سه‌رهه‌ڵدان ‌و چالاكییه‌كانیان
قاعیده‌ و داعش سه‌رهه‌ڵدان ‌و چالاكییه‌كانیان ‌ 15/7/2017
ئیدریس جه‌بار

به‌شی‌ دوانزەیەم
ڕا‌وبۆچونه‌كان له‌سه‌ر ڕاستی‌ ڕێكخراوی‌ قاعیده‌‌و شوێن‌و چۆنیه‌تی‌ ده‌ستپێكردنی‌ چالاكیه‌كانی‌ ئه‌و ڕێكخراوه‌ جیاوازبوون، تا ئه‌و كاته‌ی‌ چووه‌ ڕیزبه‌ندی‌ سه‌ره‌وه‌ی‌ لیستی‌ ڕێكخراوه‌ تیرۆریسته‌كان كه‌ له‌ئێستادا له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان داوای‌ بنه‌بڕكردن و ڕیشه‌كێشكردنی‌ ده‌كرێت.
 لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین به‌شێوه‌یه‌كی‌ كورت چاو به‌مێژووی‌ ڕێكخراوی‌ قاعیده‌دا بخشێنین كه‌ له‌لایه‌ن ئوسامه‌ بن لادنه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ده‌كرا و له‌دوای‌ كوژرانیشیه‌وه‌، ئه‌یمه‌ن زه‌واهیری‌ به‌ جێگره‌وه‌ی‌ ده‌ستنیشانكرا و دواتر رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ كه‌ به‌ داعش ده‌ناسرێت له‌ڕووی‌ هه‌ژمونی‌ به‌هێزترین رێكخراوی‌ توندڕه‌وی‌ ئیسلامییه‌وه‌ جێگه‌ی‌ گرته‌وه‌، وێڕای‌ مانه‌وه‌ی‌ لقه‌كانی‌ قاعیده‌ له‌ چه‌ند وڵاتێك كه‌ زۆرێكیان ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ریی‌ داعش و  چه‌كدار و ئه‌ندامه‌كانی‌ ریزی‌ رێكخراوه‌كه‌ جێده‌هێڵن و به‌یعه‌ت ده‌ده‌ن به‌ «خه‌لیفه‌ی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌» و رێكخراوه‌ كۆنه‌كه‌یان جێده‌هێڵن.

رێكخراوی‌ داعش له‌ سینا 
رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ له‌ سینا، لقی‌ رێكخراوی‌ داعشه‌ له‌ میسر كه‌ سینای‌ وه‌ك ناوچه‌ی‌ چالاكییه‌كانی‌ دیاریی‌ كرد و پێشتر له‌ژێر ناوی‌ (انصار بیت المقدس) بره‌وی‌ به‌ چالاكییه‌كانی‌ ده‌دا له‌و ناوچه‌یه‌، به‌ڵام له‌ 13ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2014وه‌ خۆی‌ وه‌ك لقی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ (داعش) له‌ سینا راگه‌یاند و به‌یعه‌تی‌ دا به‌ ئه‌بو به‌كر به‌غدادی‌ سه‌ركرده‌ی‌ رێكخراوه‌كه‌. 
به‌ر له‌وه‌ش له‌ 8ی‌ ته‌مموزی‌ 2014، گروپی‌ (انصار البیت المقدس)، نمایشێكی‌ چه‌كداریی‌  به‌ 10 ئوتۆمبێلی‌ ده‌بڵ ئه‌كسل  له‌ شاری‌ شێخ زوه‌ید سازكرد، چه‌كداره‌كان له‌و نمایشه‌دا جلوبه‌رگی‌ ره‌شیان له‌به‌ردابوو، ئاڵای‌ ره‌شیان به‌رزده‌كرده‌وه‌ و چه‌ندان جۆره‌ چه‌كییان پێبوو، به‌ چه‌كی‌ قورسیشه‌وه‌.  
له‌ نمایشه‌كه‌دا، به‌ شه‌قامه‌ جیاجیاكانی‌ گونده‌كانی‌ باشووری‌ شێخ زه‌وید و ره‌فه‌حدا هاتووچۆیان ده‌كرد و دروشمی‌ پشتگیرییان بۆ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ و ئه‌بو به‌كر به‌غدادی‌ ئه‌میری‌ رێكخراوه‌كه‌ ده‌وته‌وه‌، بڵاوكراوه‌شیان به‌سه‌ر دانیشتوانی‌ هه‌ردوو شاری‌ ره‌فه‌ح و شێخ زوه‌ید بڵاوده‌كرده‌وه‌ و لێوه‌ی‌ وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك به‌یعه‌تیاندا به‌ ئه‌بو به‌كر به‌غدادی‌ و چوونه‌ناوه‌وه‌ی‌ خۆیان بۆ نێو رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ راگه‌یاند، ناوی‌ رێكخراوه‌كه‌شیان بۆ ولایه‌تی‌ سینا گۆڕی‌ و سینایان وه‌ك میرنشینییه‌كی‌ ئیسلامی‌ راگه‌یاند.       
 
چالاكییه‌ چه‌كدارییه‌كانی‌ ״ولایه‌تی‌ سینا״ 
رێكخراوی‌ توندڕه‌وی‌ «ولایه‌تی‌ سینا»، به‌رپرسیارێتی‌ خۆی‌ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌دا راگه‌یاند كه‌ بازگه‌كانی‌ سوپای‌ میسرییان له‌ سینا كرده‌ ئامانج و تێیاندا ده‌یان سه‌رباز كوژران و برینداربوون. 
ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م جار نه‌بوو گروپه‌كه‌ی‌ سه‌ر به‌ رێكخراوی‌ «ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌» كه‌  به‌ به‌هێزترین رێكخراوی‌ چه‌كداریی‌ له‌ سینا داده‌نرێت، به‌رپرسیارێتی‌ خۆی‌ به‌رانبه‌ر به‌و هێرشانه‌ رابگه‌یه‌نێت كه‌ سوپا و پۆلیسیان كردبووه‌ ئامانج. 
به‌بۆچوونی‌ چاودێران، ئه‌ندامانی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ له‌پاش راپه‌ڕینه‌كه‌ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2011 ده‌ركه‌وتن، كاتێك چه‌كداره‌ فه‌له‌ستینییه‌كان په‌یوه‌ندییان به‌ گروپی‌ «التوحید و الجیهاد»وه‌كرد كه‌ باره‌گاكه‌ی‌ له‌ سینا بوو، دواتر پێكه‌وه‌ «انصار بیت المقدس»یان پێكهێنا. 
 رێكخراوه‌كه‌ له‌ نیمچه‌دوورگه‌ی‌ سینا چالاكیان هه‌بوو، بۆچوونه‌كان وه‌هان بوون چه‌كداره‌كانی‌ له‌نێو ئه‌شكه‌وته‌كانی‌ چیای‌ «الحلال» خۆیان بشارنه‌وه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ڕاستی‌ سینا و تێیدا له‌ رێككه‌وتنی‌ كامپ دێڤیدی‌ ئاشتی‌ ژماره‌ی‌ هێزه‌كانی‌ سوپای‌ میسر و پڕچه‌كییان دیاریی‌ كرابوو.
رێكخراوه‌كه‌ په‌لاماره‌كانی‌ له‌ دوای‌ راپه‌ڕینی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2011 كه‌ بووه‌ مایه‌ی‌ روخانی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌  سه‌رۆك حوسنی‌ موباره‌ك، به‌شێوه‌یه‌كی‌ راسته‌وخۆ ده‌ستیپێكرد.    
به‌ر له‌ روخانی‌ سه‌رۆك محه‌مه‌د مورسی‌ سه‌ر به‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیخوان موسلیمین، رێكخراوه‌كه‌ ئیسرائیلی‌ ده‌كرده‌ ئامانج و هێرشی‌ ده‌كرده‌ سه‌ر ئه‌و بۆریه‌ غازانه‌ی‌ كه‌ غازی‌ میسریان بۆ ئیسرائیل هه‌نارده‌كرد. 
 به‌ڵام له‌دوای‌ له‌سه‌ركارلابردنی‌ مورسی‌، رێكخراوه‌كه‌ به‌ڵێنیدا تۆڵه‌ی‌ ئه‌و «هه‌ڵمه‌ته‌ سه‌ركوتكارییه‌ خوێناوییه‌» بكاته‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ میسر كردیانه‌ سه‌ر لایه‌نگرانی‌. 
له‌پاش روخانی‌  ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ محه‌مه‌د مورسی‌ سه‌رۆكه‌ ئیسلامییه‌كه‌ی‌ میسر، گروپی‌ (انصار بیت المقدس) په‌لاماره‌كانی‌ بۆسه‌ر هێزه‌كانی‌ سوپا و پۆلیسی‌ میسری‌ چڕكرده‌وه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌ چاودێران هێرشه‌كانیان وابه‌سته‌ی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیخوان موسلیمین و گروپه‌ چه‌كداره‌ فه‌له‌ستینییه‌كان و به‌ تایبه‌ت بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس كرده‌وه‌.    
گرنگترین ئه‌و په‌لامارانه‌ی‌ له‌و ماوه‌یه‌دا له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كه‌ له‌نێو میسردا ئه‌نجامدران بریتیبوون له‌: 
-ته‌قاندنه‌وه‌ی‌ هێڵه‌ بۆرییه‌كانی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ غازی‌ میسری‌ بۆ ئیسرائیل و ئوردن، چه‌ند په‌لامارێكی‌ تر كه‌ هێڵه‌كانی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ غازیان كرده‌ ئامانج. 
-هه‌وڵی‌ تیرۆكردنی‌ وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ میسر له‌ 5ی‌ ئه‌یلولی‌ 2013 كه‌ تێیدا ژماره‌یه‌كی‌ زۆر برینداربوون و هه‌ندێكیان سه‌ر به‌ هێزه‌كانی‌ پۆلیس بوون. 
-كوژرانی‌ 25 كه‌سی‌ سه‌ر به‌ هێزه‌كانی‌ ئاسایشی‌ ناوه‌ندی‌ له‌ بۆسه‌یه‌كدا كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كه‌وه‌ له‌ 19ی‌ ئابی‌ 2013 نرابووه‌وه‌ و له‌لایه‌ن له‌لایه‌ن میدیاكانه‌وه‌ به‌ «كوشتارگه‌ی‌ دووه‌می‌ ره‌فه‌ح» ناوبرا.   
-هێرشكردنه‌ سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ئاسایشی‌ باشووری‌ سینا به‌ ئوتۆمبێلێكی‌ بۆمبڕێكراو له‌ مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2013. 
-كوژرانی‌ زیاتر له‌ 30 سه‌رباز و ئه‌فسه‌ری‌ میسری‌ له‌ هێرشێكدا بۆسه‌ر بازگه‌یه‌كی‌ سه‌ر به‌ سوپا له‌ كه‌ره‌م ئه‌لقه‌وادیس له‌ شاری‌ شێخ زوه‌ید له‌ باكووری‌ سینا له‌ 24ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2014. 
 -كوژرانی‌ 13 سه‌ربازی‌ میسری‌ له‌ 3 هێرشدا له‌ نیسانی‌ 2014 له‌ باكووری‌ سینا. 
-هه‌ڵدانی‌ ژماره‌یه‌ك موشه‌ك به‌ئاراسته‌ی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ «الجوزه‌» له‌ سینا له‌ 10ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2015، فڕۆكه‌خانه‌كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی‌ ئاشتی‌ پارێزه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرا. 

گه‌شه‌كردنی‌ توانا سه‌ربازییه‌كانی‌ رێكخراوه‌كه‌
گه‌شه‌كردنی‌ توانای‌ شه‌ڕكردنی‌ هێزه‌ نا نیزامییه‌كانی‌ هاوشێوه‌ی‌ رێكخراوی‌ «ولایه‌تی‌ سینا» په‌ره‌سه‌ندنێكی‌ بێ‌ پێشینه‌ بوو له‌ مێژووی‌ هاوچه‌رخی‌ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ چه‌كدارییه‌كان له‌ میسر، ته‌كتکیه‌كان و پرۆسه‌ مه‌یدانییه‌كانی‌ رێكخراوه‌كه‌ سێ‌ جۆر بوون. 
جۆری‌ یه‌كه‌م، له‌ توێژینه‌وه‌ ئه‌منییه‌كاندا به‌ «تیرۆری‌ شاره‌كان» ناوده‌برێت كه‌ لێدانی‌ ئامانجه‌ مه‌ده‌نییه‌ ئاسانه‌كانی‌ نێو شاره‌كان ده‌گرێته‌وه‌ و له‌ڕێی‌ بۆمبه‌ چێنراوه‌كان و خۆكوژه‌كان و هه‌وڵه‌كانی‌ تیرۆركردنه‌وه‌ بوون . 
جۆری‌ دووه‌م، ته‌كتیكی‌ پرۆسه‌ مه‌یدانییه‌كان و جه‌نگی‌ هێزه‌ تایبه‌ته‌كان،  (شه‌ڕی‌ پارتیزانی‌) كه‌ خۆیان له‌ لێدانی‌ ئامانجه‌ سه‌ربازییه‌كان و پاشان هه‌ڵاتن ده‌بینییه‌وه‌، له‌گه‌ڵ هه‌وڵی‌ كۆنترۆڵكردنی‌ زه‌وی‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ دیاریكراو له‌ڕێی‌ پێكهاته‌ كه‌مه‌كان و به‌ چه‌كی‌ سوك، له‌گه‌ڵ خۆلادان له‌ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی‌ راسته‌وخۆ و درێژخایه‌ن له‌گه‌ڵ هێزه‌ نیزامییه‌كانی‌ سوپا.
جۆری‌ سێیه‌میش، حاڵه‌تێكی‌ نوێیه‌ له‌ میسر- هاوشێوه‌ی‌ ته‌كتیك و پرۆسه‌ مه‌یدانییه‌كانی‌ هێزه‌ نیزامییه‌ تایبه‌ته‌كانه‌، تێیدا چه‌كی‌ قورس و سوك و موشه‌كی‌ ئاراسته‌كراو و نائاراسته‌كراو و قه‌ناس به‌كارده‌هێنرێت، ئه‌وه‌ش بۆ پشتیوانی‌ له‌ پێشڕه‌وی‌ یان پاشه‌كشه‌كردنی‌ پێكهاته‌ پیاده‌كان كه‌ ده‌كرێت له‌ ده‌یان یان سه‌دان چه‌كدار پێكبێن.

هه‌ڕه‌شه‌ی‌ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌یه‌كی‌ توندتر 
«كۆمه‌ك و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی‌ بۆ سینا ره‌وانه‌ مه‌كه‌، سوپاكه‌ت ره‌وانه‌ بكه‌ تا له‌ بیابان و لێره‌ له‌ناوببرێت»، ئه‌م قسه‌یه‌ كه‌ پڕه‌ له‌ هه‌ستی‌ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌، له‌لایه‌ن كه‌مال عه‌لام سه‌ركرده‌ له‌ رێكخراوی‌ «ولایه‌تی‌ سینا»وه‌ له‌ مانگی‌ نیسانی‌ 2016 رووبه‌ڕووی‌  سه‌رۆك عه‌بدولفه‌تاح سیسی‌ كرایه‌وه‌ و هاوكات بوو له‌گه‌ڵ خستنه‌ڕووی‌ ئه‌و زریپۆشانه‌ی‌ سوپا كه‌ چه‌كدارانی‌ رێكخراوه‌كه‌ ده‌ستییان به‌سه‌ردا گرتبوو. 
به‌پێی‌ گوتاری‌ ره‌سمی‌ ئه‌و ده‌مه‌ی‌ قاهیره‌ش، عه‌لام بۆ زیاتر له‌ چوار جار كوژراوه‌. دوایین جار له‌ مانگی‌ شوباتی‌ 2015دا بوو، وێڕای‌ ده‌ركه‌وتنی‌ له‌ مانگی‌ نیسان كه‌ تێیدا به‌رپرسیارێتی‌ رێكخراوه‌كه‌ی‌ له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر حه‌وت پێگه‌ی‌ سه‌ربازی‌ له‌ رێگه‌ی‌ نێوان عه‌ریش و ر ه‌فه‌ح راگه‌یاند و پاشان په‌یامه‌كه‌ی‌ بۆ سیسی‌ ره‌وانه‌كرد.   
عه‌لام به‌ تاكه‌ سه‌ركرده‌ی‌ رێكخراوه‌كه‌ دانانرێت كه‌ له‌ میدیا فه‌رمییه‌كانی‌ میسر قسه‌وباسی‌ زۆری‌ له‌باره‌ه‌وه‌ كراوه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ چه‌ند جارێك باس له‌ كوژرانی‌ شادی‌ منێعی‌ یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ ده‌ركه‌وتووه‌كانی‌ ولایه‌تی‌ سینا كرا، به‌ر له‌وه‌ی‌ خۆی‌ ده‌ربكه‌وێت و هه‌واڵی‌ كوژرانه‌كه‌ی‌ له‌ یه‌كێك رۆژنامه‌كانی‌ سه‌ر به‌ حكومه‌تی‌ میسردا بخوێنێته‌وه‌. 
ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ میسر دان به‌و ململانێ‌ خوێناوییه‌دا نانێن كه‌ له‌ سینا له‌ئارادایه‌، چونكه‌ به‌ وته‌ی‌ عه‌بدولفه‌تاح سیسی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌و وڵاته‌، وشه‌ی‌ «له‌ژێر كۆنترۆڵدایه‌» به‌س نییه‌ بۆ دۆخی‌ سینا، به‌ڵكو «دۆخه‌كه‌ ته‌واو سه‌قامگیره‌»، ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ ته‌واوه‌ی‌  سیسی‌ باسی‌ كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌و جلوبه‌رگه‌ سه‌ربازییه‌دا یه‌كانگیر نه‌بوو كه‌ له‌ شوێنێكی‌ نادیاریكراوی‌ سینا وتاره‌كه‌ی‌ تێیدا پێشكه‌ش كرد! له‌گه‌ڵ لێدوانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانیش یه‌كانگیر نه‌بوو كه‌ رایگه‌یاندبوو «میسر له‌ حاڵه‌تی‌ جه‌نگدایه‌» به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌گه‌ڵ هێرشی‌ سه‌ر پێنج پێگه‌ی‌ سه‌ربازی‌ له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كه‌ له‌ ته‌مموزی‌ 2015 و به‌رده‌وامبوونی‌ شه‌ڕه‌ خوێناوییه‌كان له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی‌ تر، هاوتا نه‌بوو.  

هه‌ڵمه‌ته‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ سوپای‌ میسر 
دوابه‌دوای‌ دروستبوونی‌ دۆخێكی‌ نه‌خوازراو له‌ نیمچه‌ دوورگه‌ی‌ سینا، هێزه‌كانی‌ سوپای‌ میسر هه‌ڵمه‌تێكی‌ سه‌ربازیی‌ به‌رینیان له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌ستپێكرد كه‌ شێخ زوه‌ید و ره‌فه‌حی‌ گرته‌وه‌ و سوپا توانی‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌كی‌ زۆر چالاكییه‌كانی‌ رێكخراوی‌ «ولایه‌تی‌ سینا»ی‌ سه‌ر به‌ داعش له‌ ناوچه‌كه‌دا لاواز بكات، به‌ڵام تاوه‌كو نوسینی‌ ئه‌م دێڕانه‌، ناكرێت بڵێین به‌ ته‌واوه‌تی‌ مه‌ترسی‌ و هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ چه‌كدارانی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ نیمچه‌ دوورگه‌ی‌ سینادا بنه‌بڕكراون. 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7372
25/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
‌ ئه‌ندریه‌ واردی پاڵه‌وانی جیهان وازهێنانی راگه‌یاند 24/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP