داهاتووی كیلیان مباپی له‌به‌رده‌م سێ ئه‌گه‌ر دایه‌
داهاتووی كیلیان مباپی له‌به‌رده‌م سێ ئه‌گه‌ر دایه‌ ‌ 12/7/2017
كیلیان مباپی یاخود تێری هێنری نوێ، ئه‌و ئه‌ستێره‌ لاوه‌ی‌ كه‌ سه‌ره‌نجی هه‌موو یانه‌ مه‌زنه‌کانی ئه‌وروپای به‌لای خۆیدا راكێشاوه‌، به‌جۆرێك هه‌موویان پێشبینی ئه‌وه‌ بكه‌ن له‌داهاتویه‌كی نزیكدا ببێته‌ خاوه‌ن گرانترین بۆندی مێژوویی تۆپی پێ.
مباپی ته‌مه‌ن 18 ساڵ، نیوه‌ی‌ دووه‌می ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ ئاستێكی به‌رزه‌وه‌ ده‌ركه‌وت، له‌خولی فه‌ره‌نسا 15 گۆڵی تۆماركرد، سه‌ركردایه‌تی یانه‌ی‌ كرد له‌ بردنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م نازناوی خولی فه‌ره‌نسا له‌ ماوه‌ی‌ 17 ساڵی رابردوودا، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا له‌ چامپیۆنس لیگیشدا  توانی 7 گۆڵ بكات و یانه‌كه‌ی‌ بگه‌یه‌نێته‌ قۆناغی پێش كۆتایی چامپیۆنس لیگ.
ئه‌و ئامارانه‌ی ئه‌و یاریزانه‌  له‌پاڵ ئه‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ی‌ له‌یارییه‌كان پێوه‌ی ده‌ركه‌وت، بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ یانه‌ مه‌زنه‌کان گرنگی پێبده‌ن و موچه‌و بۆندی خه‌یاڵی بخه‌نه‌ به‌رده‌می تا قایلی بكه‌ن وه‌رزی داهاتوو مۆناكۆ جێبهێڵێت.
نرخی ئه‌و یاریزانه‌ رۆژی له‌دوای رۆژ له‌ زیادبووندایه‌‌ به‌جۆرێك وه‌كو زیادكردنی ئاشكرای لێهاتووه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌موویان سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ بیبه‌نه‌ ریزه‌كانی، به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه‌ داهاتووی ئه‌و یاریزانه‌ ئێستا گه‌وره‌ترین نیشانه‌ی‌ پرسیاری له‌ میركاتۆی هاوینه‌دا له‌سه‌ره‌.
ئه‌و ركابه‌رییه‌ به‌هێزه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ توانای مۆناكۆ بۆ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و یاریزانه‌ له‌ ریزه‌كانیدا لاواز بێت له‌به‌رده‌م توانای دارایی یانه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی ئه‌وروپادا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ دڵنیایه‌ له‌ داهاتووی ئه‌و یاریزانه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بێت و مباپی ریزی مۆناكۆ جێبهێڵێت ئه‌وا ریکۆردی بۆندی پۆڵ پۆگبا ده‌شكێنێت و ده‌بێته‌ گرانترین یاریزان له‌ مێژووی تۆپی پێدا.
یانه‌ی‌ ئه‌رسناڵ یه‌كێك بوو له‌و یانانه‌ی‌ گرنگی زۆری به‌و یاریزانه‌ ده‌داو وه‌كو رۆژنامه‌كانیش باسیان لێوه‌ كردووه،‌ ئیداره‌ی ئه‌و یانه‌یه‌ 142 ملیۆن یۆرۆی داوه‌ته‌ مۆناكۆ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستبه‌رداری بن، به‌ڵام مۆناكۆ بۆنده‌كه‌ی‌ ره‌ت كردۆته‌وه‌، ئێستاش یانه‌ی‌ ئه‌رسناڵ دوای گواستنه‌وه‌ی‌ ئه‌لیكسانده‌ر لاكازێت تا راده‌یه‌كی زۆر له‌ ركابه‌ری كڕینی مباپی چۆته‌ ده‌ره‌وه‌.
رۆژنامه‌ی‌ لیكیپی فه‌ره‌نسیش ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ دوای وازهێنانی ئه‌رسناڵ داهاتووی بماپی ده‌كه‌وێته‌ نێوان 3 ئه‌گه‌ره‌وه‌و ئه‌سته‌مه‌ شتێك له‌سه‌ر داهاتووی ئه‌و یاریزانه‌ رووبدات كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م سێ ئه‌گه‌ره‌ بێت.
ئه‌گه‌ری یه‌كه‌م؛ چونی ئه‌و یاریزانه‌یه‌ بۆ ریزی ریاڵ مه‌درید كه‌ یانه‌ی‌ شاهانه‌ دیارترین ئه‌و یانه‌یه‌یه‌ گرنگی به‌ مباپی ده‌دات، له‌ پاڵ ئه‌وه‌ی ریاڵ مه‌درید توانایه‌كی دارایی باشیشی هه‌یه‌، ئه‌و یاریزانه‌ وه‌كو رۆژنامه‌كان بڵاویانكردۆته‌وه‌ خۆشی ئاره‌زوو ده‌كات له‌ ریزی ریاڵ مه‌درید یاریی بكات.
ریاڵ مه‌درید پێش هه‌موکه‌س په‌یوه‌ندی كرد به‌ یانه‌ی‌ مۆناكۆ و كه‌سه‌ نزیكه‌كانی ئه‌و یاریزانه‌وه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ وه‌رزی داهاتوو بیگوازنه‌وه‌ بۆ سه‌نتیاگۆ بیرنابیۆ، به‌ڵام زۆربوونی كڕیارانی ئه‌و یاریزانه‌ كاری ریاڵ مه‌دریدی قورس كردووه‌.
ئه‌گه‌ری دووه‌میش چونی مباپیه‌ بۆ یانه‌ی‌ پاریس سان جێرمان، پاریسییه‌كانیش به‌ پاڵپشتی پاره‌ی شازاده‌ی‌ قه‌ته‌ر و ناسر خلێفی زۆر به‌ به‌توندی هاتونه‌ته‌ سه‌ر خه‌ت بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ ئه‌و یاریزانه‌ به‌ جۆرێك ناسر خلێفی سه‌رۆكی ئه‌و یانه‌یه‌ به‌ مۆناكۆی راگه‌یاندوه‌ هه‌ر بۆندێكیان پێبگات ئه‌وان ئاماده‌ن پاره‌ی زیاتریشی پێبده‌ن تا مباپی به‌رنه‌ ریزه‌كانیان.
پاریسییه‌كان بۆ هێشتنه‌وه‌ی‌ ئه‌ستێره‌كانیان له‌ ریزی یانه‌كه‌یان بڕیاریان داوه‌ دیارترین ئه‌ستێره‌كان بگوازنه‌وه‌ ریزه‌كانیان تا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ركابه‌ری نازناوی چامپیۆنس لیگ بكه‌ن، بۆیه‌ ئامانجی یه‌كه‌می میركاتۆیان كردووه‌ به‌ مباپی، توانای دارایی ئه‌و یانه‌یه‌ش هۆكارێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ مباپی بچێته‌ ئه‌و یانه‌یه‌.
له‌ نوێترین هه‌واڵیشدا رۆژنامه‌كان بڵاویانكردۆته‌وه‌ پاریسییه‌كان بۆندێكی نوێیان پێشكه‌ش به‌ مباپی كردووه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ی‌ 145 ملیۆن یۆرۆیه‌.
ئه‌گه‌ری سێیه‌میش كه‌ له‌هه‌ردوو ئه‌گه‌ره‌كه‌ی‌ تر قورستره‌ رووبدات مانه‌وه‌ی‌ مباپیه‌ له‌ یانه‌ی‌ مۆناكۆ، به‌تایبه‌تیش یانه‌ی‌ مۆناكۆ ده‌یه‌وێت پارێزگاری له‌ مانه‌وه‌ی‌ ئه‌و یاریزانه‌ بكات.
به‌شێك له‌سه‌رچاوه‌كانیش باسیان له‌وه‌ كردووه‌ دیشامپی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی‌ فه‌ره‌نسا داوای له‌ مباپی كردوه‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ وه‌رزێكی تر له‌ مۆناكۆ بمێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی‌ زیاتر پێبگات و به‌باشترین توانای جه‌سته‌یی و به‌بێ پێكانیش به‌شداری مۆندیالی 2018 روسیا بكات.


پڕۆفایل
ناو: كیلیان سانمی مباپی لۆتین.
* له‌دایكبوون: 20/12/1998.
*شوێنی له‌دایكبوون: بۆندی-فه‌ره‌نسا.
*باڵا:178 سانتیمه‌تر.
*شوێنی یاریكردن-هێرشبه‌ر.
*باوكی كامیرۆنیه‌ و دایكیشی جه‌زائیریه‌و ره‌گه‌زنامه‌ی‌ فه‌ره‌نسی هه‌یه‌.
*دایكی پێشتر یاریزانی تۆپی ده‌ست بووه‌و باوكیشی راهێنه‌ری تۆپی پێ بووه‌، برایه‌كیشی به‌ ناوی ئیكۆكۆ یاریزانی تۆپی پێیه‌.
نازناو: تێری هێنری نوێ.
*ئه‌و یانانه‌ی‌ به‌ مندالی یاریی بۆ كردوون: ئه‌ی ئێس مۆندی، كلێر فۆنته‌ین، مۆناكۆ.
*ئه‌و یانانه‌ی‌ وه‌كو یاریزانی پیشه‌گه‌ر یاریی بۆ كردون: تیپی دووه‌می مۆناكۆ، مۆناكۆ.
*یه‌كه‌م یاریی له‌ خولی فه‌ره‌نسا: 2/12/2015 له‌ ته‌مه‌نی 16 ساڵی و 347 رۆژی دا.
*یه‌كه‌م گۆڵی له‌ خولی فه‌ره‌نسا: 20/10/2016 له‌ ته‌مه‌نی 17 ساڵیدا.
*یه‌كه‌م هاتریك له‌گه‌ڵ مۆناكۆ: 14/12/2016.
*بچوكترین یاریزانی مۆناكۆیه‌ له‌ خولی فه‌ره‌نسا گۆڵبكات.
*بچوكترین یاریزانی مۆناكۆیه‌ له‌ خولی فه‌ره‌نسا یاریی بكات.
*له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی‌ خوار 19 ساڵی فه‌ره‌نسا یۆرۆی 2016ی بردۆته‌وه‌.
*یه‌كه‌م یاریی بۆ هه‌ڵبژارده‌ی‌ فه‌ره‌نسا: 25/3/2017 له‌ ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا بووه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7320
21/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌یمار هه‌رگیز ناچێته‌ پاریس سانجێرمان 20/7/2017
‌ جۆ هارت چووه‌ وێستهام 20/7/2017
زانست
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017
‌ لە بارەی ڕێکخراوی ״کوردستان فۆتۆ״ 21/7/2017
‌ رەسوڵ خوڕڕەم: ده‌مه‌وێ به‌ فۆتۆ جوانییەکانی کوردستانێکی ئارام پێشانی ئه‌وروپیەکان بدەم 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP