فه‌تحوڵڵا گیوله‌ن باسی‌ كوده‌تاكه‌ی‌ 2016ی‌ توركیا ده‌كات
له‌دوایین دیمانه‌ی‌ رۆژنامه‌وانیدا فه‌تحوڵڵا گیوله‌ن باسی‌ كوده‌تاكه‌ی‌ 2016ی‌ توركیا ده‌كات ‌ 31/7/2017
كوردستانی‌ نوێ‌- ره‌وته‌كان 

فه‌تحوڵڵا گیوله‌ن ده‌ڵێت، چاوی‌ به‌ یه‌كێك له‌و پیاوانه‌ كه‌وتووه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی‌ هاوینی‌ رابردووه‌وه‌ هه‌بوو كه‌ بۆ روخاندنی‌ حوكمی‌ سه‌رۆك ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ئه‌نجامدرا، به‌ڵام ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ده‌ستی‌ له‌ كوده‌تاكه‌دا هه‌بووبێت. 
 فه‌تحوڵڵا گیوله‌ن سه‌رۆكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ خزمه‌ت و بانگخوازی‌ توركی‌ كه‌ ئێستا له‌ ولایه‌تی‌ بن سلڤانیای‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان نیشته‌جێیه‌، له‌ دوایین دیمانه‌ی‌ رۆژنامه‌وانی‌ له‌گه‌ڵ ئاژانسی‌ (فرانس 24) رایگه‌یاند:» چاوی‌ به‌ یه‌كێك له‌و پیاوانه‌ كه‌وتووه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی‌ 15ی‌ ته‌مموزی‌ 2016وه‌هه‌بوو كه‌ بۆ روخاندنی‌ حوكمی‌ سه‌رۆك ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ئه‌نجامدرا، به‌ڵام له‌و كاره‌دا تێوه‌نه‌گلاوم»داوای‌ پێكهێنانی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تیشی‌ كرد كه‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانی‌ ئه‌وروپایی‌ و دادگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ تاوانه‌كان و هاوپه‌یمانی‌ ناتۆ له‌خۆبگرێت. 
گیوله‌ن كه‌ 18 ساڵه‌ له‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان نیشته‌جێیه‌ ده‌ڵێت:»نازانم ئه‌و فه‌رمانده‌ سه‌ربازیانه‌ كێن و پله‌ی‌ سه‌ربازییان چی‌ بووه‌ كه‌ به‌شدارییان له‌ كودتاكه‌ی‌ هاوینی‌ رابردوودا كرد، بۆیه‌ پێموایه‌ نه‌ دۆناڵد تره‌مپ و نه‌ هیچ سه‌رۆكێكی‌ ئه‌مریكایی‌، كۆماریی‌ بێت یان دیموكراتی‌، سه‌ركێشی‌ به‌وه‌ بكات ناوبانگی‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ جیهاندا له‌كه‌داربكات و بكه‌وێته‌ ژێر فشار و داواكارییه‌ نه‌شیاوه‌كانی‌ سه‌رۆك ئه‌ردۆغانه‌وه‌». 

فه‌تحوڵڵا گیوله‌ن ره‌تیكرده‌وه‌ هه‌ست به‌ هیچ نیگه‌رانییه‌ك بكات به‌رانبه‌ر به‌ ئه‌گه‌ری‌ ناردنه‌وه‌ی‌ بۆ توركیا وه‌ك ئه‌نقه‌ره‌ داوای‌ ده‌كات و ده‌ڵێت، هه‌رگیز له‌ ته‌یب ئه‌ردۆغانی‌ سه‌رۆكی‌ ئێستای‌ توركیاوه‌ نزیك نه‌بووه‌ و پشتیوانی‌ نه‌كردووه‌ كه‌ «هه‌وڵ ده‌دات له‌ڕێی‌ تۆمه‌تباركردنمان به‌ تێوه‌گلان له‌ كوده‌تاكه‌ و لاوازكردنمان، خۆی‌ زیاتر به‌هێز بكات». 
گیوله‌ن، داوای‌ پێكهێنانی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تیش ده‌كات  و ده‌ڵێت:»گه‌ر ئه‌و لیژنه‌یه‌ په‌یوه‌ندی‌ ئێمه‌یان سه‌لماند به‌ كوده‌تاكه‌ی‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌، ئاماده‌م به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌ ئه‌مریكا به‌جێبهێڵم». 

ده‌قی‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ 
فرانس 24: ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی‌ توركیا ده‌ڵێت، به‌ڵگه‌ی‌ ته‌واوی‌ له‌به‌رده‌سته‌ كه‌ ده‌یسه‌لمێنن، ئێوه‌ نه‌خشه‌تان بۆ كوده‌تاكه‌ی‌ 15ی‌ ته‌مموزی‌ 2016 داڕشتووه‌ له‌ توركیا، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكاش په‌یوه‌ندییه‌كی‌ توندوتۆڵی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان هه‌یه‌ كه‌ به‌ هاوپه‌یمانێكی‌ به‌هێزی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ داده‌نێت، له‌و بڕوایه‌دایت له‌ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌ودا راده‌ستی‌ توركیا بكرێیته‌وه‌؟ 
فه‌تحوڵڵا گیوله‌ن: له‌و بڕوایه‌دا نیم ئه‌و هاوپه‌یمانی‌ و لێكنزیكبوونه‌وه‌یه‌ ببێته‌ مایه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ راسته‌قینه‌، چونكه‌ به‌چاوپۆشین له‌وه‌ی‌ كه‌ سه‌رۆك تره‌مپ چۆن بیرده‌كاته‌وه‌، پێموانییه‌ نه‌ تره‌مپ نه‌ هیچ سه‌رۆكێكی‌ تری‌ ئه‌مریكایی‌، كۆماریی‌ بێت یان دیموكراتی‌، سه‌ركێشی‌ به‌وه‌وه‌بكات ناوبانگی‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ جیهاندا له‌كه‌داربكات و بكه‌وێته‌ ژێر فشار و داواكارییه‌ نه‌شیاوه‌كانی‌ سه‌رۆك ئه‌ردۆغانه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ست به‌ هیچ نیگه‌رانییه‌ك ناكه‌م به‌رانبه‌ر به‌ ئه‌گه‌ری‌ ناردنه‌وه‌م بۆ توركیا وه‌ك ئه‌نقه‌ره‌ داوای‌ ده‌كات. 
سه‌رله‌نوێ‌ دووباره‌ی‌ ده‌كه‌مه‌وه‌، داواكارم له‌ ئه‌ردۆغان لیژنه‌یه‌كی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كه‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانی‌ ئه‌وروپایی‌ و دادگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ تاوانه‌كان و هاوپه‌یمانی‌ ناتۆ پێكبهێنێت، ئه‌و لیژنه‌یه‌ له‌ ورده‌كارییه‌كانی‌ رووداوه‌كان بكۆڵنه‌وه‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا كۆتایی‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و لیژنه‌یه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ئێمه‌یان سه‌لماند به‌ كوده‌تاكه‌ی‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌، ته‌نانه‌ت گه‌ر به‌ڵگه‌یه‌كی‌ بچوكیش بێت، ئاماده‌م  ده‌ستبه‌جێ‌ بلیتی‌ جێهێشتنی‌ ئه‌مریكا بكڕم و به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌ وڵاته‌كه‌ به‌جێبهێڵم. 
فرانس 24: باستان له‌ قه‌باره‌ی‌ راودونان و شوێنكه‌وتنی‌ حكومه‌تی‌ توركیا كردووه‌ بۆ ئێوه‌، به‌ڵام كاروباره‌كان به‌رده‌وام به‌مشێوه‌یه‌ نه‌بوون له‌نێوان ئێوه‌ و سه‌رۆك ئه‌ردۆغان، ئێوه‌ پێش پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هاوپه‌یمان بوون، به‌ڵام ئێستا بونه‌ته‌ دوژمنی‌ ژماره‌ یه‌ك، ئایا ئه‌وه‌ هه‌ستی‌ هه‌ردوولایه‌ به‌رانبه‌ر به‌یه‌كتر، چی‌ رویدا؟ 
فه‌تحوڵڵا گیوله‌ن: من هه‌رگیز ته‌ماشای‌ هیچ كه‌سێك ناكه‌م وه‌ك دوژمن، هه‌ستی‌ رق و كینه‌ و تۆڵه‌كردنه‌وه‌م نییه‌ به‌رانبه‌ر به‌ ئه‌و كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌و وانه‌بێت، بۆنمونه‌ ئاگارم كرده‌وه‌ له‌باره‌ی‌ باشترین شێواز بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كورده‌كان و بۆم نوسی‌ و قسه‌م له‌گه‌ڵ كرد كه‌ بۆردومان و گرتنه‌به‌ری‌ رێوشوێنی‌ سه‌ربازی‌ توند، نابنه‌ مایه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ گه‌لی‌ كورد ببێته‌ گه‌لێكی‌ گوێڕایه‌ڵ بۆ حكومه‌ت، من به‌ ته‌واوه‌تی‌ پیاوێكی‌ سیاسی‌ نیم، هه‌رگیز لایه‌نگر و كه‌سێكی‌ نزیك نه‌بووم له‌ ئه‌ردۆغانه‌وه‌، دوو یان سێ‌ جار چاوم پێی‌ كه‌وتووه‌، جارێكیان پێش دامه‌زراندنی‌ حزبه‌كه‌ی‌ بوو، هاته‌ لام و داوای‌ ئامۆژگاریی‌ كرد له‌باره‌ی‌ پێكهێنانی‌ حزبه‌كه‌ی‌، منیش بیروڕاكانی‌ خۆمم له‌باره‌ی‌ حزبه‌كه‌یه‌وه‌ بۆ خسته‌ڕوو، جاری‌ دووه‌م  له‌كاتی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ یارییه‌كی‌ خێرخوازیی‌ بوو له‌پێناو بۆسنه‌، هاته‌ ته‌نیشتمه‌وه‌ و چه‌ند وێنه‌یه‌كیان پێكه‌وه‌ گرتین، دواتر ئه‌و وێنانه‌ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌كانه‌وه‌ وه‌ها به‌كارهاتن كه‌ ئێمه‌ دوو هاوڕێی‌ نزیكی‌ یه‌كترین، هه‌رگیز به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بوو، ئه‌و لێكنزیكبوونه‌وه‌یه‌ له‌نێوانماندا نه‌بوو، به‌ڵام به‌هۆی‌ نزیكبوونه‌وه‌یان بۆ پێكهاتن، پێده‌چێت به‌ هه‌ندێك دۆسته‌كانمانیان گوتبێت كه‌ ده‌نگی‌ پێبده‌ین، ئێمه‌ش به‌پێی‌ رێنماییه‌ ئیسلامییه‌كان گوتمان له‌نێوان دوو خراپدا ئه‌م باشترینیانه‌.              
فرانس 24: ئێوه‌ ده‌ڵێن ئێمه‌ پیاوێكی‌ سیاسی‌ نین، به‌ڵام حكومه‌تی‌ توركیا ده‌ڵێت، ئێوه‌ هانی‌ ئه‌و سه‌ركرانه‌تان داوه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ مه‌یدانی‌ به‌شدارییان له‌ كوده‌تاكه‌دا كرد و ئه‌وه‌یان كرد كه‌ كردیان، با رۆشنتربین له‌گه‌ڵ یه‌كدی‌ ئایا ئێوه‌ په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ ئه‌واندا هه‌بوو، یان به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان پشتیوانیتان لێكردوون؟ 
فه‌تحوڵڵا گیوله‌ن: گه‌ر تۆمه‌تی‌ وه‌هامان رووبه‌ڕووده‌كرێته‌وه‌، ده‌بێت تۆمه‌ته‌كان بسه‌لمێنرێن، ئێمه‌ 18 ساڵه‌ له‌ ئه‌مریكاین، نازانم ئه‌و سه‌رباز و ئه‌و سه‌ركردان كێن و پله‌ی‌ سه‌ربازییان چییه‌، یان ئایا گوێ‌ بۆ ئێمه‌ ده‌گرن یان نا، هه‌ندێكیان له‌وه‌ده‌چێت ئێمه‌ بناسن، چونكه‌ له‌ مزگه‌وت و كۆنگره‌كاندا وتار و رێنمایی‌ ئاینیمان پێشكه‌ش كردووه‌. 
فرانس 24: ئێوه‌ ده‌ڵێن 18 ساڵه‌ له‌ ئه‌مریكا ده‌ژین، له‌كاتێكدا له‌ كوده‌تاكه‌ی‌ توركیادا زیاتر له‌ 200 كه‌س كوژران، له‌ پرۆسه‌كانی‌ پاككردنه‌وه‌ی‌ داموده‌زگاكانیشدا زیاتر له‌ 150 هه‌زار كه‌س كاروپیشه‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ زیاتر له‌ 500 هه‌زار كه‌س ده‌ستگیركراون، له‌نێوان ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ئێمه‌ چاومان پێیان كه‌وتووه‌، زۆرترینیان ئه‌وانه‌ن كه‌ شوێنكه‌وتوانی‌ گیوله‌نن، له‌ئێستاشدا زۆرێك له‌و قوربانیانه‌ خه‌ریكی‌ رێكخستنی‌ گردبوونه‌وه‌ن و داوای‌ مافه‌كانیان و داوای‌ دادپه‌روه‌ریی‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام لایه‌نگرانی‌ ئێوه‌ له‌نێوان ئه‌وانه‌دا نین، ئێوه‌ وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌ك، بۆچی‌ ستراتیژێكتان بۆ مانه‌وه‌یان فه‌راهه‌م نه‌كردووه‌؟
فه‌تحوڵڵا گیوله‌ن: ئه‌وان هیچ كارێكی‌ توندوتیژییان ئه‌نجام نه‌داوه‌، هیواخوازیشم له‌سه‌ر ئه‌و رێڕه‌وه‌ به‌رده‌وامبن، من ناتوانم هیچیان پێڕابگه‌یه‌نم، چونكه‌ حكومه‌ت هه‌موو ئه‌و ئامرازانه‌ی‌ په‌یوه‌ندیكردنی‌ بڕیوه‌ كه‌ ده‌متوانی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان لێوه‌ ئه‌نجام بده‌م، حكومه‌ت هه‌موو ئامرازه‌كانی‌ پێكگه‌یشتنی‌ بڕیوه‌، هه‌موو رۆژنامه‌ و كه‌ناڵه‌ ته‌له‌ڤیزیۆنییه‌كانیان داخستووه‌، ته‌نیا ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی‌ بانگه‌شه‌ بۆ بیروبۆچوونه‌كانی‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن رێگه‌ی‌ كاركردنیان پێدراوه‌، بۆیه‌ ئه‌وان له‌وێوه‌ ده‌توانن رای‌ گشتی‌ دابڕێژن و ئاراسته‌ی‌ بكه‌ن. 
فرانس 24: له‌ ریزه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆندا به‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سكۆلاریزمیشه‌وه‌، هیچ هاوسۆزییه‌ك به‌دینه‌كرا به‌رانبه‌ر به‌ شوێنكه‌وتوانی‌ ئێوه‌، گوترا شوێنكه‌وتوانتان ئه‌وه‌ ده‌چننه‌وه‌ كه‌ چاندویانه‌، ده‌گوترێت ئه‌وان بۆ پێنج ساڵ ده‌چێت له‌نێو ده‌زگاكانی‌ حكوومه‌تدا بڵابوونه‌ته‌وه‌ هه‌ر له‌ ده‌زگاكانی‌ ئاسایشه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ و دادوه‌ریی‌ و له‌و بوارانه‌دا كارییان كردووه‌ و خه‌ڵكیان ئازارداوه‌، بۆیه‌ له‌مڕۆدا هیچ هاوسۆزییه‌ك له‌لایه‌ن گه‌لی‌ توركیاوه‌ به‌رانبه‌ریان به‌دی‌ ناكرێت، وڵامتان بۆ ئه‌م قسانه‌؟ 
فه‌تحوڵڵا گیوله‌ن: حزبی‌ فه‌رمانڕوا رێگه‌ی‌ بۆ دادگایی‌ كردنی‌ ئه‌فسه‌رانی‌ سوپا خۆش كرد، كاتێك ئه‌ردۆغان سه‌رۆك وه‌زیران بوو، به‌ ئاشكرا گوتی‌ كه‌ خۆی‌ داواكاریی‌ گشتییه‌، ده‌شگوترێت هه‌ر خۆی‌ داوای‌ كردووه‌، سوپا سالار زیندانی‌ بكرێت، له‌ڕێی‌ ئه‌و كاره‌وه‌ هه‌وڵیداوه‌ هه‌ڵسوكه‌وت به‌ سوپاوه‌ بكات، دوای‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌ستیكرد به‌ به‌ئامانجگرتنی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌م، بۆچی‌ ئه‌و كاره‌ی‌ كرد، چه‌ند هۆكارێك هه‌یه‌، یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ خوێندنگه‌ و دامه‌زراوه‌ی‌ له‌ زۆرێك له‌ وڵاتاندا هه‌یه‌، ده‌سته‌ی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ش گوێڕایه‌ڵی‌ ئه‌و فه‌رمانانه‌ نابێت كه‌ ئه‌ردۆغان ده‌ریان ده‌كات، ئه‌و ده‌یوست وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌ك له‌ جیهانی‌ ئیسلامی‌ یان وه‌ك خه‌لیفه‌ دابنرێت، به‌ڵام له‌ هه‌ڵوێستی‌ ئێمه‌ تێنه‌گه‌یشت و ده‌ستیكرد به‌ راوه‌دونانی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌مان و بڕواشی‌ به‌و كاره‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌نجامی‌ ده‌دات. 
فرانس 24: جه‌نابی‌ گیوله‌ن، با بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ژیانی‌ په‌نهانی‌ و ئاڵۆزی‌ ئێوه‌ لێره‌ له‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، تۆ لێره‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ خۆت بشارییه‌وه‌ له‌ چیاكاندا ده‌ژی‌، و بزوتنه‌وه‌كه‌شت خاوه‌نی‌ رۆژنامه‌ و خوێندنگه‌ و كاروباریی‌ بازرگانییه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ پشتیوانی‌ له‌ بزوتنه‌كه‌ی‌ فه‌تحوڵڵا گیوله‌ن ده‌كه‌ن، به‌ڵام هیچ لایه‌نێك له‌و لایه‌نانه‌ هه‌ڵگری‌ ناوی‌ ئێوه‌ نین، ئه‌و كه‌موكورتییه‌ له‌ به‌رچاوڕوونی‌ بۆچی‌ و بۆچی‌ ئێوه‌ لێره‌ خۆتان شاردووه‌ته‌وه‌؟ 
فه‌تحوڵڵا گیوله‌ن: ئه‌وه‌ی‌ گومانی‌ له‌ به‌رچاڕوونی‌ ئێمه‌ هه‌یه‌، پێیان ده‌ڵێم فه‌رموون لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ن له‌ هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌ك كه‌ گومانتان له‌سه‌ر هه‌یه‌، هه‌ر لایه‌نێك ده‌یه‌وێت هه‌ر له‌ هه‌واڵگرییه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ نوسینگه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ فیدراڵییه‌كان بۆی‌ هه‌یه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بكات له‌و دامه‌زراوانه‌. 
من چاوم به‌ ئه‌ندامانی‌ كۆنگرێس كه‌وت، كاتێك وه‌ڵامم دانه‌وه‌، پێیان راگه‌یاندم كه‌  وه‌ڵامه‌كان بۆ ئه‌وان به‌س بووه‌ له‌ بواری‌ به‌رچاوڕوونی‌، كاره‌كه‌م په‌یوه‌ندی‌ به‌ منه‌وه‌ نییه‌، لێره‌ كاره‌كان نه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ به‌رچاوڕونییه‌وه‌ نه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ نهێنییه‌وه‌ هه‌یه‌. 
كاروباره‌كان په‌یوه‌ندییان به‌ كه‌سی‌ منه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ راوبۆچوونه‌كانم ده‌خه‌مه‌ڕوو و پێموایه‌، په‌روه‌رده‌ باشترین رێگه‌چاره‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، بۆ ده‌یان ساڵه‌ ئه‌م قسانه‌ ده‌كه‌م، ئه‌وانه‌ی‌ بڕواشیان به‌م بۆچوونه‌ هه‌یه‌، له‌ زیاتر له‌ 170 وڵاتدا خوێندنگه‌كانیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ كردووه‌ته‌وه‌، رێژه‌ی‌ سفر پۆینت یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ ناناسم، به‌ڵام ئه‌وان من ده‌ناسن و ئه‌وه‌ش شتێكی‌ نهێنی‌ نییه‌، ئه‌وانه‌ی‌ ده‌ڵێن لێره‌ كاروباره‌كان په‌یوه‌ندییان به‌ نهێنی‌ و به‌رچاوڕونییه‌وه‌ هه‌یه‌، با بفه‌رموون و لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ن. 

فرانس 24: پێشبینی‌ و راپۆرتێكی‌ زۆر له‌سه‌ر ئێوه‌ و بزوتنه‌وه‌كه‌تان ده‌رچووه‌، كه‌ زۆربه‌یان به‌ تیره‌ و تایه‌فه‌یه‌كی‌ لاده‌ر یان بیدعه‌یه‌ك له‌ بیدعه‌كان وه‌سفتان ده‌كه‌ن، ئایا ئێوه‌ به‌ڕاستی‌ سه‌ركرده‌ی‌ تایه‌فه‌یه‌كی‌ لاده‌رن؟ 
فه‌تحوڵڵا گیوله‌ن: نێرجسی‌ نیم و بۆ ئه‌وه‌ هه‌وڵناده‌م خه‌ڵكی‌ عاشقی‌ من ببن و خۆشیان بوێم، من خۆم به‌ به‌نده‌یه‌كی‌ زه‌لیل ده‌بینم و ده‌توانم  ته‌نیا به‌ به‌زه‌یی‌ و لێبورده‌یی‌ خوداوه‌ند، خۆم له‌ ئاگری‌ دۆزه‌خ رزگاربكه‌م، من كه‌سێكی‌ لێكه‌وته‌ و هه‌ژارم. 
فرانس 24: بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌، زۆرێك له‌ توركه‌كان داوایان لێكردم ئه‌م پرسیاره‌تان لێبكه‌م، تائێستا كه‌یسی‌ حكومه‌ت پێداگری‌ له‌سه‌ر تاكه‌ كه‌سێك ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ناوی‌ «عادل ئۆكسوس»ه‌، حكومه‌ت ده‌ڵێت ئه‌و كه‌سه‌ پیاوێكی‌ ئاینییه‌وه‌ و سه‌ر به‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی‌ ئێوه‌یه‌ و له‌ پشت كوده‌تاكه‌وه‌ بووه‌، له‌ شه‌وی‌ كوده‌تاكه‌دا له‌ نزیك یه‌كێك له‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌ستگیركرا، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م زیندانی‌ كرا  له‌ دواتردا ئازادكرا، له‌و ده‌مه‌وه‌ دیارنه‌ماوه‌. 
حكومه‌ت ده‌ڵێت، ئه‌و پیاوه‌ به‌ر له‌ كوده‌تاكه‌ چاوی‌ به‌ ئێوه‌ كه‌وتووه‌ له‌ ئه‌مریكا، ئێوه‌ عادل ئۆكسوس ده‌ناسن و پێش كوده‌تاكه‌ یه‌كترتان بینیوه‌؟ 
فه‌تحوڵڵا گیوله‌ن: له‌رابردوودا عادل ئۆكسوس له‌و نێوه‌ندانه‌دا خوێندویه‌تی‌ كه‌ سه‌ر به‌ ئێمه‌ بوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ كوده‌تاكه‌وه‌ هه‌یه‌، من هیچی‌ له‌باره‌وه‌ نازانم، چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر هاته‌ ئێره‌ بۆلام، دواتر له‌ میدیاكاندا وێنه‌یه‌ك بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ تێیدا منداڵه‌كه‌یم له‌باوه‌ش كردووه‌، ئه‌و كاره‌ سه‌دان كه‌س ده‌یكه‌ن و وێنه‌م له‌گه‌ڵ ده‌گرن و پاشان وێنه‌كه‌ وابه‌سته‌ی‌ شتی‌ تر ده‌كه‌ن. 
سه‌رۆك عه‌بدوڵڵا گول به‌ر له‌وه‌ی‌ ببێته‌ سه‌رۆك یان سه‌رۆك وه‌زیران سه‌ردانی‌ كردم، كاتێكیش قسه‌ له‌سه‌ر عادل ئۆكسوس ده‌كه‌ین، ئه‌و له‌شوێنێك ده‌ستگیركرا و پاشان ئازادكرا، دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ ره‌نگه‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ هه‌واڵگری‌ توركی‌ هه‌بوبێت. 
هاكان فیدان سه‌رۆكی‌ هه‌واڵگری‌ توركیاش دووجار هاته‌ئێره‌ و سه‌ردانی‌ كردین و چاوی‌ به‌ یه‌كێك له‌ خزمه‌كانم كه‌وتبوو، زۆرێك دێنه‌ ئێره‌ و وێنه‌م له‌گه‌ڵ ده‌گرن، ئه‌وه‌ هیچ مانایه‌كی‌ نییه‌ له‌ واقیعدا.
فرانس 24: ده‌زانین زۆرێك له‌ شوێنكه‌وتوانی‌ ئێوه‌ له‌ توركیا خراونه‌ته‌ زیندانه‌وه‌، تۆش به‌ئێمه‌ت راگه‌یاند كه‌ په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ شوێنكه‌وتوانت تا دێت قورستر ده‌بێت، ئه‌وه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ داخستنی‌ زۆرێك له‌ میدیاكان، زانیاریی‌ ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ كه‌ زۆرێك له‌ خوێندنگه‌كانتان له‌ ئه‌فغانستان و پاكستان و سۆماڵ داخرابن، هه‌موو ئه‌وانه‌ وامان لێده‌كه‌ن بپرسم ئایا بزوتنه‌وه‌كه‌تان كۆتایی‌ هات؟ 
فه‌تحوڵڵا گیوله‌ن: له‌وبڕوایه‌نیم، له‌ زۆر شوێن ئه‌و خوێندنگانه‌ له‌ توركه‌كان وه‌رگیراون و راده‌ستی‌ هاوڵاتیانی‌ ناوچه‌كه‌ كراون، به‌ڵام چالاكییه‌كانی‌ خوێندنگه‌كان به‌رده‌وامن بۆ نمونه‌ له‌ ئاسیا و خۆرهه‌ڵاتی‌ ئاسیا. 
له‌ وڵاتێك یان دوو وڵات، حكومه‌تی‌ توركیا توانیویه‌تی‌ خوێندنگه‌كان دابخات، به‌ڵام تائێستاش خوێندنگه‌كانی‌ سه‌ر به‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ خزمه‌ت له‌ 170 وڵات به‌ بریتانیا و برۆكسل و ئه‌وروپاشه‌وه‌ كارده‌كه‌ن. 
بۆیه‌ له‌وبڕوایه‌دام ئه‌وه‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌  كه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ وه‌ك هه‌ڵگری‌ بنه‌مای‌ خۆشه‌ویستی‌ به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام ته‌نیا سیاسه‌توانن كه‌ ماوه‌یان دیاریكراوه‌ و به‌شێوازیی‌ دیموكراتی‌ ده‌گۆڕدرێن و نامێنن، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی‌ دامه‌زراوه‌، به‌رده‌وام ده‌بێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7397
23/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بێڵد چاره‌سه‌ره‌ ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی‌ یۆب هاینكس ئاشكرا ده‌كات 23/10/2017
‌ كۆنتا كۆتایی به‌ وه‌رزی یاریكردنی ده‌هێنێت 23/10/2017
زانست
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017
‌ تایبەتمەندییەكانی نۆكیا 8 23/10/2017
‌ دانانی بۆیلەری ژێر حەمام گونجاوە؟ 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP