سعودیه‌ به‌ره‌و شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سه‌لمانی‌
پێشبینییه‌كان هاتنه‌دی‌ سعودیه‌ به‌ره‌و شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سه‌لمانی‌ ‌ 3/7/2017
كوردستانی‌  نوێ‌- ره‌وته‌كان
شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز پادشای‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌، شازاده‌ محه‌مه‌د بن نایفی‌ له‌ پۆسته‌كانی‌ وه‌ك جێنشین و جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و وه‌زیری‌ ناوخۆ دوورخسته‌وه‌، له‌جێگه‌یدا كوڕه‌كه‌ی‌ خۆی‌ (محه‌مه‌د بن سه‌لمان)ی‌ ده‌ستنیشان كرد، ئه‌وه‌ش به‌پێی‌ راگه‌یاندێكی‌ دیوانی‌ شاهانه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ كه‌ 21ی حوزەیرانی 2017 بڵاوكرایه‌وه‌.  
به‌پێی‌ فه‌رمانێكی‌ شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز، محه‌مه‌د بن نایف له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ پۆستی‌ جێنشینی‌ لابرا، پاشان له‌ پۆسته‌كانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و وه‌زیری‌ ناوخۆش دوورخرایه‌وه‌.  
هه‌ر به‌پێی‌ فه‌رمانه‌ شاهانه‌كه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌، كوڕه‌كه‌ی‌ شا سه‌لمان ( شازاده‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز)ی‌ ته‌مه‌ن 31 ساڵ، كرایه‌ جێنشینی‌ نوێی‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌. 
به‌پێی‌ به‌یاننامه‌یه‌كیش كه‌ له‌لایه‌ن ئاژانسی‌ ده‌نگوباسی‌ سعودیه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، ئه‌و فه‌رمانه‌ دوای‌ تاوتوێكردنی‌ سیستمی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ حوكمڕانی‌ و پشتیوانی‌ و پشتگیریی‌ زۆرینه‌ی‌ هه‌ره‌زۆری‌ ده‌سته‌ی‌ به‌یعه‌ت، بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ شازاده‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان وه‌ك جێشنینی‌ شاهانه‌، ده‌رچوو.
به‌ دانانی‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان به‌ جێنشینی‌ ئه‌و وڵاته‌، هه‌موو پێشبینییه‌كان له‌سه‌ر هێنانه‌كایه‌ی‌ ئه‌و پیاوه‌ بۆ ریزه‌كانی‌ هه‌ره‌پێشه‌وه‌ی‌ حوكمڕانی‌ له‌ سعودیه‌ هاتنه‌دی‌، و به‌وپێیه‌ش ده‌كرێت بگوترێت له‌ئێستاوه‌ سعودیه‌ به‌ره‌و «شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سه‌لمانی‌» رێده‌كات. 

دوورخستنه‌وه‌ی‌ محه‌مه‌د بن نایف و «پیاوه‌كانی‌» له‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ 

سه‌لمان نمر سه‌رۆكی‌ پێكگه‌یشتنی‌ كه‌نداو بۆ شرۆڤه‌ی‌ سیاسی‌ به‌ ئاژانسی‌ (فرانس 24)ی‌ راگه‌یاندبوو:»سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی‌ سعودیه‌ ده‌ڵێن، له‌ كۆی‌ 34 ئه‌ندام له‌ ده‌سته‌ی‌ به‌یعه‌ت، 31 ئه‌ندامیان ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر دانانی‌ شازاده‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان به‌ جێنشین و دوورخستنه‌وه‌ی‌ محه‌مه‌د بن نایف داوه‌ له‌ پۆستی‌ جێنشینی‌». 
به‌ وته‌ی‌ سلێمان نمر، شازاده‌ عه‌بدولعه‌زیز بن سعود بن نایف كه‌ برازای‌ شازاده‌ محه‌مه‌د بن نایفه‌، له‌بری‌ محه‌مه‌دی‌ مامی‌ له‌ پۆستی‌ وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ سعودیه‌دا دانراوه‌، سه‌رۆكی‌ پێكگه‌یشتنی‌ كه‌نداو بۆ شرۆڤه‌ی‌ سیاسی‌ باسی‌ له‌وه‌شكردووه‌ كه‌ «عه‌بدولعه‌زیز پێشتر راوێژكاریی‌ محه‌مه‌د بن نایف بووه‌»، به‌ هه‌مان شێوه‌ «عه‌بدولڕه‌حمان ربیعان، پیاوه‌ به‌هێزه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ له‌ پۆستی‌ جێگری‌ وه‌زیری‌ ناوخۆ لابراوه‌ كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ پیاوه‌كانی‌ شازاده‌ محه‌مه‌د بن نایف، و له‌ بری‌ ئه‌و پۆسته‌ ربیعان وه‌ك راوێژكار له‌ دیوانی‌ شاهانه‌ دانراوه‌»، نمر رونیشكردووته‌وه‌ كه‌ «پۆسته‌كان له‌ دیوانی‌ شاهانه‌، زۆربه‌یان وه‌ك رێزلێنانن و هیچی‌ تر نین». 
  
«بڕیاره‌كه‌ له‌ناكاو نه‌بوو، به‌ڵام زوو بوو»
ئه‌و شازاده‌ لاوه‌ كه‌ پێشتر جێگره‌وه‌ی‌ جێنشین بوو، له‌ پۆستی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ده‌ستبه‌كار ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبوون له‌ پۆستی‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌و ئه‌ركانه‌ی‌ تر به‌ڕێوه‌ده‌بات كه‌ پێشتر له‌ئه‌ستۆیدا بوو.    
سلێمان نمر ده‌ڵێت: «هه‌نگاوه‌كه‌ بۆ چه‌ند مانگێك ده‌چێت چاوه‌ڕوانكراو بوو، چونكه‌ زۆربه‌ی‌ چاودێران و دیپلۆماسییه‌كان له‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌، چاوه‌ڕوانی‌ له‌سه‌ركارلابردنی‌ شازاده‌ نایف له‌ پۆسته‌كه‌ی‌ و دانانی‌ (محه‌مه‌د بن سه‌لمان) خۆشه‌ویسترین كوڕی‌ پادشای‌ سعودیه‌یان ده‌كرد وه‌ك جێنشین».   
سلێمان نمر باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ «جێنشینی‌ نوێ‌، له‌ دوو ساڵی‌ رابردوو، سه‌ركردایه‌تی‌ كاروباره‌كانی‌ كردووه‌ له‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌ و كاریی‌ بۆ فراوانكردنی‌ هه‌ژموونی‌ خۆی‌ كردووه‌ له‌ حوكمڕانی‌ و ده‌سه‌ڵاتدا له‌ وڵات». 
ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ بۆچوونی‌ چاودێرانی‌ سعودیه‌، له‌ ده‌ره‌نجامی‌ ئه‌و ناكۆكیانه‌وه‌ بوو كه‌ خه‌ریكبوون له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا له‌نێوان پادشا و محه‌مه‌د بن نایفی‌ جێنشین،  وه‌ده‌رده‌كه‌وتن». 
نمر ده‌ڵێت» هەرچەندە ئه‌و بڕیاره‌ له‌ناكاو نه‌بوو، به‌ڵام له‌ناكاوییه‌كه‌ی‌ له‌وه‌دا بوو كه‌ به‌زوویی‌ ده‌كرا، چونكه‌ هه‌ندێك پێیان وابوو، له‌م چه‌ند مانگه‌دا روونه‌دات و دوای‌ سێ‌ یان چوار مانگی‌ تر بڕیاره‌كه‌ دەربچێت، به‌ڵام به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی‌ كاروباره‌كان له‌ سعودیه‌ له‌لایه‌ن شازاده‌ محه‌مه‌د بن نایف، بووه‌ مایه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ بڕیاره‌كه‌ زوو بدرێت و محه‌مه‌د بن نایف دووربخرێته‌وه‌»، ئه‌و بڕیاره‌یشی‌ به‌ یه‌كه‌م «بڕیاری‌ له‌وشێوه‌یه‌» وه‌سفكرد كه‌ گۆڕانكاریی‌ وه‌هایان له‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌دا به‌دواداهاتبێت.

شه‌ڕی‌ ده‌سه‌ڵات: له‌ گه‌رده‌لولی‌ حه‌زمه‌وه‌ له‌ یه‌مه‌ن بۆ ته‌نگژه‌كانی‌ قه‌ته‌ر 
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ ده‌ركه‌وتنی‌ ناوی‌ جێكره‌وه‌ی‌ جێنشینی‌ محه‌مه‌د بن نایف و گه‌یشتنی‌ به‌ پۆسته‌ گرنگه‌كان له‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌، پێشبینی‌ كراو بوو بگاته‌ ئه‌و قۆناغه‌ به‌هێزانه‌ له‌ هێڵی‌ سیاسی‌ ئێستای‌ وڵاته‌كه‌ كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌ ستراتیژییه‌كان له‌ناوچه‌كه‌ كه‌ گرنگترینیان، پچڕاندنی‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانه‌. 
سلێمان نمر رونیده‌كاته‌وه‌»شازاده‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان كه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ دۆسێی‌ سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ و سیاسه‌تی‌ كه‌نداوی‌ ده‌كرد له‌ سعودیه‌، له‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ پشتیوانی‌ له‌ هاندانی‌ پچڕاندنی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌كرد له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر، به‌وه‌ش ناسراوه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ باشی‌ له‌گه‌ڵ ئیمارات هه‌یه‌، بۆیه‌ پێموایه‌ هه‌ڵوێستی‌ سعودیه‌، زیاتر توند ببێت له‌ ته‌نگژه‌كان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر».   
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ سێ‌ ساڵ ده‌چێت، سعودیه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هاوپه‌یمانییه‌كی‌ سه‌ربازی‌ ده‌كات له‌ یه‌مه‌ن، ئه‌و رووداوه‌ش جیابوونه‌وه‌ له‌نێو خانه‌واده‌ی‌ شاهانه‌دا ده‌خاته‌ڕوو. 
سایتی‌ «الوطن»ی‌ سعودیه‌ له‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ 2016 چه‌ند لێدوانێكی‌ محه‌مه‌د بن نایف جێنشینی‌ پێشووی‌ بڵاوكردبۆوه‌ كه‌ ده‌ڵێت: «ئۆپه‌راسیۆنی‌ حه‌زم له‌ یه‌مه‌ن درێژه‌ی‌ كێشا و پێشبینییه‌كانی‌ تێپه‌ڕاند»، هه‌روه‌ها محه‌مه‌د بن نایف، ئاماده‌یی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سعودیه‌ی‌ بۆ سازشكردن له‌پێناو هێنانه‌دی‌ سه‌قامگیری‌ و ئارامی‌ له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ربڕیبوو، ئه‌وه‌ش به‌پێی‌ ئه‌و لێدوانانه‌ی‌ كه‌ له‌و ده‌مه‌دا به‌ناوی‌ ئه‌وه‌وه‌ بڵاوكرانه‌وه‌. هه‌روه‌ها بن نایف، وڵاتانی‌ تری‌ هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی‌ به‌ هۆكاریی‌ یه‌كه‌م له‌قه‌ڵه‌مدابوو بۆ یه‌كلایی‌ نه‌كردنه‌وه‌ی‌ شه‌ڕی‌ یه‌مه‌ن، به‌و هۆیه‌ی‌ ئه‌ركه‌كانی‌ سه‌رشانیان جێبه‌جێنه‌كردووه‌.  
سایتی‌ «الوطن»، سه‌راپای‌ ئه‌و لێدوانانه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌ و ته‌ئكیدی‌ له‌ هاككردنی‌ سایته‌كه‌ كرده‌وه‌، به‌ڵام «هیچ كه‌سێك بڕوای‌ به‌ چیرۆكی‌ هاككردنه‌كه‌ نه‌كرد»، وه‌ك ئالان گریش رۆژنامه‌نوسی‌ فه‌ره‌نسایی‌ ئاماژه‌ی‌ پێكردووه‌ كه‌ له‌ دووتوێی‌ وتارێكی‌ شرۆڤه‌كاریدا له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2017 بڵاوكرده‌وه‌ و دۆخه‌كه‌ی‌ وه‌ك «مشتومڕێكی‌ ستراتیژی‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی‌ شه‌ڕی‌ ده‌سه‌ڵات» وه‌سفكردبوو. 
گریش ده‌ڵێت: «ئه‌وه‌ی‌ به‌ وردی‌ له‌ كاروباره‌كانی‌ كه‌نداو و جیهانی‌ عه‌ره‌بی‌ وردببێته‌وه‌، ده‌گاته‌ ئه‌و ئاكامه‌ی‌ كه‌ گه‌یشتنی‌ شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز به‌ كورسی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ ساڵی‌ 2015، هاوشان بوو، له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی‌ به‌هێزی‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمانی‌ كوڕی‌ كه‌ له‌ ته‌مه‌نی‌ كه‌متر له‌ 30 ساڵیدا وه‌ك وه‌زیری‌ به‌رگری‌ و پاشان وه‌ك جێگره‌وه‌ی‌ جێنشین ده‌ستنیشانكرا». 
گریش له‌زاری‌ به‌رپرسێكی‌ میسرییه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌»ئه‌و هه‌نگاوه‌ خواستی‌ شا سه‌لمان ده‌رده‌خات بۆ دامه‌زراندنی‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ «سه‌لمانی‌» له‌بری‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌»، ئه‌ویش له‌ڕێی‌ په‌راوێزكردنی‌ محه‌مه‌د بن نایف و دوورخستنه‌وه‌ی‌. 
بە‌وشێوه‌یه‌، دۆسێی‌ یه‌مه‌ن و چاكسازییه‌ ئابورییه‌ گرنگه‌كانی‌ راده‌ستی‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان كرد.    

شا سه‌لمان ریزبه‌ندی‌ جێگره‌وه‌ی‌ گۆڕی‌  
به‌دانانی‌ كوڕه‌كه‌ی‌ به‌ جێنشین، شا سه‌لمان به‌ فه‌رمانێكی‌ شاهانه‌، گۆڕانكاریی‌ له‌ ریزبه‌ندی‌ جێگره‌وه‌دا كرد كه‌ تاوه‌كو ئێستا ته‌نیا بۆ كوڕه‌كانی‌  عه‌بدولعه‌زیز پادشای‌ دامه‌زرێنه‌ر بوو، به‌وشێوه‌یه‌ بواری‌ خۆشكرد بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ حوكمڕانی‌ بۆ نه‌وه‌ی‌ دووه‌م. 
سلێمان نمر ئاماژه‌ به‌ فه‌رمانه‌ نوێیه‌ شاهانه‌كان ده‌كات كه‌ «دانانی‌ ژماره‌یه‌ك شازاده‌ی‌ بچوك یان لاو له‌ پۆسته‌ جیاجیاكاندا له‌خۆده‌گرێت، له‌ كونسوڵخانه‌كانی‌ ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا، و دانانی‌ یه‌كێكیان له‌ پۆستی‌ یاریده‌ده‌ری‌ سه‌رۆكی‌ هه‌واڵگری‌، به‌و واتایه‌ی‌ كه‌ نه‌وه‌ی‌ دووه‌م به‌و پۆستانه‌ له‌نێو شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌دا رازیكران».      
وه‌ك نمر باسی‌ ده‌كات «هه‌موو ئه‌وانه‌ ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ شازاده‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان، كار بۆ رازیكردنی‌ شازارده‌ لاوه‌كان ده‌كات، شازاده‌ گه‌وره‌كانیش تائێستا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ هه‌ڵوێستیان چۆن ده‌بێت، به‌ڵام واپێده‌چێت به‌ دانانی‌ كوڕ و كوڕه‌زاكانیان له‌ پۆسته‌كانی‌ نێو سعودیه‌، بێده‌نگ ببن به‌رانبه‌ر به‌و رووداوانه‌ی‌ رووده‌ده‌ن». بۆیه‌ پێده‌چێت ئه‌و «ئاڵوگۆڕه‌» بێده‌نگه‌ ببێته‌ رێخۆشكه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌ به‌ره‌و شانشینی‌ سه‌لمانی‌ رێبكات. 

به‌ڵگه‌نامه‌ ده‌زه‌پێكراوه‌كان 
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌، به‌پێی‌ پێشنیارێكی‌ دزه‌پێكراوبێت كه‌ له‌لایه‌ن گه‌وره‌ شازاده‌كانی‌ (ئال سعود)ه‌وه‌ بۆ شا سه‌لمان پێشكه‌ش كراوه‌، ئه‌و شازادانه‌ ناڕه‌زاییان به‌رانبه‌ر به‌ لابردنی‌ محه‌مه‌د بن نایف بن عه‌بدولعه‌زیز له‌ پۆستی‌ جێنشین و دانانی‌ محمه‌د بن سه‌لمان له‌جێگه‌یدا ده‌ربڕیوه‌.   
هه‌فته‌ی‌ رابردوو، شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز پادشای‌ سعودیه‌، محه‌مه‌د بن نایفی‌ جێنشینی‌ شاهانه‌ی‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی‌ ده‌كرد و محه‌مه‌دی‌ كوڕی‌ له‌ جێگه‌یدا ده‌ستنیشان كرد. 
به‌ڵگه‌نامه‌كان به‌ر له‌و پرۆسه‌یه‌ به‌ رۆژێك بڵاوكرانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و قسه‌وباسانه‌ی‌ له‌سه‌ر بوونی‌ ناكۆكی‌ قوڵ له‌نێو خانه‌واده‌ی‌ فه‌رمانڕه‌وای شانشینی‌ سعودیه‌دا هه‌یه‌. 
به‌ڵگه‌نامه‌كان له‌ڕێی‌ تویته‌كانی‌ سه‌ر پێگه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ «تویته‌ر»ه‌وه‌ پێش چه‌ند كاتژمێرێك له‌ پرۆسه‌ی‌ له‌سه‌ركاربردنی‌ بن نایف بڵاوكرانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش دروستی‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو كه‌ له‌مانگی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ رابردوودا له‌لایه‌ن نوسینگه‌ی‌ شازاده‌ مقرن بن عه‌بدولعه‌زیز جێنشینی‌ پێشووه‌وه‌ بڵاوكرانه‌وه‌ و ئیمزای‌ 21 گه‌وره‌ شازاده‌ی‌ فه‌رمانڕه‌وای‌ سعودیه‌یان له‌سه‌ر بوو. 
به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌ دزه‌پێكراوه‌كان، پێشنیاره‌كه‌ پێشكه‌ش به‌ شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز كراوه‌، لای‌ خۆیانه‌وه‌ ئه‌گه‌ری‌ رێوشوێنه‌كانی‌ هێنانه‌پێشه‌وه‌ی‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمانی‌ بۆ جێنشینیان ره‌تكردووه‌ته‌وه‌. 
به‌پێی‌ زانیارییه‌كان، ئه‌وانه‌ی‌ ئیمزایان له‌سه‌ر پێشنیاره‌كه‌ كردبوو، دژایه‌تی‌ خۆیان بۆ گرتنه‌ده‌ستی‌ كاروباری‌ ده‌وڵه‌ت  و سه‌رپه‌رشتیكردنی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ گه‌لیان له‌لایه‌ن محه‌مه‌د بن سه‌لمانه‌وه‌ ده‌ربڕیبوو، له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی‌ شا سه‌لمان وه‌ك پادشای‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌ و مانه‌وه‌ی‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی‌.     
هه‌روه‌ها هۆشداریاندابوو  له‌وه‌ی‌ هه‌نگاوێكی‌ له‌و جۆره‌ ببێته‌ مــــایه‌ی‌ له‌بەریه‌كهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ یه‌كڕیزی‌ خانه‌واده‌ی‌ شاهانه‌ و دروستبوونی‌ ئاینده‌یه‌كی‌ ئاڵۆز، هه‌نگتوه‌كه‌شیان به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ سیستمی‌ به‌یعه‌ت له‌ خانه‌واده‌ی‌ فه‌رمانڕه‌وادا له‌قه‌ڵه‌م دابوو. 
دیارترین ئه‌وانه‌ی‌ ئیمزایان له‌سه‌ر پێشنیاره‌كه‌ كردبوو كه‌ 4ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2016 ئیمزاكراوه‌ بریتیبوون له‌ شازاده‌كان «به‌نده‌ر بن سوڵتان، متعب بن عه‌بدوڵڵا، توركی‌ ئه‌لفه‌یسه‌ڵ، وه‌لید بن ته‌ڵاڵ، محه‌مه‌د بن نایف، خالید بن توركی‌»، ئه‌و وانی‌ تر. 
هه‌نگا‌وه‌کە وه‌ك پێشتر ئاماژه‌ی‌ پێكرابوو، لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ پله‌به‌ندی‌ له‌ محه‌مه‌د بن نایف و لاوازكردنی‌ ناوه‌نده‌كانی‌ هێزی‌ سه‌ر به‌و پیاوه‌، وێڕای‌ جوانكردنی‌ وێنه‌ی‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان و خستنه‌ڕووی‌ وه‌ك پادشای‌ ئاینده‌ له‌ واشنتۆن. 
بۆیه‌ هه‌ر به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ سه‌رله‌به‌یانی‌ رۆژی‌ چوار شه‌ممه‌ 21ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2017، شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز پادشای‌ سعودیه‌، محه‌مه‌د بن نایفی‌ جێنشینی‌ له‌ هه‌موو پۆسته‌كان ده‌ركرد و محه‌مه‌دی‌ كوڕی‌ له‌جێگه‌یدا دانا.   

محه‌مه‌د بن سه‌لمان كێیه‌؟ 
  
دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ناوی‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان ناوێكی‌ نانه‌سراو بوو، به‌ڵام دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ باوكی‌ شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز حوكمڕانی‌ له‌ سعودیه‌ گرته‌ده‌ست، ئه‌ستێره‌كه‌ی‌ ده‌ستی‌ به‌ دره‌وشانه‌وه‌ كرد. 
ئه‌و شازاده‌ لاوه‌ كێیه‌ كه‌ ته‌مه‌نی‌ 31 ساڵه‌ و بووه‌ جێنشینی‌ نوێی‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌؟  
ئه‌ستێره‌ی‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان له‌پاش ده‌ستنیشانكردنی‌ به‌ جێگره‌وه‌ی‌ جێنشین پێش دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دره‌وشایه‌وه‌ كه‌ دوای‌ چه‌ند مانگێك بوو له‌ گرتنه‌ده‌ستی‌ حوكمڕانی‌ سعودیه‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2015 له‌لایه‌ن باوكییه‌وه‌، به‌هۆی‌ كۆچی‌ دوایی‌ شا عه‌بدوڵڵا.  
به‌لای‌ هه‌ندێكه‌وه‌ به‌ «پیاوه‌ به‌هێزه‌كه‌» له‌ سعودیه‌دا داده‌نرێت، شازاده‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان كوڕی‌ پادشای‌ سعودیه‌ و سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ شاهانه‌ و وه‌زیری‌ به‌رگری‌، له‌پاش ئۆپه‌راسیۆنی‌ «گه‌رده‌لولی‌ حه‌زم»ه‌وه‌ له‌ یه‌مه‌ن، به‌شێوه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ كه‌وتنه‌ به‌ر رۆشنایی‌ میدیاكان. 
دوای‌ دوو مانگ له‌ وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ له‌جێگه‌ی‌ باوكی‌ كه‌ بووه‌ پادشا، ئه‌و شازاده‌ لاوه‌ خۆی‌ له‌ ریزی‌ پێشه‌وه‌ی‌ جه‌نگدا بینیه‌وه‌ كه‌ سعودیه‌ رایگه‌یاند و سه‌ركردایه‌تی‌ هاوپه‌یمانییه‌كی‌ عه‌ره‌بی‌ فراوانی‌ كرد له‌ دژی‌ حوسییه‌كان له‌ 26ی‌ ئاداری‌ 2015.   

«ئه‌و پیاوه‌ به‌هێزه‌ی‌ سه‌رپه‌رشتی‌ هه‌موو بواره‌ گرنگه‌كان ده‌كات له‌ وڵاتدا»
محه‌مه‌د بن سه‌لمان ته‌نیا هه‌ر له‌ پۆستی‌ وه‌زیری‌ به‌رگریدا نییه‌، به‌ڵكو سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ شاهانه‌ و راوێژكاریی‌ تایبه‌تی‌ پادشایه‌، هه‌روه‌ها ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ كاروباریی‌ سیاسی‌ و ئه‌منی‌ و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ كاروباری‌ ئابوری‌ و گه‌شه‌پێدانه‌. 
سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ خۆرئاوایی‌ ده‌ڵێت: «ئه‌و پیاوه‌ به‌هێزه‌كه‌ی‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌یه‌، سه‌رپه‌رشتی‌ هه‌موو بواره‌ گرنگه‌كانی‌ وڵات ده‌كات». 
وه‌ك سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ شاهانه‌، شازاده‌ محه‌مه‌د پێگه‌یه‌كی‌ به‌هه‌ژموونی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌ وته‌ی‌ (بروس ریدیڵ) ئه‌فه‌سه‌ری‌ پێشوو له‌ هه‌واڵگری‌ ئه‌مریكا كه‌ له‌ئێستادا پرۆژه‌ی‌ په‌یمانگای‌ برۆكینگز له‌ واشنتۆن به‌ڕێوه‌ده‌بات. 
 به‌پێی‌ ئه‌و سیڤییه‌ بێت كه‌ له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی‌ (مسك)ه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن شازاده‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمانه‌وه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی‌ لاوان‌ دامه‌زرێنرا، ئه‌و شازاده‌یه‌ ده‌ ساڵ ئه‌زمونی‌ پیشه‌وه‌ریی‌ هه‌یه‌ و چالاكوانی‌ بواری‌ خێرخوازییه‌.  
محه‌مه‌د بن سه‌لمان، هه‌ڵگری‌ بڕوانامه‌ی‌ مافه‌ له‌ زانكۆی‌ شا سعود و له‌ ساڵی‌ 2009 بووه‌ته‌ راوێژكاریی‌ تایبه‌تی‌ باوكی‌ كه‌ له‌و ده‌مه‌دا شازاده‌ی‌ ریاز بوو به‌ر له‌وه‌ی‌ له‌ ساڵی‌ 2013دا ببێته‌ سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ باوكی‌ كه‌ بووه‌ جێنشینی‌ شاهانه‌. 
له‌ نیسانی‌ 2014دا، شازاده‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان كرایه‌ وه‌زیری‌ ده‌وڵه‌ت و ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، دواتر له‌ 23ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2015 و له‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ شا عه‌بدوڵڵا بن عه‌بدولعه‌زیز كۆچی‌ دوایی‌ كرد و باوكی‌ بووه‌ پادشا، به‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ و سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ شاهانه‌ ده‌ستنیشانكرا. 
ریدیڵ ده‌ڵێت»شازاده‌ محه‌مه‌د به‌ پیاوێكی‌ به‌جۆش و به‌هه‌ڵپه‌ ناسراوه‌». 

«پیاوێكی‌ ئابوریناسه‌» 
محه‌مه‌د بن سه‌لمان هه‌وڵیدا ریفۆرمی‌ ئابوری‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ سعودیه‌دا جێبه‌جێ‌ بكات، تاوه‌كو ئێستا جێگری‌ دووه‌می‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و وه‌زیری‌ به‌رگری‌ و فڕۆكه‌وانیه‌، له‌كاتێكدا وڵاته‌كه‌ی‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ سه‌ربازی‌ له‌ دژی‌ حوسییه‌كان له‌ یه‌مه‌ن به‌رپاكردووه‌.   
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ شاهانه‌ و راوێژكاریی‌ تایبه‌تی‌ پادشای‌ سعودیه‌ و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ كاروباری‌ ئابوری‌ و گه‌شه‌پێدان، و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ كاروباری‌ نه‌وت و كانزاكانه‌ كه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ئیداره‌ی‌ كۆمپانیای‌ «ئارامكۆ»ی‌ نه‌وتی‌ نیشتیمانی‌ ده‌كات. 
خاوه‌نی‌ «دیدی‌ 2030» كه‌ ئامانج لێی‌، هه‌مه‌ڕه‌نگكردنی‌ ئابوی‌ و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ پشتبه‌ستنه‌ به‌ نه‌وت و راكێشانی‌ وه‌به‌رهێنانه‌ له‌ كه‌رته‌كانی‌ تر، به‌ كه‌رتی‌ گه‌شتیاریشه‌وه‌  له‌ ده‌وڵه‌تێكدا كه‌ زیاتر له‌ نیوه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ له‌خوار ته‌مه‌نی‌ 25 ساڵیه‌وه‌ن. 


(محه‌مه‌د بن نایف)یش به‌یعه‌تی‌ پێده‌دات 
سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز پادشای‌ سعودیه‌ له‌ 21ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2017، به‌ فه‌رمانێكی‌ شاهانه‌، كوڕه‌كه‌ی‌ خۆی‌ كرده‌ جێنشین و شازاده‌ بن محه‌مه‌د بن نایفی‌ له‌ پۆستی‌ جێنشین و جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و وه‌زیری‌ ناوخۆ لابرد، ئه‌وه‌ش به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ دیوانی‌ شاهانه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌.     
محه‌مه‌د بن سه‌لمان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ كرایه‌ جێنشینی‌ شاهانه‌، له‌ پۆستی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیراندا ده‌ستنیشانكرا، وێڕای‌ مانه‌وه‌ی‌ له‌ پۆستی‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌، ئه‌وه‌ش هێنده‌ی‌ تر پێگه‌ی‌ ئه‌و شازاده‌ لا‌وه‌ له‌ شانشینه‌كه‌دا به‌هێزده‌كات. 
دوای‌ چه‌ند كاتژمێرێك له‌و راگه‌یاندنه‌، ئاژانسی‌ ده‌نگوباسی‌ سعودیه‌ باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ شازاده‌ محه‌مه‌د بن نایف، وه‌ك جێنشینی‌ نوێ‌ به‌یعه‌تی‌ داوه‌ به‌ شازاده‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان.  
شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای‌ هاتنه‌سه‌ر كورسی‌ شاهانه‌، كاریی‌ بۆ هێنانه‌پێشه‌وه‌ی‌ كوڕه‌كه‌ی‌ (محه‌مه‌د بن سه‌لمان) كرد و له‌وپێناوه‌شدا بواری‌ باشی‌ بۆ ره‌خساند تا ئامانجه‌كه‌ی‌ بهێنێته‌دی‌. 
ئه‌و شازاده‌ به‌خته‌وه‌ره‌، به‌ر له‌وه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ ببێته‌ 30ساڵ، پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ شاهانه‌ و پاشان جێگری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و وه‌زیری‌ به‌رگری‌ ده‌وڵەتێكی‌ گرته‌ده‌ست كه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا پێگه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌ و به‌ یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ به‌هێزه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ داده‌نرێت. 
21ی‌ خوزه‌یرانی‌ 2017ش ئه‌و رۆژه‌ بوو كه‌ شا سه‌لمان، محه‌مه‌دی‌ كوڕی‌ وه‌ك جێشنشین و پادشای‌ داهاتووی‌ سعودیه‌ دیاریی‌ كرد، كه‌ به‌ بۆچوونی‌ هه‌ندێك لادان بووه‌ له‌ سیستم و عورفی‌ باوی‌ شاهانه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ و به‌ بۆچوونی‌ هه‌ندێكی‌ تریش، كوده‌تایه‌كی‌ بێ‌ ده‌نگ بوو به‌سه‌ر پاشماوه‌ی‌ شازاده‌كانی‌ تری‌ (ئال سعود) و ئاراسته‌كردنی‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌ بوو به‌ره‌و «شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سه‌لمانی‌».


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7321
23/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بۆڵت له‌ له‌نده‌ن به‌شداری 200 مه‌تر ناكات 23/7/2017
‌ بۆندێكی بۆ ماوه‌ی‌ 5 وه‌رز له‌گه‌ڵ چێڵسی ئیمزاكرد 23/7/2017
زانست
‌ بۆ گه‌رمای هاوین خواردنه‌وه‌ی ئاوی شله‌تێن باشه‌ 23/7/2017
‌ ته‌نه‌ ئاڵۆزه‌كانی گه‌ردوون، ئامانجی به‌ هێزترین ته‌لسكۆبی جیهانه‌ 23/7/2017
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP