بۆچی  لە خۆرهەڵاتی ناوین، بەردەوام شەڕە؟
بۆچی لە خۆرهەڵاتی ناوین، بەردەوام شەڕە؟ ‌ 9/7/2017
باستیان بێربنەر
و. لە ئەڵمانییەوە
هەڵۆ بەرزنجەیی

کوشتار لە سوریا،شەڕ لە عێراق و هەرای بێ بڕانەوە لەسەر ئیسرائیل. لە هیچ دەڤەرێکی جیهان دا، هێندەی رۆژهەڵاتی نزیک خوێن ناڕژێت.
سنوورەکان،هەر چۆنێک بن،شتێکی بەهادارن. جا وەک دیوارێک بن، لەسەرەوە بە تەلی دڕکاوی گیرابن، یان وێنەی  پەرژین وابن، یاخود لە چەشنی شوورایەکدا، بە گوێنی پڕ لە خۆڵ هەڵچنرابن لە بیابان دا، وەیان هاوچەشنی هێلێکی خەیاڵی،کە تەنیا  لەسەر نەخشە دەبینرێن. 
سنوورەکان باشن، ئەگەر بێت و دوو شت بەجێبهێنن:
لە لایەک ئەگەر بێت، لە ناوەوە مرۆڤەکان یەکبخەن، ئەوانەی زۆر لەیەک دەچن، و دەتوانن لەبەرامبەر پرسیاری «کێ دەبێت حوکممان بکات» ؟ ڕێک بکەون. هەروەها ئەگەر لە لایەکی دیکەوە، ئەوانەی لەدەرەوە دەمێننەوە و لەگەڵ ئەوانەی ناوەوەدا هەرگیزاو و هەرگیز لەسەر یەک وەڵام ناتوانن یەک بگرن.
هەردوو لایەنەکە هاتونەتە دی، ئایا سنوورێک ئامێرێکی ڕێکوپێکی و ڕێکخستنە. ئەگەر نا، داخۆ سنوور گەرەنتی زەبروزەنگە.
لازقیە،شارێکە لە سوریا و دەکەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست و کەنارێکی جوان و خۆشی هەیە. ئەم هاوینەش خەڵک لەوێ دەچنەوە بۆی، بۆ ئەوەی خۆیان بدەنە بەر پرژەی شنەی شەپۆلی بەرز و نزم بوونەوەی ئاوەکەی، بەدەم هاژەی نێرگەلە کێشانەوە.  هەروەها ئەدلیبیش شارێکە لە سوریا. لەوێ خەڵکەکە، بەرمیلی بۆمبا هەلاهەلایان دەکات. لەسەرەتای ئەم ساڵ لە گوندێکی نزیکی ئەم ناوە، چەند وێنەیە بە جیهاندا بڵاوبۆوە، منداڵ بە گاز کەوتوون و دەمیان کەفی لێنیشتبووە. 
ئەم دوو شارە تەنیا( ١٢٠) کم لەیەکەوە دوورن. هەردوو شارەکە لە لایەن بەشار ئەسەدەوە حوکم دەکرێن. زۆرینەی دانیشتوانی لازقیە عەلەوین و ئەمە بە باش دەبینن. زۆرینەی دانیشتوانی ئەدلەب سووننین و دەیانەوێ بەشار بڕوخێنن. ئەمانە مرۆڤەکان،کە لە ناوەوەن، بەلام حەز دەکەن لەدەرەوە بمێننەوە. بەلای ئەمانەوە، سنووری دوور و درێژ، دیواری بەندیخانەیە.
عەلەوی و سووننی لەژێر یەک دەسەڵاتدان و حەزیان دەکرد دوویان هەبوایە.
چەند سەد  کیلۆمەترێ بەولاوە بەرەو رۆژهەڵات، نیشتمانی کوردانە. وڵاتێک زنجیرە چیا و ڕووباری گەورە و بە خوڕ و دۆڵ و نشێوی قووڵی تێدایە و پێدا تێدەپەڕێ  و هەورەها بە ژمارەیەکی زۆر لە  سنوور: سنووری سوریا ـ تورکیا، عێراق ـ تورکیا، سوریا ـ ئێراق،ئێران ـ تورکیا، عێراق ـ ئێران دەوری گیراوە. کورد لە چوار دەوڵەتدا دەژین، پێیان خۆش بوو، یەک دەوڵەتیان هەبووایە، یەکێ کە خۆیان لەناویدا بوونایە.
لە چۆڵەوانییەکی گردۆڵکەیی چەند سەد کیلۆمەترێ بەولاوە، خوارووی رۆژئاوا، دیسان محەمەد ناسر، کە تەمەنی ١٧ ساڵە، لە رۆژێکی هاوینی ٢٠١٦ دا دوو کیلۆمەتر بەلاوە دەچێتە گوندێکی دراوسێەوە. لەوێ هەڵدەکوتێتە سەر ماڵێک و خۆی دەخزێنێتە، ژووری منداڵەکانەوە ، کچێکی منداڵێکی ١٣ ساڵی لە جێگادا خەوتووە. دەداتە بەر چەقۆ  تا دەیکوژێ. محەمەد، هیچ شتێکی تایبەتی لەگەڵ ئەو کچەدا نییە، بەڵام ئەو کچە لە ناوچەی کریات ئەربا، دەکەوێتە کەرتی رۆژئاوای فەلەستینەوە دەژی. ئەمە کوشتنێکی سیاسییە. ئەوی فەلەستینی ئیسرائیلییەکی کوشتووە، لە پێناوی ئەوەی پەیامێک بۆ حکومەتەکە ڕەوانە بکات و بڵێ: ئەمە وڵاتی ئێمەیە!.
چۆن دەبێت سنوورێک،  پڕ مانا، جیاوازی بکات لە نێوان یەکێ لە ناوەوە و یەکێ لەدەرەوە؟.
وای دادەنێین، پیاو لەناو کەشتییەکی ئاسمانیدایە و لەسەر وڵاتی عەرەب لەسەرخۆ دەفڕێ. سەیرکردنەکە بەشی دەریای ناوەڕاست تا سنووری بەرزاییەکانی ئێران دەکات، لە زنجیرە چیاکانی ئەنادۆڵەوە تا کەنداوی فارس. وای دادەنێن پیاو هەر یەک لە دانیشتوان، لەسەرەوە وەک نوکتەیەکی بچووک دەبینێ.
٨٢ ملیۆن ئێرانی،٨٠ ملیۆن تورک، ٣٨ ملیۆن  عێراقی،٢٨ ملیۆن سعودی عەرەبی، ١٧ ملیۆن سوری، ٨ ملیۆن لوبنانی، ٨ ملیۆن ئەردەنی،٨ ملیۆن ئیسرائیلی،٥ ملیۆن فەلەستینی.
وێنەیەک لە ٢٧٤ ملیۆن پیکسل/Pixel  خاڵەوە. ئەگەر پیاو هەروا ڕامان بکات، کەوا هەموو ئەو مرۆڤانەی لەگەڵ سنووری وڵاتەکەیان و فۆڕمی دەسەڵاتەکەیان ئاسوودە و بەختەوەرن، وەک پیکسلی سپی ببینین و ئەوانەی دەیانەوەی سنوور و سیستەمەکان بگۆڕن، پیکسلی ڕەشن. پیاوی چاوی دەکەوێتە سەر ڕووبەرێکی زۆری ڕەش، کە وەک وەرەمی شێرپەنجە بەربۆتە ناوچەکە.
لە ڕۆژئاوای عێراق، سووننەکانەکان دژی حکومەتی شیعەکان، لە بەغدا وەستاونەتەوە. لە ڕۆژهەڵاتی سعودیە، شیعەکان ڕکیان دەبێتەوە، لە حکومەتە سوونییەکەیان لە ریاز. کەناری رۆژئاوا، غەزا، ناوچە کوردییەکان، ڕۆژهەڵاتی سوریا هەمووی ڕەش دەنوێنێت. 
Middle East,Proche Orient,Naher Osten، رۆژهەڵاتی نزیک، ئاساییە بە هەر زمانێ، ئەم دوو وشەیە بخەیتە ناو مێشکتەوە هەمان فلیم لێدەداتەوە.
تیرۆریستە ڕیشدارەکان، ئەوانەی خۆیان دەتەقێننەوە. چاڵەنەوتە گڕگرتووەکان، خانوو و ماڵی بۆمباران کراوی داربەسەر بەردەوە نەماو. پیکاپی چەک لەسەر دابەستراو، جەنگ لە سوریا. کوشتار لە عێراق. خەبات لە تورکیا. ڕاپەڕین لە ئیسرائیل. پەلاماری تیرۆریستی لە هەموو شوێنێ. لە سەد ساڵی ڕابووردوودا نێزیکی ٨٠ جەنگ و قەیران لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕووی داوە. نێزیکی ٦،٥ ملیۆن کەس کوژراو و مردوون. ڕەنگە زیاتریش بوو بێت.
چۆن ئەمە ڕوو دەدات؟ بۆچی بە تایبەت رۆژهەڵاتی نزیک بۆتە شانۆی  خوێنی بە ناهەق ڕژاو و بە خوێن تینوو؟
وەڵامی ئاسایی و باو  دەڵێ: گەلانی فرە، ئاینزای زۆر لەم دەڤەرە تەسکەدا، کوڵاوبە کەفوکوڵ و تووڕەیی ئایینی. بێگومان ئەمە تەنیا لە سەرنجدانی سەرەتاییدا جێی باوەڕهێنانە، هەروەک کتێبێکی خراپ بە بەرگێکی جوانەوە. کێ بەڕاستی گەرەکێتی تێبگات،بۆچی جەنگ لەم بەشەی جیهان دا، کۆتایی نایەت، پێویستە ئاوڕ بۆ سەدساڵ، پێش ئێستا بداتەوە ، بۆ ئەو سەردەمەی،کە ئەم سنوورانەی ئێستا نەبوون.
 ئەوەی لە ئەمڕۆدا بە « رۆژهەڵاتی ناوین» ناسراوە، تاکە ئیمپراتۆرێتێکی بەهێزی بەسەرچوو هەبوو. ئەم ئیمپراتۆرێتە عوسمانییە کە لە کۆنستانتینۆپل، ئەمڕۆ پێی دەووترێ ئەستەمبوڵ، لە لایەن کەسێکەوە بە خۆی دەوت سوڵتان،  حوکم دەکرا.
٧٠٠ سەد ساڵ ئەم ئیمپراتۆرێتە درێژەی کێشا و لە سایەیدا گەلان و ئاینەکان دەژیان، تورک، عەرەب،کورد، موسڵمان، کریست و جولەکە، بە شێوەیەکی گونجاو بە ئاشتی پێکەوە هەڵیان دەکرد.  
بێگومان هەرا و ناکۆکی هەبووە، جارە و جاریش جەنگ، لێ بە تێکڕا پێکەوە، سەر سووڕهێنەرانە باش گوزەرانیان دەکرد.  نهێنییەکە ئەوەیە  ئۆتۆنۆمیییەکی فراوان، بەرپرسیارێتی خۆیی لە دەوڵەتێکدا بێ سنووردا هەبوو.
ئینجا جەنگی یەکەمی جیهانی  هات. لە ژێر ئاگری تۆپەکاندا وڵاتان توانەوە و سەرلەنوێ نەخشەکێشرانەوە. دەسەڵاتدارێتی داڕمان و هی نوێ دروست بوونەوە. ئەمە لە ئەوروپا ڕووی دا، بەڵام زیاتر بۆ رۆژهەڵات. لە ئیمپراتۆرێتی عوسمانی چەندین دەوڵەت کەوتەوە، هێڵە سەرەکییەکانیان  لەمڕۆدا،پیاو لە پەخشی هەموو دەنگوباسەکاندا دەبینێ. شەقڵ و شێوە نوێکەیان، حەتمی نەبوو. بەڵکو ئەوە سیاسەتکار و جەنەڕاڵەکان، دیبلۆماتکاران و سیخوڕەکان، ئەوان بەڕێوە دەبرد، سەربازەکان، ئەوانەی کە شەڕیان دەکرد، هەندێک بە چەکی مۆدێرن و هەندێکیش بە ڕاوەشاندنی شمشێر بە سواری حوشترەوە.
بەڵام بڕیاردەر ٣ کەس بوون. دووانیان خاوەن بیروباوەڕ بوون، یەکێکیان هەلپەرست بوو. هەر سێکیان بەریتانی بوون. هەرسێکیشیان ڕامان و چاوەڕوانییەکی تەواویان لەوە هەبوو، کام سنوورگەلێک، دەبێت دوای جەنگ رۆژهەڵاتی ناوین رێک بخات.
 ڕامانەکانیان پێکەوە نەدەگونجان
 کە بیر لەو بەزم و هەرایەی ئیمڕۆ دەکەیتەوە، ساڵ بە ساڵ دەتباتەوە بۆ رابووردوو، هەر وەک هەڵدانەوەی دەفتەری وێنەی بزۆک  بۆ دواوە،هەتا ئەو شوێنەی پیاو، لە کۆتاییدا دەگاتە سەر  ئەو ٣ دەموچاوە.
لای ئەفسەر تۆماس ئێدوارد لۆڕانس Thomas Edward Lawrence،کە لە ساڵی١٩١٧ وە هەڵکەوت،  یەکێکە لە مێژووی پاڵەوانێتی تراژیدیایی مۆدێرنە بۆ نووسینەوە.
لای ئەرستۆکرات مارک سایکسMark Sykes دەربارەی ئەو، نووسەری ئەمەریکیScott Anderson بە کورتی دەنووسێ: «زەحمەتە کەسێک بدۆزیتەوە،کە لەسەدەی بیستەمدا بێ  نێتی خراپی شەڕانی و بێ سوپا بتوانێ ببێتە هۆکاری ئەو هەموو وێرانکاریە».
لای کیمیاکار خایم وایزمانChaim Weizmann ،کە لەڕاستیدا دەبوو لاوازترینی ئەو سییانە بوایە، بە بێ  دامو و دەزگایەکی سیاسی ، بێ پارە، لەگەڵ ئەوەشدا، لە ئاکامدا گەورەترین سەرکەوتنی بەدەست هێنا.
ڕەنگە سوریا ئەمڕۆ نە سووتایە، لەوانەیە کورد خاوەنی دەوڵەت بووایە، بەڵکو محەمەد هیچ کچێکی نەکوشتبایە بە چەقۆ، گەر بهاتایە ئەم سێ کەسە، پێش سەد ساڵ لەمەوبەر، بە جۆرێکی تر مامەڵەیان بکردایە.
کێ زیاتر بەرگە دەگرێت
مێژووی هاوبەشی ئەمانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەست پێ ناکات، بەڵکو لە لەندەنەوە، داون ستریت Dawning Street 10 لە شوێنی دانیشتنی، سەرەک وەزیرانی بەریتانیا، کاتێ لە پاییزی ١٩١٥ دا، ئەندامانی کابینەی جەنگ، بەسەر نەخشەیەکی گەورەدا دەچەمنەوە و پرسیار لە خۆیان دەکەن: چۆن  ئێمە ڕێگری لەوە بکەین، کە ئەڵمان شەڕەکە ببەنەوە؟
سەربازەکان جاران لە چاڵە قوڕاوییەکانەوە هەڵدەگەڕان، بە ڕاکردن، ڕووەو بەرەی رۆژئاوا و هەموو ڕۆژێک بۆ ڕووبەڕووی نوێی دژ بەیەکتر. ئەڵمانەکان لە لایەک و بەریتانی و فەرەنسییەکانیش لە لایەک،وەک گورگێکی دڕندە کە  ژیانی ملیۆنانیان هەڵڵوشی و فلیقاندەوە.  پرسیار ئەوەیە: کێ زیاتر بەرگە دەگرێت؟
حکومەتی بەریتانی مەترسی لێ نیشتبوو: ئەڵمانیا و سوڵتانی عوسمانیش  وەک لایەنگری ئەڵمانیا هاتبووە جەنگەکەوە و تازە بە تازە، بانگەوازی لە هەموو موسڵمانانی جیهان کردووە، بۆ شەڕی پیرۆز/ جیهادیان لە دژی هاوپەیمانان.
 لە ژێر ڕکێڤی دەسەڵاتی کۆلۆنیالی ئینگلیزدا، ملیۆنان موسڵمان دەژیان. لەم پاییزی ساڵی ١٩١٥یەدا لەندەن بە خێرایی پێویستی بە بیرۆکەیەکی ستراتیژی هەبوو.
کۆمیساری باڵای بەریتانیا، لە میسر هاتە قسە. ئەو بەڕیوەبەری دەسەڵاتی کۆلۆنیالی بوو، لە قاهیرە هاوکارەکانی دەستییان کرد، بە داڕشنی نەخشەیەک، کە هەر دوو  ئامانجەکە  لە خۆ بگرێت وئامانج بپێکێ: ڕابوونی مەترسی داری موسڵمانەکان بخنکێنێ و ئەڵمانەکانیش بە چۆکدا بهێنێت.
ئەو کاتە، ماوەی چەند هەفتەیەکی کەم بوو، پیاوێک لە قاهیرە دەژیا، تازە پێی نابووە تەمەنی ٢٧ ساڵییەوە و باڵای هەر ١،٦٥ م بەرز بوو، لەگەڵ ئەو تەمەنە کەمەیشیدا، ڕەنگە باشترین کەسی رۆژهەڵاتی ناوینناسی حکومەتی بەریتانی بوو ـ بە لانی کەمەوە ئەو وا خۆی دەبینی ـ ناوی ت. ئی. لۆڕانس بوو.
هەر لە تەمەنی گەنجییەوە بە تەنیا، ڕوو لە رۆژهەڵاتی ناوین کردووە و سەردانی  قەڵای خاچپەرستەکانی دەکرد. دواتر لە سوریا دەستی کرد، بەکارکردن لە چاڵ هەڵکەندندا. لە خوارووی فەلەستین  هونەری نەخشەکێشان/ کارتۆگرافی بیابانی دەکرد. زمانی عەرەبی بە ڕەوانی دەزانی و خەڵک و کولتوورەکەی چاک دەناسی، ئیدی ئەوە بوو، دەزگا سیخوڕییەکانی خاوەنشکۆکەی، هەر زوو لەگەڵ شەڕ هەڵگیرساندا، بەکرێیان گرت و هێنایانە ریزی خۆیانەوە.
لە بارەگای ئیدارەی بەریتانی، لۆڕانس نەخشیەکی گەورەی دەسەڵاتی عوسمانی هەڵواسی. هەندێ جاریش دواتر شتی دەنووسی، لەبەردەم نەخشەکەدا چەندین خولەک دەوەستا، و بیری قوڵی دەکردەوە، لە ڕەهەندەکانی وڵات ، کە لە لایەن سوڵتانی کۆنستانتینۆپەلی دوژمنەوە کۆنترۆڵ کرابوو.
بەڵام ئایا بە ڕاستی ئەو کۆنتڕۆڵی کرد؟
چەند هەفتەک پێشتر لە هاوینی ١٩١٥ دا، نامەیەک گەیشتە قاهیرە، هەر زوو نێرەرەکەی بووە، جێی بایەخی بەریتانییەکان.  شەریف حوسەین، سەرەک هۆزێک لە مەککەوە، بەدەسەڵاترین پیاوی نیوە دورگەی عەرەبی. حوسەین خۆی لەگەڵ دەسەڵاتی سوڵتانی عوسمانیدا کاری دەکرد، لێ کە شەڕ هەڵگیرسا، پیاو هەوڵ دەدات بارودۆخە بقۆزێتەوە. حوسەین خەونی بە دەسەڵاتێکی عەرەبی فراوانەوە دەبینی. ئەو دەیویست سنوورێک بکێشێ، بە دروستی لەو شوێنەدا، کە ئیمڕۆ سنووری تورکیا و سوریای پێدا تێدەپەڕێ. ئەگەر بێت و سوڵتان، بەشی سەرەوەی سنوورەکە تورکیا لە خۆی بگرێ،،بەشی خوارووی وڵات، کە بە زمانی عەرەبی قسەی تێدا دەکرێ، حوسەین بۆ خۆی دەویست. ئەوەش قەڵەمڕەوێکی فراوان بوو، پێکهاتووە لە سوریا و لوبنان و عێراق و ئیسرائیل و فەلەستین و ئەردەن و تەواوی نیوە دوورگەی عەرەبی.
حوسەین لە نامەکەیدا، تکای مامەڵەیەک دەکات لە بەریتانییەکان: ئەو عەرەبی بەرەو یاخیبوون و ڕابوون بە ڕووی سوڵتان دا بردوو و هاوکاری بەریتانییەکان دەکات، تا جەنگەکە ببەنەوە، بەرامبەر بەوە بەریتانیەکان یارمەتی بدەن، دوای سەرکەوتن دەوڵەتێک دابمەزرێنێ.
ئۆڤەرێک لە حسێن شەریفەوە
بەرپرسی لۆڕانس لەندەنی، لەم ئۆڤەر و داوایە ئاگادار کردەوە. بیرۆکەی ئۆڤەرەکە سەرنجڕاکێش بوو، لە دژی جیهاد، لە لایەن پیاوێکی ریش سپییەوە راگەیەندراو، بە پێچەوانەی سوڵتانەوە، شەریف ناو و ناونیشانی پیرۆزی هەبوو، بە هۆی ئەوەی لە نەوەی پێغەمبەرە. لە بارەگای بەریتانییەکان، بۆ خۆیان   خەیاڵیان دەکردەوە: عەرەب لە ناوەوە دەسەڵاتی عوسمانی هەڵدەوەشێنێتەوە و قەدپاڵی ئەڵمانەکانیان لە خوارووی رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە ڕووت دەکردەوە. هەر لە پڕێکدا ئەڵمانەکان، بەرەی سێیەمیان لە بالکان بە ڕوودا کرایەوە، ناچاری چۆکدادانیان کردن. 
 ئەم نەخشەکە دەیتوانی بڕیار لەسەر چارەنووسی جەنگ بدات. جا پیاو چی هەیە بیدۆڕێنێ؟ دەوڵەتێکی عەرەبی پاش تەواوبوونی جەنگ؟ تا ئەو کاتە،زۆر شتی دیکە دێتە پێشێ و هەزار دەور دەگۆڕێت.
لەندەن ئەم بەرنامەیەی گرتە بەر
بۆ بەریتانییەکان، ئەم سەودایە لەگەڵ حوسەین دا، سوودێکی گەورەی هەیە: ئەوان دواتر شتەکە دەدەن و کەچی دەستبەجێ هەقەکەی وەردەگرن. لە قوڵایی وڵاتی عەرەبییەوە، دەست کرا بە ئامادەکاری یاخیبوون و ڕاستبوونەوە. لە قاهیرە لۆڕانس خۆشحاڵ بوو، کە حکومەتەکەی بە هۆی هۆکارێکی ستراتیژییەوە، گفتی دامەزراندنی دەوڵەتێک دەدات بە عەرەب، لۆرانس پێی وابوو بەراستی عەرەب شایستەن. لۆرانس رێزی بۆ عەرەب هەبوو. هەر بە گەنجی کاتێ خاوەنی هیچ نەبوو، بە خۆیی و نەخشەیەک و کامێرایەک و دەمانچەیەکەوە، گەشتی بە بیابانەکاندا دەکرد، بەردەوام ڕووبەڕووی میوانداری دۆستانە دەبۆوە. کاتێکیش دوایی  کاری هەڵکۆڵینی دەست پێ کرد، زۆری حەز لەو ئیشە دەکرد. یەکێ لە کرێکارەکان، گەنجێکی سوری بوو، سەرەتا بووە یاریدەدەری و پاشان بووە باشترین هاوڕێ. 
نامەکەی لۆرانس بۆ باوکی
«ئەم وڵاتە بۆ بێگانە زۆر  خۆش و نایابە. بۆ ئەوەی ئەم هەستە بە وشە دەربڕین» : لۆڕانس لە ١٩١٢ دا بۆ دایک و باوکی دەنووسێ: ئەوە سێ ساڵ تێپەڕی، کەوا حکومەتەکەی خۆی گەرەنتی سەربەخۆبوونی دا بە عەرەب،ئەو بڕیاری گردەبڕانەی داوە هەموو شتێک بکات لە پێناوی جێبەجێکردنی ئەو گفتەدا، کە بەڕاستی حوسەین سنووری دەوڵەتەکەی بۆ دیاری بکرێت. لە لایەکی دیکەوە هەواڵی سەوداکەی لەگەڵ حوسەین دا،شۆکی دروست کردووە. لە مانگی نۆڤەمبەری ١٩١٥،دیبلۆماتکارانی بەریتانی  چاویان دەکەوێت بە Francois Georges - Picot پاشکۆ و وابەستە،  لە سەفارەتی فەرەنسی لە لەندەن، پیکۆ هاوپەیمان و دۆستە، بەڵام ساتێ بەریتانییەکان باس و خواستی عەرەبیان پێ ڕاگەیاند، وتی « تەواوی سەربەخۆیی» وەک بەشداربوویەک دەستی پێوە دەگرێ.          
  دوای ئەوەی ئەو هەموو فەرەنسییە کوژران،پیاو ناتوانێ هێزی تاڵانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوین بەخۆڕایی ببەخشێ. پیکۆ ئەم قسانەی کرد. « ئەو باسی سوریا و فەلەستینی کرد،ئایا وەک نۆرمانی سەر بە فەرەنسا دەبن» .
تەوەری پاریس - لەندەن، بڕبڕە پشتی جەنگی دەژی ئەڵمانیا
سیاسەتی دەرەوەی فەرەنسی و هەروەها بەریتانی،جاران سیاسەتێکی کۆلۆنیالی بوو. پاریس و لەندەن جیهانیان بەسەر خۆیاندا دابەش کرد بوو. فەرەنسییەکان لە رۆژئاوای ئەفریکا دەسەڵاتدار بوون و بەریتانییەکان لە رۆژهەڵاتی ئەفریقاوە بەسەر هیندستان دا دەکشا، هەتا ئۆقیانووس.ئەم جەنگە بۆ جاری یەکەمە،دەرفەتی باڵادەستی و هەژموونداری سازداوە و پێویستە فەرەنسا سوودی لێ ببینێ.
پیکۆ پەیامێکی روون و ئاشکرای دا بە گوێ لەندەن دا.فەرەنسا سوریای دەوێ و خاکی پیرۆزی فەلەستینیش و گاڵتەی دەهات بە بیرۆکەی دەسەڵاتدارێتییەکی گەورەی عەرەبی. بەریتانیا هۆشیار کرایەوە. لەم کاتەدا پێویستیان بە بەزم و هەرا لەگەڵ فەرەنسادا نییە. تەوەری پاریس ـ لەندەن بڕبرەی پشتی جەنگی دژی ئەڵمانیایە.
لە لەندەن دیبلۆماتکاران سەرقاڵی ئەوە بوون، چۆن ئەم کێشەیە   چارەسەر دەبێت. پێدەچێ Mark Sykes مارک سایکسی  پەرلەمانتاری گەنج، کە  باش شارەزای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بیرۆکەیەکی پێ بێت؟
سایکس نەخشەیەکی لا بوو،کاتێ  لە ١٦/دیسەمبەری ١٩١٥ دا چووە کۆشکی سەرەک وەزیران. سایکس تەمەنی ٣٦ ساڵ بوو و پێنج ساڵە ئەندام پەرلەمانە و ڕۆژهەڵاتی نیزیکی دەناسی و تازە کتێبێکی دەربارەی دەڤەرەکە بڵاوکردبۆوە. کە زۆر شتی ڕاست نییە کەوا کەس ئاگای لە کەس نییە و ،لەوانەی ئەو بەیانییە گوێیان لەو دەگرت،نە سەرەک وەزیران،نە وەزیری جەنگ و هەروەها نە وەزیری تەقەمەنی David Lioyd George، کە بە هیوابوو.
سایکس گرنگترین سیاسەتمەدارەکانی وڵاتەکەی بینی  بەو پەڕی باوەڕبەخۆبوونی نەجیبزادەیەکی ئینگلیزییەوە.
نەخشەو پەنجەکەی سایکس
 نەخشەکەی لەسەر مێزەکە بڵاو کردوەوە وتی: « من پێشنیاز دەکەم هێڵێک بکێشین لە e لە تەوەرەکەوە تا  کۆتایی k  لە کەرکوک». ئەو بە پەنجەی بەسەر نەخشەکەدا رۆیشت. هەموو ناوچەکانی سەرەوەی هێڵەکە بەر فەرەنسا بکەوێت: سوریای ئیمڕۆ، لوبنان،خوارووی تورکیا،باکووری عێراق.ئەوەشی دەکەوێتە خوارەوە هێڵەکەوە دەبێت بۆ بەریتانیا مەزن بێت. ئیمڕۆی ئیسرائیل،فەلەستین،ئەردەن،بەشی گەورەی عێراق و نیوە دورگەی عەرەبی.  ئەو پەنجەی سایکس کە ناوچەکەی دابەشکرد،نەدەگونجا بۆ ئەم جۆرە سنوورانە،  نە بۆ بونیادە ئێتنی و نە بۆ ئایینییەکان. بە پێچەوانەوە ئەم جۆرە سنوورانە گەلانی دابەش کرد،هۆز و بنەماڵەی دابەش بوون بەسەر دوو دیوی یەک سنووردا.
بەریەککەوتن لەگەڵ حسێندا
پێشنیازەکەی سایکس ئاماژەیەکی کۆلۆنیالی بوو،لێ بە دڵی سەرەک وەزیران بوو. بەم شێوەیە فەرەنسا هێمن دەبێتەوە و بەریتانیای مەزنیش بازێک دەچێتە پێشەوە.بێگومان سەرەک وەزیران دەزانێ ئەم چارەسەرە،لەگەڵ ئەو گفتەی  بە حوسەینیان داوە بەر یەک دەکەون. مەسەلەکان هەر لەمەڕ هەمان وڵاتەوەیە.لێ ئەو دەبێت چی بکات؟   بڕیار بدات بۆ عەرەب و دژی فەرەنسا بوەستێتەوە،زیان بە هاوپەیمانێتیەکەی دژ بە ئەڵمانیا دەگەیەنێ .بڕیار بۆ فەرەنسییەکان  بدات دژ بە عەرەبەکان،ڕەنگە ئەمانە بچنە بەرەی دوژمنەوە.
سەرەک وەزیران هەردوو لای دەوێت، دەستاوێژی بەدەستهێنانی ئەم ئامانجەش،بریتییە لەوەی پاراستنی مەسەلەکەیە بە نهێنی. عەرەبەکان نابێ ئاگایان لەو قسانەی لەگەڵ فەرەنسا کردوویانە. ئەگەر ئەوان بەراستی هەر سوور بوون لەسەر ئەوەی دەوڵەتی خۆیان دەوێ، ـ دەبێت بڵێن جارێ بردنەوەی جەنگ پێویستە ـ پیاو دەتوانێ بیانوو بدۆزێتەوە. ئاخر فەرەنسا لە هەنووکەدا گرنگترە
کاتێ مارک سایکس لەو رۆژانەدا داونت ستریتی ١٠ بەجێهێشت،کابینەی جەنگی قەناعەت پێهێنا،جڵەوی سیاسەتی بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی نیزیک لەدەستی خۆیدا بێت. وەزیر باوەڕی وابوو سایکس زمانی عەرەبی و تورکی دەزانێ،کەچی هیچیانی نەدەزانی.
هێڵە سوورو شینەکەو حوکمڕانیی فەلەستین
پێنج رۆژ دواتر بۆ یەکەمجار سایکس چاوی بە پیکۆی فەرەنسی کەوت. لە ماوەیەکی کورتدا دیکۆمێنتێکیان ئامادە کرد، کە کاریکەرێتی وێرانکارییەکە پەلی هاویشت. رێکەوتننامەی سایکس ـ پیکۆ ،کە تەنیا سێ لاپەڕەیە و نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی لە خۆ گرتووە و کە بەناوجەرگەی دڵیدا هێڵ ڕاکێشراوە،کە سایکس پێشنیازی کابنێتەکەی کردوە. سەرەوەی هێڵەکە بەڕەنگی شین هی فەرەنسایە و خوارەوەی بە ڕەنگی سوور هی بەریتانیایە. فەلەستینیش بە شارە پیرۆزەکانییەوە هەردوو رێکەوتن نێونەتەوەییانە حوکمی تێدا بکرێ. لە بەشی ڕاستی خوارەوەی رێکەوتنامەکە هەردوو ئیمزای لەسەر دەکەن و ئەم دیکۆمێنتە زۆر بە نهێنی پارێزرا.
لە ماوەی چەند حەفتەیەکی کەمدا بەریتانییەکان، وڵاتێک کە تازە داگیریان کردبوو، گفتیان دا بیدەن بە دوو لایەنی جیاواز . ئەوە هەر وەک ئەوە وایە دوو شەمەندەفەر بخەیتە سەر یەک سکە و  ئینجا بەسەر یەکدا بڕۆن. هێشتا رێگایەکی دووریان لە نێوانیان دا هەیە،هەروەها  کات بەدەمییەوە ماوە، یەکێ لە دوو شەمەندفەرەکە لا بدەیتە سەر سکەیەکی تر.
سەرەتا وا دیار بوو سێیهەمین یاری ئیش دەکات.لە مانگی ٥ یونی ١٩١٦  شەریف حوسەینی  تاجی سەرکەوتنی کۆشکەکەی خۆی لە مەککە لەسەر نا و چەخماخەیەکی کۆنی بە ڕووی قەڵای تورکیدا تەقاندوو،سەرچاوە عەرەبییەکان وا باس دەکەن. لە هەموو شوێنێکی ناوچەکەدا هێزی بچووکی عەرەبی دەستیان کرد بە دەستوەشاندن لە پێگەکانی عوسمانی. ئەمەش سەرەتای ئەو ڕابوونەیە،کە حوسەین گفتی بە بەریتانییەکان دابوو. هەروەها هەردوو هاوپەیمان دەستیان کرد بە گەورەترین  هێرشی ئەم جەنگە. عەرەبەکان عوسمانییەکانیان لە مەککە و جددە دەرپەڕاند.  پاشان پەلاماردانەکە چەقی و لە هاوینیشدا هاوپەیمانان نەیانتوانی پێشڕەوی بکەن. دوای ٥ مانگ یەک ملیۆن سەرباز کوژران،لێ بەرەی جەنگ دوا نەخرا. لە کاتێکدا ستراتیژی هێرش لە لەندەن لە بەرەی رۆژئاوا راوەستێندرا و بەدوای بیرۆکە و پلانێکی نوێدا دەگەڕان پیاوێک لە لای عەرەبەکان بوو وازی نەدهێنا: ت.ئی.لۆڕانس.
هەستیکرد حکومەتەکەی ناپاکیی لێکردووە
ساتەوەختێ خۆی و هاوکارەکانی لە قاهیرە، بە ڕێکەوتننامەی سایکس ـ پیکۆیان زانی، پێکەوە دڵیان تێهەڵ هات ،هەر وەک چۆن دواتر دەنووسێ،ئەو وا هەست دەکات لە لایەن حکومەتەکەیەوە ناپاکی لێ کراوە.چۆن دەکرێ لەم کاتەدا،کەوا سەرۆکی ئەمەریکا ویلسۆنWilson Woodrowمافی چارەنووسی گەلانی داوا دەکات، رێکەوتنامەیەک بکەیت ، خواردنەوەکەی بە بیرۆکەی کۆلۆنیالی.
لۆڕانس بڕیاری دا، سایکس پیکۆ تێک بدات،هاوکاری عەرەب بکات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان.ئەو لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا حسابی خۆی دەکات. لە ئۆکتۆبەری ١٩١٦دا ئەچێ بۆ لای عەرەبەکان بە سواری حوشترەوە و عەبایەکی عەرەبیشی بە عەگالەوە بەستووە و دوو عەرەب بۆردگاردیشی لەتەکدایە.(٣٠) کاتژمێر بە نێو وڵاتی عوسمانی دوژمندا دەڕوات. ئەو بەڕێوەیەوە بۆ لای عەرەبە یاخیبووەکان، بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات، بەڵێ ئەو بۆ بەشداری لە جەنگەکەدا چوو. ئیدی لە ت. ئی. لۆڕانسەوە بوو بە لۆڕانسی عەرەب.   
لە کاتێکدا کەسێک، لە بیابان، خۆی تەرخان کردووە بۆ شەڕ، وەک پاڵەوانێکی مێژوو،کە سەدەی بیستەم دەیناسێ لە لەندەن پێشهاتێ روو دەدات،ناوچەکانی سەرووی هێڵ ،کەمتر پێوەندی بە  رۆژهەڵاتی ناوینەوە هەیە. بەڵام لە هەقیقەتدا ڕەنگە گرنگترین ناوچەی خۆ لێدادان بێت بۆ ئایندەی ناوچەکە: لە دیسەمبەری ١٩١٦ دا داڤید لیود جۆرج David Lloyd George دەبێتە سەرەک وەزیرانی نوێ،یەکێ لەو پیاوانەی ساڵێ پێشتر، بە توانا و شارەزایی خۆی، لەسەر رۆژهەڵاتی نزیک، مارک سایکسی رازی کرد.
نیشتمانە خەیاڵییەکەی وایزمان
جۆرج بەر لەهەر شتێ، دەبێت جەنگ لە ئەوروپا بباتەوە، بەڵام سەرەک وەزیرانی نوێ، بیروڕای خۆی هەیە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.لە ساڵانی پێشوودا بەردەوام پیاوێکی ریشدار،بێ پسان سەردانی دەکرد،کە جلوبەرگێکی شیکی جوانی لەبەردەکرد،زمانی ئینگلیزی بە ئەکسێنتی رووسی دەئاخڤی. 
ئەو پیاوە خایم وایزمانە Chaim Weizmann. ساتێ بۆ یەکەمجار ساڵێ ١٩١٤ جۆرجی ناسی ئەو کاتە تەمەنی ٣٩ ساڵ بوو.وایزمان کیمیاکار بوو،یاخود ڕاستتر بڵێم کیمیاکار لەگەڵ حەز و خواستی سیاسیدا.لە ڕووسیا لەدایک بووە، لە ئەڵمانیا خوێندوویەتی و لە سویسرا دکتۆرای بەدەست هێناوە و ماوەی ١٠ ساڵە لە بەریتانیای گەورە دەژی.بەڵام تا ئێستا نیشتمانێک لە ژیانیدا بزرە، کە کاتێک پیر بوو و مرد،حەز دەکات لەوێ بنێژرێت.
کێشەکە ئەوەیە ئەو نیشتمانە جارێ نییە. لێ وایزمان کردوویەتی بە ئەرکی ژیانی خۆی،دروستی بکات. وڵاتێک بۆ  جولەکەکان. وایزمان سەرکردەیەکی زایۆنی بەریتانیای مەزن بوو و ئامانجی فەلەستینێکی جولەکەیی بوو. بەڵام عوسمانییەکان کە تا پێشتر دەسەڵادار بوون بەسەر فەلەستیندا،نایانەوێ شتێ بزانن. هەڵبەت ئێستا جەنگە و لە جەنگدا شتەکان دەکەونە جوڵە.
وەک ت.ئی. لۆڕانس ،وەک مارک سایکس، خایم وایزمانیش گەرەکێتی سنوورێک ڕابکێشێ. وڵاتی کتێبی پیرۆز، لە نێوان دەریای ناوەڕاست و ئەردەن دا،پێویستە سەرلەنوێ بێتەوە بە نیشتمانی جولەکە.   ئەو مرۆڤانەی لە رووسیا و پۆلۆنیا لە گێتۆکاندا ئازار بەدەست ڕاوەدوونانەوە دەچێژن ،هەروەها جولەکە لە ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیای مەزندا،  لای ئەمانە  هەمیشە و لە هەر شوێنێکدا دژە جولەکە دەبێتە مایەت بە ئاگا هاتنەوەی نیشتمانی .
وایزمان دەیەوێ بەریتانییەکان رازی بکات،دوای جەنگ فەلەستین بدەنە دەست جولەکە و بۆ ئەم خواستە تێدەکۆشێ. توانای رۆشنبیری یارمەتی دەدا، هاوڕێ خاوەن کاریگەڕێتەکانی  لە ساڵانی یەکەمی جەنگدا وایزمان خێرا رێگای بەرەو لای پلە باڵاکانی دەستە و تاقمی بەریتانیا مەزن بدۆزێتەوە هەروەها بۆ لای وەزیری تەقەمەنی جۆرج،  کە لەم کاتەدا کارپێکردنی  بۆ بلیمەتێکی کیمیاکار هەبوو.
ئەسیتۆن بەرامبەر بە دەوڵەت
جۆرج پێویستی بە ئەسیتۆن بوو،ئەم مادە کیمیاوییە بۆ دروستکردنی تۆپ تەقاندن بەکار دێت. وایزمان شەو و رۆژ کاری دەکرد و توانی داهێنانێکی نوێ بکات ،ئەویش لەماوەیەکی کورتدا بڕێکی زۆر ئەسیتۆن بەرهەم بهێنرێ. لە هەموو گفتوگۆیەکدا، لەتەک جۆرج دا، وایزمان ،سوود و قازانجی دەوڵەتێکی جولەکەی لە فەلەستین بۆ  بەریتانیای مەزن جەختی دەکردەوە. داخۆ ئەم دەوڵەتی جولەکەی وا،  نابێتە بەشێک لە پردی بەستنەوەی میسری بەریتانیا بە هیندستانی بەریتانیاوە؟   ئاخۆ فەلەستینی جولەکە ناگونجێ لەگەڵ وێنەی جیهانی کریستی ـ جولەکەیی باوەڕ و ئیمانی جۆرج دا؟ ئەرێ ئەوە دادپەروەری نییە، جولەکە  ئەم میللەتە بێ وڵاتە،لە فەلەستین،ئەم وڵاتە بێ میللەتە،رێگەیان پێ بدرێ نیشتەجێ بن؟ وە ئایا وایزمانی ئەمەکدار، شایستە پاداشتێک نییە،بەرامبەر بەو کاری دروستکردنی تەقەمەنییەی دۆزییەوە؟ 
جۆرج دەبێتە لایەنگری بیروباوەڕی زایۆنیزم.لە دێسەمبەری ١٩١٦ دا، وایزمان دەزانێ،کە پیاوێکی دروستی دۆزیوەتەوە،گۆرج دەبێتە سەرەک وەزیران.
وایزمان توانی ئەوە بکات،شەمەندەفەری سێیەم بخاتە سەر سکەکە. بەم جۆرە لە ٣ ئاڕاستەوە ٣ شەمەندفەر کەوتۆتە گەڕ بەرەو ڕووی یەکتر،یەکێکی عەرەبی،یەکێکی فەرەنسی و یەکێکی زایۆنیستی. 
بەڵام هێشتا مەودا و دوورییەک لە نێوانیاندا هەیە. لەگەڵ دەستپێکی ساڵێ ١٩١٧ دا هەر یەکەیان  تاویان دایە خۆیان.
کاتێ لۆڕانس لە کارەکەی،تێکدانی رێکەوتننامەی سایکس ـ پیکۆ،بۆ ناو ڕەشماڵی بیابانی عەرەبە راپەڕیوەکان غاری دا، چاوی کەوت بە فەیسەڵی کوڕی حوسەین. لۆرانس دەبێتە بە باشترین ئامۆژگاریکاری فەیسەل و لە ڕاستیشدا فەرمانداری سوپا ڕاپەڕیوەکە.
لە یانوەری ١٩١٧ دا  بەرەو باکوور دەڕۆن،فەیسەڵ لە پێشەوە بە جلی سپییەوە،لۆرانیش بە تەنیشتییەوە بە جلی سپی و سوورەوە و لە دواوە ٣ بەیداخی حەریری ئەرخەوانی بەستراوە بە دارێکی نووک تیژەوە،دواتریش ٣ تەپڵژەن و( ١٢٠٠) حوشتر ، بە چڕیی خەڵک دەچوو بۆ لایان بە خەنجەری بریقەدارەوە و سروودی جەنگیان  بە هەزاران گەروو دەچڕی ،حەشامێک لە ئاژەڵ و مرۆڤ،وەک دەریا شەپۆلی دەدا.
لۆرانس بۆچی فەیسەڵی بردە لاوە؟
 بەم شێوەیە لۆڕانس دوایی وای هەست کرد،وەک جەنگاوەرەکانی سەردەمی کۆنە و لەسەر ئەوان لە ئۆکسفۆرد نامەی دکتۆراکەی نووسیوە.
ڕۆژێک لە ڕۆژان، لە سەرەتای مانگی یانوەردا، لۆڕانس فەیسەڵ دەباتە لاوە و هەندێ جورئەت دەکات و دەڵێ : بۆچی دەتوانرێ سزای مەرگی بدەن: ئەو باسی هاوڕێکانی لە سایکس ـ پیکۆ دەگێڕێتەوە. ئەو ناپاکی ئاشکرا دەکات و پلانێکی نوێ دادەڕێژێ. گەر پیاو بتوانێ  داوا بکات شاڵاو بەرنە سەر هێزەکانی بەریتانی و فەرەنسی،ئەو وڵاتەی کە حوسەینی باوکی فەیسەڵ، گەرەکێتی دەسەڵاتدارێتی عەرەبی دابمەزرێنێ، بەتەنیا داگیر بکات،پیاو دەتوانێ شتی نائاسایی و ناهەموار ئاسایی و هەموار بکات.
ئەو بیروباوەڕە لە دنیادا بڵاوە،هەر کەس بە خوێنی خۆی وڵاتێک داگیر بکات، مافی هەیە،دەست ڕۆیشتوو بێت لەو وڵاتەدا.لۆڕانس سەرەتا دەیویست شاری عەقەبە داگیر بکات،کە دوا قەڵای عوسمانییەکان بوو لە دەریای سوور.بەرەو ڕووی ئاوەکە هەموو شت مسۆگەر بوو، ڕووی هەموو تۆپەکان لەسەر دەریا بوو.لە باکووری وڵاتەوە چیای سەخت و لێژ بەرزبوونەتەوە،لەوێ بواری تێپەڕبوونی سوپا نییە. بەڵێ بێگومان لەوێ دەربەندێک هەیە،لێییەوە دەتوانن هێزێکی دەستوەشێن لە پشتەوە بچێتە ناو شارەوە وەک پەلامارێکی لەناکاو.
مارک سایکس گەیشت
لە ماڵێکی دەوری لەندەن،سەرلەبەیانی رۆژی ٧/ فێبروەری ١٩١٧، حەوت سەرکردەی زایۆنی بەریتانیا،خایم وایزمانیشیان لە نێودا بوو،پێشوازییان لە میوانێک کرد.ئەویش سکرتێری کابینەی جەنگی رۆژهەڵاتی نیزیک، سەرەک وەزیران  جۆرج تازە دایناوە،ئەویش مارک سایکسە.
سایکس ئاگای لە مەیلی سەرەک وەزیرانەکەی بوو بە لای زایۆنیزمدا. لەو بەیانییەدا وایزمان و ئەوانی دیکە، باسی ئەوەیان بۆ سایکس کرد،کەوا ئارەزووی دەوڵەتێکی جولەکە لەژێر تاجی بەریتانیدا دەکەن.بە هیچ جۆرێک نەیان دەویست کاریگەرێتییەکی فەرەنسی بەسەر فەلەستینییەکانەوە هەبێت. ئەوان هیچیان لەمەڕ ڕێکەوتننامەی سایکس پیکۆوە نەدەزانی،دەربارەی ئەو پلانە نهێنییە،کە بەرامبەرەکەیان ساڵێ لەوەو پێش سازی دابوو.
کێ ئاگای لە سێ شەمەندۆفێرەکەیە؟
 دیقەت و وریایی  دروست: گاریگەرێتی فەرەنسیەکان لەسەر فەلەستینییەکان، ئەوانیش هەروەها ئاگایان لەو گفتەی بەعەرەب دراوە نییە و سایکسیش هێندە نهێن پارێزە، وەک بەرد نقەی لێوە نایەت.
لە ٣/ ئاپرێل بەرەو رۆژهەڵاتی ناوین کەوتە ڕێ،چەند کاتژمێرێک پێش گەشتەکەی سەرەک وەزیران جۆرج، ئاگاداری ئاگاداری کردەوە، هیچ گفتێک بە سەرکردەی عەرەبەکان حوسەین نەدا،بەتایبەت سەبارەت بە فەلەستین.»جولەکە دەتوانن زیاتر بە کەڵکمان بێن تا عەرەب» .زایۆنیزم ئێستا بەشێکە لە سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا.
مارک سایکس لەم کاتەدا، تاکە کەسێکە،ئاگای لە هەر سێ  شەمەندەفەرەکە هەیە،کە ڕووبەڕووی یەکتر بە خێرایی لێدەخوڕن.
لە کاتێکدا شەمەندەفەری فەرەنسی بێ کۆسپ بەردەم دەڕوات،سایکس لە لایەن سەرەک وەزیرانەکەیەوە فەرمانی پێدراوە، شەمەندەفەری زایۆنیزم تاو پێ بدات و هی عەرەب بوەستێنێت. بۆ ئەوە دەبێت لۆرانس فریو بدات و هەر لەبەر ئەمەشە سایکس گەشتی رۆژهەڵاتی ناوین دەکات.
سەرەتای مانگی مای، سایکس و لۆرانس لە بەندەری ناوچەیەکی نیوە دوورگەی عەرەبی یەکتریان دی.تۆمارێکی وردەکارییەکانی ئەم دیدارە نییە،لێ دیارە،لۆڕانس حاڵی بووە،کە لەندەن بەرامبەر بەو گفتەی بە حوسەینی  داوە،  پاشگەز دەبێتەوە،ڕەنگە سایکسیش بۆی گێڕابێتەوە،کە عەرەب نەیاری ئایندەی زایۆنیزمن.
لە پڕێکدا لوڕانس پەلەی بوو،یەکسەر شەڕەکەی ڕاگرت و ، بەسواری بە نێو بیاباندا بەرەو شاری عەقەبە رۆیشت. دیدارەکەی لەگەڵ سایکسا،تووشی شۆکی کرد.تەواو نارەحەت بوو. کە نە زەبروزەنگی پێشهاتوو ،کە لۆرانس بێتاقەت بکات،نە ڕەشەبای لماوی بە درێژایی رۆژ، نە گەرما، کە ئەزێتی دەدا،نە هاواری حوشتری مردارەوە بوو یاخود مارە ژەهراوییەکان،کە ٣ لە هاوەڵەکانی کوشت، بەڵکو ناپاکی رژێمەکەی ،لە دەفتەری رۆژانەیدا ئەمەی تۆمار کردووە.
هاوبەشکارە عەرەبەکانی ئاگایان لە متمانە شکاندنە نییە،لۆڕانسیش شەرم دەکات.دواتر دەنووسێ :» ئەگەر بهاتایە من ئامۆژکاریکەرێکی ڕاستگۆی عەرەب بوومایە،دەبوو پێیان بڵێم. بچنەوە ماڵەوە و چیدیکە لێرە گیانبازی بە ژیانی خۆتان مەکەن!». بەڵام ئەمەی نەکرد. هێشتا هیوای مابوو.
سەرەتای ژولای لە دەوروبەری عەقەبە،یەکەیەکی بەهێزی ٥٠٠ کەسی سوپای عوسمانی بەدیکرا.نزیکی ٣٠٠ کەس لەدوژمن کوژرا،کاتێ عەرەبەکان لە هەموو لایەوە تەقەیان لێ کردن. بەسواری حوشترەکانیاوە بەدوایان ڕایان دەکرد.،شەڕەکە هێند سەخت بوو،لۆڕانس نەیزانی تەقەی لە پشتی سەری حوشترەکەی خۆی کرد. پاش ئەوە لە دەربەندکەوە، پێشڕەوییان کرد و بێ تەقە  عەقەبەیان گرت. لۆڕانس  لە شەو رۆژێکدا بووە پاڵەوانی جەنگ.  
هەموو شت وەک ئەوەی ئەو بەهیوای بوو،کتومت هاتە دی.لۆڕانس ئێستا دەتوانێ لە یەک ئاستدا و هاوتا قسە لەگەڵ جەنەڕاڵە بەریتانییەکان بکات،کە سوپاکەیان لە قاهیرە خەریکی ئامادەکاری داستانی جەنگ بوون لەسەر فەلەستین.لۆڕانس لە نەخشە و پلانەکان هاوکاری کردن. بەڵکو بە هۆیەوە عەرەبەکانی ئەو وڵاتە بەلای خۆیدا ڕاکێشێ؟
هەروەها هاوڕێ مێمڵەکەی مارک سایکس کە پێکەوە کاریان دەکرد،هەستی کرد،کە ئیدی لەمەودا لۆڕانس دەبێتە سەرئێشە بۆی. ئەو هەوڵی فرتووفێڵی دەدا. لە نامەیەکدا بۆ ناسیاوێکی لە رۆژهەڵاتی ناوین دەنووسێ:»نەخشەکەی لۆڕانس شکۆدار و گەورە بوو،من دەمەوێت ئەو بە  سوارچاک ناو دەربکات.  ئەمەی وت،ئێستا ئەو کە پیاوێکی قارەمانە،پێویستە ئەو خۆی وەک کەسێک هەڵسوکەوت بکات و دیدی وەک ئەوەی هەیە فراوان بکات. دە ساڵ  لە ژێر سایەی سەرکردایەتییەکەماندا و عەرەبیش نەتەوەیەکن. سەربەخۆیی کتوپڕ ،مانای برسێتی و ئاژاوەیە». 
لۆڕانس جارێکی نامەیەکی ٧ لاپەڕەیی دەنووسێ،بەشێکی بە تەوسەوە و بەشێکی دڵ ڕەنجاندنێکی چاوەڕوان نەکراو، وا خراپی دەنووسێ فەرماندەیەک ناتوانێ بیگەیەنێتە دەست سایکس.
خەباتی گەریلایی پلانی نوێی لۆرانس 
بەم نزیکانە لۆرانس جارێکی تر جەنگ ڕادەگرێ. لە پشت سنوورەکانی دوژمنەوە دەیەوێ شێوازی تری وەک خەباتی گەریلایی هەڵگیرسێنێ،پرد بتەقێنیتەوە، سکەکان  تێک بدات، شاڵاو بەرێ بۆ سەر  هێزە عوسمانییەکان. 
هەر لۆڕانس پەلەی نەبوو، هەروەها خایم وایزمانیش هەنگاوێک چوو بووە پێشەوە. سۆزی پشت پەردە و ژوورە نهێنییەکان، بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی جولەکە بەشی ئەوی نەدەکرد، ئەو داوای ڕاگەیاندنێکی هیوابەخشی حکومەتی بەریتانی دەکرد. شتێ کە دوای جەنگ زایۆنیزم خۆی پشتی پێ ببەستێ. بۆ ئەوەی ئەمە بەدەست بهێنێ ،ئەو   بۆ تەنیا جارێک دانەچڵەکی لەبەردەم سەرانی جولەکەدا،بۆ بەڵگە هێنانەوەی قووڵی دژەجولەکە. هاوبەشکارە بەریتانییەکەی سەبارەت  بەو بەرەو پێشچوونە دراماتیکییەی هاوینی ١٩١٧،گوێ لێ بگرێت.
وا دیارە بەختی جەنگ، بەریتانیا بەجێدێڵێت.لە رووسیای هاوپەیمان، شۆڕشێک سەری هەڵدا و ئاشتییەکی یەکلایەنە لە نێوان ئەڵمانیا و رووسیادا رۆژبەرۆژ ئەگەری زیاتر دەبێت. ئەمەش بۆ بەریتانیای مەزن گەورەترین هەڕەشەیە:ئەڵمانەکان دەتوانن هێزەکانیان لە بەرەی رۆژهەڵاتەوە بۆ بەهێزکردنی بەرەی ڕۆژئاوا بەرن.  ئەمەش مانای سەرکەوتنە بۆ ئەڵمانیا. بۆ بەریتانیا دوو هیوا مایەوە. یەکەم: ڕووسیا خۆی ڕادەگرێت و ڕێگری لە هێزە ئەڵمانییەکان دەکات.دووەم: ئەمەریکا دێتە شەڕەوە و لایەنی هاوپەیمانان دەگرێت.
وایزمان دەیویست رووسەکان لە جەنگدا بهێڵێتەوە
وایزمان دەڵێ ئەو دەتوانێ،یارمەتی بدات لە هەردووە. وایزمان پێشنیاز دەکات، تکا لە جولەکە ڕووسەکان بکات بە هاوکاری کاریگەرییان لە مۆسکۆ، ڕووسیا لە جەنگدا بهێڵنەوە. هەروەها جگە لەمەش دەتوانن جولەکە ئەمەریکییەکان، سەرەک ویلسن بەوە ڕازی بکەن،بەتەواوی بێتە ناو جەنگەکەوە.
وایزمان  پشت بە ئارگومێنتی ستیریۆتایپی/ کڵێشەسازی هێزی جولەکەی جیهانی دەبەستێ. « ئەو باوەڕی وابوو، کە دەتوانێ سوود لە دژەجولەکەیی ببینێ،ئاخرییەکەشی ئەوەی کرد». مێژوونووسی ئیسرائیلی Motti Golani  وا دەڵێ،کە ئێستا سەرقاڵی بیوگرافیایەکی گەورەیە لەسەر وایزمان.
 ئیدی بۆ ئەو دۆخەی کە هێشتا تەواو ڕوون نەبوو، وایزمان بەڵگەیەکی زیاتر دەخاتە سەری: ئەگەر بەریتانییەکان ئارەزوومەندی پێکەوە کارکردن نەبن لەگەڵ زایۆنیستەکاندا، ئەوا ئەڵمانەکان هەموو ساتەوەختی ئامادەن.
سەرجەم ئەمانە بلۆفێکی گەورە بوون: ئەڵمانەکان ئامادە نەبوون، جولەکە ڕووسەکانیش هیچ کاریگەرێتیان لەسەر سیاسەتی جەنگی مۆسکۆ نەبوو و جولەکە ئەمەریکییەکانیش بە ئاستەم دەیان توانی کار لە ویلسۆن بکەن. لەندەن هاتە سەر ئەوباوەڕەی.لە ٣١/ئۆکتۆبەری ١٩١٧ لە هۆڵێکی کۆنفراسی وەزارەتی دەرەوەی شاری لەندەن سەرلەنوێ کابینەی جەنگ کۆببنەوە.
لە بەردەم دەرگای، ژوورێکدا وایزمان دانیشتووە و چاوەڕێ دەکات.  دوای ئەو مارک سایکسی درەوشاوە بە ووشەکانی «د. وایزمان ئەمە گەنجە!» کابینێتەکە تێکستێکی ئامادەکراوی وازمانی وەرگرت.
دوو رۆژ دواتر وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پەیمانی بەلفۆر/Balfour ڕاگەیاندنە ناسراوەکە بڵاو کردەوە.» حکومەت و خاوەنشکۆ، بە خێرخوازییەوە دامەزراندنی نیشتمانێ بۆ گەلی جولەکە لە فەلەستین و بەو پەڕی توانایەوە هەوڵی بەدیهێنانی ئەم ئامانجە دەدات».
شاری پیرۆز دوای 600 ساڵ
ئەو ساتانە لە فەلەستین .لۆڕانس بە شەڕەکانیەوە بە دەوروبەریدا تێدەپەڕین. لە بیابان ڤاگۆنێکی سەربازی تورکی لەسەر سکە ترازان و ئەوەی تێیدا مابوو بە گوللەباران کرد دروێنە کران. بەم شێوە ئامادەکاری داگیرکاری سوپای بەریتانییان دەکرد،کە لە ١١/ دێسەمبەر ئۆرشەلیم/ قودس یان داگیر کرد.رۆژێکی هەتاوی سارد بوو ،کاتێ دوای(٦٠٠ ) ساڵ سوپایەکی ئەوروپایی شاری پیرۆزی گرتەوە. تۆماری فلیم، نیشانی دەدات، چۆن فەرمانداری بەریتانی لەبەردەم دەروازەی یافادا ،دەچێتە ناو شارە کۆنەکەوە.لە دوای ئەوەوە لۆرانسی دەم بە خەندە دەبینرێت  لەگەڵ پیکۆی فەرەنسی دا.
ئێستا وڵاتی پیرۆز بەدەست بەریتانیای مەزنەوەیە.دروست ئەو بارودۆخە ساز بووە،کە بەریتانییەکان لە یەک کاتدا، هیوایان بۆ دەخواست و لێیشی دەترسان: بۆ ئەم وڵاتە گفتیان بە سێ لایەن دابوو،ئێستا پێویستە بڕیار بدەن،کام لە گفتەکان دەبەنە سەر و کامانە دەشکێنن.
لە ئاهەنگی ئێوارەدا ،پیکۆ ڕوو لە فەرمانداری بەریتانی دەکات و دەڵێ:» سبەی، جەنەڕاڵە خۆشەویستەکەم،هەنگاوە پێویستەکان دەگرمە بەر ،بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی سڤیل لە شاردا». بێدەنگییەکی سەیروسەمەرە دروست بوو،لۆرانس دەنووسێ کە خۆیشی ئامادەی دانیشتنەکە بووە.» زەلاتە، مریشک،  سەندەویچ ،بە دەست لێنەدروای دانرابوون لەگەڵ خواردنەکەدا،  کاتێ ئێمە لە جەنەڕاڵمان ڕوانی».
وەڵامەکە،تاکە دەسەڵاتدار لەو میانەدا هی سوپای ئینگلیزی بوو،واتە خودی خۆی. هەتا ئەو کاتەی جەنگ بەردەوام بێت،هیچ بڕیارێک نادرێ،بەم شێوەیە قسە کرا. لۆڕانس ماوەیەک ماو و ویستی کەڵک لەمە وەرگرێت. بە شەڕکەرەکانی ، جەنگی بەرەو باکوور برد، ئەوان دەتەقێننەوە و پەلامار دەدەن، دەکوژن و بەردەوام ئازاد دەکەن و لە لایەن جەماوەری عەرەبییەوە چەپلەیان بۆ لێدەرێ.
ماندووبوونێکی خۆڕایی
کاتێ ئەوان بە سواری حوشترەکانیانەوە چوونە دیمەشقەوە،خەڵک لەسەر شەقام  دەستییان کرد بە گۆڕانی و سەماکردن و ژنان لە بالکۆنەکانەوە گوڵبارانیان کردن. عوسمانییەکان بەزین،بەڵام  بەهاکەی چییە؟ جۆرج  دوو شەمەندەفەرەکەی تر ڕادەوەستێنێ؟ ڕێگە دەدات بە عەرەبەکان دەوڵەتی خۆیان هەبێت؟
هەنووکە، سەرەک وەزیران بۆ دواجار لەبەردەم بارودۆخێدا،ئەوەی کە سایکس بە هیوایەتی،قەت نایەتی دی. پیکۆ جەختی لەسەر  داواکەی فەرەنسا کردەوە.عەرەبەکانی دەوری لۆڕانس، گیانبازییان بە ژیانی خۆیان کرد. وایزمانیش سەردانی رۆژهەڵاتی ناوینی کردووە،بۆ ئەوەی لە نزیکەوە داخوازییەکانیان پێ بسپێرێ.
ساتێ لۆرانس لەڕامەڵڵا ،گوندێکی بچووکە لە فەلەستین، بە وایزمان گەیشت هەستی کرد،کە ماندووبوونەکەی بە خۆڕایی بووە. وایزمان وریا بوو،قەت ڕاستەوخۆ باسی دەوڵەتی جولەکەی نەدەکرد. ئەو هەوڵی ئەوەی دەدا خەڵک دڵنیا بکاتەوە کۆچی جولەکە، نەرێنی نییە بۆ جەماوەری عەرەبی. بەڵام وایزمان هەر دەیڕوانییە ڕەوانبێژییەکەی. دوای پێکەوە قسەکردنەکەیان دەنووسێ:» د. وایزمان بە هیوای تەواوی فەلەستینێکی جولەکەیی بوو لە پەنجا ساڵ دا و فەلەستینێکی جولەکەیی تا ئەو کاتە لە پشت  ڕوخارێکی  بەریتانییەوە».
درووستبوونی یەکەم دەوڵەتی جولەکە
بەم وشانە لۆڕانس وەسفی ئایندە بە وردی دەکات،تەنیا لە یەک خاڵدا خۆی بە هەڵەدا دەبات: پەنجا ساڵ ناخایەنێ،بەڵکو  سی ساڵ دەخایەنێ ،دوایی جولەکە دەوڵەتی خۆیان دادەمەزرێنن و ناوی دەنێن ئیسرائیل و وایزمان دەبێت بە یەکەم سەرەک کۆمار.
جۆرج لێدەگەڕێ، شەمەندەفەرەکان لەنێوان، خۆیاندا پێشبڕکێ بکەن  سەرەتای دیسەمبەری ١٩١٩ لە لەندەن  دوای یەکلاکەرەوە لە نێوان خۆیی و جۆرج کلیمنسو George Clemenceau دێتە پێشەوە و لە مەلەفی بەریتانیدا راگیراوە.
کلێمەنسو : « پێم بلێ چیت دەوێت».
جۆرج : « من موسڵم دەوێ.»
کلێمەنسو   «هەقی خۆتە، ئەی چی تر».
جۆرج بەڵی ئۆرشەلیم».
کلێمنەسو «هەقی خۆتە».      
حکومەتی بەریتانی گفتەکەی خۆی لەگەڵ عەرەبدا دەشکێنێ.  لە کۆنفرانسی ئاشتیدا، سنوورەکانی سایکس پیکۆ  تا لاربوونەوە لە کوردستان ـ واقیعێکی یاسایی نێودەوڵەتی .
جۆرج دەڵێ:» دۆستایەتی فەرەنسا بۆ ئێمە دەجار بەهادارترە لە سوریا» و واز لە سوریا و لوبنانی ئیمڕۆ دێنن بۆ مانداتی فەرەنسی . دەستبەجێ پێویستە ڕاپەڕینەکان سەرکوت بکەن ،سێ سەدەیە فەرەنسییەکان لە سوریا خوێن دەرێژن.
دوو دەوڵەتە داتاشراوەکە
لەم دەم و ساتەدا شتێکی سەیر ڕوو دەدات: عەرەبەکان بە تەواوی سەرقاڵی ئەوەن دەسەڵاتی بێگانەی فەرەنسی لەم ناوچەیەی سوریا دەرپەڕێنن،بەجۆرێک بەڕاستی نەیان دەویست سنوورەکان بخەنە ژێر پرسیارەوە. سنوورەکانی سایکس پیکۆ خۆی چەسپاند،نەک هەر لەم لایەوە. لەو دیوی سنوورەوە بەریتانییەکان دوو دەوڵەتی دەستکردیان قووتکردەوە،عێراق و ئەردەن. لە عێراق سەرکردەی عەرەب فەیسەڵیان کردە پاشا،فلاستەر/ لەزگەیەکی برینی سەرەخۆشی بۆ  شەڕەکان. لە عەممان عەبدوڵڵای برایان خستە سەر تەختی دەسەڵات.کوڕەکانی حوسەین هەردوو ئارەزوومەند بوون دەسەڵاتەکەیان و سنوورەکەی بپارێزن.
لە فەلەستین ئینگلیزەکان خۆیان حوکمیان گرتە دەست،بەڵام پشتیوانی کۆچکردنی جولەکەیان کرد،هەر بەو شێوەیەی وەک گفتیان بە وایزمان دابوو. نزیکی نیو ملیۆن جولەکە لە ماوەی ٣٠ ساڵی مانداتی ئینگلیزیدا کۆچیان کردە ئەم وڵاتە.، لە نێویاندا زۆر لەوانەی لە ڕاوەدونانی نازییەکان ڕزگاریان ببوو. لە کاتێکدا فەلستین وڵاتێکی بێ میللەت نەبوو،کە تەنیا چاوەڕێ ئەم خەڵکەی کرد بێت،لە ماوەیەکی کورتدا کوشتن دەستی پێکرد. دانیشتوانە عەرەبەکە لە دژی جولەکە کۆچکردووەکە و. ساڵی ١٩٤٨ بەریتانیا لە فەلەستین کشایەوە، بێ ئەوەی ئاوڕێ لە دواوە بدەن . جولەکە بۆشایی هێز و دەسەڵاتیان پڕ کرد. لەبەر ئەوەی لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانییەکاندا ژێرخانێکی شێوە دەوڵەتییان دامەزراند بوو.،کە عەرەبەکان ئەو کارەیان نەکردبوو.
ئەمەش لە دایکبوونی ئیسرائیلە.
ل.جۆرج  و ج کلیمەنکۆیز دوا موچڕکەی ئیمپریالیزم بوون، بەڵام یەکێکی وا بەهێز  و بەتین ،کە تا ئیمڕۆ دەرکیی پێ دەکرێت. لە کۆتایی کۆنفرانسی ئاشتیدا ،مێژوونووسی ئەمەریکی David Fromkin، لە شاکارەکەیدا  A Peace to End All Peace بەم جۆرە دەنووسێ: « رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی لە  ڕێگایەکدا بینییەوە، کە بەرەو شەڕێکی بێ  بڕانەوە و پەرەسەندنی تیرۆریزم بەڕێوە چوو.
سنوورەکانی  جاران بە فراوانی هەروەها هی ئیمڕۆشن. چی دەبوو،ئەگەر عەرەب دەسەڵاتدارێتی  بدرایەتێ؟ ناوچەکە دەبووە پەناگە و گەنجینەی ئاشتی؟ گەلانی ئەم دەسەڵاتدارێتییە لەسەر شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر  پێکەوە هەڵیان دەکرد؟
ڕەنگە حوسەینی عەرەبەکان بیتوانییایە دۆخی پێش شەڕی عوسمانییەکان لە لێچواندنێکی نزیکدا : وڵاتێکی گەورەی بێ سنوور، لەتەک دەسەڵاتێکی ناوەندی لاوازدا ـ ئەمە تەنیا کاتێ سوڵتان لە کۆنستانتینۆپەل نەمایە، بەڵکو شەریف لە مەککە بوایە. بە دڵنیاییەوە لە دەوڵەتێکی وادا، جەنگ ڕوو بدات ـ « هەروەها زەحمەتە ڕامانی ئەوە بکەین، کە ئەمە مێژوویەکی خەمناکی بەرهەم هێناوە، وەک ئەوانەی ،بەراستی ڕوویان داوە لە سەد ساڵی  ڕابووردوودا» سکۆت ئەندەرسۆن Scott Anderson ی نووسەری بیۆگرافیای لۆرانس نووسیویەتی.
ڕەنگە دەسەڵاتێکی ناوەندی لاواز و دوور، لە واقیعدا  باشتر بوایە لە دەسەڵاتێکی بەهێز لە نزیکەوە. لە دەسەڵاتدارێتییەکی بەرفراواندا، کە تێیدا هەر میللەت و گروپێک خۆی خۆی بەڕێوە بەڕێت، هەر دەربڕینێکی ناڕەزایی مانای یەکسەر ڕاپەرین نادات، کەوا دەمودەست سەرکووت بکرێ. ئەوە یارمەتی دەدات، دەوڵەتە نوێ سنوردارەکان  وەک پارچەیەک زەوی بهێنینە بەرچاومان. یەک پارچە وڵات،بەدەوریدا ئەڵقاوئەڵق پەرژین.
لەسەر ئەم پارچە زەوییە، پێویستە رۆژێک لە رۆژان خەڵکێک پێکەوە بژین، کە هەرگیز نایانەوێ پێکەوە گوزەران بکەن، ڕکیان لە یەکترە. لەوڵاتی تازە قوتکراوەی عێراق دا بۆ نموونە ،سوونی،شیعی و کورد. لە سوریای دروستکراودا، سوونی ،عەلەوی،کورد و کریستیانی. ئا لێرەدا تەنانەت ئاماژەدان بە  چەمکی هەرێمی/تێریتۆریالی «عێراق»  هەزار ساڵە بوونی هەیە یارمەتی نادات و «سوریا» کۆنترە. ئەم وشانە هەمیشە تەنیا مانای نادیار دەبەخشن، نەک دەوڵەتی نەتەوەیی.
فەیسەڵ و عەبدوڵا بوون
 بە سەدام و بەشار
کێشانی سنوورە نوێیەکە بە دڵی کەس نەبوو،ئاڕاستەی پەرژینەکان ـ هیچ کەسێک جگە لەوەی هێزی کۆلۆنیالی دەسەڵاتەکەی سەپاندووە،بێتە خاوەنی ئەو پارچە زەوییە نوێیە. لە سەرەتادا ناویان فەیسەڵ و عەبدوڵا بوو،پاشان سەددام و ئەسەد.بەم شێوەیە بەریتانی و فەرەنسی دەستەیەکی نوێ کاراکار و بکەری سیاسییان دروست کرد. بەجارێک دەسەڵاتدار پەیدا بوو، ئەو سنوورە کە بە  هەوەس کێشرا بوون، بە ڕق و زۆرەملێی بەرگریکیان لێ دەکرد.
هەروەها لەبەر ئەوەی خەڵک کە لەسەر ئەم پارچە زەوییە دەژیان، هێندە جیاواز بوون، هێندە نەگونجاو و پێچەوانە بوون لە بیرباوەری ئاینی و بنەچەدا، دەتوانرێ تەنیا یەک شێوە دروست بکات حوکمیان بکرێت: بە دەستێکی پۆڵایین. ڕژێمێکی لاواز زوو بە زوو کێشەی دەبوو،لە سوریا ٢٠ هەرای دەوڵەت لە ٢١ ساڵدا هەبووە و هەندێکیان سەرکەوتوو بوون و هەندێکیان نا،حافز الاسد،باوکی حوکمداری ئیمڕۆ ، بە وڵاتەکە سەقامگیرییەکی دیکتاتۆرییانەی بەخشی.،مەرجی ئەوەی لەم کۆمەڵگایەوەدیموکراتی بن، هەر لەسەرەتاوە بیرکردنەوەیەکی هەڵە بووە.
بۆ راستکردنەوە دوای زیاتر
 لە 100 چی بکردێت؟
هەنووکە مرۆڤ  دەتوانی بیسەلمێنێ،ئەوە ئاسانە،تاوانەکە بدەی بەسەر ملی هێزە کۆلۆنییەکان دا. بە کورتی لە سەد ساڵ دا،گەلێ دەرفەت هاتە پێشەوە، سنوورەکان ڕاست بکرێتەوە، پەرژینەکان هەڵکەنن . ئەمە لە ڕووی تیورییەوە ڕاستە. لە پراکتیدا ڕاستکردنەوەیەکی لەم جۆرە هەموو توانا و بێهاوتایی خەسڵەتی چاکەی دەسەڵاتدارێکی گەرەک بوو: واز لە دەسەڵات هێنان.
دیارە لە دیموکراتی زۆر کەم ڕوو دەدات، لە ئۆتۆکراتی ئەوە بە نزیکی نەناسراوە لە بنەڕەتدا ئەوانە بەرچاوتێر نین، کە لەم دەوڵەتانەدا دێنە سەر دەسەڵات،بەڵکو ئەوانە ، کە تەماح لێیداون . هەروەها ئەگەر دیکتاتۆرێک بیەوێ واز بهێنێ، ئەو ناتوانێ بۆ خۆی دڵنیا و زامن بێت،جێگرەوەکەی چی لەو دەکات. لە کوێ رك بەرقەرار بوو،دەستتا و دەستی دەسەڵات دەگمەنە. لە سەروو ئەمانەشەوە کێشەی تایبەتی رۆژهەڵاتی ناوین دێتە پێشەوە: کشانەوەی فەرەنسا و بەریتانیا،لە ساڵانی چل دا،مانای ئەوە نییە، کەوا عەرەب دەتوانن بە ئارامی کێشەی سنوورەکانیان چارەسەر بکەن. ئەوێ خاكی بیابان نەوتی بێ سنووری تێدایە و ناوچەکە لە ڕووی جیوستراتیژییەوە گرنگ بوو، هێزە جیهانیەکان  دەستتیان تێوەرداوە. ئەمەریکا یان رووسیا، پێوەندییەکیان لەگەڵ خاوەن پارچە زەوییەکەدا گرێداوە،ئەوان ویستوویانە ئەو بمێننەوە ئەو کەسە کێشەی هەیە لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکەیدا، بە خۆشییەوە بڕەک پارە یان چەکیان بۆ ناردووە. زۆر لە دانیشتوانە یاخیبووەکە لە ڕووی ئیدیۆلۆژیا خزمەتیان بە  ئیسلامیستەکان کرد،ئەمەش کەڵکی بۆ سەقامگیری نەخوارد.
پیاو مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوینی سەدساڵی رابووردووی بە دوای چرکەساتێکدا دەپشکنێ، لەوێدا یەک دەسەڵاتدار  ببینێتەوە توانیبێتی یەک بڕیاری یەکلاکەرەوەی هەبێت، بۆ راگرتنی ئاشی خوێن لەبەرچوون، بەڵام  پیاو بۆی دەردەکەوێ، ئەم کارە  هەردەم بە جۆرێک لە جۆرەکان زەحمەت بووە.
کەواتە پیاو دەتوانێ ئیمڕۆ چی بکات و چی لە دەست دێت، بۆ ئەوەی بکرێ کوشتاری بێ بڕانەوە کۆتایی پێ بهێنێ؟ پیاو ناتوانێ هەروا بە ئاسانی خاوەن پارچەزەوییەکان تاوانبار بکات؟ لەو بارەوەی ئەمەریکا و ڕووسیا هەرایانە لە سوریا. دێباتەکە گفتوگۆکان دەچنە سەر کرۆکی کێشەکە. تەنانەت گەر ئەسەدیش بڕوات، ئەوە بەس نییە. هەروەک بەس نەبوو سەدام حسەین ڕوخێندرا. هەتا ئەوکاتەی مرۆڤەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دا وەک عێراقی و سوری یاخود ئەردەنی  خۆیان نەبین، بەڵکو وەک شیعی و سوننی و وەک کورد یان عەرەب،جولەکە یان کریست ،ئەوا دەوڵەتەکان تەنیا ئەو کاتە توانای ژیانیان هەیە،  ئەگەر بێت و سنوورەکانیان، ڕەنگ بەم  درز و دابەشبوونانە بدەنەوە.
بە نزیکی هەر جەنگێکی رۆژهەڵاتی ناوین  دەرفەتی کۆنفرانسێکی ئاشتی دێنێتە پێشەوە. لەوێ لەسەر هەموو بژاردە و شیاوەکان گفتوگۆ دەکرێ،تەنیا لەسەر یەک بابەت نەبێت،کە بەڕاستی دەتوانێت ئاشتی بهێنێت: سەرلەنوێ کێشانەوەی ئەو سنوورە گومانلێکراوانە، کە پێش سەد ساڵ ڕاکێشراون.
ڕەنگە لە ئاکامدا لازقییە و ئیدلیب نەکەونە هەمان وڵاتەوە. ڕەنگە کوردەکان خۆیان حوکمی خۆیان بکەن . ئەم چارەسەرانە شیاوی بیرلێکردنەوە و گونجاونن لە هەموو ناوچەکەدا،بە تەنیا یەک ئاوارتەوە / شازەوە ـ فەلەستین. گەر دوو میللەت داوای هەمان وڵات بکەن، سنوور دێتە سەر سنوورەکەیان. ئینجا تەنیا هێز 
هەژماری بۆ دەکرێ.      

سەرچاوە:
 دۆسییەی هەفتەنامەی دی تیساید/ Die Zeit ،ژمارە ٢٦ ی رۆژی ٢٢/٦/٢٠١٧


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7321
23/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بۆڵت له‌ له‌نده‌ن به‌شداری 200 مه‌تر ناكات 23/7/2017
‌ بۆندێكی بۆ ماوه‌ی‌ 5 وه‌رز له‌گه‌ڵ چێڵسی ئیمزاكرد 23/7/2017
زانست
‌ بۆ گه‌رمای هاوین خواردنه‌وه‌ی ئاوی شله‌تێن باشه‌ 23/7/2017
‌ ته‌نه‌ ئاڵۆزه‌كانی گه‌ردوون، ئامانجی به‌ هێزترین ته‌لسكۆبی جیهانه‌ 23/7/2017
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP