یه‌كێتی‌ و گۆڕان، پێشوازی‌ له‌ بڕیاری‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هاوبه‌ش ده‌كه‌ن
یه‌كێتی‌ و گۆڕان، پێشوازی‌ له‌ بڕیاری‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هاوبه‌ش ده‌كه‌ن ‌ 16/7/2017
راپۆرتی‌/ مه‌ریوان عه‌بدوڵڵا
كه‌ناڵی‌ كوردسات نیوز
بڕیاره‌ له‌ داهاتوویه‌كی‌ نزیكدا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌چوارچێوه‌ی‌ هه‌نگاوه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ نێوانیان، هاوپه‌یمانی‌ فراكسیۆنه‌كانیان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق‌و په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێم رابگه‌یه‌نن، ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان‌و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان له‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان پێشوازیی له‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌كه‌ن‌و پێیان وایه‌ ئه‌م بڕیاره‌ سه‌ره‌تایه‌كی‌ نوێ ده‌بێت بۆ كارو پڕۆژه‌ی‌ هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردوو لادا.
پێشوازی له‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ ده‌كرێت
له‌دوای كۆبوونه‌وه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هاوبه‌شی یه‌كێتی‌‌و بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، بڕیار له‌سه‌ر یه‌كخستن‌و هاوپه‌یمانێتی‌ نێوان فراكسیۆنه‌كانی‌ هه‌ردوولا درا له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق‌و په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان، به‌وه‌ش یه‌كێتی‌‌و گۆڕان هه‌نگاوێكی‌ تریان به‌ره‌و جێبه‌جێكردنی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ نێوانیان نا، لێپرسراوانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان پێشوازی‌ له‌بڕیاری‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ ده‌كه‌ن‌و بۆچوونیان وایه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ جگه‌ له‌ گرنگییه‌كه‌ی‌ بۆ دۆخی‌ ئێستا، به‌ره‌وپێشچوونێكی‌ نوێ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و گۆڕان دێته‌ ئاراوه‌.
گوڵستان سه‌عید ئه‌ندامی‌ جڤاتی‌ نیشتمانیی بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان سه‌باره‌ت به‌و بڕیاره‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هاوبه‌شی یه‌كێتی‌‌و گۆڕان له‌ لێدوانیدا بۆ كه‌ناڵی‌ كوردسات نیوز وێڕای‌ ستایشكردنی‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی‌ هه‌ردوولا بۆ پێكهێنانی‌ فراكسیۆنی‌ هاوبه‌ش، رایگه‌یاند: ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ڵگه‌ی‌ په‌رۆشی‌و خه‌مخۆری سه‌ركردایه‌تی‌ هه‌ردوولایه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ خاڵه‌كانی‌ رێكه‌وتننامه‌ی‌  17ی‌ ئایاری‌ ساڵی‌ 2016‌، وتی‌: به‌بڕوای‌ من یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ فراكسیۆنه‌كان جۆرێك له‌ ئومێد به‌خشینه‌ به‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵك، بۆیه‌ ته‌مه‌ننا ده‌كه‌م سه‌ركردایه‌تی‌ هاوبه‌ش درێژه‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ نێوانیان بده‌ن‌و هه‌نگاوه‌كانیان خێراتر بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانن خواسته‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌دیبهێنن، به‌تایبه‌تی‌ له‌ چاره‌سه‌ری‌ بژێوی‌ خه‌ڵك‌و ده‌ربازكردنیان له‌ نه‌هامه‌تی‌‌و ناهه‌مواری‌‌و برسێتی‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێكی‌ تر ئومێد به‌ خه‌ڵك ببه‌خشنه‌وه‌ بۆ ژیان.
هه‌نگاوێكی‌ گرنگه‌
لای‌ خۆشیه‌وه‌ به‌هار مه‌حمود ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان سه‌باره‌ت به‌و هه‌نگاوه‌ به‌رچاوه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هاوبه‌شی یه‌كێتی‌‌و گۆڕان رایگه‌یاند: ئه‌وه‌ هه‌نگاوێكی‌ گرنگه‌ به‌ئاراسته‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و گۆڕان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌بڕگه‌و خاڵه‌كانی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ بده‌ین ئه‌وا ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ جێبه‌جێكردنی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ به‌ خه‌باتی‌ په‌رله‌مانی‌ ده‌بێت، خه‌باتی‌ په‌رله‌مانیش به‌فراكسیۆنه‌كان ده‌كرێت، یه‌كخستنی‌ فراكسیۆنه‌كان به‌شێكی‌ زۆری‌ جێبه‌جێكردنی‌ رێكه‌وتننامه‌كه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ كارێكی‌ زۆر باشه‌و پێویسته‌ په‌له‌ بكرێت له‌و هاوپه‌یمانێتییه‌.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان وه‌كو په‌رله‌مانتارانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌هه‌ردوو فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌یان كردووه‌ و به‌شێكی‌ زۆری‌ ئیش‌و كاره‌كانی‌ په‌یوه‌ست به‌ یه‌كخستنی‌ فراكسیۆنه‌كان‌و پێكهێنانی‌ ئیئتیلافه‌كه‌یان ته‌واوكردووه‌، له‌ ئێستاشدا به‌شێكی‌ كه‌می‌ ماوه‌ و پێشبینی‌ خۆشی‌ له‌وه‌ ده‌ربڕی كه‌ به‌یه‌ك دوو دانیشتنی‌ داهاتووی‌ نێوانیان بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێكی‌ باش كه‌ هه‌موان دڵخۆش بن پێی.
سه‌ره‌تایه‌كی‌ نوێیه‌ بۆ كارو پڕۆژه‌ی‌ هاوبه‌ش
 یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش پێشوازی‌ له‌و بڕیاری‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هاوبه‌ش كرد بۆ یه‌كخستنی‌ فراكسیۆنه‌كانی‌ هه‌ردوولا، ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان له‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ سه‌ره‌تایه‌كی‌ نوێ ده‌بێت بۆ كارو پڕۆژه‌ی‌ هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردوولادا.
ته‌لار له‌تیف په‌رله‌مانتاری‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ لێدوانێدا بۆ كه‌ناڵی‌ كوردسات نیوز رایگه‌یاند: بڕیاری‌ یه‌كخستنی‌ فراكسیۆنه‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان هه‌نگاوێكی‌ جدییه‌ به‌ ئاراسته‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ بڕگه‌كانی‌ نێو رێكه‌وتننامه‌كه‌ی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و گۆڕان، جه‌ختی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان وه‌كو فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان هه‌نگاوێكی‌ جدیان بۆ ئه‌و ئامانجه‌ ناوه‌و چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ كراوه‌ و ته‌نانه‌ت لیژنه‌شی بۆ پێكهێنراوه‌ بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو فراكسیۆنه‌كه‌، هیواشی خواست درێژه‌ به‌كۆبوونه‌وه‌كانی‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌زووترین كات ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ی‌ كه‌ دانراوه‌ بۆ یه‌كخستنه‌وه‌، كاری‌ له‌سه‌ر بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ وه‌كو یه‌ك فراكسیۆن یه‌ك ده‌نگ‌و یه‌ك ره‌نگ كار بكه‌ن، بۆ پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ یاساكاندا.
گۆڕینی‌ هاوسه‌نگی‌
هه‌روه‌ها رێكه‌وت زه‌كی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتیش رایگه‌یاند: ئه‌و هه‌نگاوه‌ بڕیاری‌ گرنگه‌ له‌سه‌ر ئاسته‌كانی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و په‌له‌مانی‌ كوردستان‌و ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق، چونكه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ سه‌نگ‌و قورسایی خۆی‌ هه‌یه‌و رۆڵی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌بێت له‌گۆڕینی‌ هاوسه‌نگی‌.
بڕیاری‌ یه‌كخستنی‌ فراكسیۆنه‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان له‌كاتێكدایه‌ كه‌ كادرانی‌ هه‌ردوولا كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌گه‌ر رێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ نێوانیان وه‌كو خۆی‌ جێبه‌جێبكرێت، ئه‌وا به‌شێكی‌ زۆر له‌قه‌یران‌و كێشه‌كانی‌ ئێستا چاره‌سه‌ر ده‌كرێن‌و قۆناغێكی‌ نوێش له‌ژیانی‌ سیاسیی‌و حوكمڕانی‌ له‌ باشووری‌ كوردستان ده‌ستپێده‌كات.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP