ریفراندۆم، چۆن و بۆچی؟
ریفراندۆم، چۆن و بۆچی؟ ‌ 15/7/2017
ئاراز رەمەزان* 
ریفراندۆم، كە دەنگدانێكی جەماوەرییە بۆ مەبەست و پڕۆپۆزەڵێكی تایبەت، زۆر نەتەوەی دیكە لەم چەند ساڵەی دوایی لەئەوروپا گرتیانەبەر، سەركردەكان و پارتە سیاسییەكان كە بنەماداڕێژی ریفراندۆمەكان بوون نەیانتوانی سەركەوتووبن، دیارترین نمونەش لەسكۆتلاندو كەتەلۆنیا بەرچاو و تازەن كە ویستیان لەبەریتانیاو ئیسپانیا جیا ببنەوە. 
كوردان، بەسەدان ساڵە خەبات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی دەكەن، هیچمان لەگەڵ ناسەربەخۆیی نین، بەڵام چی بكەین و چۆن ریفراندۆمێك بكەین بۆئەوەی دەرئەنجامێكی پۆزەتیڤ و سەركەوتووانەی هەبێت و خەونی لەمێژینەی كورد بەدیبهێنێت وەك یەكێك لەگەورەترین نەتەوە بێ دەوڵەتەكان.
بۆ ئەم مەبەستە چەند هەنگاوێكی گرنگ پێویستە بەكرداری جێبەجێبكرێن، لەپێش هەمووانەوە لەلایەن سەرۆكی هەرێمی و حكومەت و پارتە سیاسییەكانەوە، بۆئەوەش چەندین فاكتەری نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی كاریگەریان دەبێت لەسەر دەرئەنجامی ریفراندۆم:
یەكەم: كۆدەنگی نیشتمانی/ پێویستە بۆ پرسی ریفراندۆم كە كاتێكی زۆر كەمی ماوە، و هیچ ئامادەگیەكی پڕاگماتیكی نەكراوە، پێویستە پەلە بكرێت لەپێكهێنانی ئەو كۆمیتەیەی بڕیاری لەسەر دراوە لەلایەن پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستانەوە، ئەوەش بەدروستكردنی كۆدەنگی نیشتمانی و دروستكردنی دڵنیایی سیاسیی، دەبێت، پەكخستنی پەرلەمان و وەزارەتەكان بەشێوەیەكی كرداری و ناڕاستەوخۆو داروخانی ژیانی خەڵك و بێ باكی حكومەتی هەرێم، ناتوانن فاكتەری سەركەوتوو بن بۆ ریفراندۆم، پێویستە خودی سەرۆكی هەرێم بەر لەوەی ریسك بكات دڵنیایی دروست بكات و كۆدەنگی نیشتمانی فەراهەم بكات، بەهەر شێوەیەك و هەر سازانێك بێت پێویستە بكرێت، لەكاتێكدا پارتە سیاسییەكان لەناو خودی خۆتاندا هاوتەبا نین لەسەر ریفراندۆم چۆن بەم شێوەیە دەتوانن كۆدەنگی نیشتمانی دروست بكەن و داوا لەخەڵك و ئەندام و لایەنگرانتان بكەن بچن دەنگ بدەن.
دووەم: فاكتەری ئابوری/ لەئێستادا فاكتەری ئابوری بەگرنگترین فاكتەری سەركەوتن لەجەنگە رەق و نەرمەكان دادەنرێت، ئەو جەنگەی كورد دەیەوێت بیكات جەنگێكی نەرمە بەناو ریفراندۆم لەژێر چەتری دیموكراسی، بەسەدان هەزار كورد لەسنوری پارێزگای كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكاندا ژیان بەسەردەبن، لەرووی ئابوریەوە بژێوی ژیانیان و موچەیان لەسەر حكومەتی بەغدایە، بۆئەمڕۆی كوردستان كە حكومەت موچەی كردوە بە چارەكە موچەو چەندین موچەی فەرمانبەران فەوتاوەو بژێوی تاك لە ئاستێكی نزم و بێزاركەردایەو بەهەزاران كورد لەماوەی سێ ساڵی رابردوو كوردستانیان جێهێشت، پێویستە هەم سەرۆكی هەرێم و هەم پارتە سیاسییەكان ئەوە لەبەرچاو بگرن بەر لە ریفراندۆم ئەگەر موچەو بژێوی فەرمانبەران و خەڵك نەگەڕێننەوە ئاستی پێشوو، بەچ فاكتەرو پەیامێك داوا لەو سەدان هەزار دەنگدەرەی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان دەكەیت دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەن، تاكێك كە بزانێت موچە فولەكەی دەبێت بەچارەكە موچە لەسەر حكومەتی كوردی ئایا دەنگ دەدات بەبەڵێ؟ پێویستە بەر لەریفرادۆمی بەشێوەیەكی كرداری بیر لەفاكتەری بەئابوری بەهەموو سێكتەرەكانیەوەو بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەستە بەموچەو بژێوی خەڵكەوە بكرێتەوە؟ چونكە ئەمە ریسكێكی گەورەیە بەتایبەتیش بۆ ئەو دەنگدەرانەی كە موچەیان لەسەر حكومەتی بەغدایەو كێشەی موچەو بژێویان نییە، پێویستە گرنتی و دڵنیایی دروست بكرێتەوە لەلایەن حكومەتی كوردستانەوە، ئەگەریش ئەو دەوڵەتە كوردیەی بیر لەدروستكردنی دەكرێتەوە بەبێ كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بێت ئەوا وەك هەرێمی كوردستان بمێنینەوە باشترە.
سێیەم: فاكتەری ئیقلیمی/ لەرووی دیپلۆماسیەوە پێویستە حكومەتی هەرێم و سەرۆكایەتی هەرێم و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەو پەرلەمانی كوردستان! لەدوای كاراكردنەوەی بەجدی لەرووی دیپلۆماسیەوە گفتوگۆی جدی لەگەڵ دراوسێ كانی دەوڵەتی داهاتووی كوردستان بكرێت، بەتایبەتیش عێراق، توركیاو ئێران، كە لەمێژووی دوور و نزیكدا بەریەككەوتنی هەمیشەییان لەگەڵ بزوتنەوە شۆڕشگێڕییەكانی كورد هەبووە، پێویستە لانیكەم ئەو دەوڵەتانەی بەرژەوەندی و پڕۆژەی ئابوریان لەگەڵ كوردستان هەیە رێككەوتنی دیپلۆماتیان لەگەڵ بكرێت و لێدوان و سیاسەتی دژیان نەبێت هەروەك چۆن توركیا تائێستاش بەردەوامەو ناڕەزایەتی دەردەبڕن و تەنانەت هەرێمی كوردستان بەناوی (ئیدارەی باكوری عێراق) ماودەبەن، هەروەك ئەردۆغان لەكۆتا چاوپێكەوتنی لەگەڵ فرانس 24 چەندین پەیامی هەڕەشە ئامێزی ئاڕاستەی كوردستان كرد.. ئەوەش لەبەرئەنجامی نادڵنیایی سیاسیی و نەبوونی فاكتەری دیپلۆماسی كوردییەوە دروست بووە، بۆیە پێویستە لەئێستادا دڵنیایی سیاسیی و ئابوری بدرێت بە وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتیش توركیاو ئێران و عێراق.
چوارەم/ فاكتەری نێودەوڵەتی: لەرووی نێودەوڵەتییەوە پێویست بو و پێوستیشە، سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی حكومەت و فەرمانگەی پەیوەندییەكان و پارتە سیاسییەكان و نوێنەرانی حكومەتی هەرێم و حزبە كوردستانیەكان لەدەرەوەی وڵات چالاكی دیپلۆماسی و سیاسیی و فەرهەنگی بۆ دروستكردنی رایگشتی نێودەوڵەتی لەسەر پرسی ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان پێكبهێنن، هەروەها زۆرترین سەرۆك و رێكخراوی بیانی و رۆژنامەنووسانی بیانی بهێنرێن بۆ كوردستان و پرۆگرامی تایبەت دەربارەی ریفراندۆمی كوردستان بكەن، ئەوەش پێویستی بە ئابورییەكی باش و بودجەیەكی پێویست هەیە.. 
بەشێوەیەكی گشتی، بەرەی نێودەوڵەتی لەئێستادا جیاوازترەو بەسەر چەند بلۆكێكی جیاوازدا دابەشبووە، كە لانیكەم دوو بلۆكی زلهێز بوونیان هەیە، كورد لەم زەمەنە هەستیارەی پێیدا تێپەڕدەبێت كە بەرە بەهێزە نێودەوڵەتییەكان كە بەرەی هاوپەیمانی ئەمریكاو ئەورپا لەگەڵ بەرەی روسیاو هاوپەیمانی ئاسیاو هەندێ وڵاتی خۆرهەڵات لەوانە ئێران،  پێویستی بە سیاسەتی هاوسەنگی نێوان هێزەكان و راگرتنی بەرژەوەندی ئابوری هاوسەنگ هەیە.
پێنجەم: فاكتەری ناوخۆیی/ وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا لەفاكتەری ئابوریدا، چارەسەركردنی كێشە سیاسییە ناوخۆییەكان و قەیرانەكانی وەك موچەو بودجەو ئاوو كارەباو بژێوی ژیانی هاونیشتمانیان فاكتەرێكی كاریگەر دەبێت.
حزبە سیاسییەكان لەكوردستان، بەتایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان، پێویستە تخوین كردنی نوسەران و رۆشنبیران رابگرێت، و هەر نوسەرو رۆشنبیرێك و مامۆستایەكی زانكۆو رۆژنامەنووسێك وتارێك یان سیمینارێك لەسەر ریفراندۆم بكات نابێت تخوین بكرێت و بە جاش و خۆفرۆش سەیر بكرێت، بەتایبەتیش لەمیدیای ئۆرگانی پارتی و میدیای سێبەری پارتی.. كە رۆژانە سوكایەتی و تەشهیر بەچەندین نوسەرو رۆشنبیر دەكرێت، لەبەرامبەر هەبونی تێبینی و كاركردن بۆ سەركەوتنی ریفراندۆم بەمیكانیزمێكی سەردەمی و مۆدێرن و یاسایی و لەرێگەی پەرلەمانەوە، ئەم نوسەرانە دژی موزایەدەی حزبی و كەسین بۆ ریفراندۆم، بۆیە پێویستە پارتی دیموكراتی كوردستان بەپلەی یەكەم كۆتایی بەم سیاسەتی ئیعلامیە شكستخواردووەی بهێنێت كە خەریكە خۆیان كوردستان دەكەن بە دوو بەرەی بەڵێ و نەخێر لەسەر ریفراندۆم. پێویستە رێز لەنوسەران و رۆشنبیرانی ئەم وڵاتە بگیرێت، پێویستە مافی مرۆڤ و رۆژنامەنوسان و رۆشنبیران پارێزراو بێت، پێویستە لەم وڵاتەی دروستی دەكەین نمونەی دیموكراسی بێت، ئەویش بەرێزگرتن لەمافی مرۆڤ بەگشتی و دواتر مافی ژنان و كەمئەندامان و رۆژنامەنوسان و سەرجەم توێژەكان دەبێت.
بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەم فاكتەرانەی باسكران و چەندین فاكتەری دیكەش كە لێرەدا باس نەكراون، ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەگەری سەرنەكەوتنی زیاترە لەسەركەوتنی دەنگی بەڵێ بۆیە پێویستە بەزووترین کات، سەرجەم قەیرانەکان چارەسەر بکرێن و لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیش پێویستە کاری جدیتر بکرێت.

*مامۆستا لەزانكۆی راپەڕین


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7371
24/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
‌ ئه‌ندریه‌ واردی پاڵه‌وانی جیهان وازهێنانی راگه‌یاند 24/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP