كێلی چواره‌م
کورتە چیرۆک كێلی چواره‌م ‌ 13/7/2017
سواره‌ نه‌جمه‌دین 

من ئه‌مویست چیرۆكی ئه‌و خۆشنووسه‌ بنووسمه‌وه‌، كه‌ ته‌نها كاری نووسینی كێلی گۆڕه‌كان بوو، كه‌چی كه‌وتم به‌ سه‌ر چیرۆكی پزیشكێكی بكوژدا، ببوورن ره‌نگه‌ پزیشكێكی بكوژ هه‌ڵه‌ بێت، راستتره‌ بڵێم پزشكێكی عاشق، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌شیان زۆر ته‌واو نییه‌، ئه‌گه‌ر ناساندنه‌كه‌ی زۆر درێژ نه‌بێته‌وه‌، بوترێت پزشكێكی عاشقی بكوژ زۆر راست ئه‌بێت، چونكه‌ ناتوانم هیچ كام له‌و سێ خه‌سڵه‌ته‌ی فه‌رامۆش بكه‌م. 
چیرۆكی ئه‌و پزیشكه‌ هه‌مان ئامانجی چیرۆكی ئه‌و دادوه‌ره‌ی هه‌بوو، ماوه‌ نا ماوه‌یه‌ك فه‌رمانی گرتنی بۆ یه‌كێك له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانی كچێك ده‌ر ئه‌كرد، به‌و ئامانجه‌ی كچه‌ به‌ پێی خۆی بێت بۆ دادگا و ئه‌میش چاوی پێی بكه‌وێت، جیاوازی نێوان پزیشكه‌كه‌ و دادوه‌ره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، یه‌كه‌میان قوربانییه‌كه‌ زیندانی ئه‌كرا و قوربانی پزیشكه‌كه‌ش ئه‌بوو بمرێت تاكو دیداری نێوان دوو عاشق بسازێت.
جیاوازی تر له‌ نێوان ئه‌و دوو چیرۆكه‌دا به‌ ته‌نها ئه‌وه‌ نییه‌، ئه‌وه‌ی دادوه‌ره‌كه‌ خۆشی ده‌ویست كچ بوو، ئه‌وه‌ی كه‌وتبووه‌ داوی پزیشكه‌كه‌وه‌ ژن بوو، لێ دادوه‌ره‌كه‌ كچه‌كه‌ی ناچار ئه‌كرد بێته‌ به‌رچاوی، به‌ڵام پزیشكه‌كه‌ چاوه‌ڕوان بوو ژنه‌كه‌ ئه‌ندامێكی تری خێزانه‌كه‌ی بهێنێته‌ نۆرینگه‌كه‌یه‌وه‌. 
كابرای خۆشنووس جامانه‌یه‌كی به‌ستۆته‌وه‌ و له‌ سه‌رو جامانه‌كه‌شه‌وه‌ كڵاوێكی مه‌كسیكی له‌سه‌ر كردووه‌، له‌سه‌ر كێلێك ئه‌نووسێت به‌ كاره‌ساتی دڵته‌زێن كۆچی دوای كردووه‌، له‌و كاته‌دا له‌ بڵندگۆی مزگه‌وته‌كه‌وه‌ ده‌نگی بانگ (خوا گه‌وره‌یه‌، خوا گه‌وره‌یه‌) به‌رز ئه‌بێته‌وه‌.
چاوه‌ڕوان بووم، نووسینی سه‌ر ئه‌و كێله‌ی به‌رده‌می ته‌واو بكات و بێت به‌لای داواكارییه‌كه‌ی منه‌وه‌، له‌و كاته‌دا زێوانه‌كه‌ هاواری لێكرد، ئه‌وه‌ یه‌كێكی تر له‌ قوربانییه‌كانی پزیشكه‌كه‌ هات.
دواتر تێگه‌یشتم ئه‌وان قوربانییه‌كانی پزیشكه‌كه‌ كه‌سانی ناو كه‌ژاوه‌ی ته‌رمه‌كه‌دا ئه‌ناسنه‌وه‌، چه‌ند كه‌سێكیان له‌ چاو داوه‌ و شۆخییان پێئه‌كه‌ن، زێوان و خۆشنووسه‌ چاوقایمه‌كه‌، له‌گه‌ڵ یه‌ك دوو پیاوی كورته‌بنه‌ی گۆڕهه‌ڵكه‌ن، نوكته‌ له‌سه‌ر زۆرێك له‌وانه‌ی دێنه‌ ئه‌و گۆڕستانه‌ دروست ئه‌كه‌ن، زێوانه‌كه‌ ئه‌یوت رۆژمان به‌و شۆخییه‌ ئه‌ڕوات، ئه‌گه‌ر نا كێ ئه‌توانێت له‌ ناو مردوواندا بژی! ‌ 
كاتێك خۆشنووسه‌كه‌ كڵاو و جامانه‌كه‌ی لابرد، تا راده‌یه‌ك هه‌مان ئه‌و شێوه‌یه‌ بوو، له‌ زه‌ینی خۆما وێنام كردبوو، شێوه‌ی ئه‌چووه‌وه‌ سه‌ر ئه‌نتۆنیۆ كیون له‌ رۆڵی زۆربادا، لێ ئه‌م سه‌روپه‌تكی پێچا بوو، له‌و كاته‌شی جامانه‌كه‌ی ئه‌كرده‌وه‌ وه‌ك زۆربا قژی شێواو و ئاڵۆزكاو بوو. یه‌كه‌مجار به‌ درێڵ نووسینه‌كه‌ی له‌سه‌ر كێله‌كه‌ هه‌ڵئه‌كۆڵی و دواتر به‌ فڵچه‌یه‌كی ده‌م باریك چاڵه‌كانی پڕ ئه‌كرده‌وه‌، له‌ هه‌گبه‌كه‌یدا ته‌نها سێ ره‌نگ بۆیه‌ی دانابوو، زیوی و ئاڵتوونی و سپی، كێله‌كان هه‌ر ره‌نگێك بایه‌، له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌وانه‌یا ئه‌هاته‌وه‌. جگه‌ له‌و كێله‌ سپاییانه‌ی به‌ تایبه‌ت سه‌وزێكی پیرۆزه‌یی بۆ ئه‌هێنا.  
تا ئه‌وان له‌ ناشتنه‌كه‌ بوونه‌وه‌ و خۆشنووسه‌كه‌ كێله‌كه‌ی به‌رده‌ستی ته‌واو كرد، من له‌گه‌ڵ كابرای زێوان كه‌وتمه‌ قسه‌، جگه‌ره‌یه‌كم بۆ خۆم داگیرساند و دانه‌یه‌كیشم بۆ ئه‌و راگرت، له‌و كاته‌یا چه‌رخه‌كه‌م پێكرد و ده‌ستم برد بۆ به‌رده‌م ده‌می، پرسیاری چیرۆكی ئه‌و مردووانه‌م كرد، كه‌ ئه‌و به‌ قوربانی پزیشكه‌كه‌ ناوی برد. 
هه‌ر له‌م شاره‌ی خۆمان، ژنێك عاشقی پزیشكێك بووه‌، پزیشكه‌كان زۆر كه‌م عاشق ئه‌بن، ئه‌وان باوه‌ڕیان به‌ دڵ نییه‌، چونكه‌ شاره‌زای به‌ده‌نی مرۆڤن، ئه‌زانن هه‌موو پرۆسێسه‌كان ده‌مارن و فه‌رمان له‌ مێشكه‌وه‌ وه‌ر ئه‌گرن، ئه‌وان دڵ ته‌نها وه‌ك ترۆمپایه‌ك ئه‌بینن، لێ ئه‌م پزیشكه‌ پێ ئه‌چێت جیاواز بیر بكاته‌وه‌، هه‌ر چۆن بۆ خۆی قوربانییه‌كه‌شی تا ناو گۆڕ به‌ڕێ ئه‌كرد. 
ژنه‌ كاتێك هاوسه‌ره‌كه‌ی نه‌خۆشییه‌كی ئاسایی تووش ئه‌بێت، ئه‌چێته‌ لای پزیشكه‌كه‌، چیرۆكه‌كه‌ له‌وێوه‌ ده‌ست پێئه‌كات، شێتانه‌ عاشقی ئه‌بێت و بۆ جاری دووهه‌م و سێهه‌م هاوسه‌ره‌كه‌ی ناچار ئه‌كات بچنه‌وه‌ نۆرینگه‌كه‌، تا پزیشكه‌كه‌ له‌ نییه‌تی ژنه‌ تێئه‌گات، به‌ڵام ئه‌وه‌ چیرۆكه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكو چیرۆكه‌كه‌ كوشتنی هاوسه‌ری ژنه‌كه‌یه‌ به‌ ده‌رمانی هه‌ڵه‌، ئه‌وه‌ی سه‌ندیكا و رێكخراوه‌ ته‌ندروستییه‌كان چییان كردووه‌ و پزیشكه‌كه‌ چۆن خۆی ده‌رباز كردووه‌، لای منیش روون نییه‌، لێ هه‌ر ئه‌بێت به‌و ده‌رده‌وه‌ ماندوو بووبێت تاكو باوه‌ڕی پێهێناون، گیان سپاردنی هاوسه‌ری ژنه‌ كاری خودایه‌ و زانستیش بۆی رانه‌گیراوه‌، چیرۆكه‌كه‌ له‌ویاشدا ته‌واو نابێت، هه‌ردوو منداڵی ژنه‌كه‌ش به‌دوایدا دێت، هه‌ر یه‌ك له‌م قوربانیانه‌ ئه‌بنه‌ هه‌وێنی چه‌ندین دیداری نێوان ئه‌و دوو عاشقه‌، ته‌نانه‌ت كاتێك منداڵی یه‌كه‌می ده‌باته‌ لای پزیشكه‌كه‌، نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ئه‌كات و به‌ هه‌ڵه‌ ده‌مارێكی دڵی ئه‌پچڕێنێت، ئه‌مه‌ش ئه‌بێته‌ ده‌رفه‌تێكی دیكه‌ تاكو له‌ دادگاش ئه‌و دوو عاشقه‌ یه‌كتری ببینن.  
ژنه‌ به‌ جلێكی سه‌رتاپا ره‌شه‌وه‌ و پزیشكه‌كه‌ش به‌ هه‌مان رۆبی نۆرینگه‌كه‌یه‌وه‌ تا سه‌رقه‌برانیش ئه‌هاتن، جگه‌ له‌ كابرایه‌كی قه‌مبور و نه‌وجه‌وانێكی خڕیله‌ تا سه‌ر ئه‌كه‌وت به‌ گرده‌كه‌یا ئه‌بوو، له‌ سێ شوێن دابنیشێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و خۆڕاگرییه‌یان تیادا بووایه‌ پزیشكه‌كه‌ نه‌هاتبایه‌ته‌ سه‌رقه‌بران، ئه‌وا ئێمه‌ چیرۆكه‌كه‌مان به‌و ئاشكراییه‌ به‌رگوێ نه‌ده‌كه‌وت، لێ ئه‌مان له‌ عاده‌تیش لایان دابوو، به‌هۆی هاتنی ژنه‌كه‌ ژنانی دیش له‌گه‌ڵیان ئه‌كه‌وتن و شیوه‌ن و رۆڕۆ فاتیحای له‌ بیری مه‌لاكه‌ش ئه‌برده‌وه‌. لێ ئه‌م جاره‌ كه‌ژاوه‌كه‌ نه‌ پزیشكه‌كه‌ و نه‌ ژنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌بوو، نه‌وجه‌وانه‌ قرخنه‌كه‌ش چووبووه‌ ژێر داره‌مه‌یته‌كه‌وه‌ و خه‌ریكبوو هه‌ناسه‌ی له‌به‌ر ئه‌بڕا، له‌ یه‌كڕا كابرای خۆشنووس و زێوانه‌كه‌ له‌ ژێره‌وه‌ بزه‌ ئه‌یگرتن. شێوه‌ و له‌خۆدانه‌كه‌ش زۆر گه‌رم و گوڕ نه‌بوون. 
كاتێك جگه‌ره‌ی دووهه‌مم پێشكه‌ش كرد، زێوانه‌كه‌ وتی جارێك به‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ پزیشكه‌كه‌ قسه‌ی كردووه‌، وتوویه‌تی ژنان ئه‌و كاته‌ی خه‌مبارن له‌ ترۆپكی جوانیان، كاتێك كراسێكی ره‌شی تا خوار ئه‌ژنۆیان له‌به‌ر ئه‌كه‌ن و له‌بری مه‌كیاژ ته‌نكه‌ خه‌مێك به‌ ڕووخساریانه‌وه‌ ده‌رئه‌كه‌وێت، پیاو هه‌رچه‌ند به‌هێزبێت، له‌به‌رده‌م ئه‌و شێوه‌یه‌ی ژناندا خۆی ناگرێت.
ئه‌و كاته‌ی سه‌ری قه‌بره‌كه‌یان داپۆشی و مامۆستا لای كێله‌كه‌وه‌ به‌ چیچكانه‌وه‌ دانیشت و ده‌ستی به‌ ته‌ڵقین خوێندن كرد، كابرای خۆشنووس بۆ پشوویه‌كی كورت هاته‌ لامانه‌وه‌ دانیشت، ده‌ستی به‌ره‌و روم راگرت و په‌نجه‌ی شایه‌تمان و په‌نجه‌ درێژه‌كه‌ی پێكه‌وه‌ ئه‌نووساند و لێكی ئه‌كرده‌وه‌. جگه‌ره‌یه‌كم بۆ خسته‌ی به‌ینی په‌نجه‌یه‌وه‌. وتی من باوه‌ڕم به‌و چیرۆكه‌ نییه‌، هه‌رچه‌نده‌ خۆم سێ كێلم بۆ ئه‌و خێزانه‌ نووسیوه‌ و ئه‌مه‌ش خوا له‌ خێری ده‌رنه‌كات ئه‌بێت به‌ كێلی چواره‌م. 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7320
21/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌یمار هه‌رگیز ناچێته‌ پاریس سانجێرمان 20/7/2017
‌ جۆ هارت چووه‌ وێستهام 20/7/2017
زانست
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017
‌ لە بارەی ڕێکخراوی ״کوردستان فۆتۆ״ 21/7/2017
‌ رەسوڵ خوڕڕەم: ده‌مه‌وێ به‌ فۆتۆ جوانییەکانی کوردستانێکی ئارام پێشانی ئه‌وروپیەکان بدەم 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP