه‌خشه‌یان بۆ داڕێژراوه‌. 
پێش مانگێك له‌ كۆتایی‌ ساڵی‌ 2015، رێكخراوی‌ داعش هێرشه‌كانی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆی‌، له‌ ئه‌مریكا كۆتایی‌ پێهێنا، ئه‌وه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ «سه‌ید فاروق ره‌زوان» و «تاشفین مالك»ی‌ هاوسه‌ری‌، له‌ سان برناردینۆ له‌ ولایه‌تی‌ كالیفۆرنیای‌ ئه‌مریكایی‌، ده‌ستدرێژی‌ گوللـه‌یان له‌ گردبوونه‌وه‌یه‌كی‌ مه‌ده‌نی‌ كرد، له‌ رووداوه‌كه‌شدا 14 كه‌س كوژران و 20 كه‌سی‌ تر برینداربوون. 


داعش و هه‌ڵوێستێكی‌ تری‌ خۆرئاوا به‌رانبه‌ر به‌شار ئه‌سه‌د 
هێرشه‌كانی‌ رێكخراوی‌ «داعش» له‌ پاریس و ئه‌مریكا به‌تایبه‌ت، كاردانه‌وه‌یان له‌سه‌ر دۆخی‌ سوریا هه‌بوو، به‌جۆرێك كه‌ هه‌ڵوێستێكی‌ تری‌ ئه‌وروپایی‌ دروستبوو تا پشت به‌ به‌شار ئه‌سه‌د ببه‌سترێت بۆ سه‌ركردایه‌تیكردنی‌ قۆناغی‌ ئینتیقالی‌، ته‌نانه‌ت بۆ ئاینده‌ش، ئه‌وه‌ش به‌ پاشه‌كشه‌كردنێكی‌ روونی‌ وڵاته‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كان له‌ پابه‌ندبوون به‌ به‌ڵێنه‌كانیان داده‌نرێت، وێڕای‌ ئه‌و تاوانه‌ سامناكانه‌ی‌ كه‌ به‌ وته‌ی‌ خۆرئاواییه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌سه‌ده‌وه‌ له‌ دژی‌ گه‌لی‌ سوری‌ ئه‌نجامدران، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ ئه‌وروپاییه‌كانیش بۆ چڕكردنه‌وه‌ی‌ هه‌وڵه‌كان بوو له‌پێناو له‌ناوبردنی‌ رێكخراوی‌ داعش.
دوای‌ هێرشه‌كه‌ی‌ سان برناردینۆ به‌ سێ‌ رۆژ، لۆران فابیۆس وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ فه‌ره‌نسا له‌ دیمانه‌یه‌كی‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی‌ «لۆبروغرێ‌ دۆ لیۆن» به‌ جیهانی‌ راگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌ی‌ به‌ر له‌ ئینتیقالی‌ سیاسی‌ له‌ سوریا، پابه‌ند نییه‌ به‌ رۆیشتنی‌ به‌شار ئه‌سه‌د.  
لێدوانه‌كانی‌ فابیۆس دوای‌ قسه‌كانی‌ جان ئیف لۆدریان بوو كه‌ رایگه‌یاندبوو، «ئه‌وله‌ویه‌تی‌ پایته‌خته‌كانی‌ ئه‌وروپا له‌ئێستادا روخاندنی‌ به‌شار ئه‌سه‌د نه‌ماوه‌، به‌ڵكو وه‌لاوه‌نانیه‌تی‌» ره‌تیشكرده‌وه‌ گۆڕینی‌ دۆخه‌كه‌ هێشتنه‌وه‌ی‌ سوریا بێت به‌ ته‌نیا، له‌كاتێكدا وڵاته‌كه‌ بووه‌ته‌ ناوچه‌ی‌ هه‌ژمونی‌ رێكخراوی‌ داعش. 

ئاوڕدانه‌وه‌ی‌ فه‌ره‌نسا له‌ سوریا، دوای‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ جۆن كیری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا رایگه‌یاند:»مانه‌وه‌ی‌ به‌شار ئه‌سه‌د قبوڵ ده‌كه‌ن له‌ ده‌سه‌ڵاتدا له‌پێناو گه‌یشتن به‌ ئینیتقالێكی‌ وه‌ها كه‌ ببێته‌ مایه‌ی‌ كۆتایهێنان به‌ ململانێی‌ چه‌كداریی‌ سوریا كه‌ بۆ چوار ساڵ ده‌چێت درێژه‌ی‌ هه‌یه‌».   
به‌ریتانیاش خۆی‌ گه‌یانده‌ كاروانه‌كه‌ی‌ ئه‌مریكا و رایگه‌یاند كه‌ ده‌كرێت له‌نده‌ن مانه‌وه‌ی‌ ئه‌سه‌د له‌ ده‌سه‌ڵاتدا « بۆ ماوه‌یه‌كی‌ دیاریكراو» قبوڵ بكات، ئه‌وه‌ش هه‌مان هه‌ڵوێستی‌ ڤیه‌ننا و مه‌درید بوو، به‌و پێیه‌ی‌ سیبستیان كۆرتز وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌مسا داوای‌ كرد «لێكنزكبوونه‌وه‌یه‌كی‌ هاوبه‌ش، پرۆسه‌یه‌ك له‌ جه‌نگی‌ دژ به‌ داعش ئه‌نجامدرێت و له‌ پرۆسه‌كه‌شدا ئه‌سه‌د به‌شداریی‌ پێبكرێت»، خۆسێ‌ مانوێل وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیسپانیاش به‌ هه‌مان شێوه‌ رایگه‌یاند:»حكومه‌ته‌كه‌ی‌ به‌شار ئه‌سه‌د لایه‌نێكی‌ ململانێكانی‌ سوریایه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ ده‌كرێت ئاشتی‌ له‌گه‌ڵ دوژمنیشدا به‌نیاتبنرێت».     

هه‌روه‌ها ئه‌نگێلا مێركڵ راوێژكاری‌ ئه‌ڵمانیا داوای‌ كرد:»به‌شار ئه‌سه‌د له‌ هه‌موو ئه‌و دانوستانانه‌دا به‌شداریی‌ پێبكرێت كه‌ ئامانج لێیان كۆتایهێنانه‌ به‌ ناكۆكییه‌كان»، ئه‌وه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی‌ خراپترین كۆچ به‌ره‌و ئه‌وروپا له‌ پاش دووه‌مین جه‌نگی‌ جیهانه‌وه‌ كه‌ سه‌دان هه‌زار كه‌س به‌هۆی‌ جه‌نگه‌وه‌ وڵاته‌كانیان جێهێشت و روویان له‌ ئه‌وروپا كرد.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7398
24/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ سیمۆنا هالیپ خه‌ڵاتی پۆرشی برده‌وه‌ 24/10/2017
‌ میسی ئێران خه‌ونه‌كه‌ی‌ هێنایه‌دی 24/10/2017
زانست
‌ یه‌كه‌مین نموونه‌ی فڕۆكه‌ی وشكاوه‌كی كاره‌بایی له‌ ڕوسیا خرایه‌ڕوو 24/10/2017
‌ كه‌نگه‌ری خوێنمژ به‌رله‌ ملیۆنه‌ها ساڵ قڕبووه‌ 24/10/2017
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP