حكومەت جدی نییە لە چارەسەركردنی بە پەلەی كێشەی مووچە
حكومەت جدی نییە لە چارەسەركردنی بە پەلەی كێشەی مووچە ‌ 7/8/2017
پەرلەمانتارێكی یەكگرتووی ئیسلامی، پڕۆژەیەكی حكومەت بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت: ئەگەر كێشەی مووچە چارەسەر نەكرێت، گەرموگوڕیی خەڵك بۆ ڕیفراندۆم نابێت. حاجی كاروان ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی رایگەیاندوە: لەدوا كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت و سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری یەكگرتوو، بارزانی هەنگاوێكی حكومەتی بۆ چارەسەركردنی مووچەی فەرمانبەران ئاشكراكردووە.

بانكی نێودەوڵەتی
نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاندووە حكومەتی هەرێم داوای لە بانكی نێودەوڵەتی كردوە، كە بە پێی ڕیزبەندی و ڕێنماییەكانی ئەوان، سیستمی مووچە رێكبخەن.
راشیگەیاند: لە كۆبوونەوەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت و سەڵاحەدین بەهائەدین دا دەركەوت حكومەت جدی نییە لە چارەسەركردنی بە پەلەی كێشەی مووچەی فەرمانبەران.
ئەوەشی ڕاگەیاند: هەنگاوەكانی حكومەت بۆ چارەسەكردنی ئەو پرسە جیاوازو نا دیارن، چونكە پێشتر جێگری سەرۆكی حكومەت روونیكردبۆوە كە مووچەی مانگی ئەیلول بەپێی سیستمی بایۆمەتری دەبێت و دەستكاری دەكرێت، كەچی سەرۆكی حكومەت باسی هەنگاوی تر دەكات.

قەیرانی دارایی پێش ڕیفراندۆم
بە وتەی حاجی كاروان، ئەگەر قەیرانی دارایی پێش ڕیفراندۆم چارەسەر نەكرێت، خەڵكی بە گوڕوتینەوە بەشداری پڕۆسەكە ناكەن.
لە لایەكی ترەوە، بە وتەی بەرپرسێكی بزوتنەوەی ئیسلامی بەمنزیكانە حكومەت و لایەنە سیاسییەكان لەسەر باشكردنی بژێوی خەڵك و دەستكاریكردنی مووچە كۆدەبنەوە.
عەبدوڵڵا وەرتی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی رایگەیاندوە: لە ماوەیەكی نزیكدا حكومەت لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسییەكاندا كۆدەبێتەوە بە مەبەستی وەرگرتنی بڕیارێك لە بارەی چاككردنی بژێوی خەڵك و دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەرانەوە.

خواستی لایەنە سیاسییەكان
وتیشی: یەكێك لە خواستی لایەنە سیاسییەكان ئەوەیە بژێوی خەڵك چاكبكرێت، حكومەتیش دەیەوێت بۆچوونی لایەنە سیاسییەكان لەو بارەیەوە وەربگرێت. بەڵام تائێستا هیچ وادەیەك بۆ ئەو كۆبوونەوەیە دیارینەكراوە.
سەبارەت بەگرنگی ئەو كۆبوونەوەیە، عەبدوڵڵا وەرتێ دەڵێت: نامانەوێت پێش رووداوەكان بكەوین، بەڵكو حكومەت لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیارێكی گرنگ بدات و ببێتە موفاجەئەیەك بۆ فەرمانبەران.
هاوكات ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت: پرسی دەستكاریكردنی‌ پاشەكەوتی موچە تەنها قسەیەو تا ئێستا نەخراوەتە بواری‌ جێبەجێكردنەوە.
شێركۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: دەنگۆیەك هەیە كە لە مانگی ئەیلولدا دەستكاریی پاشەكەوتی موچە بكرێت، بەڵام تەنها قسەیە. هەوڵێك هەیە لە ئەنجومەنی وەزیران لە رێی وەزارەتی داراییەوە پرۆپۆزەلێك بۆ ئەو مەبەستە ئامادە بكات، بەڵام هیچ شتێكی كۆنكرێتی لە ئارادا نییە.
لە لایەكی ترەوە ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار كە لە پڕۆژەكانی هەولێر ماوەتەوە، بۆ هەڵەبجە خەرج دەكرێت.

پڕۆژەی ئاو لە هەڵەبجە
نەجیبە نەجیب، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەكرد، لە 12 ساڵی رابردوودا ژاپۆن چەند پڕۆژەیەكی لە هەولێر جێبەجێ كردوە و 22 ملیۆن دۆلار لەو پڕۆژانە ماوەتەوە.
وتیشی: لە سەردانێكمان بۆ لای باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق بەڵێنیداوە ئەو پارەیە بۆ جێبەجێ كردنی پڕۆژەی ئاو لە هەڵەبجە خەرج بكرێت.
ئەو ئەندامە كوردەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هێمای بۆ ئەوەش كرد، ماوەی سێ ساڵە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، پارەكە وەستاوە، بەڵام لە مەودوا خەرج دەكرێت و بە نووسراوی رەسمی رەزامەندی حكومەتی عێراق وەردەگرین و هیچ كێشەیەك لە خەرجكردنی پارەكەدا نەماوە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7397
23/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بێڵد چاره‌سه‌ره‌ ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی‌ یۆب هاینكس ئاشكرا ده‌كات 23/10/2017
‌ كۆنتا كۆتایی به‌ وه‌رزی یاریكردنی ده‌هێنێت 23/10/2017
زانست
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017
‌ تایبەتمەندییەكانی نۆكیا 8 23/10/2017
‌ دانانی بۆیلەری ژێر حەمام گونجاوە؟ 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP