له‌گه‌ڵ حه‌مید ره‌شاش، گه‌شتێك به‌ توله‌ رێیه‌كانی‌ كوردایه‌تی‌ دا
له‌گه‌ڵ حه‌مید ره‌شاش، گه‌شتێك به‌ توله‌ رێیه‌كانی‌ كوردایه‌تی‌ دا ‌ 15/7/2017
ستار محه‌مه‌د ئه‌مین
به‌ شی كۆتایی   
حه‌مید ره‌شاش ئاماژه‌ به‌لایه‌نێكی تری ژیانی تایبه‌تی پێشمه‌رگه‌كانی ناو به‌كره‌ جۆ ده‌دات به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ده‌یانوویست پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری ئه‌نجام بده‌ن له‌م باره‌یه‌وه‌ ره‌شاش ده‌ڵێ : بۆمه‌به‌ستی پشتگیری كردنی پێشمه‌رگه‌كان له‌كاتی هاوسه‌رگیریدا هه‌ڤاڵ مام جه‌لال یارمه‌تیه‌كی دیاری كردبوو بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن.  كه‌  ئه‌ویش بری 50 دینار بوو كه‌ ده‌درا به‌ هه‌ر پێشمه‌رگه‌ێك كه‌  ژنی ده‌هێنا و له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا فه‌رده‌یه‌ك شه‌كرو فه‌رده‌ برنجێك و یه‌ك ته‌نه‌كه‌ رۆنی زه‌یتی وه‌ك هاوكاری وپشتگیری كردن بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی ده‌دا،  هه‌روه‌ها رێنمایی ئه‌وه‌شی ده‌ركردبوو  به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك  ته‌قه‌  كردن له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ دا  قه‌ده‌غه‌ بكرێت. له‌ درێژه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی مام حه‌مید ئاماژه‌ به‌ گه‌شه‌كردنی قه‌باره‌ و ژماره‌ی  هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌دات و ده‌ڵێ :  جگه‌ له‌و هێزه‌ی كه‌ له‌ به‌كره‌ جۆ هه‌مان بوو هێزێكی تریشمان له‌ كه‌ركوك هه‌بوو به‌ناوی هێزی خه‌بات كه‌ شه‌هید عه‌لی عه‌سكه‌ری فه‌رمانده‌ی ئه‌و هێزه‌ بوو هه‌ر له‌ هه‌مان كاتیش مامۆستا عومه‌ر ده‌بابه‌ كه‌ فه‌رمانده‌ی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ بوو ئه‌ویش هه‌ر له‌ كه‌ركوك بوو، به‌ڵام ئه‌و هێزه‌ی له‌ به‌كره‌ جۆ بوو  تۆكمه‌ ترو پرچه‌كترو گه‌وره‌تر بوو. له‌هه‌مان كاتیش مام جه‌لال فه‌رمانده‌یی ده‌كردن و له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان ده‌ژیا ،    له‌درێژه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانی مام حه‌مید ره‌شاش  ئاماژه‌ به‌هه‌ندێك له‌و ناوانه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وكاته‌ له‌ وێ ئاماده‌بووینه‌ و له‌هه‌مان كات هه‌ندێكیان لێپرسراوه‌تیان هه‌بووه‌  ده‌ڵێ : بم بوورن ئه‌گه‌ر هه‌ندێك ناوم نه‌هێنابێ چونكه‌ به‌راستی ئه‌وانه‌ی ئێستا له‌و كاته‌دا له‌ بیرمن  كه‌  له‌ به‌كره‌جۆ بووین كۆمه‌ڵێك سه‌رلق و سه‌ر په‌ڵ هه‌بوون ئه‌وانه‌ی كه‌ناوه‌كانیانم له‌بیره‌ ئه‌وانه‌ن ( ئه‌حمه‌د عه‌بدولڵا كورده‌ كه‌ پیاوێكی زۆر  تێكۆشه‌ر بوو هه‌روه‌ها حه‌مه‌ی فه‌ره‌ج له‌هه‌مان كات وه‌كیلی مام جه‌لالیش بوو عه‌ریف مه‌حه‌مه‌د و سه‌یدتاهیرو كویخوا عه‌بدولڵاو كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێكی تر..)  به‌كره‌ جۆ باره‌گای سه‌ركردایه‌تیمان بوو ئیداره‌ی به‌كره‌ جۆ له‌ سێ به‌ش پێك هاتبوو ، به‌شی یه‌كه‌میان مالیه‌ بوو كه‌ كاك كه‌ریم جه‌وهه‌ر سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد هه‌روه‌ها  توفیقی مه‌لاسه‌دیقش لێپرسراوی به‌شی خوارده‌مه‌نی بوو منیش (حه‌مید ره‌شاش) لێپرسراوی ته‌قه‌مه‌نی بووم  هه‌روه‌ها لێپرسرا وی ئه‌ندام ناوچه‌كانیش ( ئه‌حمه‌د دادی ) بوو لێژنه‌یه‌كیش هه‌بوو بۆ دابه‌ش كردنی خانوو به‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ دا  . هه‌روه‌ها  مام حه‌مید ره‌شاش له‌درێژه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانی باس له‌ گۆرپانی مه‌شقی سه‌ربازی به‌كره‌جۆ ده‌كاو ده‌ڵێ :  ئێمه‌ گۆره‌پانێكی سه‌ربازی باشمان هه‌ بوو بۆ مه‌شقی سه‌ربازی  ئه‌وه‌بوو كۆمه‌ڵه‌ گه‌نجێك له‌ سڵێمانیه‌وه‌ هاتن بۆ ئێره‌ من مه‌شقی سه‌ربازیم پێ ده‌كردن له‌وانه‌ ی كه‌ له‌بیرم ماون ( حه‌مه‌ چاوشین ، شازاد سائیت ، روشدی عه‌لی سدیق ،نه‌وشیروان مسته‌فا ، گه‌ڵێكی تر ..) .   ئێمه‌ ماوه‌ی سێ ساڵ له‌به‌كره‌ جۆ ماینه‌وه‌ .     دوای سێ ساڵ به‌ بریارێكی مه‌كته‌بی سیاسی مام حه‌مید ره‌شاش ره‌وانه‌ی هه‌ولێرده‌كرێته‌وه‌  مام حه‌مید ره‌شاش له‌وێ ده‌بێته‌ فه‌رمانده‌ی هێزی هه‌ولێرو ده‌ڵێ :  من له‌ بریاره‌كه‌ سه‌ره‌تا به‌ فه‌رمانده‌ی هێزی هه‌ولێر ده‌ست نیشان نه‌كرابووم به‌ڵكو له‌بریاره‌كه‌ی مانگی هه‌شتی ساڵی 1969به‌ فرمانی مه‌كته‌بی سیاسی گۆزرابومه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر به‌پێ ی ئه‌م بریاره‌ من به‌ سه‌رپه‌شتیاری ئیداره‌و رێكخستنی هێزی هه‌ولێر له‌ شوێنی سه‌ید مه‌جید دانرا بووم هه‌ر له‌و نووسسراوه‌كه‌ هاتبوو شه‌هید دكتۆر خالید یش له‌ شوێنی مه‌لا عولا دانرابوو كرابوو به‌ فه‌رمانده‌ی هێزی هه‌ولێر . هه‌روه‌ها شێخ له‌تیف به‌رزنجیش كرابوو به‌ لێپرسراوی رێكخستنه‌كانی  هه‌وڵێر ، دیاره‌ هۆكاری ئه‌م ئاڵووگۆریه‌ش ئه‌وه‌بوو كه‌  مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ستی به‌ سستییه‌ك كردبوو له‌ ناوچه‌ی هه‌ولێربۆیه‌ ئه‌م بریاره‌ی دا ئه‌م ئاڵوگۆرییه‌ بكرێ، ئه‌وه‌بوو من  له‌گه‌ل سه‌ید مه‌جید ئالوگۆركاریمان پێكراو من له‌و رۆژه‌وه‌ من موچه‌ی مانگی نۆشم له‌گه‌ل خۆم بردبوو به‌سه‌ریانم دابه‌ش كرد . به‌پێ ی ئه‌و زانیاریانه‌ی من له‌ سه‌ید مه‌جیدم وه‌رگرتبوو ئه‌و هێزه‌ی هه‌ولێر په‌رش و بڵاوببۆوه‌  به‌سه‌ر ناوه‌چه‌كان بۆ نموونه‌ په‌لێك له‌ گوندی ته‌رجان  كه‌  ره‌شۆ سه‌ر په‌ڵ بوو  لقێك له‌ گوندی گه‌زنه‌ كه‌  جه‌وهه‌رگه‌زنه‌یی سه‌ر لقی بوو ، لقێك له‌ مه‌خمور بوو ئه‌حمه‌د مه‌حمود سه‌ر لقی بوو  ،  باقرت ، ،سه‌رگه‌ران ، بێستانه‌ ، ،په‌لكانه‌ . زۆری پێنه‌چوو شه‌هید دكتۆر خالیدیش هات و به‌ڵام ماوه‌یه‌كی كه‌م مایه‌وه‌ رۆیشت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بارو دۆخه‌كه‌ی به‌دڵ نه‌بوو گه‌رایه‌وه‌ بۆ به‌غدا ئه‌وه‌بوو ئیش و كاری فه‌رمانده‌ی هێزه‌كه‌  به‌  من راسپێردرا و منیش هێزه‌كه‌م كۆ كرده‌وه‌ وهه‌ر له‌سه‌ره‌تای هاتنم دژی شه‌ری برا كوژی بووم دژی ئاژاوه‌ نانه‌وه‌ش بووم  ئه‌وه‌بوو هێزه‌كه‌ی خۆمانم له‌ دوو شوێن كۆكرده‌وه‌ ، چه‌ند باره‌گایه‌كمان هه‌بوو له‌ناو هه‌ولێر چه‌ند باره‌گایه‌كمان له‌ گه‌ره‌كی كوران هه‌بوو  ، من هێزی سه‌ره‌كیم له‌ قوشته‌په‌ دانا  بنكه‌یكیشم له‌ بێستانه‌  دانا  به‌سه‌رپه‌رشتی شه‌هید محه‌مه‌د عه‌جه‌م هه‌روه‌ها له‌م ماوه‌یه‌  (محه‌مه‌د شێخه‌ شلی) وه‌كو یاریده‌ده‌ر هاوكارم بوو ئه‌و كاته‌ باره‌گای لق له‌ لای گۆرپانی ئێستای شێخ مه‌حمود نه‌مر بوو له‌هه‌ولێر  ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌هاتنی من هه‌ندێك سه‌رپه‌ڵ و سه‌ر لقه‌كانی هه‌ولێر نیگه‌ران  بوون  بۆیه‌ كار كردن بۆمن هه‌ر وا  ئا سا ن  نه‌بوو ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من فرمانه‌كانی حیزبم جێ به‌جێ ده‌كرد زۆر گوێم به‌و ناكۆكیانه‌ نه‌ده‌دا  ته‌نیا خه‌ریكی ئیش و كاره‌كانی خۆم بووم  ، ئه‌و ماوه‌ی له‌ هه‌ولێر بووم هیچ ناخۆشیه‌ك رووی نه‌دا هه‌ولێر ئارام بوو  دزی و جه‌ردیی و رێگری نه‌ما  ئه‌و كاته‌ كاك حه‌مه‌ده‌مین فه‌ره‌ج پارێزگاری هه‌ولێر بوو زۆر هاوكارمان بوو هه‌ر بۆیه‌ش سه‌ركه‌وتوو بووم .                          تاكو به‌یانی 11ی ئازار یه‌ك پۆلیسی عه‌ره‌ب له‌ شاره‌كانی كوردستان نه‌بوو . له‌باره‌ی به‌یانی 11ی ئلزاره‌وه‌ مام حه‌مید ره‌شاش بۆمان ده‌گیرته‌وه‌ ده‌ڵێ :  له‌ گه‌ل په‌یدابوونی ده‌نگۆی به‌یانی 11ی ئلزار بارو دۆخه‌كه‌ گۆرا هه‌ردولا هێزه‌كانمان خۆیان دوور گرتبۆوه‌ له‌ هه‌موو شه‌رو ئاژاوه‌یه‌ك ،تاكو به‌یانه‌كه‌ ی 11ی ئازار خوێنرایه‌وه‌ و له‌به‌یانه‌كه‌ هاتبوو كه‌ حوكمی زاتی به‌ گه‌لی كورد ده‌درێت ئێمه‌ زۆر دڵخۆش بووین ئه‌وه‌بوو من شێخ له‌تیف بروسكه‌ی پشتگیریمان ناردبۆ ئیزگه‌و ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك  ، به‌ڵام نه‌یان خوێنده‌وه‌ ، زۆری پێنه‌چوو پارێزگاره‌كانیان گۆری له‌ هه‌ولێر حه‌مه‌دئه‌مین فه‌ره‌جیان گۆری به‌ خالید عبدول حه‌لیم كه‌یه‌كێك بوو له‌ له‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حیزبی به‌عسی عه‌ره‌بی ئیشتراكی ، ئه‌وه‌بوو یاوه‌ری كاك (حه‌مه‌ده‌مین فه‌ره‌ج) مان كرد به‌ره‌و به‌غدا تاكو توزخوماتو له‌ گه‌لی بووین ، له‌كاتی گه‌رانه‌وه‌مان بۆهه‌ولێر له‌رێگا له‌بازگه‌ی پردی شێخ له‌تیف و كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكێك راوه‌ستابوون چاوه‌روانی پارێزگاری نوێیان ده‌كرد ئێمه‌ش له‌گه‌ل ئه‌وان ماینه‌وه‌ تاوه‌كو  له‌وێدا پێكه‌وه‌  پێشوازیمان له‌ خالید عه‌بدول حه‌لیم كردو هه‌ندێك پۆلیسی عه‌ره‌بی له‌گه‌ل بوون كه‌ یاوه‌ریان ده‌كرد  بۆ زانیاریتان له‌ پێش به‌یانی 11ی ئازار هیچ بنكه‌و باره‌گایه‌كی حیزبی به‌عس له‌ ناو شاره‌كانی كوردستان نه‌بوو ، ئه‌وه‌بوو له‌لای پردێ سه‌یاره‌كانیان راگرت و پۆڵیسه‌ عه‌ره‌به‌كان ده‌ستیان به‌ هۆسه‌ی عه‌ره‌بی كردو ده‌یان ووت ( جاكی جاكی حیزبی به‌عسی ئیشتراكی ) له‌ گه‌ل هاتنی ئه‌وان گرژیێه‌ك له‌ هه‌ولێر په‌یدابوو . هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانی به‌یاننامه‌كه‌ی 11ی ئازار ده‌بوا ئێمه‌ هێزه‌كانمان له‌ناو شاره‌كان ببینه‌ ده‌ره‌وه‌  ، ئه‌وه‌بوو هێزه‌كانی حكومه‌ت وویستیان شێخ له‌تیف بگرن و زیندانی بكه‌ن  ، به‌ڵام ئێمه‌ نه‌مان دا ده‌ست و هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێك ته‌قه‌ش كرا له‌نێوان ئێمه‌و هێزه‌كانی حكومه‌ت ، ئێمه‌ تێگه‌یشتین  كه‌ حكومه‌ت ده‌یه‌وێ هێزه‌كانی ئێمه‌ چه‌ك بكا بۆیه‌ هێزێكی عه‌سكه‌رییان هێنایه‌ ناو هه‌ولێر ئه‌وه‌بوو به‌ بریاری پارێزگار ده‌ورو به‌ری باره‌گاكانی ئێمه‌یان به‌هێزی عه‌سكه‌ری ده‌وره‌ دا داوای منیان كرد له‌گه‌ڵیان بچم  بۆلای پارێزگار منیش بۆ ئه‌وه‌ی هیچ روو نه‌دات له‌گه‌ڵیان چووم به‌ڵام ئه‌وان نیازیان خراپ بوو چونكه‌ له‌گه‌ل هاتنی ئه‌م هێزه‌ عه‌سكه‌رییه‌ هێلی ته‌له‌فۆنیشیان له‌سه‌ر بریبووین بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ل سه‌ركردایه‌تی هیچ په‌یوه‌ندێكمان نه‌مینێ ، بارو دۆخه‌كه‌ ته‌نیا له‌ هه‌ولێر به‌م جۆره‌ بوو ، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ خه‌ڵكیان هێنابووه‌ به‌رده‌رگای باره‌گاكانمان قسه‌ی ناشرین و جنێودان له‌ده‌وره‌مان ده‌سۆرانه‌وه‌  ئه‌وه‌بوو هه‌ركه‌ گه‌یشتمه‌ لای پارێزگار ئه‌و  زۆر به‌گه‌رمی پێشوازی لێكردم ئه‌وبوو زۆر بێ باك قسه‌م له‌ گه‌ل كرد و ئه‌و ووتی بارودۆخه‌كه‌ زۆر ناڵه‌باره‌ و من به‌گوێ ی سه‌رۆك جاشه‌كانم كرد كه‌ گوایه‌ ئێوه‌ په‌شێوه‌ی دروست ده‌كه‌ن بۆیه‌ ئێمه‌ هێزی عه‌سكه‌ریمان هێنایه‌ ناو شار  ، منیش ووتم هه‌رشتێك رووبدات تۆ به‌رپرسی یه‌كه‌می له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێزه‌كه‌ی ئێمه‌ هه‌مووی چه‌كدارن  ئه‌وه‌بوو خالید عه‌بدول حه‌لیم داوای یارمه‌تی كرد كه‌ پێكه‌وه‌ پلان دابنێین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌ كۆنترۆل بكه‌ین منیش ووتم ئێمه‌ خه‌تی ته‌له‌فۆنمان  نه‌ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ل سه‌ركردایه‌تی قسه‌بكه‌ین چونكه‌ من بریار له‌ سه‌ركردایه‌تی خۆم وه‌رده‌گرم ئه‌ویش گووتی باشه‌ هه‌رچی به‌ ئێمه‌ بكرێ ده‌یكه‌ین ، له‌و ده‌مه‌ته‌قه‌ی نێوان  من پارێزگاربه‌رێوه‌به‌ری پۆلیسیش حوسین شێروانی له‌وێ ئاماده‌ بوو گووتی كاك حه‌مید به‌راستی خراپمان به‌سه‌ر هاتووه‌  منیش له‌ وه‌ڵامدا  ووتم ئێمه‌ حیزبین له‌وه‌ش خراپترمان به‌سه‌رهاتووه‌ له‌ ناونه‌چووین ، ئه‌وه‌بوو ئه‌وێم به‌ جێهێشت كه‌ گه‌رامه‌وه‌ ته‌له‌فۆنه‌كانمان  كرابۆوه‌و منیش یه‌كسه‌ر په‌یوه‌ندیم به‌ مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كرد ئه‌ویش له‌ وه‌ڵام ووتی : له‌گه‌ل پارێزگار رێك بكه‌وه‌و هێزه‌كه‌ت ببه‌وه‌ بۆ به‌كره‌ جۆ ، له‌گه‌ل پارێزگار رێكه‌وتین (15) پانزه‌ لۆری سه‌ربازیمان بۆ هات هێزه‌كه‌مان برده‌ كه‌ركوك سێ  رۆژ له‌وێ ماینه‌وه‌ دوای چووین بۆ به‌كره‌ جۆ  . پارێزگار خالید عه‌بدول حه‌لیم   پیاوێكی ترسنۆك بوو  زۆر ده‌ترسا له‌وه‌ی له‌نێوان  هێزه‌كانی بارزانی هێزه‌كانی ئێمه‌ پێك دادان روو بدات ، چونكه‌ بارزانی واله‌گه‌ل حكومه‌ت  رێك كه‌وتبوو تاكوو هێزه‌كانی ئێمه‌ له‌شاره‌كان نه‌كشێته‌وه‌ هێزه‌كانی ئه‌وان ناێینه‌ ناو شاره‌كان  ئه‌وه‌بوو منیش هه‌ندێ چه‌كی زیادمان هه‌بوو له‌ مه‌شجه‌ب ته‌سلیمی پارێزگارمان كرد هێزه‌كانیشمان گه‌یشته‌   به‌كره‌ جۆ  و چووم بۆ به‌غدا موچه‌ بێنم بۆ هێزه‌كه‌ هه‌ركه‌ گه‌یشتمه‌ به‌غدا له‌وێش بێ متمانییه‌ك په‌یداببوو به‌ فه‌رمانده‌ی هێزه‌كان  ، ئێمه‌ له‌و كاته‌دا هێزێكمان  له‌ قه‌ڵادزێ بوو به‌ سه‌ركردایه‌تی شێخ عه‌بدوللای عه‌سكه‌ری ، ئه‌وه‌بوو مه‌كته‌بی سیاسی  منیان راسپارد كه‌ مووچه‌ی ئه‌و هێزه‌ ده‌بێ من بیبه‌م  ، ئه‌وه‌بوو من پاره‌كه‌م برد بۆ هێزه‌كه‌  و دابه‌شم كرد ئه‌وه‌بوو سێ هه‌زار دینار زیاد بوو ئه‌وه‌بوو پاره‌كه‌م راده‌ستی مامۆستا حولما كرد . كه‌ گه‌رامه‌وه‌ به‌كره‌ جۆ  هێزه‌كه‌ بڵاوه‌ی‌ پێكرابوو  ته‌نیا هێزێكی  كه‌م له‌وێ مابۆوه‌  یه‌كسه‌ر ئه‌و هێزه‌مان به‌ بریاری مه‌كته‌بی سیا سی  بۆ كه‌لار گواسته‌وه‌ له‌وێدا واته‌ له‌ به‌كره‌ جۆ به‌رێز مام جه‌لال ووتارێكی به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزدا خه‌ڵكه‌كه‌ داوای لێكرد كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌ ووته‌ی هه‌بێ ئه‌ویش باسی ده‌قی به‌یانامه‌كه‌ی كردوو گووتی به‌یانامه‌كه‌ باس له‌ ئۆتۆنۆمی ده‌كا دیاره‌ ئێمه‌ش هه‌ر دواوای ئۆتۆنۆمیمان كردووه‌ له‌م كاته‌دا بۆ وا باشه‌ هیچزه‌كانمان له‌گه‌ل باڵی بارزانی یه‌ك  بخه‌ینه‌وه‌   ،   ئه‌وه‌بو هێزه‌كه‌ی به‌كره‌جۆ  گوێزرایه‌وه‌ بۆ كه‌لار به‌ فه‌رمانده‌ی مه‌لا عوڵا پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م  ئه‌و هێزه‌ی كه‌لاریش بڵاوه‌ی پێكراو ، ئێمه‌ش گه‌راینه‌وه‌ شاری به‌غداو هه‌ركه‌سه‌ گه‌رایه‌وه‌ سه‌ر كارو وه‌زیفه‌ی خۆمان .


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7320
21/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌یمار هه‌رگیز ناچێته‌ پاریس سانجێرمان 20/7/2017
‌ جۆ هارت چووه‌ وێستهام 20/7/2017
زانست
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017
‌ لە بارەی ڕێکخراوی ״کوردستان فۆتۆ״ 21/7/2017
‌ رەسوڵ خوڕڕەم: ده‌مه‌وێ به‌ فۆتۆ جوانییەکانی کوردستانێکی ئارام پێشانی ئه‌وروپیەکان بدەم 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP